توركیا، سیسته‌می موشه‌كی ڕوسیا هەڵدەبژێرێت یان سزای ئه‌مریكا؟

توركیا، سیسته‌می موشه‌كی ڕوسیا هەڵدەبژێرێت یان سزای ئه‌مریكا؟

460 خوێندراوەتەوە

 توركیا ئێستا له‌به‌رده‌م دوو ڕییانی ته‌واو كردنی ڕێكه‌وتنی كڕینی سیسته‌می موشه‌كی S400 ی ڕوسی و ناڕه‌زایی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانێتی ئه‌تڵه‌سیدایه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ ئه‌نكه‌ره‌ و مۆسكۆ له‌سه‌ر دۆخی سوریا ناكۆكی زۆریان هه‌یه‌، له‌ ناو ئه‌و هه‌موو گێژاوه‌دا توركیا چۆن خۆی ڕزگار ده‌كات؟كه‌ به‌شێوه‌یه‌ك بێت په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئه‌و دوو وڵاته‌ زلهێزه‌ به‌باشی بهێڵێته‌وه‌ و به‌رژه‌وه‌ندییه‌ سه‌ربازی وئابووری سیاسیه‌كانیی خۆشی بپارێزێت.

 

،،

توركیا، لەسزاكانی ئەمریكا دەترسێت.!

 

 

 له‌ ئه‌نكه‌ره‌ ڕۆژ به‌ ڕۆژ ترسی سه‌پاندنی سزای ئه‌مریكا به‌سه‌ر توركیادا زیاد ده‌كات، هۆكاری ئه‌م ترسه‌ش بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌ ئه‌وروپیه‌كانی ناڕازین له‌ كڕینی سیسته‌می موشه‌كی ڕوسیا له‌لایه‌ن توركیاوه‌.

 هه‌رچه‌نده‌ به‌رپرسانی توركیا به‌ئاشكرا ده‌ڵێن پاشگه‌ز نابنه‌وه‌ له‌ ڕێكه‌وتنامه‌كه‌ و چۆن پلانی بۆ دانراوه‌ به‌و شێوه‌یه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێت، به‌ڵام ترسی زۆریان له‌ سزاكانی ئه‌مریكا هه‌یه‌، چونكه‌ به‌ جێبه‌جێ كردنی ڕێكه‌وتنامه‌كه‌ سزاكانی ئه‌مریكا ڕاسته‌وخۆ به‌سه‌ر ئه‌و وڵاته‌دا ده‌سه‌پێنرێن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كێشه‌كه‌ی ئاڵۆزتر كردووه‌ بۆ به‌رپرسانی توركیا ،ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كه‌متر له‌ مانگێكی ماوه‌ بۆ ڕاده‌ستكردنی سیته‌می S400ی ڕوسی به‌ توركیا. 

 

،،

ئەردۆغان نیگەرانە، لەهاوكاری نەكردنی سەربازی وڵاتەكەی، لەلایەن ئەمریكاوە.

 

هه‌روه‌ها هاوكاتیشه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژادنه‌ دووباره‌بووه‌كه‌ی شاره‌وانی ئه‌سته‌نبوڵ، بۆیه‌ ترسی به‌رپرسانی توركیا ڕۆژ به‌ ڕۆژ زیاد ده‌كات، چونكه‌ سزاكانی ئه‌مریكا ته‌نها به‌ سزای ئابووری و سیاسی ناوه‌ستێت، به‌ڵكو یه‌كه‌م سزا بۆ سه‌ر سوپای توركیا ده‌بێت، دواتریش ئه‌م سزایانه‌ كار ده‌كه‌نه‌ سه‌ر ده‌نگه‌كانی ئه‌كه‌په‌.

 گه‌ر توركیا سوربێت له‌سه‌ر كڕینی سیسته‌می S400، ئه‌وا ئه‌مریكا فڕۆكه‌ی ئێف 35 و موشه‌كی پاتریۆت به‌ توركیا نادات، بۆیه‌ ترسی سزاكانی ئه‌مریكا گه‌یشتۆته‌ ئاستێكی زۆر به‌رز.

  ته‌نانه‌ت ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگانی سه‌رۆك كۆماری توركیا نیگه‌رانی خۆی له‌و باره‌یه‌وه‌ نه‌شاردۆته‌وه‌، كه‌ ئه‌مریكا چیتر موشه‌كی پێشكه‌وتی پاتریۆت و فرۆكه‌ی ئێف 35 به‌ توركیا نافرۆشێت.

