په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكا و ئێران له‌ نێوان دوژمنایه‌تی و كۆكردنه‌وه‌ی ده‌ستكه‌وتدا

په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكا و ئێران له‌ نێوان دوژمنایه‌تی و كۆكردنه‌وه‌ی ده‌ستكه‌وتدا

227 خوێندراوەتەوە

په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكا و ئێران له‌م ماوه‌یه‌دا به‌ شێوه‌یه‌ك ئاڵۆزبووه‌ كه‌ له‌ ڕابردوودا وێنه‌ی نه‌بووه‌، هۆكاری ئه‌مه‌ش بۆ پرسی ئه‌تۆمی ئێران ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، كه‌ ئه‌مریكا به‌ سه‌رچاوه‌ی سه‌رجه‌م كێشه‌كانی ده‌زانێت، ئه‌م ئاڵۆزبوونه‌وه‌ گه‌یشتۆته‌ ئاستێك كه‌ ئه‌مریكا هێزی سه‌ربازی ڕه‌وانه‌ی ناوچه‌كه‌ كردووه‌ و ئێرانیش بێ منه‌تی خۆی له‌ ئه‌مریكا ڕاگه‌یاندووه‌.

،،

له‌ساڵی 1995 ه‌وه‌ به‌رپرسانی ئیداره‌ی ئه‌مریكا، فشاری ئابورییان بۆ سه‌ر تاران به‌بیانووی كۆمه‌كی كردنی تیرۆریستان ده‌ستپێكردووه‌.

 

 

ئاڵۆزبونی په‌یوه‌ندی نێوان ئه‌م دوو وڵاته‌ شتێكی نوێ نیه‌، سه‌ره‌تای تێكچوونی په‌یوه‌ندییان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ دروستبوونی كۆماری ئیسلامی ئێران، چونكه‌ له‌ ساڵی 1979 ژماره‌یه‌ك له‌ لایه‌نگرانی خومه‌ینی ڕابه‌ری ئه‌و كاتی ئێران هێرشیان كرده‌ سه‌ر باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا له‌ ته‌هران و به‌هۆیه‌وه‌ 52 كارمه‌ندیان ده‌ستگیر كرد، دوای ئه‌م ڕووداوه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانیان پچڕاو، ئه‌مریكاش له‌ ساڵی 1980 قه‌ده‌غه‌ی گه‌شت و بازرگانی خسته‌ سه‌ر كۆماره‌ نوێیه‌كه‌ی ئێران، هه‌روه‌ها له‌ ساڵی 1988 ئه‌مریكا به‌ هه‌ڵه‌ فرۆكه‌یه‌كی سه‌ر به‌ هێڵی ئاسمانی ئێرانی خسته‌ خواره‌وه‌.

ئاڵۆزبوونی په‌یوه‌ندییه‌كانیان هه‌ر له‌ هه‌ڵكشانده‌ بوو، تا گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی له‌ ساڵی 1995 ده‌سه‌ڵاتدارانی واشنتن به‌ بیانووی سودی خراپ له‌ بازرگانی و به‌كارهێنانی بۆ لایه‌نی ئه‌تۆمی، قه‌ده‌غه‌ی بازرگانی خسته‌ سه‌ر ئێران و سزای ئابووری سه‌پاند به‌سه‌ر ته‌هراندا، كاره‌كه‌ لێره‌دا كۆتایی نه‌هات و كه‌رته‌كانی نه‌وت و غازی ئێران له‌ ساڵی 2002 خرانه‌ ژێر سزاكانی ئه‌مریكا، بیانوی ئه‌مریكا بۆ ئه‌م كاره‌شی ئه‌وه‌ بوو، كه‌ ئێران هاوكاری تیرۆرستان ده‌كات.

 

خامنه‌ی، دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی له‌فه‌ڕه‌نسا، له‌ سه‌روبه‌ندی هه‌ڵگیرسانی شۆڕشی1979

 

 ئه‌م ماوه‌یه‌ی كه‌ له‌ سه‌ره‌وه‌ باسمان كرد به‌رده‌وام په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوانیان له‌ ئاڵۆزبوونی زیاتردا بوو، به‌ڵام به‌ هاتنی باراك ئۆباما بۆ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا گرژییه‌كانیان كه‌متر بوویه‌وه‌، به‌ شێوه‌یه‌ك باراك ئۆباما له‌ مارسی 2009 پێشنیاری دانوستانی ڕاسته‌وخۆی خسته‌ به‌رده‌ست به‌رپرسانی ئێران، له‌مه‌ش زیاتر له‌ نیوه‌ی ساڵی 2013 ئه‌مریكا ویستی خۆی بۆ هاوكاری كردنی سه‌رۆك حه‌سه‌ن ڕوحانی نیشاندا، دوای ئه‌م گۆڕانكاریه‌ش په‌یوه‌ندییه‌كانیان به‌ ئاڕاسته‌ی باش بوون گۆڕانكاری به‌سه‌ردا هات، پرسی ئه‌تۆمی ئێرانیش خرایه‌ ناو دانوستانه‌كان و له‌ كۆتایشدا ڕێكه‌وتنامه‌یه‌كی مێژوویان له‌سه‌ر پرسی ئه‌تۆمی ئیمزا كرد.

