پزیشكێك لەپشت دامەزراندنی ڕێكخراوی داعشەوە

پزیشكێك لەپشت دامەزراندنی ڕێكخراوی داعشەوە

1898 خوێندراوەتەوە


كیفاح حسێن.. یەكێك لە پلانداڕێژەرانی داعش
كیفاح حسێن وەزیری تەندروستی رێكخراوی " داعش" كە ئێستا لە گرتوخانەیەكی توركیادایە بە هێمنی و متمانەبەخۆبوون چیرۆكی رۆڵی خۆی لە دامەزراندن و گەشەپێدانی رێكخراوی "داعش" دەگێڕێتەوە و باس لەو چەند ساڵە دەكات كە رێكخراوی قاعیدە لە عێراقدا خۆی حەشارداوە و دواتر وەك رێكخراوی " داعش" دەركەوتەوە..


كیفاح لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ تۆڕی ( CNN) ئەمریكیدا دەڵێت كە ئەو " چەكدارێكی مەیدانی نەبووە، بەڵكو كەسێك بووە كە پەیكەری رێكخراوەیی داعشی داناوە و زیرەك بووە لە خۆحەشاردان و هاوكاربووە لە گەشەكردنی داعش لەم چەند ساڵەی دواییدا".


كیفاح كە مانگی رابردوو لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی توركیاوە دەستگیركرا لە چاوپێكەوتنێكیدا تایبەتدا لەگەڵ ( CNN) دا دەڵێت شەش مانگ لەمەوبەر رێكخراوی داعشی بەجێهێشتووە، ئەو ئێستا لە زینداندایە و چاوەڕوانی دادگاییكردنە لەسەر چەند تۆمەتێك كە هێشتا ئاشكرانەكراون.


كیفاح حسێنی 39 ساڵ پزیشكی راهێنراوی چارەسەری نەخۆشی رۆماتیزم بووە و بۆ ماوەی نزیكەی 15 ساڵ لە ریزەكانی قاعیدە و داعشدا خزمەتی كردوووە و زۆرینەی كات خۆی بەدوورگرتووە لە چاوی هەواڵگری و سوپای ئەمریكا و حكومەتی عێراق.


،،

كیفاح حسێنی 39 ساڵ پزیشكی راهێنراوی چارەسەری نەخۆشی رۆماتیزم بووە و بۆ ماوەی نزیكەی 15 ساڵ لە ریزەكانی قاعیدە و داعشدا خزمەتی كردوووە و زۆرینەی كات خۆی بەدوورگرتووە لە چاوی هەواڵگری و سوپای ئەمریكا و حكومەتی عێراق.

 

داگیركردنی عێراق لەلایەن ئەمریكاوە
كیفاح حسێن لە شارۆچكەی تەلەعفەر كە زۆرینەی دانیشتوانەكەی توركمانن لە پارێزگای نەینەوا گەورەبووە كە دەكەوێتە سەر رێگای سەرەكی نێوان موسڵ و سنوری عێراق لەگەڵ سوریا، ئەو كەسانەی كە لە سەردەمی قۆناغی خوێندنی ئامادەییدا ناسیاویانە بە " زیرەك" و " حەزكردن لە ركابەریكردن" وەسفیدەكەن وەك هەموو هەرزەكارێكی تر كە چەندین هیواو ئومێدی گەورەی هەیە و دواتر كیفاح هەوڵیداوە دوای دەرچوونی لە ئامادەیی بچێتە شارەێكی گەورە.


كیفاح ساڵی 2003 و لەكاتی هێرشی ئەمریكا بۆسەر عێراق لە بواری پزیشكیدا سەرقاڵی خوێندن و مەشق و راهێنان بووە و ئەوەش كاریگەری كردوەتەسەر، بە گوێرەی زانیاری یەكێك لە دراوسێكانیان لە تەلەعفەر خێزانی كیفاح لە حەفتاكاندا مەزهەبی خۆیان گۆڕیوە و لە شیعەوە بونەتە سوننە و بوون بە سەلەفی و دوای شەڕی ئەفغانستان و كەوتنی رژێمەكەی سەدام رق و توڕەییان بەرامبەر ئەمریكا زیادیكردووە و هەركاتێك كەسێكی رژێمەكەی سەدام حسێن كەوتبێتە داوی هێزەكانی ئەمریكاوە رق و توڕەیی كیفاحیش زیاتر بووە.


