كەوتنی سیاسەت لە سلێمانی

گردۆڵكەكانی سیاسەت لەنیوان سلێمانی و بەیروتدا

كەوتنی سیاسەت لە سلێمانی

3647 خوێندراوەتەوە

لە شاری بەیروتی پایتەختی لوبنان، سیاسەت لەنێوان چەند سەركردە و خێزانێكی سیاسی دیاریكراودا قەتیس كراوە. هەریەكەیان لە كۆشكێك و تەپۆڵكەیەكەوە فەرمانڕەوایی دەكەن، وەك ئەوەی چەند دەوڵەتێك بێت لەناو یەك دەوڵەتدا.


بەیروت، شارێكی بچوكە كە ڕوبەرەكەی نزیكە لە ڕوبەری شاری سلێمانیەوە، لەڕوی سیاسیەوە لەلایەن چەند كۆشكێكی سیاسیەوە بەڕێوە دەبرێت كە هەریەكەیان دەكەونە سوچێكیەوە.

سەعد حەریری لە كۆشكی قرەیتم و نەبیە بری لە كۆشكی عین تینە و میشیل سلیمان لە كۆشكی بەعبەدا و جونبلات لە كۆشكی كلیمەنسو و سەمیر جەعجەع لە كۆشكی میعراب و نەسروڵا لە زاحیەی جنوبیەوە حوكم دەكەن.

،،

سەعد حەریری لە كۆشكی قرەیتم و نەبیە بری لە كۆشكی عین تینە و میشیل سلیمان لە كۆشكی بەعبەدا و جونبلات لە كۆشكی كلیمەنسو و سەمیر جەعجەع لە كۆشكی میعراب و نەسروڵا لە زاحیەی جنوبیەوە حوكم دەكەن.


ئەوەی لە لوبنان دەبینرێت زیاتر لە ململانێی گردەكان و كۆشكەكان دەچێت كە زۆرجار بەیروتی تا ئاستی شەڕی ناوخۆیی بردووە.

بەیروت لەئێستادا بریتییە لە ناسەقامگیرترین شارەكانی دونیا لەڕوی سیاسیەوە، شارێكە هەمیشە ناكۆكییە سیاسیەكانی لە لوتكەدایە، بەڵام لەراستیدا ئەم ناكۆكەكیە لەمەتبەخی ناو كۆشكەكانەوە هاتۆتە دەر و پەیوەندی بە پێكادانی نەتەوەیی و تائیفیەوە نییە لە ئاستە گشتیەكەیدا. مەگەر ئەوەی سیاسەت دروستی بكات.

چیرۆكێكی هاوشێوەی ئەمە بەڕونی لە شاری سلێمانی دەبینرێت.

ئێستا لەشاری سلێمانی سیاسەت لە مەتبەخی كۆمەڵیك گردۆڵكە و كۆشكەوە ئامادەدەكرێت و هەریەكەشیان بە ئاراستەیەكی جیا هەنگاودەنێن.

هێرۆخان لەگردی دەباشانەوە و كۆسرەت ڕەسوڵ لە گردی ئەندازیاران و عومەری سەید عەلی و كوڕەكانی نەوشیروان موستەفا لە گردی زەرگەتە و بەرهەم ساڵح و سەلاحەدین بەهادین و عەلی باپیر لە سوچێكی دیكەی شارەوە، لەولاشەوە شاسوار عەبدولواحید لە لەهەوڵی ئەوەدایە ماڵەكەی لە كۆشكێكی بازرگانیەوە بكاتە كۆشكێكی سیاسی.

،،

هێرۆخان لەگردی دەباشانەوە و كۆسرەت ڕەسوڵ لە گردی ئەندازیاران و عومەری سەید عەلی و كوڕەكانی نەوشیروان موستەفا لە گردی زەرگەتە و بەرهەم ساڵح و سەلاحەدین بەهادین و عەلی باپیر لە سوچێكی دیكەی شارەوە، لەولاشەوە شاسوار عەبدولواحید لە لەهەوڵی ئەوەدایە ماڵەكەی لە كۆشكێكی بازرگانیەوە بكاتە كۆشكێكی سیاسی.

