پارتى، فه‌ره‌یدون عه‌بدولقادر بۆ پارێزگارى كه‌ركوك دیارى ده‌كا

ئه‌ندامێكى باڵاى یه‌كێتى: پارتى مافى ئه‌وه‌ى نییه‌ كاندید بۆ یه‌كێتى دیارى بكات

پارتى، فه‌ره‌یدون عه‌بدولقادر بۆ پارێزگارى كه‌ركوك دیارى ده‌كا

509 خوێندراوەتەوە

 

دوای تێكچونه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوانیان، له‌ئێستادا هه‌نگاوه‌ سیاسییه‌كانی جووت حزبى ده‌سه‌ڵات ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ خاڵی سفر، وته‌بێژی پارتیش له‌سلێمانی بۆ دیپلۆماتیك ده‌ڵێت:" له‌وه‌ زیاتر چاوه‌ڕوانی یه‌كێتی ناكه‌ین و به‌شداری له‌حكومه‌تیش نه‌كه‌ن به‌ وه‌كاله‌ت پۆسته‌كانیان له‌حكومه‌ت بۆ پڕ ده‌كه‌ینه‌وه‌".

 

 

بۆ به‌دواداچوون له‌سه‌ر كێشه‌ هه‌ڵواسراوه‌كانی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان، دیپلۆماتیك مه‌گه‌زین، گفتوگۆی له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌كه‌ له‌ لوقمان وه‌ردی په‌رله‌مانتاری یه‌كێتی له‌په‌رله‌مانی كوردستان و له‌هه‌مان كاتدا جێگری مه‌ڵبه‌ندی شه‌شی سۆرانی ئه‌و حزبه‌ و عه‌تا شێخ حه‌سه‌ن وته‌بێژی پارتی له‌سلێمانی كردووه‌.

 

،،

پارتى و یه‌كێتى جارێكى دیكه‌ ده‌گه‌رێنه‌وه‌ بۆ سه‌ره‌تاى گفتوگۆكانى نێوانیان.

 

 

به‌شێوه‌یه‌كی چاوه‌ڕوان نه‌كراو یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان بایكۆتی كۆبونه‌وه‌ی دوێنێى په‌رله‌مانی كوردستانی كرد و  ناڕاسته‌وخۆ كاندیده‌كه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان(نێچیرڤان بارزانی)یان، ڕه‌تكرده‌وه‌ بۆ پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێم، ئه‌مه‌ش به‌په‌یامێك توندی یه‌كێتی بۆ پارتی هه‌ژمار كرا.

 

 لوقمان وه‌ردى

لوقمان وه‌ردی په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی یه‌كێتی، ڕه‌تی ده‌كاته‌وه‌ یه‌كێتی ئامانجی ڕه‌تكردنه‌وه‌ی كاندیده‌كه‌ی پارتی بوبێت به‌ڵكو به‌هۆی ڕاستگۆنه‌بوونی پارتی له‌ جێبه‌جێكردنی به‌نده‌كانی نێوان ڕێكه‌وتنامه‌كه‌ی نێوانیان(پارتی، یه‌كێتی) هۆكاری ده‌ربڕینی ئه‌و هه‌ڵوێسته‌بووه‌، و ده‌شڵێت:"له‌كۆتا ساته‌كاندا سێ كاندیدمان خسته‌ به‌رده‌م پارتی بۆ ئه‌وه‌ی ڕه‌زامه‌ندی نیشان بدات تاكو یه‌كێكیان بكرێته‌ پارێزگاری نوێی كه‌ركوك به‌ڵام پارتی هه‌رسێ كاندیده‌كه‌ی یه‌كێتی ڕه‌تكرده‌وه‌".

 

،،

 وته‌بێژى پارتى: له‌گه‌ڵ یه‌كێتى رێك كه‌وتین كه‌ فه‌ره‌یدون عه‌بدولقادر ببێت به‌ پارێزگارى كه‌ركوك

 

عه‌تا شێخ حه‌سه‌ن له‌وه‌ڵامی په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی یه‌كێتیدا ده‌ڵێت:"به‌ڕێزان مه‌سعود بارزانی و كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ علی ڕێكه‌وتبوون له‌سه‌ر پرسی كه‌ركوك و ته‌نانه‌ت فه‌ره‌یدون عبدوالقادریشیان بۆ پۆستی پارێزگاری ئه‌و شاره‌ دیاری كردبوو، به‌ڵام ئێستا یه‌كێتی په‌شیمانبۆته‌وه‌، وه‌ك پارتیش به‌ وریای و به‌وردی چاودێری دۆخی سیاسی و ئه‌منی  كه‌ركوك ده‌كه‌ین به‌تایبه‌ت دوای ڕوداوه‌كانی 16 ئۆكتۆبه‌ر‌".

 

"چۆن یه‌كێتی مافی ئه‌وه‌ی نییه‌، مه‌رج بۆ پارتی دابنێت كه‌ كێ بكاته‌ سه‌رۆكی هه‌رێم یاخود سه‌رۆكی حكومه‌ت، به‌هه‌مانشێوه‌ش پارتی مافی ئه‌وه‌ی نییه‌ مه‌رج له‌سه‌ر یه‌كێتی دابنێت بۆ دیاری كردنی پارێزگاری كه‌ركوك، چونكه‌ ئه‌وه‌ استحقاقی هه‌ڵبژاردنی یه‌كێتییه‌"...  په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی یه‌كێتی وای وت

 

یه‌كێك له‌كێشه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كانی یه‌كێتی له‌گه‌ڵ پارتی، كه‌ هه‌میشه‌ جه‌ختی لێده‌كاته‌وه‌، نه‌بوونی شه‌را‌كه‌تی حكومدارییه‌، جێگری مه‌ڵبه‌نده‌كه‌ی سۆرانی یه‌كێتی ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات پارتی سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و حزبانه‌ی چوارده‌وری له‌قاڵبده‌دات هه‌وڵی كه‌مكردنه‌وه‌ی چه‌ندایه‌تی و چۆنایه‌تی پۆسته‌كانیش ده‌دات له‌ناوحكومه‌ت.

