فه‌ره‌یدون عه‌بدولقادرو سەفارەتی چین لە بەغداد؟   

فه‌ره‌یدون عه‌بدولقادرو سەفارەتی چین لە بەغداد؟  

2031 خوێندراوەتەوە

مام جەلال، لە شوێنێکدا ئاماژەی بە کەسایەتی یەکێک لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵە کرد، کە خۆی بە یەکێک لە بیرمەندانی کۆمەڵە دادەنا.

،،

وڵاتی چین وه‌ك یه‌كه‌م وڵاتی پاڵپشت له‌دروست بوونی كۆمه‌ڵه‌.

 

 

تازە کۆمەڵەی مارکسی - لینینی - ئەندێشەی ماوتسیتۆن دروست دەبێ، زۆر مەبەستیان دەبێ پەیوەندی لەگەڵ "پارتی کۆمۆنیستی چینی" دا دروست بکەن.

 

بۆ ئەو مەبەستە ئەم ( مام جەلال) و شەهابی شێخ نوری پەیوەندی بە سەفارەتی کۆماری چینی میللیەوە دەکەن لە بەغدا. ئەوکات چین پەیوەندیەکی بەهێزی لەگەڵ عێراقدا دەبێ.

 

لەوێ لەگەڵ بەرپرسی پەیوەندیەکانی پارتی کۆمۆنیستی چینیدا قسە دەکەن. باسی دروست بوونی کۆمەڵەیان بۆ دەکەن. هەڵبەتە ئەوانیش بیرۆکەی دروستبوونی ڕێکخراوێکی ماوییان لە عێراقدا زۆر پێ خۆش دەبێت.

بەڵام ئەوترسەیان دەبێ کە ئەگەر پەیوەندی لەگەڵ ئەو ڕێکخراوەدا ببەستن و حکومەتی عێراقی پێی بزانێ، زیان بە پەیوەندیە دیبلۆماسی و سیاسی و ئابوریەکانیان بگەیەنێ.

،،

بۆ ئه‌وه‌ی چین دۆستایه‌تیان قبوڵ بكات، به‌هه‌موو مه‌رجه‌كانیان ڕازی بوون.

 

 

بۆیە مەرجی دروست بوونی ئەو پەیوەندیە دەبەستنەوە بەوەی کە جگە لەو دوو کەسە نابێ هیچ کەسێکی تر لە ناو سەرکردایەتی کۆمەڵەدا، بەو پەیوەندیە بزانێ. دوای ئەوەی لایەنی چینی دڵنیا دەکەنەوە لەوەی کە ئەمان ڕێکخراوێکی تازە دروست بووی نهێنین و نهێنی پاراستن و دیسپلن، لە ناویاندا لە باڵاترین ئاستدایە، چینیەکان ڕەزامەندی لەسەر دروستکردنی ئەو پەیوەندیە دەر دەبڕن. هەڵبەتە ئەو پەیوەندیە دوای چەند جارێک لە هاتوو چۆ دروست دەبێ.

 

دواتر مام جەلال و شەهابی شێخ نوری داوایان لێ دەکەن کە سەفەرێکی چینیان بۆ ڕێکخەن، تا چاویان بە (سەرۆک ماو) و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی پارتی کۆمۆنیستی چینی بکەوێ و هەمیش لە نزیکەوە ئەو گەشە سەندنە زۆرەی کۆماری چینی میللی ببینن کە لەسەر دەستی (سەرۆک ماو)دا ڕوویداوە.

 

 

چین، خاوه‌نشارستانیه‌تی دێرین

 چینیەکان گفتی ئەوەیان پێ دەدەن کە ئەو داوایەیان لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی پارتەکەیاندا باس بکەن و لە ئەنجامەکەشی ئاگاداریان بکەنەوە. بەڵام دیسان جەخت لەسەر مەرجەکەی خۆیان دەکەنەوە، کە جگە لەو دوو کەسە، هیچ کەسێکی تر بەو پەیوەندیە و بەو داوای سەفەرەش نەزانێ. ئەوان جارێکی کەش بەڵێن دووبارە دەکەنەوە کە لەو دوانە بەولاوە، هیچ کەسێکی تر لە ناو سەرکردایەتی کۆمەڵەدا، ئاگادار نین و نابن.

