پارتى لەیەک رۆژدا شایی بۆ هەردوو ئامۆزاکە دەگێڕێت

پارتى متمانەى بە یەکێتى و قوباد تاڵەبانى نەماوە

پارتى لەیەک رۆژدا شایی بۆ هەردوو ئامۆزاکە دەگێڕێت

931 خوێندراوەتەوە

 

پارتى ئامادەکارى تەواوى کردووە کە سوێندخواردنى سەرۆکى هەرێم و پێکهێنانى کابینەى نوێ لە دە رۆژدا کۆتایی بێت، تاکو قوباد تاڵەبانى کەمترین رۆژ سەرۆکى حکومەتى کاربەڕێکەر بێت و یەکێتیش نەتوانێ ئەم بابەتە تەوزیف بکات.

 

هەرچەندە بریارە هەفتەى دابێ، دەنگدان بۆ سەرۆکى هەرێم لە پەرلەمان ئەنجام بدرێت، بەڵام مەراسیمى سوێندخواردنى سەرۆک و راسپاردنى مەسرور بارزانى بۆ پێکهێنانى کابینەى نوێ دەکەوێتە دواى جەژن تاکو بەکەمتر ماوە کە هیچ پشویەکى تێ نەکەوێت حکومەت تەشکیل بکرێت.

 

،،

 یەکێتى نیازى وایە کە پێکهێنانى کابینەکەى مەسرور بارزانى راگرێت و کێشەى بۆ درووست بکات.

 

 

یەکێتى نیازى چى هەیە؟

پارتى و یەکێتى بۆ کۆتاجار رێکەوتنیان واژۆ کردو هەردولا لەبەردەم کەناڵەکانى راگەیاندن بەڵێنیان بەیەکدیدا کە حکومەت پێک بهێنن، بەڵام سەرهەڵدانەوەى کێشەى کەرکوک لەنێوانیان جارێکى دیکە رێکەوتنەکەى نێوانیانى سست کردەوە.

 

چونکە بەپێى زانیارییەکان یەکێتى لەنامەیەکدا داواى لە مەسعود بارزانى کردووە کە بەڵێنەکەى بباتە سەرو هاوکاریان بێت بۆ پێدانى پۆستى پارێزگاى کەرکوک. بەڵام بارزانى بە سلبى وەڵامى نامەکەى داوەتەوە و پێناچێت ئەو پۆستە بدرێت بە یەکێتى.

 

هەربۆیە یەکێتى لە ئێستادا جارێکى دیکە نیگەرانییەکانى دەست پێ دەکاتەوەو بەدواى کارتێکى دیکەى فشاردا دەگەرێت تاکو پێکهێنانى حکومەتەکەى برا گەورە راوەستێنێت.

 

،،

 یەکێتى دەیەوێت بەبەشدارى کردن یاخود بەشدارى نەکردنى لە دەنگدان و مەراسیمى سوێندخواردنى سەرۆکى هەرێم، پارتى ناچار بکات کە بە مەرجەکانى رازى بێت.

 

یەکێتى چ کارتێکى لەدەستدایە؟

بابەتى دەنگدان بۆ سەرۆکى هەرێم و سوێندخواردنى لەبەردەم پەرلەمان لە ئێستادا تاکە بابەتێکە کە یەکێتى دەیەوێت سوودى لێ وەربگرێت.

 

بەو شێوازەى کە، یەکێتى دەیەوێت کێشە بۆ پێکهێنانى کابینەى نۆیەم درووست بکات تاکو دڵنیا نەبێت کە ئایا بارزانى بەڵێنەکەى دەباتە سەر یاخود نا.!؟

 

 

بۆیە سیناریۆکان بەمشێوەى خوارەوەن:

یەکەم: پێدەچێت یەکێتى بەشدارى نەکات لە هیچکام لە دەنگدان و سوێندخواردنى سەرۆکى هەرێم، تاکو کێشە بۆ پارتى دروست بکات و مەراسیمەکەى بە ناتەواوى کۆتاىى پێ بێت.

بەمەش رێگرى دەکات لە سەرۆک کۆمارى عێراق بەرهەم ساڵح، کە بریارە لە مەراسیمەکەدا بەشدارى بکات و یەکەمین جاریشە ناوبراو دێتە هەولێرى پایتەخت.

بۆیە یەکێتى مەرج لەسەر پارتى دادەنێت تاکو بارزانى هاوکاریان بێت کاندیدەکەیان لە ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک دەنگى پێ بدرێت و ببێت بە پارێزگار.

ئەم سیناریۆى سەرەوە پێ ناچێت ئامانجەکەى یەکێتى بپێکێت، چونکە پارتى رەنگە ئاسایی بێت بەلایەوە هەم دەنگدان هەم سوێندخواردنى سەرۆکى هەرێم لە پەرلەمان بەبێ یەکێتى ئەنجام بدات، وەک چۆن لەماوەى رابردوودا زۆرێک لە پرۆسەکانى بەبێ یەکێتى رایی کرد بەتایبەت بابەتى هەڵبژاردنى دەستەى سەرۆکایەتى پەرلەمان.

