پێدانى شەرعییەت یان شکاندنى هەیبەت؟

یەکێتى و باڵێکى پارتى ئەفسانەى نێچیرڤان بارزانى دەشکێنن

پێدانى شەرعییەت یان شکاندنى هەیبەت؟

915 خوێندراوەتەوە

 

 

تا ئێستا دیار نییه‌ ئه‌مه‌ى روویدا له‌په‌رله‌مان پیلانێك بوو دژى نێچیرڤان بارزانى یاخود نا، به‌ڵام ئه‌و ده‌نگانه‌ى ناوبراو به‌ده‌ستى هێنان ئه‌و سیگناڵه‌ی بە روونى تێدایه‌ كه‌ سه‌رۆكى هه‌رێم به‌ تێكشاوى ده‌ركه‌وت و پێکهێنانى حکومەتیش دواتر کەوت.

 

 

ئه‌مرۆ په‌رله‌مانى كوردستان زه‌نگى ئاگاداركردنه‌وه‌ى بۆ ئه‌ندامه‌كانى لێدا، تاكو بچنه‌ژووره‌وه‌ و ده‌نگ بده‌ن به‌و كاندیده‌ى كه‌ ده‌یانه‌وێت ببێت به‌ سه‌رۆكى هه‌رێم.

به‌ڵام زه‌نگه‌كه‌ بۆ نێچیرڤان بارزانى مه‌ترسیدار و راچڵه‌كێنه‌ربوو، به‌تایبه‌ت دواى ئه‌وه‌ى كه‌‌ فراكسیۆنى یه‌كێتى رایانگه‌یاند: ئه‌وان به‌شدارى كۆبوونه‌وه‌كه‌ ناكه‌ن و ده‌نگ ناده‌ن به‌ نێچیرڤان بارزانى بۆ سه‌رۆكى هه‌رێم.

،،

 دەنگەکانى نێچیرڤان بارزانى بۆ بوون بەسەرۆکى هەرێم، چاوەڕوان کراو نەبوو

 

كه‌ ئه‌مه‌ش بووه‌ هۆى ئه‌وه‌ى له‌كۆى 111 ئه‌ندامى په‌رله‌مان ته‌نها 81 ئه‌ندام په‌رله‌مان ئاماده‌ بن و له‌نێو ئاماده‌بوانیش ته‌نها 68 ده‌نگى به‌ده‌ستهێناوه‌ كه‌ 45 ئه‌ندامیان هى خودى پارتییه‌.!

 

 

شكاندنى هه‌یبه‌تى سه‌رۆك بۆ؟

 

هه‌رچه‌نده‌ نێچیرڤان بارزانى له‌درێژه‌ى ماوه‌ى حوكمرانیدا کە سه‌رۆكى حكومه‌ت بووە، وه‌ك سه‌رۆكێكى بێ منه‌ت خۆی نیشان ده‌داو هه‌ندێ جاریش به‌توره‌بوون و هه‌ره‌شه‌ كه‌سایه‌تى خۆى ‌سه‌پاندووە به‌سه‌ر به‌رامبه‌ر و نه‌یاره‌كانیدا.

به‌ڵام له‌و رۆژه‌ى كه‌ وه‌ك كاندید ناوى راگه‌یه‌ندراوه‌ له‌لایه‌ن پارتییه‌وه‌ بۆ سه‌رۆكى هه‌رێم، ناوبراو هێرش ده‌كرێته‌ سه‌رى و ره‌خنه‌ى لێ ده‌گیرێت،به‌تایبه‌ت له‌بابه‌تى نه‌بوونى بروانامه‌ى به‌كالۆریۆس زۆرترین ره‌خنه‌ى لێگیرا.

