نه‌وشیروان مسته‌فا چ پێشنیارێكی بۆ ڕابه‌ری كۆچكردوی بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی كردووه‌؟

چۆن وه‌ڵامی په‌یامه‌كه‌ی شێخ عوسمان عه‌بدولعه‌زیزیان داوه‌ته‌وه‌؟

نه‌وشیروان مسته‌فا چ پێشنیارێكی بۆ ڕابه‌ری كۆچكردوی بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی كردووه‌؟

1873 خوێندراوەتەوە

چه‌ند ڕۆژ پاش كیمیاییبارانكردنی هه‌ڵه‌بجه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراقییه‌وه‌، شێخ عوسمان عه‌بدولعه‌زیز، ڕابه‌ری گشتی ئه‌وكاته‌ی بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی، په‌یامێك بۆ هه‌ریه‌ك له‌ مام جه‌لال‌و مه‌سعود بارزانی‌و ڕه‌سووڵ مامه‌ند ده‌نێرێت.

 
په‌یامه‌كه‌ی شێخ عوسمان عه‌بدولعه‌زیز، له‌ڕێگه‌ی شێخ دلێری قه‌ره‌داخه‌وه‌ ده‌نێردرێت بۆ پارتی‌و یه‌كێتی‌و حیزبی سۆسیالست.
شێخ دلێر ئه‌و ده‌مه‌ كه‌سێكی نزیك‌و بڕوا پێكراوی بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی‌و خودی شێخ عوسمان عه‌بدولعه‌زیزی ڕابه‌ری گشتی بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی بووه‌.

شێخ عوسمان عه‌بدولعه‌زیز له‌ نامه‌و په‌یامه‌كه‌یدا، داوای له‌ پارتی‌و یه‌كێتی‌و حیزبی سۆسیالست كردووه‌ تا وه‌فدێكی هاوبه‌ش پێكبهێنرێت‌و وه‌فده‌كه‌ سه‌ردانی ئه‌وروپاو وڵاتان بكه‌ن بۆ گه‌یاندنی مه‌رگه‌ساتی هه‌ڵه‌بجه‌و ئه‌و زوڵم‌و سته‌مه‌ی كه‌ ڕژێمی به‌عس له‌ كوردی ده‌كات.

،،

نەوشیروان مستەفا سێ پێشنیار بۆ ڕابه‌ری گشتی ئه‌وكاته‌ی بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی ده‌كات‌

 
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌وكاته‌ مام جه‌لال سه‌فه‌ری ئه‌وروپای كردووه‌، نه‌وشیروان مسته‌فا، به‌ نامه‌یه‌ك وه‌ڵامی په‌یامه‌كه‌ی شێخ عوسمان عه‌بدولعه‌زیز ده‌داته‌وه‌.
پاش نواندنی ڕێزو سڵاو بۆ شێخ عوسمان عه‌بدولعه‌زیزو سووپاسكردنی شێخ دلێر كه‌ په‌یامه‌كه‌ی ئه‌وانی به‌سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی گه‌یاندووه‌، نه‌وشیروان مسته‌فا هاوخه‌میش بۆ سه‌ركردایه‌تی بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی ده‌نێرێت به‌هۆی شه‌هیدبوونی مه‌لا عه‌لی بیاره‌وه‌.

 

دەقی نامەكەی نەوشیروان مستەفا بۆ رابەری بزوتنەوە


مه‌لا عه‌لی بیاره‌، له‌و كاته‌دا ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی بووه‌و به‌هۆی تۆپبارانی ڕژێمی به‌عسه‌وه‌ له‌ 9– 3 – 1988دا شه‌هید بووه‌.
نه‌وشیروان مسته‌فا له‌نامه‌كه‌یدا بۆ شێخ عوسمان نووسیویه‌تی:

" سه‌باره‌ت به‌ نامه‌كه‌ی جه‌نابت ده‌رباره‌ی ناردنی وه‌فدێكی هاوبه‌ش بۆ ده‌ره‌وه‌ كه‌ كاری ته‌بلیغاتی بكات له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی بۆمبارانی كیمیایی هه‌ڵه‌بجه‌و ناوچه‌كانی كوردستان، به‌لامانه‌وه‌ كارێكی باش‌و به‌سووده‌و ئێمه‌ ئاماده‌ین".


هاوكات له‌گه‌ڵ ده‌ربڕینی ڕه‌زامه‌ندیدا بۆ داواكارییه‌كه‌ی شێخ عوسمان عه‌بدولعه‌یز، نه‌وشیروان مسته‌فا له‌ نامه‌كه‌یدا كه‌ به‌رواری 1- 4- 1988 له‌سه‌ره‌، سێ پێشنیار بۆ ڕابه‌ری گشتی ئه‌وكاته‌ی بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی ده‌كات‌و نوسیوویه‌تی

" جه‌نابتان له‌ ئێمه‌ باشتر ته‌قدیری گرنگی حه‌ج ده‌كه‌ن بۆ موسڵمانانی دونیا، هه‌قی وایه‌ ئه‌مساڵ ئێوه‌ش هیممه‌ت بكه‌ن ژماره‌یه‌كی باش حاجی كوردی عێراقی له‌گه‌ڵ چه‌ند مامۆستایه‌كی شاره‌زاو زمان زان بنێرن بۆ به‌شداری له‌ مه‌راسیمی حه‌ج، هه‌م بۆ به‌جێهێنانی واجبی دینی‌و هه‌م بۆ باسكردنی مه‌سه‌له‌ی گه‌لی كوردی لێقه‌وماوی عێراق، كاتی خۆی ئێمه‌ له‌گه‌ڵ لێپرسراوانی ئێرانی قسه‌مان كردو ڕازیبوون، به‌ڵام چاكتره‌ ئێوه‌ مه‌سه‌له‌یه‌ بگرنه‌ ئه‌ستۆ".

 

دەقی نامەكەی نەوشیروان مستەفا بۆ رابەری بزوتنەوە


هاوكات نه‌وشیروان مسته‌فا داوا له‌ شێخ عوسمان عه‌بدولعه‌زیز ده‌كات كه‌ ڕۆڵ بگێڕێت له‌ یه‌كخستنی هه‌ڵوێستی هێزه‌ كوردییه‌كاندا، " له‌مكاته‌دا دوژمن به‌وپه‌ڕی دڕندایه‌تییه‌وه‌ په‌لاماری میلله‌ته‌كه‌مانی داوه‌و ئه‌یه‌وێت له‌ناوی ببات، پێوویسته‌ هه‌موو هێزه‌ تێكۆشه‌ره‌ سیاسییه‌كان له‌جاران زیاتر له‌یه‌كتر نزیك ببینه‌وه‌و هه‌ڵوێستی خۆمان یه‌ك بخه‌ین، ئه‌ویش به‌وه‌ی هه‌رچی زووه‌ هه‌وڵی جێبه‌جێكردنی جه‌بهه‌ی كوردستانی بده‌ین بۆ یه‌كگرتنی هه‌موو هێزه‌كان له‌ مه‌یدانی خه‌باتدا، ئێوه‌ش ده‌توانن ده‌ورێكی گرنگ له‌م مه‌سه‌له‌یه‌دا ببینن".


نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌وه‌شی بۆ شێخ عوسمان عه‌بدولعه‌زیز نووسیووه‌ كه‌ هه‌قه‌ هه‌موان هه‌وڵبده‌ن تا هه‌ڵه‌بجه‌ ببێته‌ شوێنێكی ئازاد كراو و بنكه‌یه‌كی بته‌وی شۆڕش‌و به‌رگری‌و حه‌وانه‌وه‌ی كوردی لێقه‌وماوی عێراق، " ئه‌ویش به‌وه‌ی قسه‌ له‌گه‌ڵ ئێران بكه‌ین كه‌ به‌ڕێوه‌بردنی ئیداره‌ی ناوچه‌كه‌ بده‌نه‌وه‌ ده‌ست كورد، نه‌ك وه‌كو ناوچه‌یه‌كی داگیركراو مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكه‌ن".

،،

مەسعود بارزانی و رەسول مامەند وەڵامی داواكەی رابەری بزوتنەوەی ئیسلامی دەدەنەوە

 

دەقی وەڵامەكەی  مەسعود بارزانی بۆ رابەری بزوتنەوەی ئیسلامی 

 


له‌ 2- 4- 1988، مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، به‌نامه‌یه‌ك وه‌ڵامی په‌یامه‌كه‌ی شێخ عوسمان عه‌بدولعه‌زیزی داوه‌ته‌وه‌و نووسیوویه‌تی:" ئه‌گه‌ر به‌عس زروفی سیاسی بۆ بێته‌ پێش، هه‌موو كوردستان وه‌ك هه‌ڵه‌بجه‌ لێده‌كات، پێوویسته‌ هه‌موو پێكه‌وه‌ به‌ قوڵی دیراسه‌ی وه‌زعی خۆمان بكه‌ین".


هاوكات له‌گه‌ڵ ناردنی چه‌ند په‌یامێكی ده‌میدا بۆ شێخ عوسمان به‌ نوێنه‌ره‌كه‌یاندا، مه‌سعود بارزانی له‌ نامه‌كه‌یدا نووسیوویه‌تیشی:" پێمان خۆشه‌ به‌ زوترین كات دانیشتنێك ببێ له‌ لایه‌ن ئه‌حزاب‌و جیهاتی كوردی‌و ناردنی وه‌فد بۆ ده‌ره‌وه‌ شتێكی باشه‌".

دەقی وەڵامەكەی  رەسول مامەند  بۆ رابەری بزوتنەوەی ئیسلامی 

 


له‌ 7- 4- 1988، ڕه‌سووڵ مامه‌ند، سكرتێری ئه‌وكاته‌ی حیزبی سۆسیالست، به‌نامه‌یه‌ك وه‌ڵامی په‌یام‌و نامه‌كه‌ی ڕابه‌ری گشتی بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی داوه‌ته‌وه‌.
ڕه‌سووڵ له‌نامه‌كه‌یدا بۆ شێخ عوسمان عه‌بدولعه‌زیز نووسیوویه‌تی:

" سوپاسی لوتفتان ده‌كه‌م كه‌ به‌ په‌رۆشه‌وه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ن ده‌نگی مه‌زڵومیه‌تی كورد به‌گشت جیهان بگه‌یه‌نن، ده‌رباره‌ی ده‌عوه‌ته‌كه‌تان بۆ كۆبوونه‌وه‌و ناردنی وه‌فد بۆ خاریج، ده‌مانه‌وێ عه‌رزتان بكه‌ین كه‌ زۆرمان پێخۆش بوو له‌به‌ر جه‌نابت به‌شداری بكه‌ین، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ كه‌ وه‌زع‌و زروفه‌كه‌مان مساعید نه‌بوو كه‌ بتوانین به‌شداری بكه‌ین، ئێمه‌ سیقه‌مان زۆر به‌ جه‌نابت‌و لایه‌نه‌ كوردستانییه‌ هاوپه‌یمانه‌كانمان هه‌یه‌‌و دڵنیایین له‌ هه‌موو شتێك كه‌ ئێوه‌و ئه‌وان به‌شداربن به‌ناوی كورده‌وه‌".

 

author photo

ڕۆژنامەنوسی سیاسی و دیكۆمێنتەری سیاسی و مێژویی