ڕێكه‌وتنی خراپ و ناڕوون ئه‌نجامی هه‌ر خراپ ده‌بێت

ڕێكه‌وتنی خراپ و ناڕوون ئه‌نجامی هه‌ر خراپ ده‌بێت

355 خوێندراوەتەوە

 لایه‌نه‌ سه‌ره‌كیه‌كانی كوردستان دوای چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌ و ڕێك نه‌كه‌وتن له‌ كۆتایدا ڕێكه‌وتن بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت و كارا كردنه‌وه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام وا دیاره‌ هێشتا ڕێك نه‌كه‌وتوون و ئه‌وه‌ی ئێستاش له‌ مه‌یدانی هه‌رێمی كوردستاندا ده‌گونجێت ده‌رئه‌نجامی ڕێكه‌وتنی خراپ و نا ڕوونی لایه‌نه‌كانه.

،،

ڕێكه‌وتنامه‌ی ناڕوون، ته‌مه‌نی درێژ نابێت.

 

دوای 241 ڕۆژ به‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانیه‌كه‌ی هه‌رێمدا و كاراكردنه‌وه‌ی یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا، ئه‌مڕۆ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ په‌ڕله‌مان و به‌ ده‌سه‌ڵاتی نا په‌ڕله‌مانی هه‌ڵبژێردرا، به‌ڵام پڕۆسه‌كه‌ به‌ نائاسایی تێپه‌ڕی و نێوانی یه‌كێتی و پارتی گێڕایه‌وه‌ بۆ چوارگۆشه‌ی یه‌كه‌م.

 هۆكاری سه‌ره‌كی ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ئه‌م دوولایه‌نه‌ ناكۆكی زۆریان له‌سه‌ر پرسه‌كانی هه‌رێم و به‌غداد هه‌یه‌ ،له‌وه‌ش زیاتر ڕێكه‌وتنێكیان واژۆ كردووه‌ كه‌ خراپ و ناڕوونه‌ و هه‌موو پرسه‌كانیان به‌ شێوه‌یه‌كی شه‌فاف یه‌كلایی نه‌كردۆته‌وه‌، كه‌ گرنگترینیان پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك و وه‌زاره‌تی دادی حكومه‌تی فیدڕالیه‌.

،،

ئه‌گه‌ر بێت و داواكاری پارتی جێبه‌جێ بكرێت له‌ پرسی دانانی پارێزگاری كه‌ركوك به‌زیانی یه‌كێتی ده‌شكێته‌وه‌.

 

 ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ به‌ ته‌واوی دركی پێكرا ئه‌وه‌یه‌ كه‌،پارتی دیموكراتی كوردستان نایه‌وێت پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك به‌ دڵی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان یه‌كلایی ببێته‌وه‌، بۆیه‌ تاكو ئێستا جگه‌ له‌چه‌ند به‌ڵینێكی سه‌ر زاره‌كی هیچ ڕێكه‌وتنێكی ئه‌وتۆیان له‌گه‌ڵ یه‌كێتیدا ئه‌نجام نه‌داوه‌، كه‌ دڵی سه‌ركردایه‌تی و جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی ئه‌و حزبه‌ ئاو بدات، ئه‌وه‌تا ڕێگه‌ ناده‌ن یه‌كێتی به‌ ویستی خۆی كه‌سێك بۆ ئه‌و پۆسته‌ كاندید بكات.

  به‌ڵكو پارتی ده‌یه‌وێت كه‌سایه‌تیه‌كی بێ لایه‌ن كاندید بێت بۆ ئه‌و شاره‌ی كه‌ یه‌كێتی زۆرینه‌یه‌، ئه‌مه‌ش به‌زیانی جه‌ماوه‌ریی یه‌كێتی ده‌شكێته‌وه‌، چونكه‌ هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ پارتی ده‌یه‌وێت ببنه‌ پارێزگار نه‌ك یه‌كێتی نین یان نه‌ماون، به‌ڵكو ئێستا تا ڕاده‌یه‌كی زۆر دژی یه‌كێتی گوفتار و كردار ده‌كه‌ن و له‌ پارتی نزیكترن، كه‌ ئه‌مه‌ش زه‌حمه‌ته‌ ببێته‌ كه‌سایه‌تیه‌ك كه‌ خزمه‌تی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی یه‌كێتی بكات له‌ شاره‌كه‌دا.

