ئاواتی شێخ جه‌ناب: به‌شێك له‌وانه‌ی خوار گرده‌كه‌ ده‌بێ سزا بدرێن

عه‌بدوڵای كوێخا موباره‌ك: سه‌رانی گرده‌كه‌ ماره‌یان نه‌بڕیوین، تا داوای ماره‌یمان لێبكه‌ن

ئاواتی شێخ جه‌ناب: به‌شێك له‌وانه‌ی خوار گرده‌كه‌ ده‌بێ سزا بدرێن

856 خوێندراوەتەوە

 به‌هۆی نه‌گه‌یشتنه‌ خاڵێكی هاوبه‌ش و سازش نه‌كردنی هیچ لایه‌كیان بۆلایه‌كه‌ی دیكه‌، له‌ئێستادا هه‌ردوو به‌ره‌ی (سه‌رانی گرده‌كه‌ و خوار گرده‌كه‌) په‌یوه‌ندییه‌كانیان ساردی تێكه‌وتووه‌ و هه‌ڵسوڕاوێكی ناڕازی بزوتنه‌وه‌كه‌ش  ده‌ڵێت:" له‌لایه‌ن سه‌رانی گرده‌كه‌وه‌، هه‌ڵسوڕاوانی گۆڕان ماره‌ نه‌كراون، تاداوای ماره‌یمان لێبكه‌نه‌وه‌" بیر له‌سزادانمان بكه‌نه‌وه‌.

 

 

،،

ڕێكه‌وتنامه‌كه‌ی گۆڕان له‌گه‌ڵ پارتی، گۆبه‌نێكی له‌نێو گرده‌كه‌ درووست كردووه‌.

 

 

دیپلۆماتیك مه‌گه‌زین، له‌سه‌ر دواین په‌ره‌سه‌ندنیی كێشه‌ناوخۆییه‌كانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، گفتوگۆی له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌كه‌ له‌ ئاوات شێخ جه‌ناب هه‌ڵسوڕاوی دیاری بزوتنه‌وه‌كه‌( جه‌ماعه‌تی گرده‌كه‌) و عه‌بدوڵای كوێخا موباره‌ك هه‌ڵسوڕاوی ناڕازی له‌سیاسه‌تی ئێستای بزوتنه‌وه‌كه‌ی ( جه‌ماعه‌تی خوار گرده‌كه‌‌) كردووه‌.

 

 

دوای كۆچی دوای نه‌وشیروان مسته‌فا ڕێكخه‌ری گشتی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، و دروست كردنی خانه‌ی ڕاپه‌ڕاندن ئه‌و بزوتنه‌وه‌ی به‌سه‌ر دوو به‌ره‌دا دابه‌ش كردووه‌، به‌تایبه‌تیش دوای ڕێكه‌وتنی سیاسییان  له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستان باڵی ناڕازی ئه‌و بزوتنه‌وه‌(جه‌ماعه‌تی خوار گرده‌كه‌) به‌ته‌واووی نیگه‌ران كردووه‌ و پێیان وایه‌ هه‌وڵه‌كانیان بۆڕیفۆرم له‌ناو بزوتنه‌وه‌كه‌دا به‌بنبه‌ست گه‌یشتووه‌.

،،

ئاواتی شێخ جه‌ناب: به‌شێك له‌ڕه‌خنه‌كان، لای ئێمه‌ به‌هه‌ند وه‌رناگیرێت، چونكه‌ ده‌زانین له‌كوێوه‌ قسه‌كانیان سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت.

 

 

ئاوات شێخ جه‌ناب هه‌ڵسوڕاوی دیاری بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، بۆ ڕه‌خنه‌ گرتن له‌نادادی و گه‌نده‌ڵی و پاوان خوازی درووست بووه‌،‌ و ڕه‌تی ده‌كاته‌وه‌ گۆڕان له‌و مه‌بده‌ئه‌ی خۆی لای دابێت، به‌ڵام له‌هه‌مانكاتیشدا ده‌ڵێت:"ناكرێت و مایه‌ی قبوڵ نییه‌، له‌چوار چێوه‌ی حزبێكی سیاسیدا بیت و به‌ڵام به‌بیانووی ڕای تایبه‌تی میدیاكان و سۆشه‌ڵ میدیا دژی سیاسه‌تی حزبه‌كه‌ت به‌كاربێنی".