دراوسێكەی كیفاح دەڵێت " خێزانەكە هەموویان كاردانەوەی توندیان هەبوو " و وتیشی " كاتێك هاتنەوە بۆ تەلەعفەر كیفاح لەگەڵ یەكەمین گروپدا بوو كە لەدژی ئەمریكییەكان دەجەنگان و ماڵەكەشیان یەكێك بوو لە یەكەمین ئەو ماڵانەی كە پلانی ئۆپەراسیۆنی تێدا دادەڕێژرا دژ بە ئەمریكییەكان".


كیفاح دەڵێت ساڵی 2004 چووتە ریزی گروپی " تەوحید و جیهاد" ەوە ئەو گروپەی كە كە ئەبوموسعەب زەرقاوی سەرۆكایەتی دەكرد بە ئایدۆلۆجیای رێكخراوی قاعیدە لە عێراق و هاوشێوەی زەرقاویش كیفاح هەمان ئایدۆلۆژیای تەبەنی كرد.


كیفاح لە لێدوانیدا بۆ CNN وتی" بە چاوی خۆمان چەند روداوێكمان بینی و كردەوەی دەستدرێژی سێكسی و كوشتن و گەندەڵی و دزیمان لە ئەمریكییەكان بینی".
كیفاح دەشڵێت لە بواری پزیشكی و خزمەتگوزاری تەندروستیدا هاوكاری ئەو گروپە جیهادییە توندەڕەوەی كردوووە و بە تێپەڕینی كاتیش رۆڵەكەی زۆر بە بایەخ بوو لە عێراق و سوریا كاتێك بزوتنەوەی " تەوحید و جیهاد" بەرەبەرە بووە بە رێكخراوی " دەوڵەتی ئیسلامی".


لە ساڵی 2007 بۆ 2008 كاتێك شەڕی قورس لە نێوان هۆزە سونییەكان و رێكخراوی قاعیدەدا لە ئارادا بوو كیفاح دەڵێت ئەوە یەكەمجاری بووە رووبەڕووی دەسەڵاتداران ببێتەوە ، بەوتەی یەكێك لە پسپۆرانی بواری رێكخراوی " داعش" بە تۆمەتی پەیوەندی بە قاعیدەوە دەستگیركراوە و دوای ماوەیەك زیندانیكردن ئازادكراوە و هیچ مامەڵەیەكی خراپیشی لەگەڵدا نەكراوە.


كیفاح لە وەڵامدانەوەیدا زۆر رون و ئاشكرا قسەی نەدەكرد و وتی " ئەو كاتە چەند كێشەیەكی ئەمنیم هەبوو، بەڵام هیچ شتێكیان بەرامبەرم نەكرد و منیش ناونیشانی خۆمم گۆڕی " لە وەڵامی ئەوەشدا كە ئەگەر لەلایەن هێزەكانی ئەمریكاوە دەستگیربكرایەو وتی " دەكرا ئەوە ببوایە".


لەگەڵ زیاتر بوونی دژایەتیكردنی بوونی هێزەكانی ئەمریكا و بەرزبوونەوەی چالاكی چەكدارە توندڕەوەكان و هاتنەناوەوەی داعش كیفاح وەك پزیشكێك لە نەخۆشخانەی " ئیبن سینا " لە موسڵ كاریدەكرد و یەكێك لە پزیشكەكان كە لەو سەردەمەدا كاری لەگەڵدا كردووە بە كەسایەتییەكی نامۆ و دوورەپەرێز وەسفیدەكات و كاتێكیش لە ساڵی 2014 لە رێكخراوی " داعش" درا كیفاح لە تاریكی هاتەدەرەوە و لەو بارەیەوە دەڵێت " ئێمە شانەی نوستو نەبووین، بەڵام بەهۆكاری ئەمنیی بەشداری شەڕەكانمان نەدەكرد".

