سودان له‌ به‌رده‌م هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌یه‌كی تردا

له‌ سودان شه‌قام ده‌یباته‌وه‌ یان سوپا

سودان له‌ به‌رده‌م هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌یه‌كی تردا

281 خوێندراوەتەوە

 دواى به‌ بنبه‌ست گه‌شتنى گفتوگۆكانى " به‌ره‌ى دیموكراسى‌و گۆڕانكارى" كه‌ نوێنه‌رایه‌تى خۆپیشانده‌ران ده‌كه‌ن، له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نى سه‌ربازى، بارودۆخى سودان ئاڵۆزییه‌كى گه‌وره‌ى به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌و پێشبینى هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌یه‌كیتر له‌و وڵاته‌ ده‌كرێت.

،،

په‌یمان له‌نێوان شۆڕشگێراندا هه‌بوو، دوای نه‌مانی عومه‌ر حه‌سه‌ن به‌شیر، حكومه‌ت بۆماوه‌ی سێ ساڵ به‌هاوبه‌شی به‌ڕێوه‌به‌رن.

 

 ڕۆژى دووشه‌ممه‌، كێشه‌كانى نێوانى خۆپیشانده‌ران‌و ئه‌نجومه‌نى سه‌ربازى به‌ ته‌واوى ته‌قیه‌وه‌، كاتێك پۆلیس‌و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان به‌ زه‌برى هێز هه‌وڵى بڵاوه‌پێكردنى خۆپیشانده‌رانى به‌رده‌م وه‌زاره‌تى به‌رگرى ئه‌و وڵاته‌یان دا.

 

چەند هەفتەیەکە ئەنجومەنی سەربازی سودان و هاوپەیمانی لایەنەکان کە خۆی لە ئەنجومەنێکی مەدەنی دەبینێتەوە كه‌ دانووستانەکانیان بە ئاڕاستەی بەڕێوەبردنی وڵات دەستپێکردووە، به‌پیى ئه‌و ڕێكه‌وتنه‌ى كه‌ پاش كه‌وتنى عومه‌ر حه‌سه‌ن به‌شیر له‌ نێوانیاندا واژۆ كراوه‌، ده‌بێت وڵات بۆ ماوەی سێ ساڵ بەشێوەی ڕاگوزەر و هاوبەش به‌ڕێوه‌ ببرێت‌و دواتر هه‌ڵبژاردن بكرێت.

 

نه‌خشه‌ی ڕامیاری وڵاتی سۆدان( باكور)

 

  دواى كه‌وتنى عومه‌ر به‌شیر، خۆپیشاندان له‌ سودان دا نه‌مركایه‌وه‌و چه‌ند مانگێكه‌ خۆپیشانده‌ران دژ به‌ سوپاو ئه‌نجومه‌نى سه‌ربازى له‌سه‌ر شه‌قامه‌كانن‌و داوا ده‌كه‌ن هاوشانى ئه‌نجومه‌نى سه‌ربازى، ئه‌نجومه‌نى مه‌ده‌نیش كه‌ نوێنه‌رایه‌تى خۆپیشانده‌ران ده‌كه‌ن، به‌شداربن له‌ پێكهێنانى حكومه‌تى ڕاگوزه‌رو داواش ده‌كه‌ن كه‌ حكومه‌تێكى مه‌ده‌نى جێگه‌ى ئه‌و حكومه‌ته‌ سه‌ربازییه‌ بگرێته‌وه‌ كه‌ ئێستا سودان به‌ڕێوه‌ ده‌بات.

  خۆپیشانده‌رانى سودان‌و ئه‌وانه‌ى داواى پێكهێنانى حكومه‌تى مه‌ده‌نى ده‌كه‌ن، دوێنێ خۆپیشاندانى به‌رفراوانیان ئه‌نجامداو پۆلیس‌و هێزە ئەمنییەکانی سودان هەڵیانکوتایە سەر خۆپیشاندەران‌و 60 كه‌سیان له‌ خۆپیشانده‌ران كوشت‌و زیاتر له‌ 150 كه‌سیشیان له‌ خۆپیشانده‌ران بریندار كرد. خۆپیشانده‌ران، دوێنێیان ناو نا ڕۆژى شه‌هیدو دروشم‌و داواكارییه‌كان له‌ پێكهێنانى حكومه‌تێكى مه‌ده‌نییه‌وه‌ گۆڕدرا بۆ دورخستنه‌وه‌ى یه‌كجاره‌كى ده‌سه‌ڵاتى سه‌ربازى.

