ژاپۆن ئەمەریكاو ئێران دەباتە سەر مێزی گفتوگۆ

بە وێنەی پێشكەوتنە زانستی‌و تەكنەلۆژییەكەی، ژاپۆن دەیەوێت لە پاراستنی ئاشتیشدا لە پلەی یەكەمدا بێت

ژاپۆن ئەمەریكاو ئێران دەباتە سەر مێزی گفتوگۆ

265 خوێندراوەتەوە

وه‌رگێرانى: گۆران قادر

 

وشەی ژاپۆن بە ژاپۆنی پێی دەوترێت( نیهون) واتە سەرچاوەی خۆر، وڵاتێكی ڕۆژهەڵاتی ئاسیایە، دەكەوێتە نێوان زەریای ئارام و دەریای ژاپۆن، زۆرترین كەنداوی هەیە كە ژمارەیان دەگاتە سێ هەزار كەنداو، ڕووبەری شاخاویی ڕێژەی لە %70ی كۆی خای ژاپۆن پێكدەهێنێت، ئەو وڵاتە لە 47 پارێزگا پێكدێت پارێزگاكان لەسەر بنەمای جوگرافیا دابەشكراون، ژمارەی دانیشتوانەكەی128 ملیۆن كەسە.

 

،،

ژاپۆن، دوای ئەمریكا خۆی بە جەمسەرگیری ناوچەكە و جیهان دەزانێت.

 

 
لە ڕووی سیاسیەوە دوای نوسینەوەی دەستوور لە ساڵی 1947 سیستەمی فەرمانڕەوایی گۆڕدرا بۆ پادشایی كە ئیمپراتۆر و پەرلەمانی هەڵبژێردراو لە خۆ دەگرێت.
ژاپۆن دوای كۆتاییهاتنی جەنگی ساردی نێوان هەردوو جەمسەری گەورەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و یەكێتی سۆڤیەت و هەڵوەشاندنەوەی ئەو یەكێتیە لە ساڵی 1992.

 دەستیكرد بە جوڵەی سیاسی و ڕۆڵگێران لە پرسە نێودەوڵەتیەكانی وەك: تیرۆری نێودەوڵەتی، پیسبوونی ژینگە و ئاشتی و دانانی سنورێك بۆ هەژاری لە وڵاتە تازە پێگەیشتووەكاندا، ئەجێندای ژاپۆن لەم كارانەیدا بە پشت بەستنە بە پێگەی سیاسی و ئابووری و تەكنەلۆژیا و سەربازیەكەی، كە دوای ئەمریكا خۆی بە جەمسەرگیری ناوچەكە و جیهان دەزانێت.

 

،،

پارته‌سیاسییه‌كانی ژاپۆن ده‌یانه‌وێت ژاپۆن پێش ئه‌مریكا بكه‌وێت.!

 

 
لەم ڕاپۆرتەدا دەمانەوێت ئاماژە بە یەكێك لەو لایانەنانەی سەرەوە بدەین كە ژاپۆن وەك نێوەندگیر و هێنانەدی ئاشتی ڕۆڵ دەبینێت لە كەمكردنەوەی گرژییە هەرێمی و نێودەوڵەتیەكان، لەوانە ڕۆڵی لە ئاشتی و دانوستانی كێشەی عەرەب – ئیسرائیل، نیمچە دوورگەی كۆریا، ئێران و ئەمەریكا، ئەمەریكا و توركیا.

 
ڕۆڵگێڕانی ژاپۆن، دەگەڕێتەوە بۆ بیرۆكەی ڕەوتی پارگماتیكی كە هەردوو پارتی گەورەی ژاپۆن وبەرپرسانی تەكنۆكرات بەشدارن لە ڕەوتەكەدا كە پێیانوایە دەبێت وڵاتەكەیان لە هەموو ڕویەكەوە پێش بكەوێت، هەروەها سوپای ژاپۆن بە چەكی پێشكەوتووی هێرشبەر پڕچەك بكرێت، بۆ ئەوەی لەژێر چەتری پاراستنی ئەمریكادا نەمێنێتەوە.

 

وێنه‌ی سێڵفی سه‌رۆكی ژاپۆن و ئه‌مریكا

 

 بەڵام پێویستە ژاپۆن وەك وڵاتێكی مەدەنی لە مەیدانی نێودەوڵەتیدا بمێنێتەوە، بۆ ئەمەش بەشدار بێت لە گەشەپێدان لە بوارەكانی ئابووری و كۆمەڵایەتی، بەبێ ئەوەی پەنا بۆ هێزی سەربازی ببرێت.

  ئەم ڕەوتە جەخت لە ڕۆڵی كاریگەری ژاپۆن دەكاتەوە لە هێنانەدی ئاشتی جیهانی لە ڕێگەی بەرهمهێنانی ستراتیژیەكی جیهانی بۆ وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەكەیان و سیاسەتی خۆیان هەمەجۆر بكەن، كە پشت بە لایەنی ئابووری ببەستێت لە بەهێزكردنی سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەكی، بۆیە ڕەوتەكە چوار كاری لە پێشینەیان بۆ سیاسەتی دەرەوەی ژاپۆن دیاری كردووە كە ئەمانەن:


هاوكاری كردنی وڵاتانی هەژار.


پاراستنی ئاشتی جیهانی.


پاراستنی مافەكانی مرۆڤ.


پاراستنی ژینگە.


 

سه‌رۆك كۆماری ئیسلامی ئێران له‌گه‌ڵ هاوتا ژاپۆنییه‌كه‌ی 

 
لایەنی ئاشتی یەكێكە لەو خاڵانەی كە پەیوەستە بە جیهانەوەو لەم ڕووەشەوە ژاپۆن هەنگاوی باشی ناوە و توانیویەتی زلهێزەكانی جیهان لەسەر یەك مێز كۆبكاتەوە و كێشە ئاڵۆزەكانیش دەرچەیەی چارەسەریان بۆ بدۆزێتەوە، بۆیە ئێمە زیاتر لەسەر ئەم لایەنە دەوەستین، چونكە ژاپۆن خودی خۆشی زۆر گرنگی بە نێوەندگیری وڵاتە ناكۆكەكان دەدات.

  هۆكاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ دەستپێشخەرییەكی وەزارەتی دەرەوەی ژاپۆن كە لەسەر ڕاسپاردەی (پەیمانگای ژاپۆنی بۆ كاروباری نێودەوڵەتی)، هەستا بە ئامادەكردنی لیستێك بۆ داهاتووی ژاپۆن و ڕۆڵی لە چەسپاندنی ئاشتی لە ڕۆژهەلاتی ناوەڕاستدا، كە لیستەكە خۆی لە چەند خاڵێكدا دەبینیەوە، كە ئەمانەن:

 

 

 

 
پێویستە ژاپۆن بەهۆی پێگەكەیەوە ڕۆڵی لە پرۆسەی ئاشتیدا هەبێت، بەو پێیەی ئەو پرۆسەیە پەیوەستە بە كێشەكانی تری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وەك بەزاندنی سنوور، پرسی نەوت، هەروەها ژاپۆن هەوڵ بدات كە جیهان گرنگی بەم ناوچەیە بدات.

 
ژاپۆن هەموو هەوڵێك بخاتە گەڕ بۆ ئەوەی لەم پرۆسەیەدا قوڵ ببێتەوە، بەتایبەت كە دوای ڕاپەرێنە دوور مەوداكە پاشەكشەی كردبوو.

 
ژاپۆن لەگەڵ ئەو وڵاتانەی كە پەیوەندیدارن بە كێشەكانی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست، وەك سعودیە، میسر، ئوردن، هەماهەنگی بكات و هاوپەیمانیان لەگەڵ ببەستێت، بەتەنها پشت بە وڵاتێكی دیاری كراوی وەك ئەمریكا نەبەستێت.

 

،،

ژاپۆن، به‌كۆبونه‌وه‌ی فه‌رمی و نافه‌رمی ئامانجی به‌رقه‌رار كردنی ئاشتییه‌ له‌ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست.

 

 
ژاپۆن پشت بەلایەنی دیپلۆماسی نافەرمی ببەستێت بۆ ئەوەی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕأستدا بەرقەرار بێت، ئەمەش لەڕێگەی كۆڕی نافەرمی بۆ باسكردنی پرسەكان، وەك پرسی فەلەستین، هەروەها میوانداری كەسایەتی ئەكادیمی ئەو وڵاتانە بكات كە كێشەیان لە نێواندایە بۆئەوەی لەو ڕێگایەوە دیداری فەرمی ببەسرێت.

 
ژاپۆن بەهۆی ئەم بڕیارانەوە توانی ڕۆڵێكی گرنگی هەبێت لە بەستنی دیداری لوتكە لە نێوان بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتانەی كە ناكۆكن و پەیوەندییەكانیان گرژی زۆری تێدایە.

