ئەو هەڵانەی گۆڕانیان لاواز کرد

ئه‌گه‌ر سه‌ركردایه‌تی گۆڕان دز نین؟! با ئه‌م دووخاڵه‌ جێ به‌جێ بكه‌ن...

ئەو هەڵانەی گۆڕانیان لاواز کرد

589 خوێندراوەتەوە

عەبدوڵاکوێخا موبارەک

١٩/٥ ھەمومان لەلای ئەبین و پێی دەڵێین کە لەپێناو مانەوەی فکر و بەرنامەکەی تۆ سور ئەبین لەسەر بە مەنزڵ گەیاندنی کاروانەکەت بە ھەر ڕێگایەک بێت یان ڕاستکردنەوەی ئەم ھەڵانەی خوارەوە لە گۆڕانی ئێستادا.

 

 

،،

عه‌بدوڵای كوێخا موباره‌ك: گۆڕان تا دره‌نگانێكی شه‌و له‌كۆبونه‌وه‌دابوو نه‌یتوانی بڕیاری بایكۆتی ڕیفراندۆم بدات.

 

 

ئەو ھەڵانەی گۆڕانیان لاواز کرد لە سەرەتای نەخۆشکەوتنی کاک نەوشیروان ئیتر پێشبینی ڕوداوەکان نەکرا و نەتواندرا پیلانی نەیاران پوچەڵ بکرێتەوە تا گۆڕان لە حکومەت و پەرلەمان دەرکرا، دوای ئەوەش بە ھەمو پێوەرێک ئەبو ناڕەزای و خۆپیشاندانەکان چڕتر بکرێنەوە تا ئەو ڕادەیەی بەلای کەمەوە پارتی لە سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین تەنگەتاو بکرایە و ئەو کودەتا عەسکەریەی بۆ نەچوایەتە سەر، بەڵام وەک ئاو بە ئاگردا بکرێت و وەک ئەوەی پارتی کلیلی کێشەکانی دۆزیبێتەوە ھیچ جموجوڵێک نەما، ئەبو بەزویی لە حکومەت بکشێینەوە و ئەوە خواستی زۆرینەی جڤات و ئۆرگانەکانی گۆڕانیش بو، بەڵام ڕێگا نەدرا جڤات ئەو بڕیارە بدات، ئەمەش زیانی جەماوەری گەورەی بەدوای خۆیدا ھێنا و ھیچ دەرسێکیشی لێ وەرنەگیرا.

   ھەوڵی زۆر درا تا گۆڕان بڕیاری بایکۆتی ڕیفراندۆم بدات و زۆرینەی جڤاتیش تا درەنگانی شەو ھەوڵی بریاردانی بایکۆتیاندا، بەڵام ڕێگریان لێکرا و بەناچاری بڕیاری ئیزندانی خەڵک درا، ڕۆژی دەنگدانیش ڕێکخەری گشتی و چەند ئەندامێکی خانەی ڕاپەڕاندن بە بەڵێ دەنگیاندا، ئەمەش زیانێکی گەورەی لە گۆڕاندا و دەرسی لێ وەرنەگیرا.  

 

،،

كوێخا موباره‌ك: له‌پشت ژووری داراییه‌وه‌، به‌عه‌لاگه‌ پاره‌ به‌سه‌ر ئۆرگانه‌كاندا دابه‌ش ده‌كرا، له‌كاتێكدا ئێمه‌ بانگه‌شه‌ی به‌دامه‌زراوه‌كردنی وڵاتمان ده‌كرد.

 

 لەلایەن میدیای گۆڕان و ھەندێ ھەڵسوڕاوی بەناو ڕۆشنبیر سوکایەتی زۆر بە زۆربەی چین و توێژەکان، لەقەب و دابونەریتەکانی کۆمەڵگای کوردی کرا و تەنانەت ناوچە گەریشیان پێوە دیار بو، بە ڕادەیە پۆپۆلیست بون و خۆیان لە خەڵک جیا ئەکردەوە جێگای سەرسوڕمان بو کە نیو ملیون خەلک پشتیوانیان لە گۆڕان دەکرد.  لە بانگەشەی ھەڵبژاردنی ١٢/٥ پەرلەمانی عێراقدا بۆگەنی بەڕێوەبردن و ئیدارەدانی ناوخۆی گۆڕان کاسی کردین، بەجۆرێک کە من بۆ ئەوەی بە میزاجی شەخس مامەڵەی دارایی بانگەشەکەم لەگەڵ نەکرێت و نەکەومە ژێر ڕکێفی ئەو عەقڵێتە مناڵ بازاڕیەوە، ئەرکی دارایی ھەمو بانگەشەی قەزای چەمچەماڵم لە ئەستۆی خۆم گرت و نەچومە گردەکە، لەکاتێکا ئێمە ئیدعای بە دامەزراوەیی کردنی حکومەتی ھەرێممان دەکرد، بەڵام ژوری کارگێری و دارایی خۆمان وەلا نرابو و بە عەلاگە و بە میزاجی شەخس پارە ئەدرا و ئەدرێ بە میدیاکار و ژور و ئۆرگانەکانی گۆڕان، خەڵک لە گۆڕان دەرکراوە بەبێ ئاگاداری ژوری یاسایی، چەندین بڕیاری سیاسی دراوە بەبێ ئاگاداری ژوری سیاسی، میدیای گۆڕان بایکۆتی چەندین سەرکردەی گۆڕانی کردبو، باجەکەشی ئەو لێکترازانەی ئێستای گۆڕانە و بەخۆدا چونەوەش ناکرێت.