كۆبونه‌وه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی یه‌كێتی (ئه‌رشیف)

 بۆیه‌ یه‌كێتی ئه‌و پۆسته‌ به‌و كه‌سایه‌تیانه‌ نادات، چونكه‌ به‌ شایسته‌ی كه‌سایه‌تیه‌كی خۆی ده‌زانێت و زۆرینه‌ی ده‌نگه‌كانی شاره‌كه‌ی بردووه‌ و پێشتریش پارێزگار له‌ پشكی خۆی بووه‌. له‌م نێوه‌نده‌ ئه‌وه‌ی ڕوویدا له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ته‌نها پارتی هۆكاره‌كه‌ی پارتی نه‌بوو ، به‌ڵكو یه‌كێتیش هۆكاری دۆخه‌ نائاساییه‌كه‌ بوو ، چونكه‌ ڕێكه‌وتنێكی له‌گه‌ل َپارتی ئیمزا كردووه‌، كه‌ داواكارییه‌كانی به‌ ڕوونی تێدا جێگیر نه‌كراوه‌، چونكه‌ له‌ ڕێكه‌وتنه‌كه‌دا به‌ ڕوونی ناوترێت كه‌( پارێزگاری كه‌ركوك له‌ كورد ده‌بێت و له‌ناو كوردیشدا یه‌كێتی كه‌سایه‌تیه‌ك بۆ ئه‌و پۆسته‌ دیاری ده‌كات.

 ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی كاتێكیش بۆ دانانی پارێزگار دیاری نه‌كراوه‌، ته‌نها باس له‌ هه‌نگاوی پێویست كراوه‌)،هه‌روه‌ها بۆ پۆستی وه‌زیری دادیش به‌هه‌مان شێوه‌ هیچ گه‌ره‌نتیه‌ك نابینرێت كه‌ ئه‌و پۆسته‌ بۆ یه‌كێتی بێت، بۆیه‌ ناڕوونی ڕێكه‌وتنه‌كه‌ وایكردووه‌ كه‌ هیچ گه‌ره‌نتیه‌ك نه‌بێت كه‌ هه‌ردوو پۆسته‌كه‌ بۆ یه‌كێتی یه‌كلایی بكرێته‌وه‌، بۆیه‌ لێره‌دا ئه‌و پرسیاره‌ لای هه‌موو تاكێك دروست ده‌بێت، بۆ یه‌كێتی ڕازی بووه‌ ئه‌و خاڵانه‌ كه‌ داواكاری سه‌ره‌كی ئه‌ون ڕوون نه‌كرێته‌وه‌؟.

 

،،

یه‌كێتی: تا ئێستا پارتی یه‌ك به‌ندی ڕێكه‌وتنامه‌كانی جێبه‌جێ نه‌كردووه‌.!

 

 ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ڕوویدا ئه‌نجامی ئه‌م نا ڕوونی و خراپی ڕێكه‌وتنه‌یه‌،چونكه‌ هه‌ر رێكه‌وتن و له‌یه‌ك تێگنه‌گه‌یشتنێك ئه‌نجام بدرێت و خاڵه‌كانی ڕوون نه‌كرێته‌وه‌،ئه‌وا ڕێكه‌وتنێكی خراپه‌ و جێبه‌جێ كردنی خاڵه‌كانی له‌مپه‌ری زۆری بۆ دروست ده‌بێت،بۆیه‌ ئه‌م ڕێكه‌وتنه‌ خراپه‌ په‌یوه‌ندی نێوان ئه‌م دوولایه‌نه‌ی گه‌ڕانده‌وه‌ خاڵی یه‌كه‌م كه‌ یه‌كتر به‌ به‌رپرس بزانن له‌ هه‌ر دۆخێكی نه‌خوازراو!.