 

شێخ جه‌ناب زیاتر بۆ دیپلۆماتیك له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ قسه‌ی كردو، پێی وایه‌ به‌شێك له‌ڕه‌خنه‌كان پێویسته‌ به‌هه‌ند وه‌ربگیریێت، به‌ڵام هه‌ندێكی دیكه‌یان له‌به‌رامبه‌ر وه‌رنه‌گرتنی پۆستێكی حزبی یاخود حكومی ده‌ستیان به‌ڕه‌خنه‌گرتن كردووه‌ و درگای گرده‌كه‌ش دانه‌خراوه‌.

 

،،

عه‌بدوڵای كوێخا موباره‌ك: چه‌قه‌چه‌قمان زۆرهات، كه‌چی كه‌س گوێی لێنه‌گرتین.

 

 

 

 پێویسته‌ بێن له‌گرده‌كه‌وه‌ سه‌رنج و ڕه‌خنه‌كانیان پێشكه‌ش بكه‌ن، پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ پێویسته‌ به‌شێك له‌و له‌هه‌ڵسوڕاوانه‌ سزای ئیداری بدرێن.

به‌ڵام عه‌بدوڵای كوێخا موباره‌ك پێچه‌وانه‌ی شێخ جه‌ناب، ده‌ڵێت:"له‌ماوه‌ی ڕابردودا و به‌تایبه‌ت له‌مانگی سێی ساڵی ڕابردووه‌وه‌ چه‌قه‌ چه‌قیان زۆر هاتوه‌ له‌ڕێگه‌ی نامه‌و به‌رزكردنی ڕاپۆرته‌وه‌ به‌ڵام گوێمان لێنه‌گیراو ئێمه‌ش به‌ناچاری هه‌ڵوێستمان وه‌رگرتووه‌ و گرده‌كه‌مان جێهێشتووه‌".

 

 

ده‌رباره‌ی سزادانی ئه‌و هه‌ڵسوڕاوانه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان كه‌ ڕه‌خنه‌ده‌گرن، له‌لایه‌ن سه‌رانی گرده‌كه‌وه‌، موباره‌ك پێی وایه‌ هه‌ڵسوڕاوانی گۆڕان پێچه‌وانه‌ی حزبه‌كانی دیكه ‌(پارتی، یه‌كێتی) هیچ ئه‌قدێكی مادییان له‌نێوانیاندا نییه‌، یاخود به‌شێوه‌یه‌كی تر،ده‌ڵێت” ئێمه‌ ماره‌ نه‌ركراوین تاداوای ماره‌یمان لێبكه‌ن، هه‌رچه‌نده‌ ئێمه‌ بۆ خۆمان له‌گرده‌كه‌هاتوینه‌ته‌خواره‌وه‌ پێش ئه‌وه‌ی ئه‌وان بیر له‌سزادانمان بكه‌نه‌وه‌.

 

ئاواتی شێخ جه‌ناب، هه‌ڵسوڕاوی دیاری بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان

 

 

،،

شێخ جه‌ناب: به‌وه‌فاتی ڕه‌وان شاد، گرفتی گه‌وره‌مان بۆ دروست بوو.

