لاشین ویراسۆ، ئه‌و بوزییه‌ی نازناوی بن لادنی لێنراوه‌

بن لادنێكی تر په‌یدابووه‌

لاشین ویراسۆ، ئه‌و بوزییه‌ی نازناوی بن لادنی لێنراوه‌

526 خوێندراوەتەوە

عه‌لی ڕه‌شید

بن لادنێكی نوێ‌ به‌شێوازی كاركردن و ئایدیای جیاوازه‌وه‌ دروستبووه‌، دڕه‌نده‌یه‌ به‌هه‌موو پێوه‌رێكی مرۆیی و ئه‌خلاقی، دژه‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو یاسا نێو ده‌وڵه‌تییه‌كان.ئه‌و مزگه‌وته‌كان به‌ سه‌ربازگه‌ی دوژمن و موسڵمانان به‌ سه‌گی شێت وه‌سفده‌كات و تۆمه‌تباریان ده‌كات به‌ڕفاندن و ده‌ستدرێژی كردنه‌ سه‌ر ژنانی بۆرما.

 


ماوه‌ی چه‌ند ساڵێك ده‌سه‌ڵاتدارانی میانمار مافی پارێزگاری و چاودێریكردنی " لاشین ویراسۆیان" له‌ئه‌ستۆگرت، ویراسۆ یه‌كێكه‌ له‌و ڕه‌هبانانه‌ی له‌جیهاندا زۆرترین گفتوگۆی له‌باره‌وه‌ ده‌كرێت كه‌به‌ وتاری ئاگرین ناوبانگی ده‌ركردبوو.
به‌ڵام له‌دوای هێرشی سه‌ر ئۆنگ سان سوكی سه‌رۆكی پێشووی ئۆپۆزسیۆنی میانمارو پاڵێورا بۆخه‌ڵاتی نۆبڵ.
لاشین ویراسۆ ساڵی 2003 ده‌ستگیرده‌كرێت و به‌ 25 ساڵ به‌ندكردن سزا ده‌درێت، به‌ڵام ساڵی 2010 به‌لێبوردنی گشتی ئازاد ده‌كرێت.
له‌دوای ئازادبونی له‌زیندان وێڕای ئه‌وه‌ی له‌كاتی دیداره‌ ڕۆژنامه‌نوسییه‌كاندا هێمنی پێوه‌ ده‌بینرا، به‌ڵام وتاره‌كان و دانیشتنه‌ تایبه‌ته‌كانی هه‌مان گوزارشتی بوزیه‌ توندڕه‌وه‌كان بوو به‌رامبه‌ر به‌ به‌كه‌مینه‌ی موسڵمانانی ئه‌و وڵاته‌.


دواتر سه‌رپه‌رشتی هه‌ڵمه‌تێكی كرد له‌پێناو ڕێگریكردن له‌هاوسه‌رگیری كچانی بوزی به‌پیاوه‌ موسڵمانه‌كان، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش دروشمی " مار به‌كه‌م مه‌زانن له‌به‌ر ئه‌وه‌ی لاشه‌ی بچوكه‌ موسڵمانانیش وه‌كو ئه‌وانن".

 

،،

لەڕێگای فەیسبوكەوە چەند بڵاوكراوەیەكی ئاگرینی دژی مسوڵمانان بڵاوكردەوە

قه‌ده‌غه‌كردنی موسڵمانانی ڕاگه‌یاند

ویراسۆ سه‌ره‌تا له‌ڕێگه‌ی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووكه‌وه‌ ده‌ستی به‌بڵاوكردنه‌وه‌ی په‌یامه‌كانی كرد، ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی بریتیبوو له‌وه‌ی ڕۆشنبیری بوزی به‌ره‌و كه‌مبوونه‌وه‌ ئه‌چێت، وه‌ به‌زیادكردنی موسڵمانان ئه‌و ڕۆشنبیرییه‌ نامێنێت.
له‌ساڵی 2018 به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی فه‌یسبووك ویراسۆی خسته‌ لیستی ڕه‌شه‌وه‌ ئه‌ویش دوای ئه‌وه‌ی چه‌ند بڵاوكراوه‌یه‌كی ئاگرینی دژ به‌موسڵمانانی ڕۆهینگا بڵاوكرده‌وه‌، به‌ڵام وه‌ك خۆی وتی به‌رده‌وام ده‌بم له‌ پێگه‌كه‌ جیاوازه‌كانی تره‌وه‌.


