کێ شەڕى هەندرێنى کرد، حیزبى شیوعى، یان پارتى؟

با برادەرانی پارتی بفەرموون، رۆڵی حزبەکەیان له‌شه‌ڕى هه‌ندرێن دا بخەنە ڕوو

کێ شەڕى هەندرێنى کرد، حیزبى شیوعى، یان پارتى؟

662 خوێندراوەتەوە

به‌هادین نورى

شتێکى ئاساییەو مافى خۆیانە کە هەموو ساڵێ برادەرانى پارتى ئاهەنگى ساڵیادى ئەوشەڕە دەگێرن، چونکە ئەوە ڕووداوێ بوو لە خەباتى چەکدارى کوردا کە مەلا مستەفاى بەرزانى سەرکردەى باڵاى بوو.

 

،،

نووسه‌ر: پارتی زۆر باش ده‌زانێت خاوه‌ندی داستانی هه‌ندرێن شوعییه‌.

 

 

  بەڵام ئەوەى نەئاساییەو نا ڕەوایە ئەوەیە کەشەڕەکەو سەرکەوتنەکە بۆ پێشمەرگەى پارتى حیسابدەکەن و باس لەشەڕکەرانى ڕاستەقینەى ئەو بەرخوردە مێژووییە ناکرێ کە پێشمەرگەى حشع (حیزبى شیوعى عێراق) بوون.

من زووتر نووسیومە لەسەر ئەم شەڕە. لێرەشدا جارێکى دیکە دەنووسم. من لە ناو شەڕەکەدا نەبووم، بەڵام لەناو بارەگاى حشع دابووم، لەئەشکەوتى نزیک گوندى کلێتە کە دەکەوێتە بەردەم زینی سەران (ملەى نێوان کاروخ و هەندرێن). من سکرتێرى رێكخراوى حشع بووم لە هەرێم، لەگەڵ ئەندامانى مەکتەبى هەرێم مەلا احمد بانیخێڵانى و عادل سلیم و یوسف حناو فاتح رسول.

بارەگاکەمان نزیکەى 4 - 5 کم دوور بوو لە شەڕەکەوە. شەڕەکە چۆن هاتە ئارا؟ مەلا مستەفا پاراستنى شاخى هەندرێنى رادەستى پێشمەرگەکانى حشع کردبوو. شەوى ١٢/٦/١٩٦٥ کە عه‌ریف یونس بەرپرسى سەرشاخ بوو، تاقمێ جاش و سەرباز لەسەربازگەى رەواندوزەوە بەشاخدا هەڵزنابوون و گەیشتبوونە نزیک پێشمەرگەکانى ئێمە لەسەرشاخ و رەبیەیان دامەزراندبوو.

کە رۆژ بووەوە و دزەکردنى دوژمن ئاشکرا بوو، چەند پێشمەرگەیەکى شیوعى کوڕانە خۆیان گەیاندە کەپکەموو (بەرزترین لوتکەى سەر هەندرێن)، بەمە کۆسپێکى گەورە لەڕێگەى پێشکەوتنی جاش و سەربازدا دانراو هێزێکى باشمان چوونە سەرشاخ بەرانبەر هێزى دوژمن.

هەرئەو رۆژە لیژنەى سەربازى ئێمە کۆبوونەوە بۆ دارشتنى نەخشەى سەربازى بۆ دەرکردنى دوژمن. ئەوە لەبەرچاوە کە مەلامستەفا سەرکردەی باڵای شۆڕشی ئەیلول بوو، بەهاوکاری لەگەڵ سەرکردایەتی پارتیدا ( مەکتەبی سیاسی ) یان بەدژایەتی ئەوان. دەبێ بەشێوەیەکی واقیعبینانە ڕووداوەکان، بە باش و خراپەوە، هەڵسەنگێنرێن.

