چی دەستی ئەمەریکای گرتووە بۆ لێدان لە ئێران؟

ئەمەریكا چی لە ئێران دەوێت؟

چی دەستی ئەمەریکای گرتووە بۆ لێدان لە ئێران؟

891 خوێندراوەتەوە

بەهمەن ئەحمەد

پاش دەرچوونی ئەمەریكا لە رێكەوتنە ئەتۆمییەكەی 2015 ی نێوان ئێران و وڵاتانی زلهێزی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و سەپاندنەوەی سزاكان بەسەر كۆماری ئیسلامی ئێراندا، ئەگەر سەیری كۆی هاوكێشەكە بكەین ئەمریكا سودمەند بوە لەبەرئەوەی: ئابوری ئێرانی لاوازكردووە

 

،،

سزاكانی ئەمریكا ڕێگەخۆشكەربووە بۆ چەندین گرێبەستی فرۆشتنی چەك و تەقەمەنی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی

 

هەناردەی نەوتی ئێران بۆ كەمتر لە 400 هەزار بەرمیل نەوت دابەزیوەو فرۆشتنی مادە كانزاییەكانی لەسفر نزیك بوەتەوە. هەناردەكردنی فەرش و كەرسەتەكانی دیكەی ئەو وڵاتە لەسەدا 90 دابەزیوە، بەهای پارەكەشی چەندین جارە كەمیكردووە.

هەموو ئەمانە وایكردووە ئێران نەتوانێت وەك جاران دەعمی مادی هێزە سێبەرەكانی بكات، كە ئەمە ئامانجێكی گەورەی ئەمریكایە، هاوكات ئەم سزایانەو دروستكردنی دۆخێك كەتێیدا مەترسی ئێران گەورەتر لەقەبارەی خۆی دەركەوێت، ڕێگەخۆشكەربووە بۆ ئەمریكا تا چەندین گرێبەستی ملیۆنان دۆلاری بۆ فرۆشتنی چەك لەگەڵ وڵاتانی سعودیە و ئیمارات و وڵاتانی دیكەی عەرەبی بفرۆشێت.

 

لەلایەكی ترەوە كێشەی گەورەی كۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوری لەنێوخۆی كۆماری ئیسلامی ئێران دروستكردووە كە چارەسەركردنیان ئاسان نییە. لەبەرامبەردا لێدوانە توندەكانی بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوامەو جموجوڵە سەربازییەكانیشی تاڕادەیەك نائاساییە، لەدواین هەڵوێستیشدا ئێران داوای لە هێزە سێبەرەكانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كردووە لە ئامادەباشیدابن بۆ وەڵامدانەوەی هەر هێرشێكی ئەمریكاو هاوپەیمانەكانی.

 

،،

بەهۆی ترسی ئەمریكا لە هێزەسێبەرەكانی ئێران بۆ بڵاوكردنەوەی شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست،ئەگەری شەڕ بەدوور دەزانرێت

بەشێك لەشارەزایانی سیاسەتی ئەمەریكا پێیانوایە ئەمەریكا تەنها ئیشی بە تۆخكردنەوەی گرژی و ئاڵۆزییەكان هەیەو دەیەوێت گرەوی یارییەكە لەڕێگەی لاوازكردنی ئابوری ئێرانەوە بباتەوە، ئەم تێڕوانینە ئەگەری شەڕ بەدور دەزانێت بەو پێیەی ئەمەریكا ترسی لە هێزە سێبەرەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران هەیە كە ئاگری شەڕ بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بڵاودەكەنەوە كە دواجار رەنگە چارسەركردن یان رێگریكردن لە تەشەنەكردنی زیاتر بۆ ئەمەریكا ئاسان نەبێت.

هاوكات، پێیانوایە كۆماری ئیسلامی ئێرانیش شەڕو روبەروبونەوەی ئەمریكا و ئیسرائیل بەكۆتایهاتنی خۆی دەزانێت و بەم ئابورییە ڕووخاوەی ئێستایەوە ناتوانێت بەرگەی هێرشە موشەكی و چەكە پێشكەوتوەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی بگرێت.

،،
ئەمەریكا  لە دروستكردنی هەر دۆخێكی ئاڵۆز كۆمەڵێك ئامانجی هەیە، كە رەنگە دواینیان پرسی ئێران بێت

 

لەبەرامبەردا لێكدانەوەیەكی دیكە هەیە( كەمن پێموایە لاوازە) پێیانوایە جوڵاندنی هێز و ڕەوانەكردنی كەشتی فرۆكە هەڵگر بۆ كەنداو، ئەو هەمو چالاكییە سەربازییەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەمەریكا پێیهەستاوە، لەخۆڕا نیەو ڕۆژێك هەر هێرشدەكاتە سەر ئێران و ئەو جەنگە هەر ڕوو دەدات.

بۆ سیاسەتی ئەمریكا ئەو جۆرە لێكدانەوانە ورد و دەقیق نییە لەبەرئەوەی سیاسەتی ئەمریكا پشتبەستووە بە ستراتیژێكی قوڵ و هەمیشە گرێدراویشە بە پلانی ( ئەی و بی و سی) لەكوێدا لە ئامانجە ستراتیژییە بنەڕەتییەكە نزیكبوەوە ئەو پلانەیان هەڵدەبژێرن و سیاسەتی كۆنكرێتی بەواتای دوژمن و دۆستی هەمیشەیی لە مێژوی ئەمریكادا بونی نییە، واتە ئەمەریكا تەنها بۆ مەبەستی لێدان لە كۆماری ئیسلامی ئێران هێز ناجوڵێنێت، بەڵكو لە دروستكردنی هەر دۆخێكی ئاڵۆز، یان هەر هەنگاوێكی سەربازی یان سیاسی كۆمەڵێك ئامانجی هەیە، كە رەنگە دواینیان پرسی ئێران بێت.

 

author photo

ماستەر لە كارگێری كار

بەكالۆریۆس لە زمانی ئینگلیزی

ئەندامی ژوری توێژینەوەی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان