گۆِڕانی گردەكە و گۆڕانی خوار گردەكە

ئایا گۆڕان تامی شیرینیی كێكی دەسەڵات دەكات یان لێی دەبێتە قوزەڵقورت

گۆِڕانی گردەكە و گۆڕانی خوار گردەكە

968 خوێندراوەتەوە

دوای دووساڵ لە كۆچی دوایی ڕێكخەرەكەی،بزوتنەوەی گۆڕان لەبەردەم گەورەترین مەترسی جیابونەوە و لێكترازاندایە و لە ئێستاشدا بزوتنەوەكە دابەشبووە بەسەر دوو بەرەی سەرەكیدا كە زۆر بەسادەیی دەكرێت ناویان لێبنرێت: گۆڕانی گردەكە و گۆڕانی خوار گردەكە.

 

                                                                                             گۆڕانی گردەكە كێن ؟
گۆڕانی گردەكە باڵە فەرمی و دەستڕۆیشتوەكەی ناو بزوتنەوەی گۆڕانە كە كۆنترۆڵی دارایی و راگەیاندن و دامەزراوەكانی بزوتنەوەكەیان لەبەردەستدایە بە گردی زەرگەتە و تەواوی مومتەلەكاتی بزوتنەوەكەوە، خانەی راپەڕاندن و عومەری سەید عەلی وەك ڕێكخەر سەركردایەتی دەكەن و كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا لە پشتەوە ئاراستەی دەكەن.

باڵی گۆڕانی گردەكە نوێنەرایەتی فەرمی بزوتنەوەكە دەكەن لە پەیوەندییە دیبلۆماتی و سیاسیەكان و لە رێكەوتنە سیاسیەكانیدا لەگەڵ لایەنەكان.


لەماوەی دووو ساڵی رابردوودا،باڵە فەرمیەكە بە پاڵپشتی مادی و مەعنەویی كووڕەكانی نەوشیروان مستەفا سەركەوتووبون لە دەرپەڕاندنی دەنگە ناڕازیەكان و كردنە دەرەوەیان لە گردەكە و پاكردنەوەی سەرجەم و ئۆرگان و ناوەندەكانی بزوتنەوەكە لە دەنگی ناڕازیی.

،،

سیاسەتی فەرمی بزوتنەوەی گۆڕان بە هەماهەنگی لە نێوان كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا و خانەی راپەڕاندنەوە دادەڕێژرێت و جێبەجێدەكرێت، لەمەشدا گروپێك لە گەنجە خوێندەوار و خاوەن بڕوانامەكان كە وەك گروپێكی نزیك لە چیا و نما دەردەكەون رۆڵیان هەیە لە ئاراستەی روداوەكان و یەكلاكردنەوەی ململانێ‌ ناوخۆیەكاندا.

سیاسەتی فەرمی بزوتنەوەی گۆڕان بە هەماهەنگی لە نێوان كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا و خانەی راپەڕاندنەوە دادەڕێژرێت و جێبەجێدەكرێت، لەمەشدا گروپێك لە گەنجە خوێندەوار و خاوەن بڕوانامەكان كە وەك گروپێكی نزیك لە چیا و نما دەردەكەون رۆڵیان هەیە لە ئاراستەی روداوەكان و یەكلاكردنەوەی ململانێ‌ ناوخۆیەكاندا.

گۆڕانی گردەكە پشت ئەستورن بە شەرعیەتی هەڵبژاردن و سەرمایەی مادی و مەعنەوی بزوتنەوەكە و توانیویشیانە نەیارە ناوخۆیەكانیان والێبكەن یان واز لە گۆڕان بهێنن یان لە گردەكە بچنە خوارەوە.

 

                                                                                       گۆڕانی خوار گردەكە:
گۆڕانی خوار گردەكە دەكرێت وەك چەترێكی سیاسی سەیربكرێت بۆ هەموو ئەو گروپە جیاوازانەی كە لە سیاسەتی بزوتنەوەكە و شێوازی ئیدارەدانی ناڕازین و پێیان وایە سیاسەتی بزوتنەوەكە لەلایەن كەمینەیەكی دەسەڵاتخوازەوە لە خانەی راپەڕاندن و كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا و چەند كەسێكی دەوروبەریانەوە قۆرخكراوە و بەلاڕێدا براوە و گردەكەش بە "داگیركراو" وەسف دەكەن و پێیان وایە بزوتنەوەكە و ئامانجەكانی خراونەتە خزمەتی بەدەستهێنانی دەسكەوتی شەخسییەوە.

