ئەندامێتی یان كۆیلایەتی حیزب لەناو حیزبە كوردستانیەكاندا

ئەندامێتی یان كۆیلایەتی حیزب لەناو حیزبە كوردستانیەكاندا

344 خوێندراوەتەوە

 هێمن سعید

مەبەست لەناوەڕۆكی ئەم بابەتە ئەوەیە بزانین ئایا مرۆڤ سەنتەرە یان حیزب لەبیری تاكی كورددا؟ بزانین ئایا مرۆڤ ئامانجە یان ئامراز لای حیزبە كوردیەكان؟ بزانین ئایا حیزبی كوردی دەزگای بەرهەمهێنانی تاكی موبدیعە یان بەكۆیلەكردنی ئەندامەكانیەتی؟ وەهەروەها بزانین ئایا حیزبی كوردی خەریكی پێگەیاندنی كادیرەكانیەتی یان لەقاڵبدان و خەفەكردنیانە؟ پێش ئەوەی وەڵامی ئەو پرسیارانە بدەینەوە پێویستە بزانین حیزب چیە و مەهامی چیە؟ هەرچەندە حیزبە سیاسییەکان پێناسەیەکی تایبەت بە خۆیان نیە و بە شێوەی جیاجیا پێناسە کراون.

 

،،

هێمن سه‌عید: له‌ئیسلامدا مرۆڤ ئامانجه‌ نه‌ك ئامڕاز، به‌ڵام له‌حزبایه‌تیدا به‌پێچه‌وانه‌وه‌یه‌

 

 

 

بەڵام لە زانستی سیاسیدا، وەکوو پێکهاتەیەکی تا رادەیەک یەکگرتوو پێناسە کراون کە هەوڵی تەیارکردنی پشتیوانییەکان دەدەن بۆ ئەوەی راستەوخۆ بەشداری لە دەسەڵاتی سیاسیدا بکەن.

كەواتە حیزب پێكهاتەیەكی مرۆیی دەستەجەمعیە و خاوەن رێكخستن و ئایادیایەكی تایبەت بەخۆیەتی و هەوڵی راكیشان یان جوڵاندنی رای گشتی دەدات بۆلای خۆی تا لەڕێگەیەوە بگاتە دەسەڵات.

 

لەوەی سەرەوە ڕون دەبێتەوە مرۆڤ بنەڕەت و بازنەی یەكەمە و بنچینەی هەموو كارەكانە لە پێكهێنانی حیزبدا، وە لە روانگەی ئیسلامیشەوە مرۆڤ ئامانجە نەك ئامراز وە لە پێش حیزب و دەسەڵاتیشەوەیە، هەروەك چۆن خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا دەفەرموێت (إِذْ قَالَ رَبُّكَ لِلْمَلَائِكَةِ إِنِّي خَالِقٌ بَشَرًا مِّن طِينٍ ) وە لەئایەتێكی تردا دەفەرموێت (وَإِذْ قَالَ رَبُّكَ لِلْمَلَائِكَةِ إِنِّي جَاعِلٌ فِي الْأَرْضِ خَلِيفَةً) لێرەدا پرسیارەكە ئەوەیە سەرەڕای ئەوەی سروشت مرۆڤەكانی هەر لەسەرەتاوە بەئازادانە خولقاندوە و وە لەناخیاندا تۆوی ژیری وفەهم و عەقڵ چێنراوە كە ئەوەش خەڵاتێكی سروشتیەوە تەنها بەمرۆڤەكان بەخشراوە، بۆچی بەشێك لەمرۆڤەكان پشت لەم بەهرە خواییە دەكەن و لە چوارچێوەی ناوێكی مەعنەویدا بەناوی حیزب ئازادیەكانی خۆیان لەقاڵب دەدەن كە تەنانەت بەشێك لەئاژەڵەكان ناچنە ژێباری ئەو كۆت و دەستەمۆییە لەبەرامبەر مرۆڤەكان لەكاتێكدا ئەوان بێبەرین لەو بەهرەیە؟!

  ئەگەر خولیای خۆویستانەی مرۆڤ بۆ لە قاڵبدانی ئازادیەكانی وەڵامێك بێت بۆ ئەو پرسیارە، بەڵام حیزبی كوردی وەك دەزگایەكی ئەو لەقاڵبدانە تاسەر ئیسقان ئەو هەلەی قۆستۆتەوە كە ئەندامەكانی لەسەر تەرزێكی دیاریكراو بەناوی گۆشكردنیان بە ئایدۆلۆژیایەكی دەستنیشانكراو دەستبگرێت بەسەر بیری ئەندامەكانیدا و لەخزمەتی حیزبەكەدا بەكاریان بهێنێت وە ئەوەیی لەزاریان بێتەدەرەوە تەنها و تەنها لەبەرژەوەندی حیزبەكەدا بێت.

  

،،

نووسه‌ر: یه‌كێك له‌مه‌رجه‌كانی بوون به‌ئه‌ندام له‌حزبی كوریدا، ده‌بێ وه‌ك بول بول بیت.