 ڕێكه‌وتنێك كه‌ خاڵه‌كانی ناڕوون بێت، لێكدانه‌وه‌ی جیاوازی بۆ ده‌كرێت، ئه‌مه‌ش به‌ ئاشكرا له‌ به‌یاننامه‌كه‌ی هه‌ردوولایه‌نه‌كه‌ هه‌ستی پێكرا، كه‌ هه‌ر لایه‌كیان به‌شێوه‌یه‌ك خوێندنه‌وه‌ی بۆ ده‌كات، یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان دوای بایكۆت كردنی فراكسیۆنه‌كه‌ی ڕایگه‌یاند: دوای ئه‌و هه‌موو دوا كه‌وتنه‌ و پشوو درێژییه‌ی خه‌ڵك و یه‌كێتی و دوو ڕێكه‌وتنی یه‌ك له‌ دوای یه‌ك، هه‌تا ئێستا هیچ هه‌نگاوێك بۆ جێبه‌جێ كردنی ڕێكه‌وتنه‌كان له‌لایه‌ن پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌ نه‌ك نابینرێت، به‌ڵكو هه‌رجاره‌ی گرفتێك بۆ پرسی دانانی پارێزگاری كه‌ركوك له‌ پشكی یه‌كێتی (وه‌ك ڕێكه‌وتبووین له‌سه‌ری)دروست ده‌كه‌ن.

 

 

 

 به‌ڵام پارتی له‌ وه‌ڵامی به‌یاننامه‌كه‌دا ده‌ڵێت: (له‌گه‌ڵ یه‌كێتی له‌ سه‌ر دیاری كردنی پارێزگارێكی كورد بۆ كه‌ركوك ڕێكه‌وتین)، لێره‌دا پارتی به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك باس له‌ كه‌سایه‌تیه‌كی (یه‌كێتی) ناكات، به‌ڵكو ده‌ڵێت (كورد)، ئه‌مه‌ش واتای ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و پۆسته‌ ناده‌ن به‌ به‌رپرسێكی یه‌كێتی، به‌ڵكو ده‌یانه‌وێت بێ لایه‌ن بێت، ئه‌مه‌ش به‌ ئاشكرا له‌ به‌شێكی تری به‌یاننامه‌كه‌یاندا باس ده‌كه‌ن.

  كه‌ (فه‌ره‌یدوون عبدالقادر) ڕێكه‌وتنی له‌سه‌ر كراوه‌، هه‌موو لایه‌كیش باش ده‌زانێت كه‌ ئێستا ئه‌و كه‌سایه‌تیه‌كه‌ یه‌كێتی نیه‌، كه‌واته‌ پارتی نایه‌وێت ئه‌و پۆسته‌ بۆ یه‌كێتی بێت.

 

،،

 له‌ به‌یاننامه‌ی هه‌ردوولایه‌نه‌كه‌دا به‌ ئاشكرا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ له‌سه‌ر( پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك و وه‌زیری داد) ڕێك نه‌كه‌وتوون.

 

 

 هه‌ر له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا پارتی ڕایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ بۆ پۆستی وه‌زیری داد ڕێك كه‌وتن له‌ نێوان به‌رێزان مه‌سعود بارزانی كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ كراوه‌، كه‌ كه‌سێكی كوردی بێ لایه‌ن بێت و پارتی و یه‌كێتیش پابه‌ندی ڕێكه‌وتنه‌كه‌ بێت .

 له‌ به‌یاننامه‌ی هه‌ردوولایه‌نه‌كه‌دا به‌ ئاشكرا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ له‌سه‌ر( پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك و وه‌زیری داد) ڕێك نه‌كه‌وتوون، ته‌نها به‌ ناڕوونی و هه‌ریه‌كه‌یان به‌شێوه‌یه‌ك باسی ده‌كات، جیاوازی بۆچوونی هه‌رلایه‌كیشیان بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ خاڵه‌كانی به‌نده‌كانی ڕێكه‌وتنامه‌كان ئاشكرا نییه‌

 

author photo

نوسەر و رۆژنامەنوس

 بروانامەی بەکالۆریۆس لە زمان و ئەدەبی عەرەبی