 

 

سێ سەركردە، كاریگەرەكەی جیهان

 

 بۆیه‌ به‌رپرسانی پله‌ باڵای توركیا ناڕازین له‌ ته‌واو كردنی ڕێكه‌وتنامه‌كه‌ و ده‌یانه‌وێت به‌لانی كه‌مه‌وه‌ یه‌م كانگ كاته‌كه‌ی دوابخربَت،ئه‌مه‌شیان به‌ خودی ئه‌ردۆگان وتووه‌،چونكه‌ سزاكان ته‌نها ئه‌مریكا نایسه‌پێنێت، به‌ڵكو وڵاتانی هاوپه‌یمانی ئه‌تڵه‌س ناسراو به‌ (ناتۆ) هه‌مان سزا به‌سه‌ر سوپای ئه‌و وڵاته‌دا ده‌سه‌پێنن.

  بیانووی ئه‌مریكا بۆ ناڕازی بوونی له‌ ڕێكه‌وتنی روسیا توركیا ئه‌وه‌یه‌، كه‌ سیسته‌می S400 یه‌كانگیر نیه‌ له‌گه‌ڵ تۆِری به‌رگری هاوپه‌یمانی ئه‌تڵه‌سی،چونكه‌ ئه‌و سیسته‌مه‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌ له‌سه‌ر فڕۆكه‌ی ئیف 35 كه‌ توركیا ده‌یه‌وێت به‌ده‌ستی بهێنێت.

  ئامانجی ئه‌مریكا له‌م بیانووه‌ی ئه‌وه‌یه‌، كه‌ ده‌یه‌وێت له‌لایه‌ك وڵاتانی هاوپه‌یمانی ئه‌تڵه‌سی دژی توركیا هانبدات و له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ به‌ توركیا بڵێت تۆ چۆن داوای فڕۆكه‌یه‌ك ده‌كه‌یت كه‌ سیسته‌مه‌ ڕوسیه‌كه‌ ده‌توانێت تێكیبشكێنێت.

 

،،

توركیا، دڵنیایی دەدات، كڕینی چەكی ڕوسی، كاریگەری نەرێنی لەسەر هاوپەیمانێتی باكوری ئەتڵەسی(ناتۆ) ناهێنێت.

 

  بۆیه‌ گه‌ر توركیا سیسته‌می S400ی ڕوسیا بكڕێت،ئه‌وا به‌ ته‌نها ئه‌مریكا له‌ ده‌ست نادات، به‌ڵكو وڵاتانی هاوپه‌یمانی ئه‌تڵه‌سیش له‌ده‌ستده‌دات، بۆ ئه‌مه‌ش وته‌ی به‌رپرسێكی باڵای یه‌كێتی ئه‌وروپا ده‌هێنینه‌وه‌ كه‌ بۆ ڕۆیته‌رز وتویه‌تی:" ئێمه‌ توركیا ناچار ناكه‌ین پاشگه‌ز ببێته‌وه‌، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وا بزانن كڕینی سیسته‌مه‌كه‌ زۆر زیاتر له‌سه‌ر توركیا ده‌كه‌وێت وه‌ك ئه‌وه‌ی پێشبینیان كردووه‌،چونكه‌ ڕێكه‌وتنی ڕوسیا و توركیا كاریگه‌ری نه‌رێنی ده‌بێت له‌سه‌ر كاری هه‌واڵگری له‌ نێوان وڵاتانی هاوپه‌یمانێتی ئه‌تڵه‌سی و توركیادا.

 

  ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی كاریش ده‌كاته‌ سه‌ر ڕێكه‌وتنامه‌ به‌رگریه‌كانی دیكه‌ش". به‌رپرسانی توركیا ده‌ڵێن: كڕینی سیسته‌مه‌كه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نابێته‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌سه‌ر هاوپه‌یمانه‌كانی له‌ ناتۆ،به‌ڵام ناتۆ باوه‌ڕی به‌م قسه‌یه‌ نیه‌، چونكه‌ بیانووی ئه‌وان خودی سیسته‌مه‌كه‌یه‌ كه‌ ڕوسیه‌، نه‌ك هه‌ڕه‌شه‌كانی سیسته‌مه‌كه‌.

 

 

 

 كاتی ڕاده‌ستكردنی سیسته‌می S400 مانگی ته‌موزه‌، به‌ڵام به‌رپرسانی توركیا پێشتر چه‌ند جارێك داویان كردوه‌، كاته‌كه‌ی بۆ مانگی حوزه‌یران پێشبخرێت،به‌ڵام خلوسی ئاكار وه‌زیری به‌رگری توركیا هه‌فته‌ی پێشوو بۆ یه‌كه‌م جار ئه‌وه‌ی ئاشكرا كرد، كه‌ له‌وه‌یه‌ ڕێكه‌وتنه‌كه‌ دوابخرێت، چونكه‌ روسیا و توركیا هێشتا له‌سه‌ر چه‌ند ورده‌كارییه‌ك ڕێكنه‌كه‌وتوون و كار له‌سه‌ر ته‌واوی ورده‌كارییه‌كان ده‌كه‌ن.

