پارتی بۆچی فەرەیدون عەبدولقادری بۆ پارێزگاری كەركوك دەوێت؟

هێشتا پارتی بەڵگە راستەقینەكەی بڵاونەكردۆتەوە

پارتی بۆچی فەرەیدون عەبدولقادری بۆ پارێزگاری كەركوك دەوێت؟

1543 خوێندراوەتەوە

 

پارتی دیموكراتی كوردستان دەقی رێكەوتنەكانی لەگەڵ یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بڵاوكردەوە،كەخۆی دەبینێتەوە لە ڕێكەوتن لەسەر پێكهێنانی حكومەتی هەرێم و پاشكۆیەك بۆ رێكەوتن لەسەر پرسی كەركوك.

  

 

بەپێی پاشكۆكە، یەكێتی و پارتی هاوتەریب لەگەڵ پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت، كاردەكەن بۆ پرسی كەركوك و دیاریكردنی كەسێك بۆ پۆستی پارێزگار دەسپێرن بە رێكەوتنی دوو قۆڵی نێوان بارزانی و كۆسرەت رەسوڵ. 

 تا ئێرە ئەوەی پارتی بڵاویكردۆتەوە لەراستیدا ناتوانرێت وەك بەڵگەی لادانی یەكێتی لە رێكەوتنەكە سەیر بكرێت.

،،

پارتى دەسى دەسى بە یەکێتى دەکات.!

لەبەرئەم خاڵانەی خوارەوە:

یەکەم: ئایا لەماوەی رابردوودا هاوتەریب بە پێكهێنانی حكومەت پرسی كەركوك براوەتەوە پێشەوە، یان وازی لێهێنراوە و جێهێڵراوە بۆ كاتی نادیار؟

 

بەدەر لەوەی باس لەوە بكەین پارتی لەسەر هەقە یان یەكێتی، بە ئاشكرا ئەوە دەبینرێت پارتی لەم ڕوەوە دەستی دەستی بە یەكێتی دەكات و نایەوێت ئەو كارە بكات. وەك توڵەكردنەوەیەك بۆ روداوەكانی 16 ی ئۆكتۆبەر.

 

دووەم: ئەو پاشكۆیەی كە بڵاوكراوەتەوە لە راستیدا بەس نییە بۆ بەهێزكردنی حەقانیەتی پارتی،چونكە یەكێتی نكوڵی لە بونی دەقی ئەو رێكەوتنە نەكردووە و لەسەر زاری وتەبێژەكەیەوە باسی ناوەرۆكەكەی كردوە بە تەخویلكردنی كۆسرەت رەسوڵیشەوە بۆ ریكەوتن لەگەڵ بارزانی لەسەر دانانی كەسێك بۆ ئەو پۆستە. 

،،

بەڵگەى درووست لەنێوان هەردوولادا تۆمارى پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەى نێوانیانە کە بەدڵنییایەوە لەنێوانیاندا هەیە.

 

ئێستا ئەوەی هەیە پارتی بە ئاشكرا دەڵێت بارزانی و كۆسرەت رەسوڵ لەسەر ناوی فەریدون عەبدولقادر رێكەوتون ناوبراو خۆشی رایەكەی پارتی پشت راست دەكاتەوە. بەڵام كۆسرەت رەسوڵ بەئاشكرا رەتیكردەوە كە ئەو لەسەر ناوی فەرەیدون رێكەوتبێت. لەم نیوانەشدا ئاشكرایە كە بانگەشەی لایەك دەبێت ناراست بێت.

لەم كاتەدا ئەوەی دەبێتە بەڵگەی یەكلاكەرەوە و دەمكوتكەر، تۆماری پەیوەندییە تەلەفۆنیەكەی نێوانیانە لەسەر ئەم بابەتە كە بەدڵنیایەوە بە تۆماركراوی لای هەردوكیان هەیە.

 

بۆچی پارتی دڵی چووە بە فەرەیدون عەبدولقادردا:

 

فەرەیدون عەبدولقادر یەكێكە لە دامەزرێنەرانی كۆمەڵەی رەنجدەران و لە گروپی زیندانی ناو كۆمەڵە حساب ئەكرێت.لەسەرەتای دامەزراندنی یەكێتییەوە تیایدا بوە و بەرپرسیارێتی جۆراوجۆری هەبووە. لەدوای راپەڕین چەند پۆستێكی حكومی لە ئیدارەی سلێمانی تاقیكردۆتەوە. 

،،

خەڵکى پێیانوایە کە فەرەیدون عەبدولقادر پیاوێکى گەندەڵە.!