گۆڕانی خوارگردەكە، ئەو سەركردە و هەڵسوڕاوە باڵایانەن كە لە سیاسەتی گشتی بزوتنەوەكە ناڕازین و پێیان وایە بڕیاری سیاسی بزوتنەوەكە لە چوارچێوەی گردەكەدا بە بارمتە گیراوە و دەبێت لەخوار گردەكەوە سەركردایەتی و بڕیاری بزوتنەوەكە رێكبخرێتەوە،لە دەرەوەی هەژمونی خاوەنی گردەكەدا.

،،

گۆڕانی خوارگردەكە، ئەو سەركردە و هەڵسوڕاوە باڵایانەن كە لە سیاسەتی گشتی بزوتنەوەكە ناڕازین و پێیان وایە بڕیاری سیاسی بزوتنەوەكە لە چوارچێوەی گردەكەدا بە بارمتە گیراوە و دەبێت لەخوار گردەكەوە سەركردایەتی و بڕیاری بزوتنەوەكە رێكبخرێتەوە،لە دەرەوەی هەژمونی خاوەنی گردەكەدا.

بەڵام گەورەترین گرفتی گۆڕانەكانی خوار گردەكە ئەوەیە،گروپێكی تۆكمەی بەهێز و یەكگرتوو نین كە پەیوەندی ئۆرگانیان پێكەوە هەبێت،لە بنەرەتدا لە چەندین گروپی جیاجیا پێكهاتوون كە تەنها یەك شت كۆیان دەكاتەوە ئەویش ناڕازیبونە لە گۆڕانی گردەكە.


هەرچەندە عوسمانی حاجی مەحمود و قادری حاجی عەلی لەلایەن هەموو گروپە نارازیەكانی ناو بزوتنەوەكە وەك مەرجەع سەیریان دەكرێت،بەڵام لەڕوی رێكخستن و جوڵەوە سەربەخۆن و تەنها ئەوەیە ئاگاداری كاری یەكترن و پشتگیریی یەكتریش دەكەن.

بەشێوەیەكی گشتی گۆڕانی خوار گردەكە لە چوار تا پێنج گروپی جیا پێكهاتوون كە دەتوانین بەم شێوەیە پۆلێنیان بكەین.

گروپی عوسمانی حاجی مەحمود قادری حاجی عەلی، كە لە دیارترین سەركردەكانی گۆڕانن و بەهۆی ناڕەزایەتیەكانیانەوە گردەكەیان بەجێهێشتوە و ئێستا لەخوار گردەكەوەن.

لە ئێستادا ئەم دوو سەركردەیە بەبەردامی خەڵك دەبینن و لە پەیوەندیدان،هەندێك جاریش ماڵەكەی عوسمانی حاجی موحمود كە چەند سەدمەترێك لە گردەكەوە دوورە لە رووی قەرەباڵغی و میوانەكانیەوە هیچی كەمتر نییە لە گردەكە.

عوسمانی حاجی مەحمود قادری حاجی عەلی، هەردوكیان هاوشانی نەوشیروان مستەفا ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بوون و لەسەرەتای دروستبونی گۆڕانەوەهاوكاری نەوشیروان مستەفابوون،یەكێك بوون لە سەركردە باڵاكانی ئەو بزوتنەوەیە و لەڕوی جەماوەری و راگەیاندن و رێكخستنەوە رۆڵی بەرچاویان هەبووە لە دامەزراندنی بزوتنەوەكەدا.

،،

هەرچەندە عوسمانی حاجی مەحمود و قادری حاجی عەلی لەلایەن هەموو گروپە نارازیەكانی ناو بزوتنەوەكە وەك مەرجەع سەیریان دەكرێت،بەڵام لەڕوی رێكخستن و جوڵەوە سەربەخۆن و تەنها ئەوەیە ئاگاداری كاری یەكترن و پشتگیریی یەكتریش دەكەن.


هەندێك لە نیگەرانیەكانیان دەگەڕێتەوە بۆسەردەمی نەوشیروان مستەفا و لەسەر هەندێ‌ بابەتی وەك بە دامەزراوەیكردنی بزوتنەوەكە ساردی كەوتۆتە نێوانیانەوە و پاشان پەیوەندیەكانیان ئاسایی بۆتەوە.