 پارتی باش دەزانێت کە خاوەنی داستانی هەندرێن حشعە، بەڵام بەزۆر ئەوداستانە دەکات بەهی خۆی وەک دەسەڵات قۆرخدەکەن، دەبێ هەموو ڕووداوێکی باشیش هەربکرێ بەهی ئەوان ( یان یەکێتی ). من بە برادەرانی پارتی دەڵێم: - نەخێر ئێوە ڕۆڵێکی ئەوتۆتان نەبوو لە شەڕی هەندرێندا، ئەو شەڕە داستانی شیوعیەکانی عێراقە، حیزبێکی جەماوەری ڕەگ داکوتاوو قاڵبوو لە خەباتی جەماوەریدا ...هتد. بۆچی پێتان ناخۆشە ئەو خاوەنی ئەو داستانەبێ؟ ئەگەر ئەو حیزبە نەبوایە بەپاشکۆی سەدام و دژایەتی کوردی نەکردایە، ئەگەر نەبوایە بە پاشکۆی حزبێکی قەومی کورد و خۆی نەخزانایەتە نێو دۆزەخی شەڕی براکوژی هەشتاکان ئێستە ئێمە لەوەزعێکی جیاوازدا دەبووین.

  من دەتوانم قسە لەسەر شەڕی هەندرێن بکەم چونکە ئەوکاتە سکرتێری ڕێكخراوی حشع بووم لە کوردستان، چونکە بارەگاکەم لەبناری شاخی هەندرێن بوو. لێرەدا من هێندێ وردەکاری شەڕی هەندرێن دەخەمە ڕوو، تەحەدای ئەو کەسەدەکەم کە بەبەڵگەوە بەدرۆی بخاتەوە، پێش هەمووشتێ ناوی ئەوانە دەنووسم کەناویانم بیردەکەوێتەوە ( ناوی زۆریشم نایەتەوە بیر )، ئەوانەی بڕبڕەی پشتی هێزەکەی حشع بوون و ڕۆڵێکی باڵایان بوو لەو سەرکەوتنەدا:

 

١- نه‌قیب که‌مال نعمان، شارۆچکەی بهرز نزیکی باقووبە، سەرکردەی هێزی حشع لە بالەک، ئەوپیاوەی نەخشەی بۆ شەڕەکە داڕشت و بەشداری مەیدانیشی کرد لە جێبەجێکردنیدا.

٢- ملازم خدر، ناسریە، بەرپرسی تۆپخانە ( ئێستە فەریقی خانەنشین ، لەهەولێرە )

٣- ملازم ڕەحمان ، قادسیە ، سەرپەل .

٤- ملازم احسان

٥- ملازم یوسف، ئاشووری، بەرپرسی کارگەی نارنجۆک و تەقاندنەوە.

٦- دکتۆر حسن کازم کەلە سوپاوە ڕایکردبوو، ئەفسەرێکی پزیشک بوو. ئەمانەی سەرەوە هەموو ئەفسەری شیوعی عەرەب بوون جگە لە یوسف، بەشێ بوون لە ستافی کادری هێزی حشع.

٧- منیر عسکر، عنکاوە، بەرپرسی حیزبی و ڕابەری سیاسی هێزەکە بوو

٨- حاجی مەلا، ڕەواندز، ئەندامی لیژنەی بنکەو بەرپرسی ئیدارەی هێزبوو .

٩- فاخیری حه‌مەد ئاغای مێرگە سوور، ئەندامی لێژنەی بنکەو کادرێکی سەربازی کارامە.

١٠ ـ عەریف یونس، هەولێر. سەربازیکی شیوعی ڕاکردو لە سوپا، سەر لقی پێشمەرگە، یەکەم شەهیدی شیوعی بوو لە هەندرێن.

١١ ـ زراری سلێمان بەگ، کادرێکی گەنجی کارامە.

١٢ ـ مستەفا چاوڕەش ، سلێمانی ، ڕابەر سیاسی پەلی پێشمەرگە، لەشەڕەکەدا فیشەکێ بەر سەری کەوت و گوێیەکی کەڕ بوو.