 
لەو وڵاتانەی كە توانیویەتی نێوەندگیری بكات:


یەكەم: میوانداری شاندی باڵای ئیسرائیل و فەلەستین
ژاپۆن لە رۆژانی 19 و 20/5/2003 لە تۆكیۆی پایتەخت كۆنگرەی ئاشتی و دروستكردنەوەی متمانەی لە نێوان فەلەستینی و ئیسرائیلیەكان بەست، لەو كۆنگرەیەدا بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل و فەلەستین ئامادەبوون، ئەمە جگە لەوەی شاندی حكومەتی ژاپۆنیش بەشداربوون.

  شاندەكەی ئیسرائیل پێكهاتبوون لە یوسی بیلین وەزیری پێشووی دادی ئیسرائیل ودانیال لیفی ڕاوێژكاری وزیر داد وخاتوو نیاكمارونین بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی ژینگەو ایتاش لیڤنی ئەندامی كنێست لە پارتی لیكود، هەروەها شاندی فەلەستیش پێكهاتبوون لە: یاسر عبد رەببە وزیری كاروباری ئەنجومەنی وەزیران.

،،

ژاپۆن پێشتر كاری كردووه‌ بۆ ئاشته‌واوی له‌ناوچه‌كه‌دا و نمونه‌ش كێشه‌ی فه‌له‌ستین و ئیسڕائیل بووه‌.

 

 ونبیل شعپ وزیر پلاندانان وگلال نصر الدین سەرمایەداری فەلەستینی وسمیر رنتیسی ڕاوێژكاری وزیری كاروباری ئەنجومەنی وەزیران، هەروەها بەشداربووانی حكومەتی ژاپۆنیش پێكهاتبوون لە تاتسواریما ڕاوێژكاری حكومەتی ژاپۆنی بۆ پرسی ئاشتی لە ڕۆژهەلاتی ناوەڕاستدا و كوهی هاشی موتوسەرۆكی پەیمانگای سیاسەتی نێودەوڵەتی نوێ و دكتۆر روجی تاتیاما مامۆستا لە ئەكادمیای بەرگری نەتەوەیی.

 
ئامانجی كۆنگرەكە بۆ ئەوە بوو كە بنەمایەك دابنرێت بۆ جێبەجێكردنی نەخشە ڕێگای پێكەوە ژیان و ئاشتی لە نێوان هەردوو گەلی فەلەستینی و ئیسرائیلی، ئەمە جگە لەوەی باس لە مەترسیەكانی كێشەكە و پێنشیار بۆ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرا، بۆ چارەسەركردنی كێشەكە.

 

 

 

دووەم: ڕۆڵی ژاپۆن لە دیداری لوتكەی هەردوو كۆریا

ژاپۆن هەرچەندە لایەنگیری كۆریای باشوور دەكات و بەردەوام مانۆڕی سەربازی هاوبەش لە نێوانیاندا هەیە، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا بۆ هێنانەدی ئاشتی لە نیمچە دوورگەی كۆریا، لەگەڵ ئەمریكا و كۆریای باشوور بڕیاری هەڵپەساردنی مانۆڕە سەربازییەكانی دەركرد، ئەم بڕیارە بۆ ئەوەبوو تا كۆریای باكور واز لە سەركێشیەكانی بهێنێت و چیتر موشەكی بالیستی تاقینەكاتەوە.

 
ئەم كارەی ژاپۆن هەر زوو لەلایەن كیم جۆرن ئۆن سەرۆكی كۆریای باكور پێشوازی لێكرا، لە یەكەم كاریدا بڕیاری بەشداری وڵاتەكەی دەكرد لە ئۆڵۆمپیادی بیۆنگچانگ كە لە كۆریای باشوور ئەنجام دەدرێت، لە وتەیەكیشدا كە ئاژانسی هەواڵەكانی كۆریای باشوور (یونهاب) بڵاوی كردەوە، ڕایگەیاند هیوادارین ئۆڵۆمپیادەكە سەركەوتوو بێت،بۆیە ئێمە وەفدێك دەنێرین و هەنگاوی تریش دەنێین.

 
لە بەرامبەریشدا كۆریای باشوور پێشوازی لە وتەكانی سەركردەی كۆریای باكور كرد، لەو بارەیەوە شو میونگ گیون، وەزیری یەكگرتنەوەی هەردوو كۆریاكە لە كۆریای باشوور ڕایگەیاند: هیوادارین سەركردەی هەردوو وڵات ڕووبەڕوو لەسەر یەك مێز دابنیشن و باس لەسەرجەم كێشەكان بكەن، لە ئەنجامی ئەم دەستپێشخەرییەدا دیداری لوتكەی نێوان هەردوو سەرۆك بەڕێوەچوو، كە لە ناوچەی ئارامی نێوان هەردوو وڵات ئەنجامدرا و باس لە داماڵینی نیمچە دوورگەكە كرا لە چەكی ئەتۆمی.