 

،،

كاندیده‌كانى یه‌كێتى بۆ پۆستى پارێزگارى كه‌ركوك بریتین له‌ هه‌ریه‌ك له‌: خالید شوانى،ئاسۆ مامه‌ند، ره‌فعه‌ت عه‌بدوڵا، به‌ڵام پارتى ئه‌مانه‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌.

 

 

وته‌بێژه‌كه‌ی پارتی له‌سلێمانی، سه‌ڕای ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌و قسانه‌ی باس له‌وه‌ده‌كه‌ن پارتی باوه‌ڕی به‌ به‌شداری ڕاسته‌قینه‌ی لایه‌نه‌كان نییه‌ له‌ناو حكومه‌ت، به‌ڵكو ناوبراو پێی وایه‌ پارتی زۆر له‌ئاستی ئاسایی خۆی نه‌رمی نواندووه‌، پێویسته‌ چیتر پارتی له‌وه‌ زیاتر سازش له‌سه‌ر مافه‌كانی خۆی نه‌كات.

 

 

له‌به‌رامبه‌ریشدا كادیره‌ باڵاكه‌ی یه‌كێتی، ده‌ڵێت:" پارتی پرسی وه‌زاره‌تی دادی عێراقی به‌به‌رژه‌وه‌ندی یه‌كێتی ته‌واوو نه‌كردووه‌ و تائێستاش  پارتی سه‌ردانی فه‌رمی به‌شێك له‌لایه‌نه‌كانی بۆ به‌شدارپێكردنیان له‌حكومه‌ت نه‌كردووه‌"، كه‌ئه‌مه‌ش به‌گوته‌ی ناوبراو جۆرێكه‌ له‌په‌راوێزخستنی لایه‌نه‌كان به‌سود وه‌رگرتن له‌هاوپه‌یمانی بوونی له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، به‌ڵام بێ یه‌كێتی به‌دڵنیاییه‌وه‌ دۆخی سیاسی و ئابووری هه‌رێمی كوردستان سه‌ركه‌وتوونابێت، سه‌رۆكی هه‌رێمیش گوزارشت له‌هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان ناكات .

 

 

به‌ڵام عه‌تا شێخ حه‌سه‌ن سه‌رسو‌ڕمانی خۆی نه‌شارده‌وه‌ له‌و ده‌نگۆیانه‌ی باس له‌ڕێكه‌وتنی نێوان پارتی و گۆڕان ده‌كه‌ن له‌دژی لایه‌نێكی سیاسی دیاری كراو ده‌ڵێت:"ئیتر كاتی ئه‌وه‌یه هه‌مووان به‌یه‌كگرتووی كار بۆ تێپه‌ڕاندنی دۆخی ناهه‌مواری ئێستا هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌كه‌ بكه‌ین، خۆ ئه‌گه‌ر یه‌كێتی هه‌ر به‌رده‌وام بێت له‌ دروست كردنی گرفت له‌پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ، ئه‌وا پێویسته‌ پۆسته‌كانی له‌حكومه‌ت به‌وه‌كاله‌ت پڕبكرێته‌وه‌، به‌ئامانجی له‌وه‌ زیاتر دوانه‌كه‌وتنی پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌م، یه‌كێتیش ئه‌بێ ئه‌وه‌ باش بزانێت ئه‌و پۆستانه‌ی دراوه‌پێی له‌حه‌جمی ده‌نگه‌كانی زیاتره‌‌".

 

،،

پارتى و یه‌كێتى هه‌ردولا خۆیان به‌ مه‌غدور و زوڵملێكراو ده‌زانن..

 

 

له‌سه‌ر دۆخی ئیستای هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تی ناوچه‌كه‌، هه‌ردوو لایه‌ن جه‌خت له‌ناسكی ئه‌و دۆخه ‌ده‌كه‌نه‌وه‌،  پێیان وایه‌ پێویسته‌ زیاتر له‌هه‌موو كات هه‌وڵ بدرێت بۆیه‌كخستنی نێوماڵی كوردی، پێیان وایه‌ تائێستاش ده‌رفه‌ت ماوه‌ بۆ لێك نزیك بونه‌وه‌ی لایه‌نه‌كان و به‌تایبه‌ت هه‌ردوو حزبی خاوه‌ن هه‌ژموون(پارتی، یه‌كێتی) وه‌ك په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی یه‌كێتی ده‌ڵێت:"هیوادارین پارتی دۆخێك نه‌خوڵقێنێت ناچارمان بكات بیر له‌ دوو ئیداره‌ی بكه‌ینه‌وه‌".

 

 

عه‌تا شێخ محمد

 

 

چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له‌ئاینده‌یه‌كی نزییكدا كۆبونه‌وه‌ی نائاسایی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان له‌سلێمانی ساز بكرێت، به‌ ئامانجی وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌كی پارتی دیموكراتی كوردستان كه‌بێ ئاماده‌بوونی یه‌كێتی و به‌هاوكاری بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان پرسی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمیان له‌په‌رله‌مانی كوردستان یه‌كلای كرده‌وه‌. 

 

author photo

رۆژنامەنووس