كامیان رێكەوتنەكەی شكاند  بارزانی یان كۆسرەت رەسوڵ؟

بێدەنگی كۆسرەت رەسوڵ لەسەر دیاریكردنی فەریدون عەبدولقادر جێگای پرسیارە؟

كامیان رێكەوتنەكەی شكاند بارزانی یان كۆسرەت رەسوڵ؟

685 خوێندراوەتەوە

  

دوو سەرچاوەی جیا كە یەكێكیان پارتی دیموكراتی كوردستانە و ئەوی دیكەش فەریدون عەبدولقادر خۆیەتی ئاماژە بەوە دەكەن كە كۆسرەت رەسوڵ رازی بووە لەسەر دیاریكردنی فەریدون عەبدولقادر وەك پارێزگاری كەركوك و دواتر پەشیمان بۆتەوە و رێكەوتنەكەی شكاندووە.

 

ئایا بەراستی لە پەیوەندی تەلەفۆنیدا كۆسرەت رەسوڵ لەگەڵ بارزانی رێكەوتووە لەسەر دانانی فەریدون عەبدولقادر یان ئەمە دەنگۆیەكە  و تەنها لەلایەن پارتییەوە رەواجی پێدراوە.!

 

،،

هەرچەندە مەکتەبى سیاسی یەکێتى کۆسرەت رەسوڵى سەرپشک کردووە بۆ دیاریکردنى ناوى کاندیدێک بۆ پارێزگارى کەرکوک، بەڵام دواتر بەگوێى ناوبراو ناکرێت.

 

هەرچەندە هێشتا نەسەلمێنراوە، بەڵام بێدەنگی كۆسرەت رەسوڵ تا ئێستا لەسەر ئەو بابەتە ئەگەری ئەوە بەهێز دەكات كە ناوبراو بەبێ‌ گەڕانەوە بۆ مەكتەبی سیاسی حیزبەكەی لەسەر ناوی فەریدون عەبدولقادر رێكەوتبێت.

 

بەتایبەتی كە فەریدون عەبدولقادر رایگەیاند: لەلایەن كۆسرەت رەسوڵەوە دوجار تەكلیفی لێكراوە بۆ ئەو بابەتە.

 

هەرچەندە مەكتەبی سیاسی یەكێتی كۆسرەت رەسوڵی سەرپشك كرد بۆ دیاریكردنی كەسێك بە هەماهەنگی لەگەڵ بارزانیدا،بەڵام ئەگەر بەڕاستی كۆسرەت رەسوڵ لەسەر ناوی فەریدون عەبدولقادر وەستابێت ئەوە جێگەی پرسیارە، ئەبێت لەسەر چ بنەمایەك داوای لە فەرەیدون عەبدولقادر كردبێت بۆ ئەو پۆستە؟

 

فەرەیدون عەبدولقادر لەو بەرپرسانەیە كە زوو تێكەڵاوی بزنس و پارە پەیداكردن بوو، لەم ماوەیەدا زیاتر لەوەی خەریكی كاری سیاسی بێت بە بزنس و بازرگانیەوە خەریك بوە و لەناو خەڵكیشدا وا باوە كەبەهۆی حیزبەوە سەروەت و سامانی پێكەوە ناوە.

 

،،

چەن فەرەیدون عەبدولقادر لە بارزانى نزیک بۆتەوە و لە ئێستادا وا باس دەکرێت وەک راوێژکارى ئەو دەردەکەوێت.

 

هەروەها لە كاتی راگەیاندنی بانگەشەی ریفراندۆمەوە بەرادەیەكی زۆر لە مەسعود بارزانی سەرۆكی ئەو كاتی هەرێم نزیك بوەتەوە و باس لەوە دەكرێت كە راوێژكاری ئابوری مەسعود بارزانی بوبێت.

 

لەوانەیە فەریدون عەبدولقادر لەناو یەكێتی نەك بۆ پارێزگاری كەركوك بەڵكو بۆ پارێزگاری سلێمانیش كە زێدی خۆیەتی نەتوانێت رەزامەندی حیزبەكەی بەدەست بهێنێت.

 

هەروەها پەیوەندیەكی خراپی لەگەڵ بەشێك لەماڵی تاڵەبانی هەیە و بەوهۆیەشەوە مەحاڵە هیچ چانسێكی لەناو یەكێتی مابێت.

 

وا دەردەكەوێت ناوی فەریدون عەبدولقادر زیاتر پێشنیاری بارزانی بوبێت تا كۆسرەت رەسوڵ. بەوپێیەی فەرەیدون هەم لەسەر یەكێتی ماڵە لەڕوی مێژوییەوە و دۆستی پارتی و بارزانیشە لەڕوی واقعییەوە.

 

بەڵام یان كۆسرەت رەسوڵ و بارزانی لەسەر ئەم بابەتە لەیەك نەگەیشتون بەتەواوەتی یان كۆسرەت رەسوڵ ئەم بابەتەی لە مەكتەبی سیاسی حیزبەكەی شاردۆتەوە و ئاگاداری نەكردون.

 

بەنیسبەتی پارتی و بارزانییەوە وەك دەردەكەوێت هەمیشە بە ئیستیفزازییەوە كەسەكان هەڵدەبژێرن لەناو یەكێتی بۆ پۆستەكان. بەنمونە زۆر بەوردی بەدوای ئەوەدا دەگەڕێن دیاریكردنی كام كەسە كێشە ناوخۆیەكانی یەكێتی قوڵتر دەكاتەوە و سەرئێشە بۆ یەكێتی دروست دەكات ئەوە هەڵدەبژێرن.

 

،،

 ئەمەش بەواتاى ئەوە دێت کە وەرەقەى کۆسرەت رەسول لەناو مەکتەبى سیاسی ناخوێندرێتەوە.!

 

بەنیسبەتی كۆسرەت رەسوڵیشەوە بابەتەكە قورسترە.چونكە ئەگەر ئەو رەزامەندی لەسەر فەریدون عەبدولقادر دابێت و لەسەر ئەو ناوەش لەگەڵ بارزانی رێكەوتبێت،ئەوە مانای وایە كە دەبێت سنورێك بۆ حورمەتی ئیمزا و قسەكانی خۆی دابنێت،كاتێك لەلایەن مەكتەبی سیاسییەوە دەشكێنرێت و ئیلتیزامی پێوە ناكرێت.

 

ئەگەر ئەوەی رویداوە پەیوەندی بە نەخوێندنەوەی وەرەقەی كۆسرەت رەسوڵەوە هەبێت لەناو مەكتەبی سیاسی حیزبەكەیدا ئەوە مانای وایە جێگری سكرتێری حەقیقی ئەو نییە و لە شوێنێكی ترە.

 

ئەگەر ئەو هەواڵانەش راست نین كە لەلایەن وتەبێژی پارتی و خودی فەریدون عەبدولقادر بڵاوكراونەتەوە ئەوا دەبێت ئەویش قسەی هەبێت و رونی بكاتەوە بە راستی لەگەڵ بارزانی ناوی كام كاندیدە هاتووە بۆ پارێزگاری كەركوك.!

 

author photo

ڕۆژنامەنوس و مامۆستای زانكۆ

سەرنوسەری دیپلۆماتیك مەگەزین

ڕۆژنامەنوسی تایبەتمەند لە ڕۆژنامەوانی بنكۆڵكاری