 

 هەربۆیەش دەبینین كاتێك یەكێك لەئەندامەكانی ئەو حیزبانە دەستبەرداری ئەندامێتیان دەبن راستەوخۆ وەك باڵندەیەكی ئازادكراو دەدەن لەشەقەی ئازادی و هەرچی لەناخیاندا پەنگی خواردۆتەوە هەڵیدەڕژن، هەرئەوەش باشترین بەڵگە و سەلمێنەری ئەوەیە كە تاكی كورد كاتێك دەبێت بەئەندامی حیزبێكی كوردی ئازادیەكەی لێ دەسەنرێتەوە. هەرچەندە حیزبە كوردیەكان لە ڕووی چەندێتی و چۆنێتیەوە زۆر و جیاوازن، بەڵام هەر لە چەپەوە تا ئەو پەڕی راست و هەر لە ئیسلامیەوە تا ئەو پەری عەلمانی، هیچ جیاوازیەكیان نیە لە لەقاڵبدانی ئەندامەكانیان و بەكارهێنانیان وەك ئامراز لەخزمەت حیزبەكانیان بەبیانوی ئامانج یان دیسپلینی حیزبی كە ئەوەش هیچ پەیوەندیەكی بە سروشتی كاری حیزبایەتی و مەفاهیمەكانی تایبەت بەحیزب نیە، بەڵكو زیاتر داهێنراوێكی حیزبی كوردییە كە بەرئەنجامی مانەوەی ئەو كلتورە دەرەبەگی و خێڵەكیەیە كە تێكەڵ بووە بەكاری حیزبایەتی لەكوردستان وەك مۆدیلێك لەكاری حیزبایەتی كوردی درووست بووە.

 

،،

سه‌عید: پێویسته‌ مافه‌ سروشتییه‌كانی ئه‌ندام، بۆ ئه‌ندامانی حزبی كوردی بگه‌ڕێنرێته‌وه‌.

 

 واتە كاری حیزبایەتی لەكوردستان خاوەن رەهەند و تایبەتمەندیەكی خۆیەتی كە دەبێت هەر تاكێك بوو بەئەندام لەو حیزبە وەك بول بول خەریكی پیاهەڵدان بەشان و باڵی حیزب و گەورەكانی بێت وە لەلایەكی دیكەشەوە خەریكی و درۆكردن بوختانكردن و ناوناتۆرە بێت لە دژی نەیارەكانی حیزبەكەی ئەوەش وەك بەشێك لەرێكخستن و دیسپلینی حیزبی كاری بۆدەكرێت لەلایەن حیزبە كوردیەكانەوە.

 لە ئیستادا سەرجەمی حیزبە كوردیەكان وەك حیزبێكی میلیشیایی و وەك بنكەیەكی سەربازی مامەڵە لەگەڵ ئەندام و كادیرەكانیاندا دەكەن و گەورەكانیشاین وەك سەرۆك عەشیەرت و كەسێكی موقەدەس و مەعصوم خۆیان فەرزركردوە بەسەر خواروی خۆیان، ئەوكەسەی كە پەیوەندی بەهەر حیزبیكەوە دەكات یەكەمین مەرجی داخستنی دەمیەتی لەمەڕ گەندەڵی و خراپەكاریەكانی حیزب و هەڵسوڕانی زوبانیەتی وەك بولبول لە پیاهەڵدان و موزایەدە و قسەی زل  و باق و برقەدار بە باڵای حیزب و گەورەكانی و لەوپێناوەشدا هەرئەندامێك زوبانێكی پاراوی هەبێت وهاوشێوەی كۆیلەیەك بۆدەرەبەگەكەی و سەربازێك لەبەردەم ئەفسەرەكەیدا خزمەتی حیزبەكەی پێبكات بێگویدانە راستی وناراستی و پێشێلكردنی بەها مرۆییەكان بە ئەندامی دلسۆزی حیزب هەژماردەكرێت و هەرزوو پێگە و هێزی زیاد دەكات.

 لەكۆتایدا بەپێویستی دەزانم گۆرانكاری جدی و و ریفۆرمێكی مۆدیرنانەی ریشەیی بكرێت لەكاری حیزبایەتی لەكوردستان لە شێوەی مامەڵەی حیزب لەگەڵ ئەندامەكانیان و تەواوی مافەسروشتیەكانی خۆیان بۆ بگەرێننەوە و لەسەر بنەمای مرۆڤ بوون نەك ئامراز رێكبخرێن، لەبری كۆتكردن و لەقالبدانی ئەندامان كاربكرێت بۆ پەرەپێدانی توانای سیاسی و رۆشنبیری ئەندامەكانیان، وەهەروەها پەرەوەردەبكرێن لەسەر بەدیهێنانی بەرژەوەندی حیزبی لەچوارچێوەی بەرژەوەندی گشتی میللی و پێشخستن و ئەولەویەتدان بەدووەمیان بەسەر یەكەمدا.

 

author photo

تایبه‌ت به‌ دیپلۆماتیك