پرسیارەكە بەڕونی ئەوەیە، ئایا ئەمە نیشانەی زیندوێتی سلێمانییە یان ئاماژەیە بەنەخۆشیەكی ترسناك كە دوچاری سلێمانی بووە؟.

گریمانەی بەهێز لەپێشتردا ئەوەبوو كە لاوازبونی یەكێتی و لەتبونی لە قازانجی پرۆسەی دیموكراتی و ئابوری و باشكردنی بژێوی و داهاتی ئەم ناوچەیە بكەوێتەوە، بەڵام بە ئەزمون دەركەوت كە لەتبونی یەكێتی و هاتنە دەرەوەی دوو تا سێ‌ حیزب لە هەناوی یەكێتیدا نەبووە هۆی گەشەكردنی زیاتری دیموكراسی و بەهێزكردنی پێگەی هاوڵاتی و بەهێزكردنی پێگەی سیاسی و ئابوری شارەكە، بەپێچەوانەوە ئەو دابەشبونە یەك لەدوای یەكانەی لە سلێمانی ڕودەدات زیاتر شارەكە بەرەو پوكانەوە و بچوكبونەوە دەبات.

كەسەیری نەخشەی سیاسی كوردستان دەكەیت دەبینیت ململانێ سیاسییە قورسەكە تەنها لە سلێمانییە، لەكاتێكدا دروستكردنی بڕیاری سیاسی لە هەولێرە.

لە شەش تا حەوت هێزی دیار لە كوردستاندا لانی كەم 5-6 هێزیان ململانێ قورسەكەیان لەسەر سلێمانییە، لەكاتێكدا هەمویان ململانێی سیاسیان لەسەر هەولێر فەرامۆشكردووە و تەنها بەحزوری سیاسی لەوشارە ڕازین.

لەكاتێكدا گرفتی سەرەكی خەڵكی سلێمانی نەبونی ئابوریەكی بەهێز و بەشدارییەكی راستەقینەیە لە دروستكردنی بڕیاری سیاسی و گێڕانەوەی ژیانە بۆ كەرتە جیاوازەكانی بازاڕ و خوێندن و پیشەسازی و بیناسازی و كەرتە خزمەتگوزاریەكانی دیكە.

ململانێیەكی توند لە نیوان گرد و كۆشكە سیاسیەكانی سلێمانی هەیە و ڕۆژ بەڕۆژیش خەریكە ئەم ملاملانێیە شۆڕدەبێتەوە بۆ ناو بازاڕو شوێنە گشتییەكان
تەنانەت بەشێكی زۆر لەو هێزانەی لەسەر سلێمانی حسابن لە كێشەی ناوخۆیی گەوردان و گریمانەی لەتبون لێكترازانی زیاتریان لێدەكرێت.

لەكاتێكدا ئابوری و وەبەرهێنان و بازاڕ لە سلێمانی نزیكبۆتەوە لە شەلەلی گشتی و خزمەتگوزاریەكان لەئاستێكی زۆر خراپدان، حیزبەكانی سلێمانی كێشەكانی شارەكە سەرنجیان راناكێشێت و نەشیانتوانیوە تەكانێك بەگەشەی سلێمانی بدەن، بەڵكو تەنها لەخەمی ئەوەدان كێ‌ دەبێتە خاوەنی سلێمانی. بەبێ‌ ئەوەی بیر لەوە بكەنەوە سلێمانیەكی ویرانكراو سودی چی ئەبێت بۆیان.

،،

كەسەیری نەخشەی سیاسی كوردستان دەكەیت دەبینیت ململانێ سیاسییە قورسەكە تەنها لە سلێمانییە، لەكاتێكدا دروستكردنی بڕیاری سیاسی لە هەولێرە.