لەدوای كۆچكردنی نەوشیروان مستەفا و جوڵەی كوڕەكانی بە ئاراستەی تاپۆكردنی گردی زەرگەتە و دەسگرتن بەسەر راگەیاندن و سەرچاوە دارایەكانیدا بەتوندی دژی ئەو هەڵوێستە وەستانەوە و بە هەوڵی بەبنەماڵەیكردنی بزوتنەوەكەیان دایە قەڵەم. سەرە رای ئەوەش، پێیان وابوو كە بزوتنەوەكە لە رێگای راستی خۆی لایداوە و بەرەو قۆرخكاری براوە.


لەناو گروپی ئەم دوو سەركردەیەدا چەندین هەڵسوڕاوی باڵای سەربازی و سیاسی بزوتنەوەكە بونیان هەیە و ناوبەناو یەكتری دەبینن.بەتایبەتی كە عوسمانی حاجی مەحمود پێشتر لە بزوتنەوەكەدا بەرپرسی مەكۆكان بوە و پەیوەندی بەهێزی لەگەڵ زۆرێك لە مەكۆكان هەبووە.

گروپی دووەم بریتین لە پرۆگۆڕان، كەلە لایەن دكتۆر چیا عەباس، یەكێك لە كەسە نزیكەكەكانی نەوشیروان مستەفاوە سەركردایەتی دەكرێت و ژمارەیەك كادر و هەڵسوڕاوی بزوتنەوەكە لە دەرەوە و ناوەوەی كوردستان لەخۆ دەگرێت و تا ئێستا چەند بەیاننامەیەكیان بڵاوكردۆتەوە.

گروپی سێیەم بریتین لە هەڵسوڕاوە گەنج و دیارەكانی ناو بزوتنەوەكە لەناو جڤاتی نیشتیمانی و ژورەكان و ئەندام پەرلەمانە كۆن و نوێیەكانی عێراق و كوردستان، كە لەم دوایانەدا بەناوی گروپی نارازیەكانەوە بەیاننامەیەكیان بڵاوكردەوە.

بەپێی زانیاریەكانی دیبلۆماتیك لەناو ئەم گروپەدا هەریەكە لە عەبدوڵا مەلا نوری و عەبدوڵا كویخا موبارەك و د.محەمەد عەلی و سەرهەنگ فەرەج و د.ئیسماعیل نامیق ود.ئومێد حەمە غەلی و د. ئەمین و لە پەرلەمانی عێراق هەریەكە لە كاوە محەمەد و د.غالب و چەندی هەڵسوڕاوی دیكەیان لەگەڵدایە.
هێشتا دیار نییە لە پەرلەمانی كوردستان كێ‌ دەچێتە پاڵ ئەم گروپە.


گروپی چوارەمیش ژمارەیەك هەڵسوڕاوی ئەوروپای بزوتنەوەكەن وەك رەنجدەر گڕاوی و هاوڕێكانی كە بەكۆمەڵ دەستیان لەكاركێشاوەتەوە و دانیشتون و پەیوەندیان بە گۆڕانەوە نەماوە.

گروپی پێنجەمیش كەركوكیەكانی ناو بزوتنەوەی گۆڕانن كە دوو ئەندامی سەركردایەتی و ئەندامێكی جڤاتی و گشتی و تەواوی ژوری ناوچە كوردستانیەكان لەخۆ دەگرێت و خەڵكی دیكەشیان لەگەڵدایە. كە رۆژی پێنج شەممە لە بەیانامەیەكدا وازهێنانی خۆیان لە بزوتنەوەكە راگەیاند.

 


                                                                                        هۆكاری ناكۆكیەكان چین
گرنگترین ئەو رەخنانەی لەلایەن گۆڕانی خوار گردەكەوە ئاراستەی گۆڕانی گردەكە دەكرێن ئەمانەن:
1. هەنگاونانی بزوتنەوەكە بەرەو تەوریسی سیاسی لەڕێگەی كۆنترۆڵكردنی دارایی و راگەیاندن و جومگەكانی بڕیارەوە لەناو بزوتنەوەكە


2. تاپۆكردنی گردی زەرگەتە و پشكەكانی كۆمپانیای ووشە لە كارگەی چیمەنتۆی گاسن لە سەر نما و چیا و دامەزراندنی كۆمپانیای بازرگانی نهێنی و وەرگرتنی تەندەری بازرگانی لە پارتی و یەكێتی


3. قۆرخكردنی بڕیاری سیاسی لەناو بزوتنەوەكە لە نێوان خانەی راپەڕاندن و كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا و بەكارتۆنی كردنی جڤاتی نیشتیمانی لەكاتێكدا بەرزترین دامەزراوەی بڕیاردانە


4. رێكەوتنی نهێنی لەگەڵ پارتی و ملدان بۆ سیسیتمی سوڵتانیزمی سیاسی كە پارتی هەوڵی بۆ دەدات لە بەرامبەر دەسكەوتی بنەماڵەیی و كەسی لەناو گۆڕاندا.


