ئینتەرنێت، ڕۆحی شەیتان!

ئینتەرنێت، ڕۆحی شەیتان!

312 خوێندراوەتەوە

رزگار شەوکەت

 ئەم ماوەیە بیر لە ئینتەرنێت دەکەمەوە، زۆر نییە ئێمە ئینتەرنێت بەکار دەهێنین، یان ڕاستر کەوتوینەتە ناو ئینتەرنێت، یان دووچاری ئینتەرنێت هاتووین، بەڵام خەریکە بیرمان دەچێت ئێمە کەوتوینەتە دۆخێکی تازە کە پێشتر وانەبووین، ئینتەرنێت چییە؟

  ئایا ئینتەرنێت شتە تاکو بتوانین بپرسین ئینتەرنێت چییە؟ گەر بە زمانی فەلسەفەی کلاسیک پرسیار بکەین، دەبێت بپرسین ئینتەرنێت جەوهەرە یان عەرەز، ئینتەرنێت بوونە، یان تەنها پەیوەندییە؟ ئەم ماوەیە من تەماشای دیکۆمێنتاری(lo and behold) م کرد، کە دەربارەی ئینتەرنێتەوە هی دەرهێنەری ئەڵمانی(Werner Herzog)ە، هەوڵ دەدەم چەند گۆشەنیگایەکی سەرەتایی لەسەر بڵێم، هیوادارم ئێوەش فرسەتی تەماشاکردنیتان هەبێت.

،،

 لە لێکۆڵینەوەیەکدا لەسەر یادگە(memory) تاقی کردنەوەیەک لەسەر کۆمەڵێک مشک کراوە، ئەو بەشەی مێشکی مشکەکان کە گریمانەکراوە بەر پرسە لە یادگەو زاکیرەی مشکەکان هەڵگیراوە، دەرکەوتوە مشکەکان بەتەواوی بێ یادەوەری نابن و هێشتاش زۆر شتیان لە بیرە.

 
سەرەتا ئینتەرنێت و پەیوەندی، بە پێی ئەم دیکۆمێنتارییە سەرەتا کۆمپیوتەرەکان بێ پەیوەندی بوون، تاکو لە ساڵی 1969 لە زانکۆی کالیفۆرنیا جفرەیەک لە کۆمپیوتەرێکەوە دەنێردرێت بۆ کۆمپیوتەرێکی دیکە، کۆمپیوتەری یەکەم l دەنێرێت کۆمپیوتەرەکەی دیکەش وەڵامی دەداتەوە بە o ئەمەش مانای ناوی دیکۆمێنتارییەکەیە، behold... Lo بیهۆڵدیش یانی بینرا، جفرەکە بینرا، لێرەوە دەرکەوت دەکرێت کۆمپیوتەرەکان بەیەکەوە گرێ بدرێن.

 
کەواتە ئینتەرنێت پەیوەندییە، ئایا کۆمپیوتەر لە مێشک دەچێت، وا هەست دەکەم، سەرەتا ئەوە بڵێم من شارەزای نیرۆلۆجیا نیم و ئەوەی کە دەیڵێم لەسەر ئەم زانستە زیاتر لە هاوڕێم دکتۆر ئومێدەوەیە، بگەڕێینەوە سەر کارکردنی مێشک، لە لێکۆڵینەوەیەکدا لەسەر یادگە(memory) تاقی کردنەوەیەک لەسەر کۆمەڵێک مشک کراوە، ئەو بەشەی مێشکی مشکەکان کە گریمانەکراوە بەر پرسە لە یادگەو زاکیرەی مشکەکان هەڵگیراوە، دەرکەوتوە مشکەکان بەتەواوی بێ یادەوەری نابن و هێشتاش زۆر شتیان لە بیرە، لێرەوە دەردەکەوێت مێشک بریتییە لە پەیوەندی،(interconnection)ی نێوان دەمارەکان، جگە لە هەندێک سەرەتای گریمانەیی زەحمەتە بەشێک لە مێشک دیاری بکرێت کە بەرپرس بێت لە فەرمانێکی دیاریکراو، زمان، ئازار، یادگە..هتد، فەرمانەکانی مێشک پرۆسەیکی هەماهەنگی و بەیەکدا چوون و پەیوەندی نێوان دەمارەکانە، ئینتەرنێتیش شتێکی لەم شێوەیە، زاتی نییە، بەیەکدا چوون و پەیوەندی کۆمپیوتەرەکانە.

 
بەڵام بەیەکدا چوون و پەیوەندیش پرۆسەیەکی ئاسان نییە، ئەو هەموو زانیارییە بەناو یەکدا دێن و دەچن چۆن تێکەڵ نابن؟ کەواتە پرۆسەیکی دیکە هەیە،هەر پەیوەدی بەس نییە، بەڵکو نوێنەرایەتی و(reperensentation) کۆدبەندی ورد بۆ تێکەڵ نەبوونی زانیارییەکان و دواتریش کەناڵیزەکردن و بەیەکەوە بەستن و زنجیرەیی کردن(sequentialization).


چۆن دەکرێت موعجزەی عەقڵ بەرهەمی پەیوەندی و هەماهەنگی و ئینترکۆنێکشنی دەمارەکانی مێشک بێت، مەعزەڵەی ئینتەرنێتیش بەرهەمی بەیەکەوە گرێدانی کۆمپیوتەرەکانە، کۆد و سەربەخۆ مانەوەی زانیاریەکانیش لە چەمکی دانسەقیی و سینگولارێتی لایبێنز دەچێت، سەرەڕای پەیوەندی و لێکخشان و کارلێک شتەکان خۆیان دەمێننەوە.