 

 

،،

به‌هاتنی دۆناڵ ترامپ، په‌یوه‌ندێكانی ئه‌مریكا و ئێران ئاوژوو بوویه‌وه‌.

 

 

 له‌ 14/7/2015 ڕێكه‌وتنامه‌ی ئه‌تۆمی له‌ نێوان ئێران و شه‌ش وڵاته‌كه‌ (چین، ڕوسیا، ئه‌مریكا،فه‌ره‌نسا، ئه‌ڵمانیا، به‌ریتانیا) واژۆكرا، كه‌ئه‌نجامی ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ بوو كه‌ له‌ 2/4/2015 له‌ شاری لۆزان له‌ نێوان ئێران و ئه‌و وڵاتانه‌دا ئه‌نجامدرا، ڕێكه‌وتنامه‌كه‌ زامنی لابردنی سه‌رجه‌م سزاكانی ئه‌مریكای بۆ سه‌ر ئێران فه‌راهه‌م كرد، به‌مه‌رجێك ئێران گه‌ره‌نتی بدات كه‌ به‌رنامه‌ ئه‌تۆمیه‌كه‌ی بۆ كاری ئاشتیه‌ و به‌مه‌به‌ستی وه‌ده‌ستخستنی چه‌كی ئه‌تۆمی نیه‌.

 

وڵاتانی پێنج+1 

 

 باراك ئۆباما له‌گه‌ڵ ئێراندا هه‌وڵی ده‌دا كه‌ پرسی ئه‌تۆمی له‌ پرسه‌ هه‌رێمیه‌كان جیا بكاته‌وه‌، به‌شێوه‌یه‌ك پرسی ئه‌تۆمی چاره‌سه‌ر بكات و پاشانیش پرسه‌ هه‌رێمیه‌كانی تری وه‌ك كێشه‌ی سوریا و حزب الله و یه‌مه‌ن و پرسی تیرۆر. به‌ڵام به‌ هاتنی دۆناڵد ترامپ په‌یوه‌ندی باش نێوانیان ئاوه‌ژوو بویه‌وه‌، له‌ یه‌كه‌م كاریدا سه‌رۆكی نوێی ئه‌مریكا ڕێكه‌وتنامه‌ی ئه‌تۆمی به‌ خراپترین ڕێكه‌وتن ناوزه‌ند كرد و پاشانیش یه‌كلایه‌نه‌ كشایه‌وه‌، دواتریش سزاكانی سه‌ر ئێرانی توند كرد، به‌ بیانووی ئه‌وه‌ی ئێران سه‌رچاوه‌ی هه‌ڕه‌شه‌یه‌ له‌سه‌ر به‌رژوه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، به‌مه‌ش په‌یوه‌ندییه‌كانیان ڕۆژ به‌ ڕۆژ ئاڵۆزبوو تا گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی باس له‌ بژارده‌ی سه‌ربازی بكرێت دژ به‌ ئێران و ئه‌مریكاش هێزێكی زۆر ڕه‌وانه‌ی ئاوه‌كانی كه‌نداو بكات.

 ئه‌م هه‌نگاوه‌ی ئه‌مریكا پێده‌چێت جدی بێت و بۆ كۆكردنه‌وه‌ی ده‌ستكه‌وتی سیاسی زۆر بێت له‌ ناوچه‌كه‌، كه‌ ئیداره‌ی پێشووی ئه‌مریكا نه‌یتوانیوه‌ به‌ده‌ستی بهێنێت، ئه‌م جوڵه‌یه‌ی ئه‌مریكا هاوشێوه‌ی ئه‌و جوڵه‌یه‌ كه‌ به‌ بیانووی چه‌كی كۆمه‌ڵكوژی عێراقی ئه‌نجامی دا، بوونی خۆی له‌ ناوچه‌كه‌ فراوان كرد، هه‌روه‌ها به‌م بیانووه‌شه‌وه‌ كه‌وته‌ كێبڕكێ له‌گه‌ڵ ڕوسیا، بۆیه‌ ئه‌م هه‌نگاوه‌ی ئه‌مریكا بۆ به‌ده‌ستهێنانی كۆمه‌ڵێك به‌رژه‌وه‌ندی سیاسی و ئابووری و سه‌ربازییه‌ له‌ ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی سنورێك بۆ هه‌ژموونی ئێران له‌ عیراق و یه‌مه‌ن سوریا داده‌نێت.