لەمڕۆدا كێشەی سەرەكی ئەوەیە كە سلێمانی كاریگەری خۆی لەدەستداوە لە ئاراستەكردنی ڕوداوو گۆڕانكاریەكانی كوردستان و لە دروستكردنی بڕیاری سیاسیدا گۆشەگیركراوە، بەڵام هێشتا هێزەكانی سلێمانی نایانەوێت دان بەو ڕاستیەدا بنێن و وەهمی بەسەنتەربونی سیاسی و ڕۆشنبیری سلێمانی دەبەخشنەوە، لەكاتێكدا زۆرینەیان تەنها ئەوەندە سلێمانیان لاگرنە كە بەهۆی سلێمانیەوە بچنە هەولێر و لە پایتەختدا بەشداربن لە بڕیاری سیاسیدا.

ئەوەی لەئێستادا لە سلێمانی دەبینرێت كەوتنی سیاسەتە لە سلێمانی بەهەموو مانایەك، نەمانی كاریگەرییە لەسەر نەخشەی سیاسی، دروستنەبونی بڕیارە گەورەكانە لەم شارەدا، دروست نەبونی ڕوداوی گەورەیە تیایدا، هەروەها پەراوێز كەوتنی ئابوری و پوكانەوەی بازاڕ و هەڵاوسانی بێكاری و زیادبونی هەژارییە لە نێو خێزانەكاندا.


ئەو ململانێیەی لە نیوان خێزانە سیاسیەكانی سلێمانیدا هەیە، جگە لەوەی خەڵكەكەی ماندوو شەتەك كردووە، شارەكەشی ڕوبەروی ناسەقامگیریی سیاسی و ئابوری كردۆتەوە و كاریگەری نەرێنی هەیە لەسەر سێكتەرە جیاوازەكانی ژیان لەم شارەدا.


هەندێك لەوان لەبری نەهێشتنی گەندەڵی و قۆرخكردنی بازاڕ، خۆیان بونەتە بەشێك لەو بارگرانیەی بۆ شارەكە دروستبووە، خاوەنی كۆمپانیا و بەرژەوەندی ئابوری و پەیوەندی گوماناوین لەگەڵ خێزانە سیاسیەكانی دیكەدا.

بێگومان پەرتەوازەیی سیاسی لە سلێمانی ڕەگوڕیشەی مێژویی خۆیی هەیە و پەیوەندی بە سروشت و گەشەی مێژویی شارەكەوە هەیە.

،،

ئەو ململانێیەی لە نیوان خێزانە سیاسیەكانی سلێمانیدا هەیە، جگە لەوەی خەڵكەكەی ماندوو شەتەك كردووە، شارەكەشی ڕوبەروی ناسەقامگیریی سیاسی و ئابوری كردۆتەوە و كاریگەری نەرێنی هەیە لەسەر سێكتەرە جیاوازەكانی ژیان لەم شارەدا.

ئەوە ڕاستە كە سلێمانی سەركردایەتی شۆڕش و ڕۆشنبیری كوردی كردوە لەم پارچەیەی كوردستاندا لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا و هەمیشەشارێكی یاخی و دەستەمۆ نەكراو بووە، بەڵام گەورەترین كێشەی ئەوەیە كە لەناوخۆیدا پەرتەوازەیە و بەزەحمەت ئەتوانن لەدەوری پرۆژەیەكی سیاسی كۆببنەوە.


سلێمانی بەم فەوزا سیاسیەوە كە پیایدا تێپەردەبێت، ناتوانێت ڕۆڵی گرنگ ببینێت لە داهاتوی پرۆسەی سیاسی هەرێمی كوردستاندا. بەڵكو ئەبێتە قوربانی ململانێی ناوخۆیی ئەو گردۆڵكە و كۆشكە سیاسیانەی كە لەشارەكەدا هەن و هەریەكەیان بۆلایەكی جیاوازی رادەكێشن، دروست وەك ئەو مرۆڤەی هەرپەلێكی بەستراوە بە ئەسپێكەوە و هەر ئەسپێكیش بە ئاراستەیەكی جیاواز دەیەوێت غار بدت.

 

author photo

ڕۆژنامەنوس و مامۆستای زانكۆ

سەرنوسەری دیپلۆماتیك مەگەزین

ڕۆژنامەنوسی تایبەتمەند لە ڕۆژنامەوانی بنكۆڵكاری