5. هەڵگەڕانەوە لە رێبازی گۆڕان و رێبازی نەوشیروان مستەفا كەبریتی بووە لە دروستكردنی سیستمێكی سیاسی پەرلەمانی وەك بەغدا

لە بەرامبەریشدا گۆڕانی گردەكە نەیارەكانی خوارەوەی گردەكە بەم خاڵانە تۆمەت بار دەكەن:


1.رەخنەكانیان جدی نین و حەقدی شەخسین،كاتی خۆی دژی كاك نەوشیروان وەستاون و ئێستاش دژی كوڕەكانی


2. ئامانجیان ئەوەیە ببنە رێكخەر و دەستبگرن بەسەر سیاسەتی بڕیاردا لەناو بزوتنەوەكە


3. ئەیانەوێت تاپۆی گردەكە لەسەر كوڕەكان نەمێنێت و بخرێتە سەر گۆڕان، بۆئەوەی بتوانن پارچە پارچەو بەشبەشی بكەن


4. خەڵكانێكی توندرەون لەروی سیاسیە وە و واقعیی نین و دژی رێكەوتنی سیاسین


5.هەندێكیان دوژمنی بزوتنەوەكەن و دەیانەوێت لاوازی بكەن و بیروخێنن

 

،،

یەكێك لە گەورەترین گلەیی سەركردە ناڕازیەكانی گۆڕان بەرامبەر ئاراستەیەكی ناو بزوتنەوەكەیە كە بریتین لە گەنجە خوێندەوار و خاوەن بڕوانامەكان كە دەكرێت وەك دەربڕینێكی مەجازی بە بۆینباخ لە ملەكان ناویان ببەین.

 

                                                                                      بوینباخ لەملەكان لەكام بەرەدان؟
یەكێك لە گەورەترین گلەیی سەركردە ناڕازیەكانی گۆڕان بەرامبەر ئاراستەیەكی ناو بزوتنەوەكەیە كە بریتین لە گەنجە خوێندەوار و خاوەن بڕوانامەكان كە دەكرێت وەك دەربڕینێكی مەجازی بە بۆینباخ لە ملەكان ناویان ببەین.

بەشی زۆری ئەمانە لە ململانێكەدا لەپاڵ گۆڕانی گردەكە ماونەتەوە و ئەڵقەیەكی بەهێزیان دروستكردووە لە دەوری كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا، بەبەردەوامی سەردانیان دەكەن و بەشداری كۆبونەوە و مەجلیسەكانیان دەبن لەماڵەكەی خۆیان و بەهانەی شەرعی و یاسایی دەهێننەوە بۆ گیڕانەوەی دەسەڵاتی مادی بۆژێردەستی كوڕەكان و رۆڵی كوڕەكان لە ئاراستەكردكردنی سیاسەتی گشتی بزوتنەوەكەدا، هەندێكیان بە ئاشكرا پشتگیریی چیا دەكەن وەك رێكخەری داهاتووی بزوتنەوەكە.  

سەركردە ناڕایەكانی ناو گۆڕان ئەو گەنجانە بە ئینتیهازی و بەرژەوەندیخواز سەیردەكەن و پێیان وایە لەپێناو دەسكەوتی شەخسی پشتیان لە راستیەكان كردوە، لەكاتێكدا دژی بە بنەماڵكردنی حیزبەكانی دیكە و سیستمی سیاسی قسەدەكەن، كەچی بۆناو بزوتنەوەكەی خۆیان پشتگیریی بە بنەماڵەكردنی دەكەن و لەزۆر باریشدا مەقاشی پرۆسەكەن.

 


                                                                       

،،

بەگشتی رای گشتی لە سلێمانی كە بەهێزترین پێگەی سیاسی بزوتنەوەكەیە لە دژی گوتاری سیاسی گۆڕانی گردەكەیە و بەشێوەی جیاجیاش هەریەك لە نەوەی نوێ‌ و یەكگرتوو كۆمەڵ بەشدارن لە قورسكردنی دۆخە سایكۆلۆجیەكە لە سەر ئەو گوتارە فەرمیەی بزوتنەوەی گۆڕان كە لە گردەكەوە ئاراستە دەكرێت.