١٣ ـ مام ئیلیاس، ڕەواندز . سەرپەلێکی ئازا. کوڕێکی لە شەرەکەدا شەهید بوو .

١٤ ـ مام سدیق ، جوتیاری گوندێکی ئەوناوچە، سەرپەلێکی لێهاتوو. ناوی ئەو کەسانەم نووسی کەوتنە وەبیرم.

 

به‌هادین نووری

 

  زۆری تریش هەن کە ناویانم بیرچوەتەوە، یان هەرلە ئەسڵدا ناویان نازانم. بە بوێری و توانای ئەم ستافە کارامەی شیوعیەکان، بەخەبات و قوربانی هەموو پێشمەرگەکانی بنکەی باڵەک، داستانی هەندرێن تۆمار کرا پێشتریش داستانی سەری حه‌سن بەگ تۆمار کرا ( ١٩٦٣ ) کە خاڵی بنەڕەتی بوو بۆ ڕزگارکردنی ناوچەی باڵەک لە ڕژێمی دکتاتۆری.

 شەهیدانی شەرەکە چوار کەس بوون،  سێ شیوعی ( سەرلق عه‌ریف یونس، ساڵحی مام ئیلیاس، . یەکیکیش لە لقی عیزەتی سلێمان بەگ ( خدر عەوڵا بەگی دەرگەلە ) شەهید بوو . بریندارەکانی شەڕیش حه‌وت هاوڕێبوون:

١ ـ مستەفا چاوڕەش

٢ ـ عومەر قەرەچەتانی

٣ ـ زراری سلێمان بەگ 

٤ ـ اسماعیل نصراللە

٥ ـ سعید ڕواندزی 

٦ ـ ڕەوۆف ئەللە کەرەم هەلەبجەیی

٧ ـ حسنە شل ، سلێمانی ( دڵنیانیم کە کەسیتریش نەبوو لەناو بریندارەکاندا. حەزدەکەم ئەوە بزانرێ کەحشع لەسەرەتاوە ،لە ١٩٦١ دا دژی بزوتنەوەی چەکداری کورد بوو بۆرووخاندی ڕژێمی عبد الکریم قاسم. سکرتێری حشع شەھید سەلام عادل ھەموو ھەوڵێکی خستەگەر بۆ ئەوەی پارتی پاشەکشە بکات لەخەباتی چەکداری. ( دوا ڕۆژیش ژیان سەلماندی کە هەڵوێستی حشع ڕاست بوو، کە دەستپێکردنی خەباتی چەکداری کەوتنە ناو داوی هەواڵگری بەریتانیا بوو بۆ ڕووخانی ڕژێمی نیشتیمانی قاسم، وەک تۆڵە لە شۆڕشی ١٤ ی تەمووزی ٩٥٨ ).

  پارتیش ھەوڵیدەدا بۆ ئەوەی حشع ڕاکیشێ بۆبەشداری لەو خەباتەدا، کەسیان بەقسەی ئەویدی نەکرد ھەتا کودەتای ئینگلو- ئەمەریکی – ناسری شوباتی ١٩٦٣ سەرکەوت و خالیکی سەرەکی کودەتاچیەکان قرکردنی شوعیەکانی عێراق بوو. ئەوە بوو ھەزارانیان لێکوژراو بەندینخانەکانیان لێپڕکرا.

  ئەوەناچاری کردن شارەکان جێبێڵن و لە کوردستاندا چەکھەڵگرن بۆ بەرگری لەخۆیان. باڵی مەکتەبی سیاسی پارتی لەدژی شوعیەکان وەستاو لە بەمۆ و سماقوڵی ھێرشی کردە سەریان و ژمارەیەکی لێ شەھیدکرن و زۆر بەتوندی سەرکوتیکردن، بەڵام مەلا مستەفا ھەڵویستێکی جیاوازی بوو، داڵده‌یدان و بە پێشمەرگە وەریگرتن، گەلێ لە راکردوەکانیان ناچار بوون بچن بۆ ناوچەی باڵەک کە لە ژێر دەستی مەلا مستەفادا بوو.