 

،،

كەسانی وەك ئەو نازناوی سندوقی رەشی داعشیان لێنراوە، چونكە پەیوەندی سەرەكی و راستەوخۆیان لەگەڵ سەركردەی باڵادا هەبوو، لەوانەیە لینكی راستەوخۆیان نەبێت، بەڵام زانیاری گرنگیان لایە، ئەوان راهێنروان لەسەر كوشتن بەرامبەر بە ئاشكرانەكردنی هەموو ئەوەی دەیزانن

 

 
بازرگانیكردن بە مرۆڤ و خوێن دەرهێنان
لەگەڵ كۆنترۆڵكردنی موسڵ لەلایەن داعشەوە پزیشكێكی نەخۆشخانەكە وتەیەكی كیفاحی بەبیردێتەوە كە دەڵێت" هەڵاتنی هەر پزیشكێك بە واتای لە سێدارەدانی دێت".


هیشام هاشمی یەكێك لە دیارترین پسپۆرەكانی تایبەت بە " داعش" لە عێراق دەڵێت پێدەچێت كیفاح لە نەخۆشخانەكەی ترسناكترین چالاكییەكانی داعشی بینیبێت ، بۆ نمونە بۆ دەوڵەمەندكردنی بانكی خوێن، خوێن لەو كەسانە وەردەگیرا كە داعش دەیكوشتن و هەندێك جاریش گورچیلەكانیان دەردەهێنان و هاشمی دەڵێت ئەو زانیاریانەی لە لایەن كەسانێكەوە دەستكەوتووە كە لە گرتوخانەكانی داعشدا بوون.


هاشمی دەڵێت" خوێنیان بۆ خۆیان بەكارهێناوە، ئەگەر پێویستیان پێی بوبێت و كە خوێنیشیان لە زیندانییەكان دەردەهێنا چەند هەفتەیەك پێش لەسێدارەدانیان بۆئەوە بوو بێهێزیان بكەن و ئەگەری هەڵگەڕانەوەیان كەمبكەنەوە، بەڵام گورچیلەكانیان بۆ فرۆشتن دەردەهێنا".


چەند سەرچاوەكیش بۆ CNN ی ئاشكرادەكەن كە ئەو جۆرە كردەوانەی داعشیان بیستوە بەڵام بەڵگەی یەكلاكەرەوەیان لەلا نیە بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت كە ئەوە رویداوە و بەرپرسێكی پێشوو لە پارێزگای نەینەواش دەڵێت هەندێك لە تەرمەكانی كە لە پزیشكی داد بوون وادەردەكەوت كە گورچیلەیان لێ‌ دەرهێنرابێت.
سی َ ئێن ئێن لە چاوپێكەوتنیدا لەگەڵ كیفاح حسێن هیچ زانیارییەكی دەربارەی ئەم كردەوانەی داعش دەستنەكەوت و رێگەشی پێنەدرا دوای ئەم دەنگۆیانە چاوپێكەوتنی لەگەڵدا بكەنەوە.

 
پەیوەندی لەگەڵ رێكخراوی " داعش"
دوای دوو هەفتە لە كۆنترۆڵكردنی موسڵ لەلایەن داعشەوە كیفاح ژنی یەكەمی بەجێدەهێڵێت و بەوتەی یەكێك لە كەسە نزیكەكانی لە موسڵ لە ترسی بۆ ئەوە بووە لە دەست هێزە ئەمنییەكان هەڵبێت و بەردەوامیش پەیوەندی بە ژنەكەیەوە كردووە و پەیامی بۆ ناردوەو هەڕەشەی رفاندنی لێكردوە ، ئەمەش بەوتەی كەسێكی نزیكی كە نامەكانی كیفاحی بە ژنەكەی گەیاندووە.


كیفاح ژنی دووەم دەهێنێت كە كچی یەكێك لە بەرپرسەكانی رێكخراوی " داعش"ە و ئەویش پزیشكە و خاوەنی دەسەڵاتێكی زۆرە و یەكێك لە كادرە ژنە دیارەكانی ناو "داعش" بڕواش وایە كە ئەو ژنە پزیشكە یەكێك بێت لەو كۆمەڵە پزیشكەی ئەركی چارەسەركردنی ئەبوبەكر بەغدادیی سەرۆكی ریكخراوەكەی لە ئەستۆدا بێت دوای برینداربوونی لە ساڵی 2015دا.


