دوای ئاڵۆزیەکانی ناوچەکە، عێراق و ئەمریکا دەبنە دوژمن، یان وەکو دۆست دەمێننەوە؟

دوای ئاڵۆزیەکانی ناوچەکە، عێراق و ئەمریکا دەبنە دوژمن، یان وەکو دۆست دەمێننەوە؟

441 خوێندراوەتەوە

په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكاو عێراق دوای ساڵی 2003 چووه‌ قۆناغێكی نوێوه‌ كه‌ ته‌واو جیاواز بوو له‌ قۆناغی سه‌رده‌می ڕژێمی پێشوو، له‌ ئێستاشدا دوای ئاڵۆزبوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكا و ئێران و ئه‌گه‌ری هه‌ڵگیرسانی جه‌نگی نێوانیان ، عیراق به‌بێ ویستی خۆی به‌هۆی جوگرافیا و ستراتیژی شوێنه‌كه‌ی بۆ هه‌ردوو وڵاتی ئه‌مریكاو ئێران وا ده‌كات كه‌ له‌م دۆخه‌دا بێ لایه‌ن نه‌مێنێته‌وه‌، بۆیه‌ چه‌ند سیناریۆیه‌ك بۆ په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكا و عیراق دێته‌ كایه‌وه‌ كه‌ سروشتی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوانیان دیاری ده‌كات كه‌ خۆی له‌ سێ سیناریۆ ده‌بینێته‌وه‌:

،،

سیناریۆی یه‌كه‌م: به‌خشینی عێراقه‌ له‌مامه‌ڵه‌ی بازرگانی له‌گه‌ڵ ئێران له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌.

 

 


سیناریۆی یه‌كه‌م: له‌م سیناریۆیه‌دا ئه‌م دۆخه‌ی ئێستا به‌رده‌وام ده‌بێت، واته‌ عیراق له‌ جێبه‌جێ كردنی سزاكانی سه‌ر ته‌هران ده‌به‌خشرێت، به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ ماوه‌كه‌ی له‌ ساڵێك زیاتر نه‌بێت و ئه‌و شێوازه‌ی په‌یوه‌ندیه‌ی له‌ نێوان هه‌ردوو وڵاتدا هه‌یه‌ به‌رده‌وامی ده‌بێت، ئه‌مریكاش له‌ به‌رامبه‌ردا هاوكارییه‌كانی بۆ عێراق به‌رده‌وامی ده‌بێت، كه‌ تاكو ئێستا بری (4.😎 ملیار دۆلاری به‌ عیراق به‌خشیوه‌، له‌و رێژه‌یه‌ش (369) ملیۆن دۆلاری بۆ هاوكاری مرۆیی و به‌هانه‌وه‌چوون بووه‌، هه‌روه‌ها بری (86) ملیۆنیش بۆ یارمه‌تی خۆراكی بووه‌، بۆیه‌ له‌ ئه‌گه‌ری مانه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكا- عیراق، ئه‌م هاوكاریانه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌م سیناریۆیه‌ به‌هۆی ناڕوونی بۆچوونی حكومه‌تی عیراق له‌سه‌ر سه‌پاندنی سزاكانی ئه‌مریكا، هه‌روه‌ها ناهاوسه‌نگی له‌ بوونی نفوزی ئه‌مریكی و ئێرانی له‌ عیراقدا، وا ده‌كات له‌ هه‌ركاتێكدا بێت گۆڕانكاری به‌سه‌ردا بێت و ئه‌مریكاش كارته‌كانی هاوكاری سه‌ربازی و مادی و هه‌ڕه‌شه‌ به‌كاربهێنێت و په‌یوه‌ندییه‌كانیان وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ به‌ سروشتی نه‌ڕوات.

 

،،

سیناریۆی دووه‌م: ته‌سلیم بوونی عێراقه‌ به‌مه‌رجه‌كانی ئه‌مریكا(ئه‌م ئه‌گه‌ره‌یان به‌هێزه‌).

 

 

 