                                                             

                                                                                  جەماوەری گۆڕان لەكام بەرەیە نزیكن:
بزوتنەوەی گۆڕان حیزبێكی خاووەن رێكخستنی هەرەەمی نەبووە لەسەرەوە بۆ خوارەوە،بەڵكو حیزبی هەڵبژاردن بوە و زیاتر دەنگدەری هەبووە تا ئەندام.

بەگشتی بزوتنەوەكە تا مردنی رێكخەرەكەی،نزیكەی نیو ملیۆن دەنگدەری هەبووە لە هەرێمی كوردستاندا. بەشی زۆری دەنگدەرەكانی لە ناو گەنجان و لە توێژی خوێندكاران و فەرمانبەران بوون و لەڕووی چینایەتیشەوە بزوتنەوەكە نوێنەرایەتی چینی مام ناوەندی كوردستانی دەكرد.چەقی جوڵانەوەكەش سلێمانی بوو.
بنەمای سیاسی بزوتنەوەكە روبەڕوبونەوەی سوڵتانیزمی سیاسی و چەسپاندنی عەدالەتی كۆمەڵایەتی بوو لە هەرێمی كورستاندا، لەسەر بنەمای رووبەڕوبونەوە و ململانێی بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی دامەزرابوو لە دەسەڵاتی سیاسیدا.

لەسەرەتاوە بزوتنەوەكە لەسەر ئەو بنەمایە دەستی بە جوڵەكرد كە تاڵەبانی یەكێتی تەسلیمی ئیرادەی پارتی كردوە و لە پێناوی پۆستی سەرۆكی كۆماردا كوردستانی بە بارزانی بەخشیوە.

دەنگدەری گۆڕان تارادەیەكی زۆر دەنگدەرێكی رادیكاڵ بوون و راهێنراون لەسەر دژایەتی گەندەڵی و دژایەتی خواستی بنەماڵەگەریی و سوڵتانیزمی سیاسی و خوازیاری بۆ عەدالەتی كۆمەڵایەتی.


خاڵی بەهێزی نارازیەكانی گۆڕان ئەوەیە كە وەك داكۆكیكار دەبینرێن لەو بنەمایانەی كە دەنگدەری گۆڕان حەزی لێی بوە و لەسەری راهێنراوە و هەر لەسەر ئەو بنەمایەش دەنگی داوە.

بە پێچەوانەوە گۆڕانی گردەكە تۆمەتباردەكرین بە هەڵگەڕانەوە و پاشگەزبونەوە و رێكەوتنی نهێنی لەگەڵ دەسەڵات و ملدان بۆ سوڵتانیزمی سیاسی و پاشكۆیەتی سیاسی.

لەبەرامبەردا گۆڕانی گردەكە لەژێر فشارێكی گەورەی جەماوەری و راگەیندندان و ناچار بە بەرگری لەخۆكردن كراون.لەمەشدا بەڕونی ناتوانن دیاری بكەن ئەو رەخنانەی لێیان دەگیرێت رەخنەی دۆستەكانیانە لناو گۆڕان یان نەیارە سیاسیەكانیان لەدەرەوە تۆڵەیان لێدەكەنەوە.


لەم ململانێیەدا بەشێوەیەكی ناراستەوخۆ گۆڕانی گردەكە لەلایەن راگەیاندنەكانی پارتییەوە بەرگریان لێدەكرێت،لەكاتێكدا بە شێوەی ناراستەوخۆ راگەیاندنی یەكێتی پشتگیریی لە گوتاری نارازیەكان دەكات.

،،

لەم ململانێیەدا بەشێوەیەكی ناراستەوخۆ گۆڕانی گردەكە لەلایەن راگەیاندنەكانی پارتییەوە بەرگریان لێدەكرێت،لەكاتێكدا بە شێوەی ناراستەوخۆ راگەیاندنی یەكێتی پشتگیریی لە گوتاری نارازیەكان دەكات.

بەگشتی رای گشتی لە سلێمانی كە بەهێزترین پێگەی سیاسی بزوتنەوەكەیە لە دژی گوتاری سیاسی گۆڕانی گردەكەیە و بەشێوەی جیاجیاش هەریەك لە نەوەی نوێ‌ و یەكگرتوو كۆمەڵ بەشدارن لە قورسكردنی دۆخە سایكۆلۆجیەكە لە سەر ئەو گوتارە فەرمیەی بزوتنەوەی گۆڕان كە لە گردەكەوە ئاراستە دەكرێت.

