یەكەم كێڵگەی تلیاك‌و حەشیش لە كوردستان

بۆ یەکەمجار لەکام ناوچەی کوردستان تلیاک و حەشیش چێنرا؟

یەكەم كێڵگەی تلیاك‌و حەشیش لە كوردستان

1087 خوێندراوەتەوە

ڕاپۆرتێكی بیست‌و شەش ساڵ لەمەوبەری مەكتەبی ڕێكخستنی بزوتنەوەی ئیسلامی، باس لە سەرەتای هاتنی تلیاك‌و حەشیش بۆ كوردستان دەكات‌و ئاماژە بەو ناوچەیەی كوردستان دەكات كە یەكەمجار ئەو دوو ڕووەكەی تێدا چێنراوە.

،،

مه‌كته‌بی ڕێكخستنی بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی، ڕاپۆرتێك له‌سه‌ر بڵاو بونه‌وه‌ی ماده‌ قه‌ده‌غه‌كراوه‌كان ئاڕاسته‌ی سه‌ركردایه‌تی حزبه‌كه‌یان ده‌كه‌ن.

 

 

 وەكو لە ڕاپۆتەكەیاندا هاتووە، لە 27 – 7 – ساڵی 1993، مەكتەبی ڕێكخستنی بزوتنەوەی ئیسلامی، بەڵێن دەداتە سەركردایەتی حیزبەكەیان كە سەبارەت بە تلیاك‌و حەشیش لە كوردستاندا ڕاپۆرتێك ئامادە بكەن.

 
كەمتر لە مانگێك دوای بەڵێنەكەیان لە 25 – 8 – 1993، بە نوسراوی ژمارە 34، نوسینگەی مەكتەبی ڕێكخستن، ڕاپۆرتێك دەربارەی تلیاك‌و حەشیش دەداتە سەركردایەتی بزوتنەوە.

 

،،

كۆڕه‌وه‌كه‌ی ساڵی 1991، هۆكاری بڵاوبونه‌وه‌ی داچاندنی تۆووی تلیاك و حه‌شیش بوو له‌كوردستان.


 

 
ڕاپۆرتەكەی نوسینگەی مەكتەبی ڕێكخستنی بزوتنەوە لە ئەرشیفی شێخ عوسمان عەبدولعەزیز، ڕابەری كۆچكردووی بزوتنەوەوە دەست دیبلۆماتیك مەگەزین كەوتووە.

 
بەپێی ناوەرۆكی ڕاپۆرتەكە، بۆیەكەمجار تۆوی تلیاك‌و حەشیش لە ڕێگەكەی چەند كەسێكەوە هێنراوەتە كوردستان‌و لە ناوچەی بادینان چێنراوە.

 

 

 

 ڕاپۆرتەكە دەڵێت:" دوای كۆڕەوەكەی گەلەكەمان لە بەهاری 1991دا، بە پەنابردنی ژمارەیەكی زۆری ئاوارەكان بۆ توركیاو نیشتەجێبوونیان لەناوچەی " دیار بەكر"، و بەهۆی شپرزە حاڵی‌و بێ پەنایی ئاوارەكانەوە، زەمینە مەیسەر بوو، دوژمنان ئەم هەلەیان قۆستەوەو كەوتنە بڵاوكردنەوەی تۆوی تلیاك‌و حەشیش بەسەر هەندێك كەسی فام كاڵی ناو خەڵكە ئاوارەكەوە".

 

 

 

 
بەپێی زانیارییەكانی ناو ڕاپۆرتەكە دوای گەڕانەوەی ئاوارەكان لە ساڵی 1991دا، بۆ یەكەمینجار لە سنورێكی تەسكدا، لەناوچەی " گولی" لە بادینان لە لایەن ئەو كەسانەوە كە پێشتر لە توركیا ڕاهێنرابوون، چێنراوە.

 

 

 وەكو لە ڕاپۆرتەكەی نوسینگەی مەكتەبی ڕێكخستنی ئەوكاتەی بزوتنەوەی ئیسلامیدا باسكراوە، دوای فرۆشتنی واریداتی ئەو تلیاك‌و حەشیشەی كە لە لایەن خاوەنەكانیانەوە چێنرابوو، خەڵكانێكی تریش كەوتوونەتە داوی تەماعەوەو لە هەمان ناوچەدا دەستیان كردووە بە چاندی تلیاك‌و حەشیش.

 


 

 

 زانیارییەكانی ناو ڕاپۆرتەكە ئاماژە بەوە دەكات كە ناوچەكانی ( بەرواری باڵا – گولی - سلیڤانی) بۆ یەكەمجار تلیاك‌و حەشیشی تێدا چێنراوە.
سەبارەت بەوانەی كە ڕۆڵیان هەبووە لە چاندن‌و پەرەپێدانی چاندنی تلیاك‌و حەشیش لەو ناوچانە، ڕاپۆرتەكە ئاماژەی بە كەسێك داوە كە ڕۆڵی هەبووە لە بڵاوكردنەوەی لەگەڵ دەزگاو ڕێكخراوەكان‌و چەند كەسێكی ناو لایەنێكی سیاسیش لە وناوچەیە پشتیوانییان لە چاندنی كردووە، بەڵام لە بەڵگەنامەكەدا ناوی كەسەكەو ڕێكخراوەكان‌و حیزبەكە سڕاوەتەوە.

 

 هاوپێچ لەگەڵ ڕاپۆرتی نوسینگەی مەكتەبی ڕێكخستنی بزوتنەوەی ئیسلامی بۆ سەركردایەتی حیزبەكەیان لەسەر چاندن‌و بڵاوبوونەوەی تلیاك‌و حەشیش، نەخشەی ئەو گوندانەشیان بۆ سەركردایەتی بزوتنەوە ناردووە كە لە دەوروبەری شاری زاخۆ تلیاك‌و حەشیشیان تێدا چێنراوە.

 

،،

به‌پێی ڕاپۆرته‌كه‌ ناوچه‌ی بادینان یه‌كه‌م ناوچه‌ بووه‌ له‌كوردستان، كه‌ ئه‌م تۆوه‌ی تێدا داچانراوه‌.

 


ڕاپۆرتەكەی نوسینگەی مەكتەبی ڕێكخستنی بزوتنەوە كە لە ئەرشیفی ڕابەری كۆچكردووی بزوتنەوەی ئیسلامی، شێخ عوسمان عەبدولعەزیزەوە دەستكەوتووە، ئەوەی تێدا هاتووە كە بۆیەكەمجار لە بادینان لە ناوچەی " گولی" كێڵگەی تلیاك ئاشكرابووەو لە 24 – 6 – 1993، سەرۆك عەشیرەتی " گولی" هێزێكی چەكداری لە عەشیرەتەكەی خۆی پێكەوە ناوە بە مەبەستی هەڵكەندن‌و تێكدانی كێڵگەكانی ئەو ڕووەكە لە سنوری ناوچەكەیداو سێ كێڵگەی لە گوندی " نەرمك" و سێ كێڵگەشی لە گوندی " نەزدۆر" هەڵكەندووەو تێكداوە.

 

author photo

ڕۆژنامەنوسی سیاسی و دیكۆمێنتەری سیاسی و مێژویی