 

یەک دوو هەفتە دواتر لە لایەن سەفارەتەوە ئاگادار دەکرێنەوە کە سەردانی سەفارەت بکەن و پەساپۆرتەکانیشیان لەگەڵ خۆیاندا بەرن. پەساپۆرتەکانیان بۆ ڤیزە لێدان تەسلیم بە سەفارەت دەکەن، دووبارە جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە کەس بەو پەیوەندیە نەزانێ. هەر بۆ جدیەتی خۆیشیان لەسەر ئەو مەسەلەیە، هەڕەشەی ئەوە لە مام جەلال و شەهابی شێخ نوری دەکەن کە ئەگەر یەک تاکە کەسیش بەو پەیوەندیە بزانێ، دەست بە جێ پەیوەندیەکە کۆتایی پێ دێنن.

 

،،

فه‌ره‌یدون عبدوالقادر خۆی وه‌ك دامه‌زرێنه‌رێكی كۆمه‌ڵه‌ ناساندووه‌.!

 

 

 

ئەمان جارێکی تریش چینیەکان لە بە نهێنی پاراستنی ئەو پەیوەندی و ئەو سەفەرەش کە لەسەر ڕێی ئەنجامدانە، دڵنیا دەکەنەوە. چینیەکان دڵنیا دەکەنەوە، بەڵام ئەمان وەک ئەوەی بڕوایان بە ڕابەرایەتی کۆمەڵە هەیە، ناتوانن هیچ شتێک لە سەرکردایەتیەکەی خۆیان بشارنەوە، هەر لەسەرەتاوە هەر هەنگاوێکیان ناوە، ئەندامەکانی تری سەرکردایەتیەکەی خۆیان ئاگادار کردووەتەوە و لەسەر هەموو شتێکیش ڕاو بۆچوونیان وەگرتوون.

 

بەردەوامیش جەخت لەو مەرجانەی چینیەکان کراوەتەوە، کە لەم دوو کەسە بەولاوە، کەسێک ئاگاداری هیچ شتێک نیە. هەموو جارێکیش وەک چۆن ئەمان چینیەکان لەو مەسەلەیە دڵنیا دەکەنەوە، برادەرەکانی خۆیشیان ئەوان دڵنیا دەکەنەوە.

 

دواتر، ئەمان لە چاوەڕوانی سەفەری ئەفسوناوی خۆیاندان بۆ وڵاتی چین کە سەفارەت داوایان دەکات، ئەو رۆژە لە بەر ئەوەی لەو کاتەدا شەهابی شێخ نوری بەردەست نابێ، مام جەلال بە خەیاڵی وەرگرتنەوەی پاسەپۆرتی فیزا لێدراو بەتەنیا سەردانی سەفارەت دەکات. هەر کە مام جەلال دەگاتە سەفارەت پێی دەڵێن:

 

 

جلال تاڵه‌بانی كه‌سی یه‌كه‌می به‌ره‌ی كوردستانی به‌رامبه‌ر چین بۆ وه‌رگرتنی ئه‌زمونی وڵاتی چین

 "لەبەرئەوەی ئێوە ئەهلی پاراستنی نهێنی نین و بەکەڵکی پەیوەندی ئێمە نایەن، لەم ساتەشەوە، وا بزانن کە ئێوە نە ئێمەتان دیوە و نە هیچ پەیوەندیەکیش لە نێوانماندا ڕوویداوە."

 

کە مام جەلال پێداگری لەسەر هۆکاری ئەو مەسەلەیە دەکات، پێی دەڵێن: کەسێک لە برادەرانی ئیوە بەناوی (فەرەیدوون)ەوە، هاتووە و خۆی وەک دامەزرێنەر و ئەندامی سەرکردایەتی کۆمەڵە ناساندووە، داوای کردووە کە ڤیزا بخرێتە سەر پاسپۆرتەکەی ئەویش و ناویشی بخرێتە پاڵ دوو ناوەکەی ترەوە (مام جەلا و شەهابی شێخ نوری) بۆ ئەو سەفەرەی بەتەمان بۆ چینی بکەن.

 

فه‌ره‌یدوت عبدالقادر، له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی پێشووی هه‌رێمی كوردستان

 

 

مام جەلال، ڕووداوێکی تری هاوشێوەی لەسەر هەوڵی دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ میسردا گێڕاویەو، کە هەمان کارەکتەر، ئەویشی بە هەڵوەشانەوە داوە!

 

# سەرچاوە: کتێبی "ئەو ڕۆژانەی نیشتیمان هی هەموان بوو -  هه‌ڤاڵ كوێستانى -  " ل ۹۳ - ۹٥.

 

author photo

 بەکالۆریۆس لە زمانی کوردی، ئەزمونی شەش ساڵ کاری ڕۆژنامەوانی لە میدیای نوسرا و بیستراودا