 

،،

ئه‌گه‌ر سه‌ركردایه‌تی گۆڕان دز نین؟! با ئه‌م دووخاڵه‌ جێ به‌جێ بكه‌ن...

 

  لە ١٢/٥ ھەڵبژاردنی عێراق بەھۆی تەزویرەوە نیوە زیاتری دەنگەکانی گۆڕان لەدەست چون، زۆر ھاوارمان کرد کە لە ھەڵبژاردنی کوردستانیش ھەمان شت دوبارە ئەبێتەوە و دەسەڵاتی ڕێگریشمان نابێت، وتمان با بایکۆتی ھەڵبژاردن بکەین و ئەم ٤ ساڵە لە دەرەوەی پرۆسەی سیاسی بین، بەم کارەیشمان ھەم شەرعێت بەو ھەڵبژاردنە پڕ لە ساختەکاریە نادەین، ھەم متمانەی جەماوەری خۆمان لەدەست نادەین و ھەمیش لە ماوەی ئەم ٤ ساڵەدا دەستکراوەتر و بە ھێز تر ئەبین، وتیان گورگ ئەمانخوات.  وتارە دژ بە یەکەکانی ئێستای گۆڕان دوێنێ ئەمانوت ئەوە ئێمەین توانیومانە گۆمی سیاسی کوردستان بشەڵەقێنین و بچوکترین سازشمان نەکردوە لە داواکاریەکانمان و مافی خەڵک، ئەمڕۆ ئەڵێین ئێمە سازش دەکەین و لە ھەندێک داواکاری ئەبورین لەپێناو بەدست ھێنانی مافی خەڵک و دروست نەبونی ئاژاوە و بشێوی، ئەمە چی سەر لێشێوانێکە؟ (سازشمان نەکردوە لەپێناو مافی خەڵک، سازش ئەکەین لەپێناو مافی خەڵک).  

 ئەوترێ ئێمە بایکۆت چیەکانمان پێویست نیە و بای ئەوە نین گوێیان لێ بگرین، چونکە بەھۆی بانگەوازی ئەوانەوە نیوەی خەڵک نەھاتن بۆ دەنگدان و نیوەی کورسیەکانمان لەدەستدا. (بایکۆتچیمان پێویست نیە و بای ئەوە نین، بەڵام بایکۆتچیەکان سەنگی نیوەی کورسیەکانیان ھەیە) ھەزار وتار و لێدوانمان ھەیە کە ئەڵێین گۆڕان بەرھەمی ھەوڵ و قوربانیدانی نیو ملیون گۆڕانخوازە و بە خۆبەشی و پارەی گیرفانی ئەوان گۆڕان بینا کراوە، بەڵام ئێستا ئەڵێین گۆڕان حەقی شەرعی و یاسایی خێزانێکە و میراتی باوکیانە بۆیان جێماوە.  ئەگەر سەرکردایەتی ئێستای گۆڕان ڕاست دەکەن و دزی لە داھاتی گۆڕان ناکەن و بڕیارەکانی گۆڕان بۆ بەرژەوەندی گروپێک دەرناچوێنن؟ ھەر ھیچ نەبێت ئەم دو خاڵەی خوارەوە جێ بە جێ بکەن.

 

 

 یەکەم: ھەر کەسێک ڕێکخەری ژوری کارگێڕی و دارایی بو بە وەکالەتێک ڕێگای پێ بدرێ ئاگاداری ھەمو داھاتی گۆڕان بێت لە کۆمپانیای وشە و گاسن و چەند پشکێکی تر، لە سەدا دەی داھاتی ئەو کۆمپانیا و پشکانە بۆ ھەڵسوڕێنەرانی کارەکان بێت و لە سەدا نەوەتی بگوێزرێتەوە بۆ ژوری کارگێڕی و دارایی و بە پێی بەرنامەی گۆڕان و بە ڕاپۆرتی مانگانە سەرف بکرێت.

دوەم: بڕیار بدرێت کە جڤاتی نیشتیمانی بە پێی کات و بارودۆخ و ڕوداوەکان خۆی ئەجێندای کۆبونەوەکانی دیاری بکات و ھەر بڕیارێکی بە زۆرینە دەرکرد ڕێگری لێ نەکرێت و وەکو خۆی جێ بە جێ بکرێت.