هەرچەندە كیفاح جەختدەكاتەوە لەسەر ئەو ژنەی و منداڵیشی لێ خستوەتەوە، بەڵام رەتیكردەوە وەڵامی هیچ پرسیارێك بداتەوە دەربارەی خێزانەكەی و تەنها وتی " ئەوان هەن".


هیشام هاشمی دەڵێت كیفاح حسێن راستەوخۆ لینكی پەیوەندی لەگەڵ ئەبوبەكر بەغدادییدا نەبووە، بەڵام ژنی دووەمی ئەوەی هەبووە و وتیشی " كەسانی وەك ئەو نازناوی سندوقی رەشی داعشیان لێنراوە، چونكە پەیوەندی سەرەكی و راستەوخۆیان لەگەڵ سەركردەی باڵادا هەبوو، لەوانەیە لینكی راستەوخۆیان نەبێت، بەڵام زانیاری گرنگیان لایە، ئەوان راهێنروان لەسەر كوشتن بەرامبەر بە ئاشكرانەكردنی هەموو ئەوەی دەیزانن".


هاشمی وتیشی " ئەو كەسانە كەسانی بنەڕەتین لەبەر سێ‌ هۆكار: ئەوان لەناو لیستی چاودێریكردنی تیرۆریستاندا دانەنراون، خاوەنی كاریزما و سەرنجڕاكێشانی خەڵكیان هەیە، و دڵسۆزی تەواوەتیشیان بۆ بنەماكانی خەلافەت هەیە".


پزیشكێك لە دێرزوریش دەەڵێت لە كۆتایی بەهاری 2016دا كیفاح حسێنی بینیوە و كیفاح سەرۆكایەتی لیژنەیەكی كردووە كە لەلایەن ئەبوبەكر بەغدادییەوە هەڵبژێردراوە و بەرپرس بووە لە بونیادنانی نەخۆشخانەیەك لە گوندێكی بچوكی ناوچەی كەسرەی سوریا لە نێوان رەققە و دێر زوردا و دەڵێت" بڕوام وایە كە ئەوان ناوچەی كەسرەیان دیاریكردبووە چونكە دەیانویست زۆرترین توانایان هەبێت بۆ ئەوەی چارەسەر بۆ ئەندامە دیارەكانی رێكخراوی داعش بكەن و گوێشم لێیان بوو كە باڵاخانەكەیان زۆر باش بونیادنابوو و باشترین ئامێر و كەلوپەلیشیان بۆ دابینكردبوو".

،،

كیفاح ئاشكرایكرد دوای زیاتربوونی شەڕ و كوشتار مەیادینی بەجێهێشتووە و لە رێگەی گرێ سپییەوە لە رۆژئاوای كوردستان كە لە ژێر دەستی هێزەكانی یەپەگەدایە چووەتە ناو توركیا، بەڵام رەتیكردەوە ئەو رێگا ئاشكرابكات كە لێیەوە هەڵاتووە بۆ توركیا.

  


روخساری پەشیمانی پێوە دیارنەبوو
لە میانی چاوپێكەوتنەكەدا ئاشكرابوو كە كیفاح حسێن زۆر بە وریاییەوە زانیاری ئاشكرادەكرد و ئارەزووی نەدەكرد زانیارییەكان لە زمانی ئەوە بڵاوببنەوە، بەڵام لە هەمانكاتیشدا خۆی وای نیشاندەدات كە هاوكارە، و هەندێك جار لە وەڵامدانەوەی چەند پرسیارێكدا داوای لێبوردنی دەكرد و دوای زنجیرەیەك وەڵامدانەوەی چەند پرسیارێك بە " كۆمێنتم نییە" وتی" هەروەك دەزانن پێویستە من بچە بەردەم دادگا".