 

 یه‌كێك له‌كێشه‌كانی نێوان سه‌رانی گرده‌كه‌ و خوار گرده‌كه‌، پرسی به‌شداری كردنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌ له‌ كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌نجامدانی ڕێكه‌وتنامه‌ی سیاسی له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستانه‌، به‌ڵام شێخ جه‌ناب بۆ ئه‌م پرسه‌ش قسه‌ی خۆی هه‌یه‌و ده‌ڵێت:"نابێ وا لێك بدرێته‌وه‌ ڕێكه‌وتنمان له‌گه‌ڵ پارتی و به‌شداری له‌كابینه‌ی ئاینده‌ی حكومه‌تی هه‌رێم بڕیاری گروپێك یاخود ده‌سته‌یه‌كی ده‌ست ڕۆیشتووی ناو بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بووبێت‌، به‌ڵكو له‌ته‌واووی ئه‌ندامانی چڤاتی گشتی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ته‌نها پێنج كه‌س له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ پارتی نه‌بوون و ئه‌وه‌ی ماوه‌ته‌وه‌ سه‌رجه‌میان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ بوون گۆڕان ئه‌و ڕێڕه‌وه‌ سیاسییه‌ بگرێته‌ به‌ر كه‌ئێستا هه‌ڵیبژاردووه‌".

 

 

"حزبێكی كاریگه‌روو خاوه‌ن مێژووی وه‌ك یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان، به‌نه‌مانی جلال تاڵه‌بانی گورزێكی كه‌مه‌رشكێنی به‌ر كه‌وتووه‌ و تائێستا نه‌یتوانییوه‌ خۆی بگرێته‌وه‌، ئێستا ده‌تانه‌وێ پاش كۆچی دوای ڕه‌وان شاد نه‌وشیروان مسته‌فا، كاریگه‌ری سلبی له‌سه‌ر بزوتنه‌وه‌كه‌ دروست نه‌بوبێت و نه‌بێت؟! به‌ڵكو به‌پێچه‌وانه‌وه‌ گرفتی گه‌وره‌مان بۆ دروست بووه"‌.! ئاواتی شێخ جه‌ناب وای وت.....

 

عه‌بدوڵای كوێخا موباره‌ك، هه‌ڵسوڕاوی ناڕازی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌گه‌ڵ ڕێكخه‌ره‌ كۆچكردووه‌كه‌ییان

 

 

 

كوێخا موباره‌ك، هه‌رچه‌نده‌ ڕه‌دی  كرده‌وه‌ زانیاری له‌سه‌ر هه‌وڵ و كارو پلانی ئاینده‌یان ئاشكرابكات، به‌ڵام جه‌ختی له‌وه‌كرده‌وه‌  له‌سه‌ر داواكاری و هه‌وڵدان بۆ  گه‌ڕانه‌وه‌ی گۆڕان بۆسه‌ر ڕێڕه‌وه‌ ڕاسته‌كه‌ی خۆی به‌رده‌وام ده‌بن و ماندوونابن، و ئه‌و كه‌سانه‌شی باس له‌ده‌ركرن و سزای سیاسی ڕه‌خنه‌گرانی ناوگۆڕان ده‌كه‌ن هه‌موویانی به‌ "قسه‌ی به‌لاش" ناوبرد.

 

 

حزبه‌ كوردییه‌كان، و به‌تایبه‌ت حزبه‌كانی باشووری كوردستان، ده‌ست و په‌نجه‌یان له‌گه‌ڵ كێشه‌ی ناوخۆی و هه‌وڵدان بۆسڕینه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر و گوێنه‌گرتن بۆداواكاری به‌شێكی ئه‌ندامانیان نه‌رم كردووه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی پرسی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان جیاده‌كاته‌وه‌ له‌لایه‌نه‌كانی دیكه‌ بانگه‌شه‌و بنه‌ماكانی سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی بوو، كه‌چی دوای تێپه‌ڕبوونی 10ساڵ به‌سه‌ر خه‌باتی سیاسی ئه‌و حزبه‌ و كۆچی دوای ڕێكخه‌ره‌كه‌ی پاشه‌كشه‌یه‌كی به‌رچاو به‌و بزوتنه‌وه‌ جه‌ماوه‌رییه‌وه‌ ده‌بینرێت.

 

author photo

رۆژنامەنووس