 
سیناریۆی دووه‌م: عیراق له‌م سیناریۆیه‌دا به‌ ته‌واوی خۆی بۆ مه‌رجه‌كانی ئه‌مریكا یه‌كلایی ده‌كاته‌وه‌ و ئاماده‌یه‌ داواكانی ئه‌مریكا له‌ جێبه‌جێكردنی سزاكان و كه‌مكردنه‌وه‌ی هه‌ژموونی ئێران جێبه‌جێ بكات،ئه‌م سیناریۆیه‌ له‌ سیناریۆكانی تر نزیكتره‌، چونكه‌ ئه‌مریكا له‌ عیراق نایه‌وێت باڵاده‌ستی خۆی له‌ ده‌ستبدات، بۆ پاراستنی ئه‌مه‌ش ئاماده‌یه‌ هه‌موو كارته‌ سیاسی و سه‌ربازییه‌كان دژی حكومه‌ته‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی به‌كاربهێنێت،بۆیه‌ حكومه‌تی عیراق به‌ ویست یان بێ ویست ڕازی ده‌بێت داواكاریه‌كانی ئه‌مریكا جێبه‌جێ بكات،له‌ به‌رمبه‌ریشدا به‌ جۆێك له‌ی جۆره‌كانی موجامه‌له‌ی لایه‌نی ئێرانی ده‌كات، به‌ڵام له‌م كاته‌دا مه‌ترسی تێكچوونی دۆخی ناوخۆی عیراق و هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌ندێك گروپی چه‌كداری شیعه‌ی نزیك له‌ ئێران دێته‌ كایه‌وه‌، كه‌ مه‌ترسی له‌سه‌ر حكومه‌تی عیراق دروست ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه‌ ته‌هرانیش فشاره‌كانی زیاد ده‌كات و هه‌وڵی دروخستنه‌وه‌ی عیراق له‌ هاوپه‌یمانێتی له‌گه‌ڵ واشنتن ده‌دات.

 

مه‌شقی هێزه‌كانی ئه‌مریكا، له‌عێراق

 

 

،،

سیناریۆی سێهه‌م: تێكچوونی په‌یوه‌ندێكانی نێوان ئه‌مریكاو - عێراقه‌.

 

 

 

سیناریۆی سێیه‌م: له‌م سیناریۆیه‌دا په‌یوه‌ندییه‌كانی عیراق و ئه‌مركیا گرژی تێده‌كه‌وێت، ئه‌میش به‌هۆی ئه‌وه‌ی نه‌یارانی شیعه‌ له‌ حكومه‌ت و په‌رله‌مان مه‌رج و داوكارییه‌كانی ئه‌مریكا جێبه‌جێ ناكه‌ن و گوێیش به‌ هه‌ڕه‌شه‌كانیش ناده‌ن، له‌وه‌ش زیاتر كۆده‌نگیه‌ك له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق دروست ده‌كه‌ن بۆ تێپه‌ڕاندنی ئه‌و پرۆژه‌ یاساییه‌ی كه‌ ماوه‌یه‌كه‌ باس ده‌كرێت، كه‌ ئه‌ویش بریتی یه‌ له‌ ده‌ركردنی هێزه‌ بیانی و ئه‌مریكیه‌كان له‌ عیراقدا كه‌ ژماره‌یان (8956) سه‌رباز و ڕاوێژكاره‌، ئه‌مه‌ش ڕاسته‌وخۆ كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر په‌یوه‌ندیه‌كانی عیراق له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا و ئه‌وروپا و ناتۆ و وڵاتانی عه‌ره‌بی كه‌ هاوپه‌یمانی ئه‌مریكان دروست ده‌كات، له‌م كاته‌دا عیراق له‌ ناوچه‌كه‌ و جیهان داده‌بڕێت و په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی به‌ دۆخێكی دژواردا تێده‌په‌ڕێت.

 

هێزه‌كانی ئه‌مریكا، له‌سه‌روبه‌ندی ڕوخانی ڕژێمی به‌عس

 

 
به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌بینرێت له‌ مه‌یدانی سیاسی عێراقدا ئه‌وه‌یه‌، كه‌ حكومه‌تی عیراق ده‌یه‌وێت له‌م دۆخه‌دا له‌ نێوان ئه‌مریكا و ئێراندا بێ لایه‌ن بمێننه‌وه‌، چونكه‌ هه‌ردوو وڵات بۆ عیراق گرنگی خۆیان هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌م ویسته‌ی عیراق به‌دیهێنانی زه‌حمه‌ته‌، چونكه‌ هه‌ردوو وڵات ویستیان ئه‌وه‌یه‌ هه‌ژموونی خۆیان له‌عیراق زیاد بكه‌ن و ئه‌وی تریان وه‌لا بنێت، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی له‌ ئه‌گه‌ری هێرشی ئه‌مریكا بۆ سه‌ر ئێران، عیراق به‌ شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌خۆ یان ناڕاسته‌خۆ پڕنچكی ئه‌و جه‌نگه‌ی به‌رده‌كه‌وێت و ناتوانێت بێ لایه‌ن بمێنێته‌وه‌، بۆیه‌ به‌ ناچاری یه‌كێك له‌و سێ سیناریۆیه‌ی سه‌ره‌وه‌ له‌ په‌یوه‌ندیه‌كانی له‌گه‌ڵ ئه‌مریكاجێبه‌جێ ده‌كات، به‌مه‌ش خۆی له‌ نێوان هه‌ردوو وڵاتدا یه‌كلایی ده‌كاته‌وه‌.

 

author photo

 بروانامەی بەکالۆریۆس لە زمان و ئەدەبی عەرەبی

ئەزمونی پێنج ساڵ کاری ڕۆژنامەوانی و وەرگێڕان