كیفاح حسێن دوای كوژرانی وەزیری تەندروستی داعش لە تەقینەوەیەكدا لە موسڵ، دەبێتە وەزیری تەندروستی رێكخراوەكە بەوتەی خۆی، كاتێكیش داعش موسڵ لەدەستدەدات هاوشێوەی كەرتەكانی تری داعش ناوەندی كارەكانی دەباتە سوریا و لە نێوان رەققە و دێرزوردا دێت و دەچێت وەك بەرگریكردنیش لە پۆستەكەی وتی " تەنها خزمەتی ئەندامەكانی داعشمان نەدەكرد، بەڵكو خزمەتگوزاریمان پێشكەشی هاوڵاتیانی مەدەنیش دەكرد، بەتایبەتی هەژارەكانی ئەو ناوچانە ".


كیفاح پەشیمان نییە لە بڕوابوونی بە بیروراكانی زەرقاوی و بیروڕا زیاتر توندەكانی كە داعش بۆ شەریعەتی ئیسلامی هەیبوون، بەڵام ئاماژەبەوەدەدا كە رێكخراوی داعشی بەجێهێشتووە دوای ئەوەی ئەو رێكخراوی " لە رێگای راست" لایداوەو وتی" ئەوە رێگا راستەكەیە بۆ ئەوەی داوا لە خەڵك بكەیت پابەندی شەریعەت بن، بەڵێ‌ بڕوام بەوە هەیە، كاری زۆر رویاندا كە خەلیفەی لە رێگا راستەكە لادا". وتیشی " بەڵام هەمیشە بیرمدەكردەوە هاوكاری پزیشكی پێشكەش بكەم، بە تایبەتی لە كاروباری ئیداریدا، لەبەرئەوە لە بەجێهێشتیان كەمێك دواكەوتم".


هاوڵاتییەكی سوری كە بە وێنەكەیدا كیفاحی ناسیەوە رایگەیاند لە شاری مەیادینی دێرزور لە حوزەیرانی 2017دا ئەوی بەناوی دكتۆر عومەر ناسیوە، كیفاحیش ئاشكرایكرد دوای زیاتربوونی شەڕ و كوشتار مەیادینی بەجێهێشتووە و لە رێگەی گرێ سپییەوە لە رۆژئاوای كوردستان كە لە ژێر دەستی هێزەكانی یەپەگەدایە چووەتە ناو توركیا، بەڵام رەتیكردەوە ئەو رێگا ئاشكرابكات كە لێیەوە هەڵاتووە بۆ توركیا.


كیفاح ئاشكراشیكرد دوای مانەوەی بۆ چەند مانگێك لە سوریا ناسنامەی وەك پەنابەری سوری بەدەستهێناوە، بەڵام لە رێگەیدا بەرەو ئیستانبوڵ لە خاڵێكی پشكنین رادەگیرێت و هەر ئەو كاتەش كەسێكی عێراقی لەگەڵدا رادەگیرێت و دەسەڵاتدارانی توركیا بۆیان ئاشكرادەبێت كە ئەوەش لەژێر فەرمانی كیفاحدایە و لە هەمان رۆژدا دەسەڵاتدارانی توركیا شەش ئەندامی رێكخراوی داعش دەستگیردەكەن كە هۆڵەندییەك و بەریتانییەكیان تێدایە و لە ناوی لیستی سوردان و لەسەر ئەو بنەمایەش یاداشتی دەستگیركردنی نێودەوڵەتییان بۆ دەركراوەو دەسەڵاتدارانی توركیا لێكۆڵینەوەی رۆیتنی لە سەدان گومالێكراو دەكەن هەر لە چەكدارێكی ئاساییەوە تا رێكخرەی پرۆسە لۆجیستییەكان و هەتا پیاوانی وەك كیفاح حسێن كە پلانداڕێژەری رێكخراوەكە بووە.


كیفاح دەڵێت پێشبینی نەكردووە رێكخراوی داعش" خەلافەت" لە دەستبدات و وتی " لە رووی سەربازییەوە شكاین ئەمه مانای ئەوە دەگەیەنێت كە كە داعش كەسی دیاری نەماوە و بارەگای تایبەت بە خۆیان نەماوە ، بەڵام داعش لە هەموو عێراق و سوریا هەیە".

سەرچاوە cnn ی عەرەبی

 

author photo

بەكالۆریۆس لە زمانی عەرەبی

رۆژنامەنوس

ئەزمونی 10 ساڵ كاركردن لە راگەیاندندا