 

به‌جدی وه‌رگرتنی مه‌ترسییه‌كان له‌لایه‌ن كۆمار ئیسلامی ئێرانه‌وه‌

 

 هه‌روه‌ها نه‌بێت ئه‌وه‌شمان له‌بیربچێت كه‌ ئاڵۆزبوونی په‌یوه‌ندی ئه‌مریكا و ئێران بۆ به‌ده‌ستهێنانی كۆمه‌ڵێك ده‌ستكه‌وته‌ و له‌ به‌رژوه‌ندی ئیسرائیل و هاوپه‌یمانانی ئه‌مریكایه‌، ئه‌م ده‌ستكه‌وتانه‌ش له‌م كۆتایانه‌دا له‌سه‌ر مه‌یدانی نێوده‌وڵه‌تی ده‌ركه‌وت، كه‌ به‌ ڕێكه‌وتنی سه‌ده‌ ناوده‌برێت، كه‌ ئه‌مریكا ده‌یه‌وێت كۆمه‌ڵێك ئامانجیی گرنگ به‌ده‌ستبهێنێت كه‌ گرنگترینیان:

 

1. ڕێگری له‌ ئێران بكات له‌ كۆنتڕۆڵی گه‌روی هورمز، كه‌ شاده‌ماری جوڵه‌ی بازرگانیه‌.

 

2. وه‌رگرتنی پاره‌یه‌كی زیاتر له‌ وڵاتانی كه‌نداو كه‌ ئێران به‌مه‌ترسی له‌سه‌ر خۆیان ده‌زانن، ئه‌مه‌ش سه‌رۆكی ئه‌مریكا نه‌یشاردۆته‌وه‌ و چه‌ندین جار ئاماژه‌ی پێكردووه‌.

3. بوونی ئه‌مریكا له‌و ناوچه‌ ستراتیژیه‌ به‌ جۆرێك له‌ جۆره‌كان به‌سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر ڕوسیادا هه‌ژمار ده‌كرێت.

 

4. ئه‌مریكا به‌م كاره‌ی خزمه‌تی وڵاتانی كه‌نداو ده‌كات و ڕێگری له‌ هه‌ژموونی شیعه‌گه‌ری ده‌گرێت، كه‌ ئێران سه‌رچاوه‌ی فراوان بوونی شیعه‌گه‌ری ناوچه‌كه‌یه‌ و هه‌وڵی فراونكردنی ده‌دات.

 

،،

نووسه‌ر: ئه‌مریكا باش ده‌زانێت، بۆ كۆنتڕۆڵ كردنی جیهان پێویسته‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست پێشوه‌خت كۆنتڕۆڵ بكات.

 

 ئه‌م ئامانجانه‌ی كه‌ له‌سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌مان پێكرد، ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ ئامانجه‌ن كه‌ ئه‌مریكا ده‌یه‌وێت له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا به‌ده‌ستی بهێنێت، كه‌ ئێستا ئه‌و ناوچه‌یه‌ بۆته‌ چه‌قی كێشمه‌كێشی نێوده‌وڵه‌تی، ئه‌مریكا مه‌به‌ستیه‌تی سه‌رله‌نوێ مێژوو بنوسێته‌وه‌ و جۆرێكی نوێ له‌ داگیركاری بهێنێته‌ كایه‌وه‌ كه‌ فه‌راهه‌می به‌رژوه‌ندییه‌كانی بكات.

  هۆكاری هه‌وڵی ئه‌مریكا بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ژموونی خۆی به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌ بسه‌پێنێت، بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌رێته‌وه‌ كه‌ باش ده‌زانێت ڕۆژهه‌ڵاتی نیشتیمانیی عه‌ره‌بیی چ گرنگیه‌كی هه‌یه‌ بۆ هاوسه‌نگی هێزی سیاسی، بۆیه‌ له‌و ناوچه‌یه‌وه‌ ده‌یه‌وێت كۆنترۆڵی جیهان بكات و پشكی شێری به‌ربكه‌وێت.

  له‌ كۆتایدا ماوه‌ته‌وه‌ بڵێین ؛ئاڵۆزبوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكا وئێران ته‌نها ئاڵۆزبوونێكی سیاسی و سه‌ربازی نیه‌، به‌ڵكو مه‌به‌ست له‌م ئاڵۆزبوونه‌وه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنان و كۆكردنه‌وه‌ی ده‌ستكه‌وته‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا، بۆیه‌ ده‌بێت چاوه‌ڕوان بكه‌ین بزانین

ئایا جه‌نگ له‌ نێوانیان ڕووده‌دات؟ یان یاریه‌كی نوێیه‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا و ئه‌مریكا

یان ئێران كامیان سه‌رده‌كه‌ون؟ هه‌روه‌ها به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و هه‌موو به‌رژه‌وه‌ندیه‌ به‌بێ قوربانی نابێت، بۆیه‌ ده‌بێت چاوه‌ڕی بكه‌ین و بزانین

كێ ده‌بێته‌ قوربانی؟.

 

author photo

 بروانامەی بەکالۆریۆس لە زمان و ئەدەبی عەرەبی

ئەزمونی پێنج ساڵ کاری ڕۆژنامەوانی و وەرگێڕان