دوای فه‌یسبووك، تویته‌ر و یوتیوبی به‌كارهێنا، دوای قه‌ده‌غه‌كردنی سۆشیال میدیا به‌شێوه‌یه‌كی نیمچه‌ گشتی، وڵاتی تایلاندیش وتاره‌كانی ویراسۆی توندڕه‌وی قه‌ده‌غه‌كرد، له‌كاتێكدا ژماره‌یه‌كی به‌رچاو شوێنكه‌وته‌ی بوزیش له‌وڵاته‌دا هه‌یه‌.

،،

ویراسۆ نازناوی (بن لادنی بوزی) لێنرا

 

 

بن لادنی بوزی
دوای به‌رزبونه‌وه‌ی ئازاری موسڵمانانی میانمار كه‌ڕێژه‌ی له‌ 5% ی دانیشتوانی ئه‌و وڵاته‌ پێكده‌هێنن، گۆڤاری تایمی ئه‌مه‌ریكی له‌ساڵی 2013دا وێنه‌یه‌كی ویراسۆی بڵاوكرده‌وه‌ لێی نوسرابوو ،( ده‌موچاوی تیرۆریستی بوزی).
ساڵی 2015 نازناوی (بن لادنی بوزی) لێنراو به‌خێرایی ئه‌م نازناوه‌ بڵاوه‌یكرد و ویراسۆ، یاخود بن لادنی بوزی، به‌گه‌وره‌ترین دوژمنی موسڵمانان دانرا، به‌ڵام خۆی وه‌سفی خۆی واده‌كات كه‌ئه‌و ته‌نها دین و ڕۆشنبیرییه‌كه‌ی ده‌پارێزێت .


ڕاپۆرتی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان
له‌كاتێكدا نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان وه‌فدێك به‌سه‌رۆكایه‌تی یانجهی لی كۆری، ڕه‌وانه‌ی میانمار ده‌كات، ویراسۆ به‌توندی هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر لی و به‌سه‌گه‌ خراپه‌كه‌ پێناسه‌ی ده‌كات.


ڕاپۆرته‌كه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان فه‌رمانده‌ سه‌ربازییه‌كانی میانمار به‌ جینۆسایدی ویلایه‌تی " ڕاخین" تۆمه‌تباركرد، له‌ڕوانگه‌ی ئه‌م ڕاپۆرته‌وه‌ دادگای تاوانی نێوده‌وڵه‌تی لێكۆڵینه‌وه‌ی سه‌ره‌تایی ده‌ستپێكرد.
لای خۆشیه‌وه‌ حكومه‌تی میانمار ڕاپۆرته‌كه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كانی ڕه‌تكرده‌وه‌، هه‌رچی بن لادنی بوزییه‌كانیش بوو هه‌ڵمه‌تێكی فراوانی دژ به‌و ڕاپۆرته‌ ده‌ستپێكردو له‌به‌رده‌م جه‌ماوه‌رێكی زۆری بوزیدا وتی ئه‌و كاته‌ی دادگای نێوده‌وڵه‌تی دێته‌ میانمار ئه‌و كات من چه‌ك دژی دادگاكه‌ هه‌ڵده‌گرم.

،،

ساڵی 2013 سین سینی سه‌رۆكی ئه‌وكاتی میانمار نازناوی كوڕی بوزای به‌خشی به‌ ویراسۆی توندڕه‌و

 

كوڕی بوزا
ویراسۆی توندڕه‌و له‌سه‌ره‌تاكانی ته‌مه‌نیدا په‌یوه‌ندی كرد به‌ڕێكخراوی تیرۆریستی 969، ئه‌م ژماره‌یه‌ لای شوێنكه‌وتوانی لێكدانه‌وه‌ی ئاوای بۆكراوه‌، ژماره‌ 9 یه‌كه‌م ئاماژه‌یه‌ بۆ نیشانه‌ی تایبه‌ت به‌بوزی، وه‌ ژماره‌ 6 نیشانه‌یه‌ بۆ كه‌سایه‌تیه‌ تایبه‌ت و زاناكامی ئاینی بوزی، وه‌ ژماره‌ نۆی كۆتایی واته‌ كۆمه‌ڵه‌ ڕاهیبه‌كانی بوزی.
به‌ڵام له‌ڕاستیدا 969 بزوتنه‌وه‌یه‌كی دژ بوون به‌موسڵمانان و له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ هاوكاری ده‌كران.


ساڵی 2013 سین سینی سه‌رۆكی ئه‌وكاتی میانمار نازناوی كوڕی بوزای به‌خشی به‌ ویراسۆی توندڕه‌و.
له‌ساڵی 2014 ویراسۆ ئه‌بێت به‌سه‌رۆكی ڕێكخراوی ماباسا ( ڕێكخراوی نیشتیمانی بۆرما) وه‌ به‌شێوه‌یه‌كی خێرا له‌وڵاته‌دا ئه‌م ڕێكخراوه‌ بڵاوه‌ ده‌كات، به‌ڵام ساڵی 2017 قه‌ده‌غه‌ ده‌كرێت.


ویراسۆ له‌باره‌گاكه‌ی خۆی له‌ دێرماسووین و كه‌شێكی ئارامدا به‌رده‌وام بوو له‌چالاكی دژ به‌موسڵمانان به‌بێ‌ هیچ گرفتێك.
وه‌ك ماف به‌خۆدان به‌و سته‌مه‌ی بوزییه‌كان به‌رامبه‌ر موسڵمانان ده‌یكه‌ن پێشانگایه‌كی له‌نێو باره‌گاكه‌یدا كردبوه‌وه‌ به‌وته‌ی خۆی وێنه‌ی قوربانیانی ده‌ستی موسڵمانانی تێدا نمایش كردبوو.


له‌ساڵی 2013 و له‌كاتی لێدوانێكیدا بۆ بی بی سی وتی موسڵمانان له‌كاتی بێهێزیاندا به‌جوانی هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كه‌ن، به‌ڵام له‌كاتی به‌هێزیاندا ئه‌بن به‌گورگ و سه‌گ.
هه‌روه‌ها وتی موسڵمانان جگه‌ خۆیان كه‌س له‌ئاستی مرۆڤدا نابینن و هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر مه‌سیحی و هندۆسه‌كان و ئه‌وان دژی هه‌موانن، هه‌روه‌ها وتوشیه‌تی ئه‌گه‌ر باوه‌ڕبه‌م قسانه‌ی من ناكه‌ن فه‌رمون چه‌كی ئه‌تۆم بده‌ن به‌بزوتنه‌وه‌ی تاڵیبان وڵاته‌كه‌ له‌بوونه‌وه‌ ئه‌كات به‌نه‌بوو.
له‌ساڵی 2017دا ئاستی توندڕه‌وی هێنده‌ هه‌ڵده‌كشێت بۆماوه‌ی ساڵێك قه‌ده‌غه‌ی ده‌كه‌ن كه‌ وتاربدات.

 

،،

ئه‌گه‌ر حكومه‌ت بیه‌وێ‌ هه‌مواری ده‌ستور بكاته‌وه‌ به‌ڵام ویراسۆ دژی بێت ئه‌و هه‌مواره‌ سه‌ركه‌وتونابێت

 