خاڵی لاوازی گوتاری سیاسی بزوتنەوەی گۆڕانی گردەكە ئەوەیە كە لەچاو سیاسەتە رادیكاڵیەكانی سەرەتای بزوتنەوەكەدا پاشەكشەی گەورەی پێوەدیارە.

 

 
                                                                            ناڕەزایەتیەكانی ناو گۆڕان بەرەو كوێ‌ دەچن؟
لە دواهەمین هەڵبژاردنی كوردستاندا نزیكەی 60%ی دەنگدەران بایكۆتی هەڵبژاردنەكانیان كردوو بەشی زۆری ئەو ژمارەیەش دەنگدەرانی بزوتنەوەی گۆڕان بوون. كە بەشێوەیەكی مەدەنیانە سزای سەركردایەتی و خانەی راپەڕاندن و بڕیارە سیاسیەكانی بزوتنەوەكەیاندا و سەرەنجام ژمارەی كورسیەكانی بزوتنەوەی گۆڕان لە 24 كورسییەوە دابەزی بۆ 12 كورسی.

بەڵام خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەكە و بریار بەدەستەكانی گۆڕانی گردەكە بڕیاری بەشداریكردنیاندا لەكابینەی حكومەتدا بە سەرۆكایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان و بەشداری یەكێتی نیشتیمانی كوردستان.

،،

بەشێوەیەكی گشتی عومەری سەید عەلی هەمیشە لایەنگری ئەوە بووە كە گۆڕان بەشداری حكومەت بێت و لە كێكی دەسەڵات بخوات. تەنانەت جارێك نەوشیروان مستەفا پێی وتووە "ئەوەندە باسی كێكی دەسەڵات مەكە ئەوە كێك نییە،بەڵكو قوزەڵقورتە"

Caption

گۆڕانەكانی خوار گردەكە دەڵێن ئەو پۆستانەی كە گۆڕانی گردەكە وەریانگرتووە لە پای 12 كورسی زۆر زیاترە لەوانەی بە 24 كورسیەوە پێمان درا لە كابینەی رابردودا.

هەرچەندە وەفدی دانوستان پچرینی ئەو پۆستانە بە دەسكەوت دەزانێت و پێیی وایە ئەوە بەهۆی سەركەوتنی تیمی گفتوگۆی گۆڕانەوە رویداوە، بەڵام گۆڕانەكانی خوار گردەكە دەڵێن ئەوە پاداشت و بەرتیلە لە بەرامبەر تەسلیم بون بە ئەجێندای پارتی و هەڵپەساردن و پاشان هێنانەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم و زیندوكردنەوەی پۆستەكە بەهەموو دەسەڵاتەكانی رابردویەوە.

بەشێوەیەكی گشتی عومەری سەید عەلی هەمیشە لایەنگری ئەوە بووە كە گۆڕان بەشداری حكومەت بێت و لە كێكی دەسەڵات بخوات. تەنانەت جارێك نەوشیروان مستەفا پێی وتووە "ئەوەندە باسی كێكی دەسەڵات مەكە ئەوە كێك نییە،بەڵكو قوزەڵقورتە"

ئەوەی دەمێنێتەوە ئەوەیە ئەو جەماوەرەیە كە لەدەرەوە چاوەڕوانی دۆخی گۆڕان دەكات.

هەرچەندە گۆڕانەكانی خوار گردەكە، چاوەڕێی ئەوەیان لێناكرێت بەم نزیكانە حیزب جیابكەنەوە یان حیزبێكی نوێ‌ دروست بكەن، بەڵام بەرەیەكی فراوانی خەڵكی ناڕازیی هەیە كە چاوەڕێی سەركردەو هێزێكی ئازایە كۆیان بكاتەوە و رابەرایەتیان بكات. بەڵام ئایا ئەوە رودەدات؟، یان دۆخەكە هەر بەم شێوەیە دەمێنێتەوە.؟ ئەوە جارێ‌ ماویەتی و هێشتا دیار نییە.

 

author photo

ڕۆژنامەنوس و مامۆستای زانكۆ

سەرنوسەری دیپلۆماتیك مەگەزین

ڕۆژنامەنوسی تایبەتمەند لە ڕۆژنامەوانی بنكۆڵكاری