بۆچى هیتله‌ر به‌ ئه‌تاتورك سه‌رسام بووه‌؟

ئەتاتورک لە خەیاڵی هیتلەر و نازەییەکاندا

بۆچى هیتله‌ر به‌ ئه‌تاتورك سه‌رسام بووه‌؟

480 خوێندراوەتەوە

 ئەوە زۆر باش زانراوە کە ئەدۆڵف هیتلەر(١٨٨٩ – ١٩٤٥) لە هەڵکشانیدا بەرەو دەسەڵات لە ئەڵمانیا چاوی لە بنیتۆ موسۆلینی(١٨٨٣ – ١٩٤٥) دەکرد. مێژوونووسان پێیان وایە کودەتا سەرنەکەوتووەکەی میونیخیش لە ٨ و ٩ نۆڤەمبەری ١٩٢٣دا دووبارە کردنەوەی مارشەکەی موسۆلینی بوو بەرەو ڕۆما لە ساڵی ١٩٢٢.

 ئاخر هیتلەریش دەیویست دوای دەست گرتن بەسەر میونیخدا، بەرەو بەرلێن بەڕێ بکەوێت و حکومەتەکەی ڤایمار بڕۆخێنێ.

هیتله‌ر

کودەتاکەی شکستی هێنا و دەستگیر کرا، بەڵام دادگاکەی کرد بەگۆڕەپانی پڕوپاگەندە بۆ نازییەکان و شەرمەزار کردنی حکومەتەکەی ڤایمار. مێژوونووسانی ڕۆژئاوایی، کە سێنتەریزمی ئەوروپایی بنەمایەکی سەرەکییە لە کولتوری توێژینەوەیان لە مێژوو، هەوڵی ئەوەیان نەداوە بەدوای مۆدێلی تردا بگەڕێن بۆ ئەوەی بزانن، ئایە ئایدیۆلۆژیا و ستراتیژەکانی هیتلەر و نازییەکان سەرچاوەی تریان نییە. خۆ بەلای ڕۆژهەڵاتدا هەر ناچن، چونکە پێیان وا نیە سەرکردەکانی ئەو ناوچەیە بتوانن ببنە نموونە و مۆدێل بۆ ئەوەی لە ڕۆژئاوا چاویان لێ بکرێت. پێدەچێت لەم بارەیەوە بەهەڵەدا چووبن.

،،

هیتلەر زۆر سەرسام بوو بە مستەفا کەمال بەتایبەتی لە بواری دەرکردنی هێزەکانی دەوڵەتانی ڕۆژئاوا لە تورکیا لە دوای شەڕی یەکەمی جیهانی.

 مۆدێلەکەی مستەفا کەمال(دواتر ئەتاتورك) لە تورکیا سەرچاوەیەکی گرنگی ئایدیۆلۆژیا و ستراتیژی هیتلەر و نازییەکان بوو. هیتلەر بۆ خۆی دانی بەوەدا ناوە کە "ئەتاتورک مامۆستا بووە و ئەو و موسۆلینیش قوتابی".

هیتلەر زۆر سەرسام بوو بە مستەفا کەمال بەتایبەتی لە بواری دەرکردنی هێزەکانی دەوڵەتانی ڕۆژئاوا لە تورکیا لە دوای شەڕی یەکەمی جیهانی. بەوردیش چاودێری ئەوەی دەکرد چۆن لەسەر کەلاوەکانی دەوڵەتی عوسمانی دەوڵەتێکی نوێی دروست دەکرد.

ڕووبەڕووبوونەی چه‌کداری مستەفا کەمال لە دژی "ڤێرسای" و لێکەوتەکانی شەڕی یەکەمی جیهانی سەرچاوەی ئیلهام بەخش بوو بۆ هیتلەر کە ئەویش زۆر لە دژی ئەو "ئاشتی"یە بوو، کە مەرجی سەختی بەسەر وڵاتە دۆڕاوەکەیدا سەپاندبوو.