  

،،

به‌هادین نووری بۆ پارتی: ئێوە نایب عەریفێکی پولیسی نە خوێندەوارتان کردبوو بە ئامر ھێزی باڵەک،: ئەو دەیتوانی سەرکردەی پێشمەرگەبێ لە جوتیارە نەخوێندەوارەکان، نەک لە ئەفسەرو ڕۆشنبیران.

 

 بەم چەشنە بنکەی باڵەک پێکھات و گەورەبوو، ساڵێ پاش دروستبوونی نزیکەی ٢٥٠ پێشمەرگەی حشعی تێدابوو، بوو بە گەورەترین بنکەی سەربازی شیوعیەکان لە کوردستاندا . من لێرەدا بەشێوەیەکی کۆنکرێتی باسی رۆلی شیوعیەکانم کرد، با برادەرانی پارتیش بەھەمانشێوە بفەرموون رۆڵی حزبەکەیان بخەنە روو، با ناوی شەھید و بریندارەکانی پارتی بزانرێ، بەدەر لە لقەکەی عیزەت، با نە خشەی دارێژراوتان ببێنرێ … ھتد ..

 جگە لەمەش ئێوە دەیەھا ساڵ چەکتان ھەڵگرتووە، بەڵام چەند « ھەندرین » لەم ماوە درێژەدا تۆمارکراون؟ ئێوە نایب عەریفێکی پولیسی نە خوێندەوارتان کردبوو بە ئامیر ھێزی باڵەک. ناڵێم پیاوێکی خراپ بوو، بەڵام دەڵێم: ئەو دەیتوانی سەرکردەی پێشمەرگە بێ لە جوتیارە نەخوێندەوارەکان، نەک لە ئەفسەرو ڕۆشنبیران . شەڕی هەندرێن وەکو ڕوداوێکی سەربازی بێوێنەبوو لەخەباتی چەکداری کوردی عێراقدا، کۆمەڵێکی بچوک لە شۆڕش گێڕان بە چەکی زۆرسادە وە سوپایەکی گەورە بەو دەردە بەرن ! ئەم شەڕە شایستەی ئەوەیە کە لە ئەکادیمیای سەربازیدا دیراسە بکرێ و ئەزموونی لێوەر گیرێ. ئەم شەڕە سەرکەوتنی ئەو قارەمانانە بوو کە برینداربوو بوون بە فیشه‌كى دوژمن، چاوەڕوانی مردن بوون، خەڵتانی خوێن بوون، بە ورەیەکی بەرزەوە لەسەرشاخەکە هوتافیان دەکێشا : ( بژی حیزبی شیوعی عێراق ).

 بەڵێ پارتی بەشدار بوو لەشەڕی هەندرێندا. بەڵام چۆن بەشداریەک و کێ بەشداری کرد ؟ لقی پێشمەرگەی عیزەتی سلێمان بەگی دەرگەڵە، کە نزیکەی ( ٥٠ ) کەس بوون لەخەڵکی دەرگەڵە و دیهاتەکانی دەوروبەری ، بەشداربوون و شەڕێکی قارەمانانەیان کرد، هیچیان کەمتر نەبوو لە پێشمەرگەکانی حشع شەهیدیشیاندا.

بەڵام ئەم بەشداریە بەس لە جێبەجێکردنی نەخشەکەدابوو، نەک لەداڕشتنی نەخشەو کاروباری هونەری شەرەکەدا، با کەمێ باسی تایبەتمەندیەکانی پێوەندی ئەم لقە لەگەڵ حشع بکەم : سلێمان بەگی دەرگەڵە لەوانەبوو لەگەڵ مەلا مستەفا چوون بۆ کۆماری مەهاباد دواتریش پەنایانبرد بۆ یەکێتی سۆڤیت و پاش ١٤ تەموزی ٩٥٨ هاتنەوە.