،،

 نێچیرڤان بارزانى هەوڵەکانى بێ دەستکەوت بوون تاکوو رۆژى بەمرۆژە نەگاتە

 

 

پێده‌چێت ده‌ستێك هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ى ناوبراو تێك بشكێنێت یاخود لانى كه‌م ئه‌و ئاماژه‌ى پێ بده‌ن كه‌ ئه‌و ناتوانێ بیسه‌لمێنێت كه‌ سه‌رۆكێكى فعلى ده‌بێت بۆ ته‌واوى پارێزگاكانى هه‌رێمى كوردستان.

 

بۆیه‌ نێچیرڤان بارزانى دركى به‌مه‌ زۆركردبوو، ده‌یویست هه‌رجۆرێك بووه‌ زۆرینه‌ى زۆرى ده‌نگه‌كانى نێوهۆڵى په‌رله‌مان به‌ده‌ست بهێنێت، تاكو سبه‌ینى رووبه‌رووى ئه‌و ئیحراجییه‌ نه‌بێته‌وه‌ كه‌ ئه‌و ته‌نها پارتییه‌كان ده‌نگیان پێداوه‌.

 

هه‌ربۆیه‌ ئه‌و دانیشتنه‌ى پێشووى په‌رله‌مانى دواخستن كه‌ یه‌كێتى به‌شدارى نه‌ده‌كرد تیایدا بۆ ده‌نگدان به‌ سه‌رۆكى هه‌رێم، و هەوڵى رازى کردنى دەدا و سەردانى مەکتەبى سیاسی حزبەکەشى کرد لە سلێمانى، به‌ڵام ئه‌مه‌ش سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو دواجار یه‌كێتى ناوبراوی به‌جێهێشت.

 

 

یه‌كێتى بۆچى ئه‌م كاره‌ى كرد؟

 

ئه‌وه‌ى ئه‌مرۆ روویدا رووداوێكى ئاسایی نه‌بوو، چونكه‌ سه‌رۆكى هه‌رێم ته‌نها له‌لایه‌ن پارتى و گۆڕان و كه‌مه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانه‌وه‌ هه‌ڵبژێردرا، هه‌ریه‌ك له‌ فراكسیۆنه‌كانى یه‌كێتى و نه‌وه‌ى نوێ و یه‌كگرتوو كۆمه‌ڵ ره‌دیان كرده‌وه‌ كه‌ ده‌نگ بده‌ن به‌ كاندیده‌كه‌ى پارتى.

بۆیه‌ روونه‌ كه‌ نه‌وه‌ى نوێ و یه‌كگرتوو كۆمه‌ڵ كێشه‌كه‌یان چى بوو، به‌ڵام ئه‌وه‌ى زۆرتر جێگه‌ى پرسیاره‌ هه‌ڵوێستى یه‌كێتییه‌ چونکە‌ هەرچەندە بریاره‌ له‌گه‌ڵ پارتى حكومه‌ت پێك بهێنن به‌ڵام ده‌نگى به‌كاندیده‌كه‌ى نەدا.!؟

 

،،

 ئەگەرى زۆرە باڵێکى نێو پارتى لە ئێستاوە کار  لەسەر ئەوە بکات کە سەرۆکى هەرێمى داهاتوو بێ سەرئێشە نەبێت.

 

 سیناریۆكان زۆرن بۆ باسكردن گرنگترینیان:

 

یه‌كه‌م: پێده‌چێت ئه‌و توندیه‌ى پارتى به‌رامبه‌ر یه‌كێتى به‌تایبه‌ت له‌ پرسى كه‌ركوك په‌یوه‌ندى به‌و باڵه‌ ده‌سترۆیتشووه‌ى نێو مه‌كته‌بى سیاسی پارتى و به‌تایبه‌تى خودى بارزانى و كوره‌كه‌ى هه‌بێـت، بۆ ئه‌وه‌ى یه‌كێتى نیگه‌ران و ناچار بكه‌ن كه‌ به‌شدارى كۆبوونه‌وه‌كه‌ى په‌رله‌مان نه‌كات و به‌مه‌ش نێچیرڤان بارزانى ده‌نگى كه‌مى په‌رله‌مانتاره‌كان به‌ده‌ست بهێنێت و ئیحراج بێت.