ئه‌تاتورك

 سەرسامیی هیتلەر بەرامبەر ئەتاتورک تەنها لە دژایەتیکردنی لێکەوتەکانی ڤێرسایدا کۆتایی نەدەهات، بەڵکو ئەو بەوردی چاودێری هەنگاوە یەک لە دوای یەکەکانی ئەتاتورکی دەکرد لە دامەزراندنی دەوڵەتی تاک نەتەوەی سیکولار و تۆتالیتار و چۆن پێگەی ئیسلامی لە باڵا دەستییەوە دەگۆڕی بۆ پاشکۆیەکی لاوازی دەوڵەت، بۆیە وەک توێژەرێک دەڵێت ئەتاتورک بۆ هیتلەر" ئەستێرەیەک بوو لە تاریکیدا". ئاخر ئەمیش دەیویست لە ئەڵمانیا دەوڵەتی تاک ڕەگەز و تۆتالیتار دروست بکات و لە گەڵ ئاینی مەسیحیشدا بەهەمان شێوە هەڵس و کەوت بکات.

ئەزموونی "دەوڵەمەندی" تورک لە قەلاچۆکردنی ئەرمەن و یونانی و گەلانی تردا، سەرچاوەیەکی ئیلهام بەخش تر بوو بۆ هیتلەر بۆ هۆلۆکۆست و قڕکردنی جووەکان.

،،

نووسەر لە ڕێگەی توێژینەوە و لێکدانەوەی قووڵی مەتریاڵەکانی ڕۆژنامەکانی ئەڵمانیاوە لە بیستەکان و سییەکانی سەدەی ڕابردوودا بابەتێکی نوێی هێناوەتە گۆڕێ، کە بۆ دەمێکی درێژ بێدەنگی لێ کراوە و پشت گوێ خراوە.

 کودەتای میونیخ زیاتر لەوەی لاسایی کردنەوەی موسۆلینی بێت، دووبارە کردنەوەی یاخیبوونەکەی مستەفا کەمال بوو لە ئەنقەرە لە دژی دەروازەی باڵا لە ئەستەموڵ. سەرکەوتنی مستەفا کەمال و شکستی هیتلەر لەو هەنگاوەدا هۆکارێک بوو بۆ بەخۆدا چوونەوە و خۆ ئامادەکردنی باشتر. ستیفان ئیهریگ پرۆفیسۆری مێژوو لە زانکۆی حەیفا لە کتێبە گرنگەکەیدا "ئەتاتورک لە خەیاڵی نازیدا"، کە لە ساڵی ٢٠١٤ لە زانکۆی هارڤارد بڵاوی کردووەتەوە، زانیاری زۆر لەم بارەیەوە دەخاتە بەردەم مێژوونووسان.

 ئه‌م زانیارییانە ناچاریان دەکات بە بۆچوونەکانیاندا بچنەوە سەبارەت بەسەرچاوە و ڕەگ و ڕیشەکانی ئایدیۆلۆژیا و ستراتیژی هیتلەر و نازییەکان. نووسەر لە ڕێگەی توێژینەوە و لێکدانەوەی قووڵی مەتریاڵەکانی ڕۆژنامەکانی ئەڵمانیاوە لە بیستەکان و سییەکانی سەدەی ڕابردوودا بابەتێکی نوێی هێناوەتە گۆڕێ، کە بۆ دەمێکی درێژ بێدەنگی لێ کراوە و پشت گوێ خراوە.

 ئەم توێژەرە بە بەڵگەی زانستی ئەوەی دەرخستووە، کە مستەفا کەمال لە ڕێگەی دامەزراندنی دەوڵەتی تاک نەتەوەی سیکولار و تۆتالیتارەوە، ئیلهامی بەخشیوە بەتیرانێک، ئەڵمانیا بکات بە لانکەی دەوڵەتی ناسیۆنال سۆسیالیزمی ئەوروپا.

  ئەم کتێبە کاتێ مستەفا کەمال وەک ئیلهام بەخش وێنا دەکات، مەبەستی ئەوە نیە وێنەیەکی نەرێنی ئەو پیشان بدات، ئەوەندەی مەبەستێتی لە سەرچاوە و ڕەغ و ڕیشەی ئایدیۆلۆژیای و ستراتیژی هیتلەر و نازییەکان بکۆڵێتەوە.

 

 ئەم کتێبەی پرۆفیسۆر ستیفان ئیهریگ ئەوە دەێنێت بەوردی بخوێنرێتەوە و کەڵکی لێ وەربگیرێت. بۆ ئەوانەی دەیانەوێت زانیاری زیاتر لەم بارەیەوە بەدەست بێنن، بڕاوانە: Stefan Ihrig, Atatürk in the Nazi Imagination, Harvard University Press, 2014

 

author photo

نوسەر

دکتۆرا لە مێژووی کورد