 زراری کوڕیشی بەمناڵی لەگەڵی چوبوو، وەکو شیوعیەک گەڕایەوە، سلێمان بەگ دۆست و دڵسۆزی مەلا مستەفا بوو. لەهەمان کاتدا بوو بەدۆستێکی نزیکی حشعیش. عیزەتی کوڕیشی لە ڕۆژانی شۆڕشی ئەیلولدا لقێکی پێشمەرگەی دروستکرد. حشع دوای کودەتای فاشی شوباتی ١٩٦٣ بارەگایان لە دەرگەڵە دانا، لە تەنیشت ماڵی سلێمان بەگەوە.

 

پۆلێك له‌پێشمه‌رگه‌كانی شیوعی

 

 پێوەندیەکی خۆش و دۆستانە کەوتە نێوان خیزانی سلێمان بەگ و شیوعیەکانەوە. من ٩٦٥ ــ ١٩٦٧ لە دەرگەڵە ژیام وەکو سکرتێری ڕێخراوی کوردستان. دۆستایەتیەکی گەرم کەوتە نێوانمان لەگەڵ سلیمان بەگ و عیزەت، یارمەتی زۆریان داین و حشع قەرزاری ئەوانەیە. جگە لەمانەش، بە کاریگەری ئەم دۆستایەتیە چەند ئەندامیکی حشع لە خەڵکی دەرگەڵەو دەوروبەری جێگیربوون لەناو لقەکەی عیزەتدا بێئەوەی کێشە دروست بکات بۆ هیچ لایەکمان . لە دۆخێکی وەهادا لقی عیزەت بەشداریان کرد لەشەڕی هەندرێندا. با ئەمە بۆ پارتی حیسابکەین.

 بەڵام ئەوی بە ویژدانەوە قسەبکات شەڕی هەندرێن هەردەکاتە داستانی حشع، لەگەڵ بەشداریەکی سنوورداری پارتی . ئەنجامی سیاسی ڕاستەوخۆی شەڕی هەندرێن ئەوە بوو کە لە ٢٩ / ٦ دا ئاگر بەس ڕاگەیەنرا لە نێوان حکومەتی عبدالرحمان عارف و مەلا مستەفادا، ئەوکاتە سەرەکوەزیرانی عیراق د . عه‌بدولڕه‌حمان به‌زاز بوو . پیاوێکی ڕۆشنبیری ئەکادیمی بوو، ئارەزوو مەند بوو بێ شەڕو خوێنڕشتن کێشەکە چارەسەربکات.

 شەڕی هەندرێنیش قەناعەتی بە سەرۆک عبدالرحمان کرد کە سوپاکەی توانای سەرکەوتنی نییە. لەملاشەوە، بەر لەو شەڕە باڵی مەکتەبی سیاسی پارتی. بەسەرۆکایەتی ئیبراهیم ئه‌حمه‌د ، ڕێکەوتبوو لەگەل عبدالرحمان عارف لەسەر شەڕی دژبە بەرزانی، لەبەرئەوەو بۆ ئەوەی مەلامستەفا هەموو توانای خۆی بخاتە گەڕدژی ( جلالیەکان ) بە خۆشحاڵیەوە پێشوازی لە ئاگربەسی ٢٩ / ٦ کرد کە هیچ دەسکەوتێکی جدی بۆ کورد تێدا نەبوو.

 بەڵام ئاگر بەسەکە خۆی لە خۆیدا دەسکەوتێ بوو بۆکورد چونکە، با کاتیشبێ، خوێنڕشتن وکاولکاری لە وڵاتدا راگرت بۆ دووساڵ، تا روخانی عبدالرحمان عارف لە ١٩٦٨دا . تێبینی: پاش شەڕەکە بەچەند ڕۆژێ من بەیاوەری سەرپەل مام سدیق، کە بست بە بستی هەندرێن شارەزابوو، چوومە سەرشاخ و سەیری هەموو ڕەبیە و جێگە شەرەکانم کرد. لەگەڕانەوەشدا مام سدیق بزنە کێویەکی کوشت و هێنامانەوە بۆ پێشمەرگەکان.