میاس سو كه‌ ڕاهیبێكی به‌ناوبانگی میانماره‌ ده‌ڵێ‌ ویراسۆ هه‌ركات موسڵمانان ده‌كاته‌ ئامانج له‌وتاره‌كانیدا خۆشه‌ویستر ده‌بێت لای شوێنكه‌وتوانی بوزی.
جه‌ماوه‌ری بونی ویراسۆ هێنده‌ فراوانه‌ وه‌ك میاس سو ده‌ڵێ‌ ئه‌گه‌ر حكومه‌ت بیه‌وێ‌ هه‌مواری ده‌ستور بكاته‌وه‌ به‌ڵام ویراسۆ دژی بێت ئه‌و هه‌مواره‌ سه‌ركه‌وتونابێت، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا نێوانی ویراسۆو سان سوكی گه‌وره‌ ڕاوێژكارو نزیكی سه‌رۆكی وڵات و خاوه‌نی پێگه‌ی به‌هێزی جه‌ماوه‌ری له‌خراپترین ئاستدایه‌، به‌ڕاده‌یه‌ك ویراسۆ له‌هه‌ندێك وتاریدا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌و خوه‌ خراپانه‌ی (لای بوزیه‌كان خراپن) سان سوكی كردوه‌ وه‌ك پۆشینی جل وبه‌رگی وه‌ك نمایشكاره‌كان و له‌گوێكردنی گواره‌و به‌كارهێنانی میكاج.
بن لادنی بوزییه‌كان هه‌تا كوێ‌ به‌رده‌وام ده‌بێت و چی كارێكی دڕندانه‌ی تر دژ به‌موسڵمانانی كه‌مینه‌ی میانمار ده‌كات ئه‌وه‌ ئاینده‌ ده‌ریده‌خات.

 
سان سووشی، له‌دایكبووی ساڵی 1945 و یه‌كه‌م كه‌س بووه‌ كه‌ پۆستی ڕاوێژكاری ده‌وڵه‌تی وه‌رگرتووه‌ (ڕاوێژكاری ده‌وڵه‌ت یه‌كسانه‌ به‌پۆستی سه‌رۆكوه‌زیران له‌وڵاته‌دا)، له‌قوتابخانه‌كانی كاسۆلیكدا فێری خوێندن بووه‌ دواتر دایكی ده‌بێته‌ باڵوێزی بۆرما له‌ هندستان و نیپاڵ، سوشی په‌یوه‌ندی به‌ زانكۆیه‌ك ده‌كات له‌هیندستان، له‌ساڵی 1969 له‌زانكۆی ئۆكسفۆرد له‌زانستی ئابوری و سیاسیدا به‌كالۆریۆس به‌ده‌ستده‌هێنێت.
ساڵی 1972 له‌گه‌ڵ دكتۆر مایكل ئاریسی به‌ریتانی و پسپۆڕی ئاینه‌كان و ڕوِشنبیری تبتی هاوسه‌رگیری ده‌كات.
له‌ساڵی 1985 له‌ له‌نده‌ن بڕوانامه‌ی دكتۆرا له‌زانستی سیاسی به‌ده‌ستده‌هێنێت، ساڵی 1988 ئه‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆرما له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌مینداری پارتێكی ئۆپۆزسیۆنی بۆرما ده‌بێت له‌ساڵی 1989 له‌ماڵه‌كه‌ی به‌ند (ئیقامه‌ جه‌بری) ده‌كرێت.


ساڵی 1990 خه‌ڵاتی سه‌خارۆف بۆ ئازادی فیكر وه‌رده‌گرێت، هه‌روه‌ك له‌ساڵی 1991 دا خه‌ڵاتی نۆبڵی ئاشتی جیهانی به‌ده‌ستهێناوه‌.
چه‌ندین خه‌ڵاتی جۆربه‌جۆری تری وه‌رگرتوه‌ گرنگترینیان خه‌ڵاتی ئاڵتونی ئه‌نجومه‌نی پیرانی ئه‌مه‌ریكا وه‌رده‌گرێت كه‌ به‌ به‌رزترین خه‌ڵاتی شارستانی داده‌نرێت.
سوشی له‌ساڵی 2012 وه‌ ڕوبه‌ڕوی ڕه‌خنه‌ی توند بویه‌وه‌ له‌پای بێده‌نگی ئه‌و به‌رامبه‌ر توندو تیژی دژ به‌موسڵمانان، ئه‌و ڕه‌خنانه‌ له‌ 2015 دا زۆرتر ته‌شه‌نه‌ی كرد كاتێك كه‌ موسڵمانانی رۆهینگای كه‌مینه‌ له‌بۆرما ڕوبه‌ڕوی جینۆساید و توندوتیژی دینی بونه‌وه‌ .

 

author photo

ماستەر لە زمانی عەرەبی