 

بۆیە سیناریۆى دووەم دێتە ئاراوە، ئەویش ئەوەیە، یەکێتى بەشدارى لە دەنگدان و مەراسیمەکەشدا دەکات، بەڵام سود لەو ماوەیە وەر دەگرێت کە قوباد تاڵەبانى بەپێى یاسا دەبێت بە سەرۆکى حکومەتى کاربەڕێکەر دواى نەمانى نێچیرفان بارزانى.

بەو شێوەیەى کە، یەکێتى بەبیانووى یەکلانەکردنەوەى کاندید و کێشە ناوخۆییەکانیان، هەروەها بەروودادانەوەى بەڵێنەکەى بارزانى سەبارەت بە کەرکوک کابینەکە دوادەخات و ناچێتە ژێر بارى داواکانى پارتى.

 

،،

 پارتى دەیەوێت یەکێتى دەستەپاچە بکات و هیچ کاتێک نەهێڵێتەوە بۆى تاکو بتوانێ پارتى ناچار بە هەندێ داواو مەرجى دیکە بکات.

 

پارتى چۆن سیحرەکەى یەکێتى پوچەڵ دەکاتەوە؟

 

پارتى باش درکى نیگەرانییەکانى یەکێتى کردووە و دەیەوێت سیحرەکەى لەدەستدا پوچەڵ بکاتەوە، بەوەى  نەهێڵێت نێوانى سوێندخواردنى سەرۆکى هەرێم و پێکهێنانى کابینەى نوێ زۆر بخایەنێت.

 

 لەمبارەیەوە ئامادەکارى پێشوەختى تەواوى کردووە، نایەوێت پێش جەژن مەراسیمى سوێندخواردن و راسپاردنى (برا گەورە) ئەنجام بدات، چونکە پشوى جەژنى تێ دەکەوێت و تا دواى جەژنیش درەنگ لایەنەکان دێنەوە سەرخەت ئەمەش کاتێکى زۆر دەدات بە قوباد تاڵەبانى سەرۆکى حکومەتى کاربەرێکەر بێت.

 

 

لەبەر ئەم دوو هۆکارە لەیەک رۆژدا پارتى شاییەکە دەگێرێت:

یەکەم: رەنگە متمانەى بە قوباد تاڵەبانى نەمابێت، بەتایبەت دواى ئەوە کە لەکاتى بانگەشەى هەڵبژاردنەکانى ساڵى رابردوودا نێچیرڤان بارزانى ١١ رۆژ لەدەرەوەى وڵات دەبێت، (وا باس دەکرێت) تاکو دێتەوە تاڵەبانى کۆمەڵێک ئەرزەو پۆست بەسەر نزیک و کەسەکانیدا دابەش دەکات، ئەمەش پارتى نیگەران دەکات و یەکێتى لێ ئاگادار دەکەنەوە.

 

بۆیە پارتى نایەوێت جارێکى دیکە ماوەیەکى زۆر لەبەردەستى تاڵەبانیدا بێت تاکو بە ویستى خۆى دەسەڵاتەکان بەکار بهێنێت و پۆست و ئەرزە دابەش بکات.

 

دووەم: پارتى نایەوێت هیچ کات لەبەردەستى یەکێتى بمێنێتەوە تاکو بەویستى خۆیان یارى بەکاتەکە بکەن و نەیەنە پێش بۆ پێکهێنانى کابینەکەى مەسرور بارزانى. لەماوەى رابردووشدا پارتى زۆر بەدەست ئەم دەردەى یەکێتى ناڵاندوویەتى.

 

بۆ ئەم بابەتەش وا بریارە مەسرور بارزانى رۆژانى جەژن و دواى جەژنیش وەک وەفدى دانوستانکار بێتە سلێمانى و دیدگاى هەریەک لە گۆران و یەکێتى بزانێت سەبارەت بە کابینەى نوێ و کاندیدەکانیان.

،،

پارتى دەیەوێت لەیەک رۆژدا شایی بۆ مەسرور بارزانى و نێچیربارزانى بگێرێت.

 

بۆیە ئەگەر بزانێت لایەنەکان بەتایبەت یەکێتى گومانیان باش نییە بۆ کابینەى نوێ ئەوا پارتى سوێندخواردن و راسپاردنى مەسرور بارزانى بۆ کاتێکى نادیار دوا دەخات، تاکو یەکێتى بەڵێنى هاتنە پێشەوەى تەواویان پێ نەدات.

هەر لەبەر ئەمەش پارتى پەلە دەکات و دەیەوێت لەیەک رۆژدا لەگەڵ سوێندخواردنى سەرۆکى هەرێم دەست بکات بە تەشکیل کردنى حکومەت و لەکەمترین ماوەدا کۆتایی پێ بهێنێت.

 

 

لە ٣٠ى ئەیولى ساڵى رابردووەوە، دەنگدا بۆ پەرلەمانى کوردستان ئەنجام درا، بەڵام تاکو ئێستە حکومەت لەنێوان براوەکانى دەسەڵات پێک نەهاتووە. 

 

author photo

ماسته‌ر له‌ زانسته‌ رامیارییه‌كان

ئه‌ندامى كاراى سه‌ندیكاى ڕۆژنامەنووسانی کوردستان