 

ئه‌م سیناریۆیه‌ راست ده‌رده‌چێت، ئه‌گه‌ر پێش پێكهێنانى كابینه‌ى نوێ و سوێندخواردنى مه‌سرور بارزانى پارتى نه‌رمى بنوێنێت، ئه‌و كاته‌ یه‌كێتیش بچێته‌پێشترو به‌شدارى له‌ ده‌نگدان به‌ برا گه‌وره‌و كابینه‌كه‌ى بكات.

 

دووه‌م: وه‌ك له‌ راپۆرتێكى چه‌ند مانگى رابردووشدا ئاماژه‌مان پێكردووه‌، یه‌كێتى نایه‌وێت ده‌ستى هه‌بێت له‌ كاراكردنه‌وه‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان و هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكى هه‌رێم، بۆیه‌ ده‌یه‌وێت مقاشه‌كه‌ به‌ده‌ستى گۆڕان بگرێت و حه‌قى ساڵانى رابردووى لێ بكاته‌وه‌ كه‌ هه‌میشه‌ یه‌كێتى تۆمه‌تبار ده‌كرد به‌وه‌ى مه‌سعود بارزانى كردوه‌ به‌ سه‌ركۆى هه‌رێم بۆ چه‌ند خولێك.

بۆیە بەبیانووى کێشەى کەرکوک و جێ بەجێنەکردنى بەڵێنەکانى نێوانیان لەلایەن پارتییەوە، ئەمرۆ یەکێتى زلەى خۆى بەتوندى وەشاند کە بەر روومەتى نێچیرڤان بارزانى کەوت.

 

،،

 رەنگە پێکهێنانى حکومەت بەرەو ئاقارێکى نادیار بروات.!

 

گرێ کوێرەکە لەکوێدایە؟

 

پێناچێت ئەوەى ئەمرۆ روویدا بە ئاسانى تێپەرێت، بۆیە دەبێت یەکێتى چاوەڕوانى زلەى پارت بکات، ئامادە بێت بۆ هەموو وەڵام و فیدباکێک لەلایەن پارتییەوە.

ئەو باڵەى کە نزیکە لە نێچیرڤان بارزانییەوە، کێشە بۆ یەکێتى درووست دەکەن و رێگرى دەکەن لە جێبەجێکردنى مەرج و داواکارییەکانیان بەتایبەت پێدانى پۆست و پلەکانیان لە کابینەى نوێ.

 

بۆیە پێشبینى دەکرا مانگى تەموز، کۆتا مانگى گفتوگۆکان بێت و کابینەى نۆیەم پێک بهێنرێت، بەڵام بەمشێوەیەى ئێستا، ئەگەرى زۆرە کە دروستبوونى کابینەکە تاکو مانگى نۆ بخایەنێت.

 

 

کەواتە دواجار ئەتوانین ئەوە بڵێین بە خوێندنەوەى ئەو دۆخەى ئەمرۆ لەنێو هۆڵى پەرلەمان رویدا زۆرتر بۆ شکاندنى هەیبەتى نێچیرڤان بارزانى بوو نەک بۆ پێدانى شەرعیەت وەک سەرۆکى داهاتووى هەرێم.

هەرچەندە فراکسیۆنى حزبەکەشى بەگۆرانى و خۆشى پەرلەمانیان هێنایە دەنگ، بەڵام پێناچێت ئێستە ناوبراو دڵخۆش بێت بەو دەنگانەى ئەمرۆ بەدەستى هێنان، چونکە چاوەڕوانى زیاترى دەکرد.

 

author photo

ماسته‌ر له‌ زانسته‌ رامیارییه‌كان

ئه‌ندامى كاراى سه‌ندیكاى ڕۆژنامەنووسانی کوردستان