،،

ئەم دیکۆمێنتارییە باسی ژن و پیاوێک دەکات کە کچەکەیان بە شێوەیەکی تۆقێنەر لە ڕووداوێکی ئۆتۆمبێلدا پڵیشاوەتەوە و تیاچووە، ڕووداوەکەش وێنە گیراوە و چووەتە ناو ئینتەرنێتەوە.

 
ئینتەرنێت و کاڵکردنەوەی سنوری واقع و مەجاز، ئەم دیکۆمێنتارییە باسی ژن و پیاوێک دەکات کە بۆماوەیەکی دوورو دڕێژ سەرقاڵی یاری ڤیدیۆیی بوون، بەم هۆیەوە منداڵە شیەرەخۆرەکەیان بیرچووە و لە برسا مردووە! پارادۆکسەکە ئەوە بووە کە خۆیان سەرقاڵی یارییەک بوون بۆ ڕزگارکردنی منداڵێکی شیرەخۆر لە مردن! ئێستا لای خۆمان ئەم دیاردە غەریب نییە، ڕەنگە بچیتە دوکانێک شت بکڕیت کابرا لەبەر سەرقاڵی بە ئینتەرنێتەوە مەجالی نەبێت وەڵامت بداتەوە، ڕەنگە سەرقاڵی یارییەک بێت لەسەر ئەوەی چۆن بازاڕ بۆ کاڵاکانت بدۆزیتەوە! لەسەر ئەم تێکەڵکردنە ژیژەک نوکتەیەک دەگێڕێتەوە، کاروان لە خەویدا پەپولەیەکەوە بە ئاسماندا دەفڕێت(ناوی ئەو کەسەم بیرچووە کە ژیژەک باسی دەکات)، پرسیارەکە ئەمەیە ئایا ئەوە کاروان خەون بە فڕینەوە دەبینێت یان پەپولەیەو خەون بەکاروانەوە دەبینێت! ئەمە گرفتی فەزای مەجازی کە مانای زۆرشت دەگۆڕێت، تەنانەت پەیوەندیش، پەیوەندی دەگۆڕێت بۆ کۆمەڵێک ئاماژەو ڕەمزی تیژڕەو ڕاگوزەر کە هیچ جۆرە بەرپرسیارەتییەکی تێدا نییە، لایک و کۆمێنت زیاتر لەوەی مانای ئیعجاب و دەستخۆشی بێت یانی من ئاگام لێتە، دڵم لاتە، پەیوەندیم پێتەوە هەیە، هەر لە فۆکۆ وە مانای مرۆڤ بوون گۆڕا، تەنها هاتنی ئینتەرنێتی دەویست بۆ ئەوەی مانای پەیوەندیش بگۆڕێت.

 
ئینتەرنێت و مێژوو، لە زانستی مێژوودا کێشەی گەورەمان ئەوەیە چۆن متمانە بە هەواڵ، گێڕانەوە یان ڕووداوێکی مێژوویی دیاریکراو بکەین، لە کاتێکدا سەدان ساڵی بەسەردا تێپەڕیوە و ئێمەش نازانیین کەی و چۆن تۆمار کراوە، بۆیە زۆر دڵمان بە هاتنی ڤیدیۆ و ئینتەرنێت خۆش بوو کە ببێتە زاکیرەو وێژدانی مرۆڤایەتی و ڕووداوەکانمان لە دەخل و دەستکاری مرۆڤ بۆ بپارێزێت، بەڵام وادیارە ڕەگەزی نا دڵناییایی سیفەتی ئەبەدی مێژووی مرۆڤە، ڕاستە لە داهاتووی مێژووی مرۆڤ ڕووداوەکان بە ڤیدیۆ و میکانیزمی دیکەی تۆمارکردن لە ئینتەرنێت دەبن، بەڵام ئەوکاتیش هەر دەرگا دەمێنێتەوە بۆ گومان، ئایا ئەو مەسەلە هاککراوە، ڤایرۆس لێیداوە،بە هەر شێوازێک شێوێنراوە.

 
ئینتەر تێت و بیرچوونەوە، مرۆڤ لە مێژە لە بیرچوونەوە هەڵدێت، تۆمارکردن و پاراستنی مێژوو پاشماوەکانی ڕابردوو، جۆرێکە لەم ترسە لە فەرامۆشی و لە بیرچوون، بەڵام ئایا زاکیرەو لە یاد بوون هەمیشە خوازراوە؟

 

ئەم دیکۆمێنتارییە باسی ژن و پیاوێک دەکات کە کچەکەیان بە شێوەیەکی تۆقێنەر لە ڕووداوێکی ئۆتۆمبێلدا پڵیشاوەتەوە و تیاچووە، ڕووداوەکەش وێنە گیراوە و چووەتە ناو ئینتەرنێتەوە، هاککەرو شەڕخوازەکانی ئینتەرنێت هەر ماوەیەک جارێک لەسەر چاوەی نادیارەوە وێنەی ڕووداوەکەیان ناردووە بۆ باوکەکە، ئەو پیاوەش لە کابوسێکی ڕۆژانەدا دەژی، ئینتەرنێتی نەفرەتی بیرچوونەوەشیان پێ ڕەوا نابینێت، بۆیە دایکەکە دەیوت ئینتەرنێت ڕۆحی شەیتانە، شەڕی ڕووتە.

 

author photo

تایبه‌ت به‌ دیپلۆماتیك