 له‌لایه‌كی تره‌وه‌ جه‌نگی سوریا كاریگه‌ری خۆی له‌سه‌ر ڕێكه‌وتنامه‌كه‌ جێده‌هێلێت، چونكه‌ هه‌ره‌سهێنانی ڕێكه‌وتنی روسیا و توركیا و ئێران له‌سه‌ر ڕاگرتنی شه‌ر له‌ ئیدلب،له‌گه‌ڵ هێرشی سوپای سوریا بۆ سه‌ر توندڕه‌وه‌كان كاریگه‌ری خۆی جێده‌هێلێت،چونكه‌ روسیا پاڵپشتی سوپای سوریا ده‌كات و توركیاش پاڵپشتی توندڕه‌وه‌كان ده‌كات.

،،

توركیا، دەیەوێت ئەمریكا و ڕوسیا بەیەكەوە لەخۆی ڕازی بكات.

 

  ئا له‌وه‌ كاته‌دا ڕێكه‌وتنی توركیا و ڕوسیاش له‌مپه‌ری دێته‌ به‌رده‌م و كاتێكی زۆریشی ده‌وێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان، به‌تایبه‌ت كه‌ جه‌نگی سوریا دوور مه‌ودایه‌و هیچ ئاسۆسیه‌كیش دیار نیه‌ بۆ كاتی كۆتایی هاتنی جه‌نگه‌كه‌.

 له‌م كاته‌دا كه‌ ئه‌و هه‌موو كێشه‌ ڕووبه‌ڕوی توركیا بۆته‌وه‌، به‌رپرسانی توركیا به‌ دوای ده‌رچه‌یه‌كدا ده‌گه‌ڕێن كه‌ خۆیان له‌و كێشانه‌ بپارێزن،چونكه‌ نایه‌نه‌وێت په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا و ڕوسیا تێكبده‌ن.

 

 

S 400

 

  بۆیه‌ له‌م كاته‌دا كه‌ هه‌ڵبژاردنی دووباره‌ بووه‌وه‌ی شاره‌وانی ئه‌سته‌نبوڵ نزك بۆته‌وه‌ كه‌ 23حوزه‌یرانه‌، به‌رپرسانی توركیا به‌ پێویستی نازانن په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا گرژی تێبكه‌وێت،چونكه‌ هه‌ر گرژییه‌ك به‌ زیانی كه‌رتی ئابووری توركیا ده‌شكێته‌وه‌.

 

،،

ترامپ و ئەردۆغان لەئایندەیەكی نزیكدا، لەژاپۆن كۆدەبنەوە.

 

  ئه‌مه‌ش زیان به‌ ده‌نگه‌كانی ئه‌كه‌په‌ ده‌گه‌یه‌نێت له‌ ئه‌سته‌نبوڵ، بۆیه‌ باشترین بژارده‌ بۆ به‌رپرسانی توركیا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كاتی جێبه‌جێ كردنی ڕێكه‌وتنامه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ ڕوسیا دوابخه‌ن و چاوه‌ڕێی دیداری لوتكه‌ی نێوان دۆناڵد ترامپ و ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان بكه‌ن، كه‌ وابڕیاره‌ له‌ وڵاتی ژاپۆن به‌ڕێوه‌بچێت، له‌وه‌یه‌ ئه‌و دیداره‌ بۆ توركیا زۆر به‌رهه‌مداربێت و لێكتێگه‌یشتنی باش له‌ نێوان ئه‌مریكا و توركیا بهێنێته‌ كایه‌وه‌.

 به‌مه‌ش ناچار نه‌بن له‌ نێوان ڕوسیا و ئه‌مریكا یه‌كیان هه‌ڵبژێرن،له‌مه‌ش زیاتره‌ له‌وه‌یه‌ به‌بێ سزا سیسته‌مه‌ ڕوسیه‌كه‌ بكڕن، یان به‌لانی كه‌مه‌وه‌ ئه‌مریكا ڕازی بكه‌ن قه‌ده‌غه‌ی فرۆشتنی موشه‌كی پاتریۆت فڕۆكه‌ی ئیف 35 نه‌خاته‌ سه‌ر سوپای توركیا.

 

author photo

نوسەر و رۆژنامەنوس

 بروانامەی بەکالۆریۆس لە زمان و ئەدەبی عەرەبی