 

لەم ساڵانەی دوای وازی لە كاری حیزبایەتی هێنا و بە كاری بزنسەوە خۆی سەرقاڵ كردوە. یەكێكە لەو كەسانەی كە زۆرترین تۆمەتی گەندەڵی و خراپ بەكارهێنانی دەسەڵاتی ئاراستە دەكرێت و زۆرێك لە خەڵك پێیان وایە بەهۆی گەندەڵییەوە سامانەكەی پێكەوە ناوە.

لەمەشدا بزوتنەوەی گۆڕان و خودی نەوشیروان مستەفا لە قاودانی شكاندنی سومعەی فەرەیدون عەبدولقادر روڵیان هەبوە. بەگشتی لەناو خەڵكی سلێمانیدا وابڵاوە كە ناوبراو خاوەنی قومارخانە و یانەی شەوانەیە لە ئوتێلەكەیدا و لەو رێگایانەوە پارە پەیدا دەكات.

 

ئەمانە هێشتا تۆمەتن و لە دادگاوە نەسەلمێنراون،بەڵام ئەو وێنە زەینیەی لەسەری دروستبوە بەو جۆرەیە.  لەدوای بانگەشەی ریفراندۆمەوە،،فەرەیدون عەبدولقادر پشتگیری خۆی بۆ پرۆسەكە دەربڕی و ئەوەش دەروازەیەك بوو بۆ نزیكبونەوە لە پارتی و كۆشكەكەی بارزانی لە پیرمام.

 

تەنانەت باس لەوە دەكرێت كە بەشێوەیەكی نافەرمی لەماوەی رابردودا وەك راوێژكاری ئابوری مەسعود بارزانی كاری كردووە. پرسیارەكە ئەوەیە بەم هەموو باكگراوند و دەنگۆیەوە كە لەسەری هەیە.چی وایكردووە پارتی و بارزانی دڵیان چوبێتە سەر فەرەیدون عەبدولقادر بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك؟

 

 

 

ئەگەر بارزانی بەكەسێكی دڵسۆز و خاوەن ئەزمونی دەزانێت،ئامادەیە بیكاتە پارێزگاری هەولێر یان دهۆك؟ 

بەتایبەتی كە فەرەیدون عەبدولقادر خەڵكی سلێمانییە، لەكاری حیزبی لەگەڵ یەكێتی دابڕاوە و تەنها مێژوو هاوڕێیەتی لەگەڵیان ماوە،ماوەی ساڵانێكە خەریكی بازرگانییە و لەهەموشی گرنگتر ئەوەیە كە ناوبانگێكی سیاسی باشی نییە تەنانەت لەناوشاری سلێمانیشدا. ئەمانە وادەكەن زیاتر ئەو ئەگەرە بەهێزبێت كە پارتی و خودی بارزانی بەدەستی ئەنقەست دەیانەوێت ناوێك دیاری بكەن بۆ كەركوك زیاتر لەوەی لەسەر یەكێتی حساب بێت دۆستی خۆیان بێت.

 

لەوەش خراپتر لەوانەیە ناوهێنانی فەرەیدون عەبدولقادر بۆ كردنەوەی ئاگرێك بێت لەناو ماڵی یەكێتیدا. 

،،

ئایا پارتى دەیەوێت کەسێکى یەکێتى پۆستى پارێزگارى کەرکوک وەربگرێت.!

 

ئەوەی تێبینی دەكرێت ئەوەیە پارتی خۆی بە خاوەن ماف دەزانێت لە هەڵبژاردن و دیاریكردنی نوێنەر و كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستە باڵاكان لەناو یەكێتی و تەنانەت حیزبەكانی تریشدا. لەكاتێكدا كەس نازانێت ئەم مافەی لەكوێوە هێناوە؟

 

لەناو یەكێتیدا چەندین كەس بونیان هەیە كە كەركوكی بن و مرونەتی سیاسیان تێدابێت و لەگەڵ پارتیش بگونجێن.  

بۆیە ئەگەر پارتی هەر بەراستی ئەیەوێت كەسێكی یەكێتی ئەو پۆستە وەربگرێت ئەوا دەتوانێت لەناو سەركردە كەركویەكانی یەكێتی ناوی كەسێكی شیاو بڵێت،ئەگەرنا پێویست ناكات خۆی و خەڵكیش بەو بابەتەوە سەرقاڵ بكات.

 

author photo

ڕۆژنامەنوس و مامۆستای زانكۆ

سەرنوسەری دیپلۆماتیك مەگەزین

ڕۆژنامەنوسی تایبەتمەند لە ڕۆژنامەوانی بنكۆڵكاری