،،

سوپا بۆ خۆپیشانده‌ران داوای حكومه‌تی مه‌ده‌نی مه‌كه‌ن، چونكه‌ له‌ئێستادا حكومه‌تی مه‌ده‌نی واتا بوونی فه‌وزا

 

 خۆپیشانده‌ران پێیانوایه‌ كه‌ سوپاو ئه‌نجومه‌نى سه‌ربازى نایانه‌وێت ده‌سه‌ڵات ڕاده‌ست بكه‌ن‌و ئێستا ئه‌وان ئه‌نجومه‌نى سه‌ربازى به‌ ئه‌نجومه‌نى ئینقیلاب ناو دێنن‌و ده‌ڵێن ئه‌نجومه‌نى سه‌ربازى، ئینقیلابى به‌سه‌ر شۆڕشى سودان‌و خواستى خۆپیشانده‌راندا كردووه‌، بۆیه‌ ئێستا لاى خۆپیشانده‌ران ڕووخانى ئه‌نجومه‌نى سه‌ربازى ئه‌ركێكى نیشتیمانییه‌.

 له‌پاش ڕوودانى ته‌قه‌كردن له‌خۆپیشانده‌ران له‌ لایه‌ن پۆلیس‌و هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌، ئەنجومەنی ڕاگوزەری سەربازیش سەرجەمی ڕێککەوتنەکانی لەگەڵ ئەنجومەنی مەدەنی هەڵوەشاندەوە دووپاتى لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی پێشوەختە کردەوە بەچاودێری وڵاتان. ئه‌نجومه‌نى سه‌ربازى سودان له‌به‌رانبه‌ر خواستى خۆپیشانه‌دران بۆ پێكهێنانى حكومه‌تێكى ڕایگه‌یاند كه‌ حكومه‌تى مه‌ده‌نى له‌ ئێستادا واتا فه‌وزا.

 

به‌شێك له‌هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی سودان

 

 فه‌ریق عەبدولفەتاح بورهان، كه‌ سەرۆکایه‌تى ئەنجومەنی ڕاگوزەرى سه‌ربازى ده‌كات، لە یەکەم لێدوانی پاش ڕووداوی تەقەکردنەکە، ڕێكه‌وتنه‌كانى پێشوترى لەگەڵ ئەنجومەنە مەدەنیەکە هەڵپەساردو خۆپیشاندەرانیشی تۆمەتبارکرد به‌وه‌ى كه‌ پیشێوى دروست ده‌كه‌ن‌و بوونه‌ته‌ مەترسی بۆ سەر ئاسایشی وڵات.

 هاوكات عه‌بدولفه‌تاح بورهان، ڕایشیگه‌یاند كه‌ ئەنجومەنە سەربازییەکە خواستی تاکڕەوانەی دەسەڵاتی نییه‌و بەڵێنیدا هەڵبژاردن لە ماوەی نۆ مانگدا بە چاودێری وڵاتان بەڕێوە بچێت.

،،

میسڕ و سعودییه‌ و ئیمارات، پاڵپشتی ده‌سه‌ڵاتی سه‌ربازی سودان ده‌كه‌ن.

 

  له‌گه‌ڵ توندبوونه‌وه‌و ته‌قینه‌وه‌ى ناكۆكییه‌كانى نێوان ئه‌نجومه‌نى سه‌ربازى‌و ئه‌نجومه‌نى مه‌ده‌نى سودان، وه‌كو پاڵپشتییه‌ك بۆ خۆپیشانده‌ران، ئه‌مه‌ریكا داواى پێكهێنانى حكومه‌تێكى مه‌ده‌نى ده‌ه‌كات له‌ سودان‌و هاوكات به‌ریتانیاش دژ به‌ مامه‌ڵه‌ى ئه‌نجومه‌نى سه‌ربازى له‌گه‌ڵ خۆپیشانده‌ران هه‌ڵوێستى وه‌ر گرت‌و دژى وه‌ستایه‌وه‌و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانیش ئیدانه‌ى ته‌قه‌كردن‌و كوشتنى خۆپیشانده‌رانى كردو بڕیاریشیدا له‌سه‌ر داواى هه‌ردوو وڵاتى ئه‌ڵمانیاو به‌ریتانیا كۆبوونه‌وه‌یه‌كى به‌ په‌له‌و داخراو ئه‌نجام بدات.

 

 

 فه‌ریق عەبدولفەتاح بورهان، سه‌رۆكی ده‌سه‌ڵاتی سه‌ربازی له‌سۆدان

 

 پاش ته‌قه‌كردنى سوپاو پۆلیس‌و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان‌و كوشتنى 60 خۆپیشانده‌رو برینداركردنى زیاتر له‌ 150 كه‌س له‌وان، ئێستا له‌ناوخۆیی سودان‌و له‌ سه‌ر ئاستى نێو ده‌وڵه‌تیش ئه‌نجومه‌نى سه‌ربازى كه‌وتووه‌ته‌ ژێر فشارى تونده‌وه‌و خۆپیشاندانه‌كانیش زیاتر په‌ره‌یان گرتووه‌.

 له‌ پاڵ فشاره‌ نێو خۆیی‌و ده‌ره‌كییه‌كان بۆ سه‌ر ئه‌نجومه‌نى سه‌ربازى سودان، ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ له‌ لایه‌ن هه‌ریه‌كه‌ میسرو سعودیه‌و ئیماراته‌وه‌ پشتیوانى لێده‌كرێت.

 

author photo

ڕۆژنامەنوسی سیاسی و دیكۆمێنتەری سیاسی و مێژویی