،،

ئاژانسێكی یابانی ترامپ وتویه‌تی:  لەو باوەڕەدام ئێران دەیەوێت دانوستان لەگەڵ ئێمەدا بكات، گەر ئەوان دەیانەوێت، ئەوا ئێمەش حەز دەكەین."

 

 
سێ یەم: ڕۆڵی ژاپۆن لە ئارامكردنەوەی گرژی نێوان ئەمریكا و ئێران

شینزۆر ئابی سەرۆك وەزیرانی ژاپۆن بۆ خاوبوونەوەی ئاڵۆزییەكانی نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و ئێران، ڕۆژی 3/6/2019 دەستپێشخەرییەكی خستە بەردەم دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، سەرۆك وەزیران لە كاتی ئەنجامدانی یاری گۆڵف دەستپێشخەرییەكەی ئەنجامدا، هەر دوای دەستپێشخەرییەكە سەرۆكی ئەمریكا پێشوازی لێكردووە و ڕایگەیاندووە، حەز دەكات ئابی بە زووترین كات بۆ ئەو مەبەستە سەردانی تاران بكات.

 
هەر لەو بارەیەوە ئاژانسی كیدیۆی ژاپۆنی بڵاوی كردەوە، كە ترامپ وتویەتی:" لەو باوەڕەدام ئێران دەیەوێت دانوستان لەگەڵ ئێمەدا بكات، گەر ئەوان دەیانەوێت، ئەوا ئێمەش حەز دەكەین."


وتوشیەتی: ژاپۆن ڕۆڵێكی گرنگ لەو بوارەدا دەگێرێت و بەهۆی پەیوەندی باشی نێوان تۆكیۆ و تاران دەتوانرێت گفتوگان ئەنجامی باشی هەبێت.
هەر لەسەر ئەو دەستپێشخەرییە سەرۆك وەزیرانی ژاپۆن پەیوەندی كردووە بە جۆن بۆڵتن ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكاو محەمەد جەواد زەریفی وەزیری دەرەوەی ئێران، بۆیە پێدەچێت لەم مانگدا (حوزەیران) ئابی سەردانی تاران بكات.

 

،،

ئەم دیدارەی نێوان هەردوو سەرۆك بە هەماهەنگی ژاپۆن پێدەچێت دەرئەنجامی باشی هەبێت.

 

 
چوارەم: نێوەندگیری لە نێوان توركیا و ئەمریكا
فەخرەددین ئاڵتون سەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی سەرۆكایەتی كۆماری توركیا ڕایگەیاند، كە لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا هەردوو سەرۆكی توركیا و ئەمریكا ڕێككەوتوون.

  لە پەراوێزی كۆبوونەوەی بیستەمین كە لە ڕۆژانی 28 و29/6/2019 لە ژاپۆن بەڕێوەدەچێت، كۆببنەوە،كە تیایدا باس لە پرسە هەڵپەسێردراوەكانی نێوانیان دەكەن، لەسەروی هەمووشیانەوە پرسی كڕینی سیستەمی موشەكی ئیس 400ی ڕوسی.

 
ئەم دیدارەی نێوان هەردوو سەرۆك بە هەماهەنگی ژاپۆن پێدەچێت دەرئەنجامی باشی هەبێت و توركیا و ئەمریكا بتوانن لە یەكتێگەیشتنی باش لە نێوانیاندا هەبێت و ئاڵۆزییەكانی نێوانیان كەم ببێتەوە.

 دەرئەنجام:

لە كۆتاییدا دەگەینە ئەو ئەنجامەی كە وڵاتی ژاپۆن تەنها بە پێشكەوتنی تەكنەلۆژیا و ئابوورییەكی بەهێز نەوەستاوە، بەڵكو دەیەوێت لە پرسە نێودەوڵەتیەكاندا ڕۆڵی سەرەكی بگێرێت و چۆن بە بەرهە پیشەسازی و تەكنەلۆژیاییەكانی سەرنجی جیهانی ڕاكێشاوە.

  بەهەمان شێوە لە هێنانەدی ئاشتی و ئەو پرسانەی كە چوارچێوەی جیهانی هەیە ڕۆڵی خۆی بگێرێت، بە ئەنجامدانی نێوەندگیری لە نێوان وڵاتانی ناكۆك و كۆكردنەوەیان لەسەر یەك مێز ئەوەی بە جیهانی وت، ژاپۆن خاوەن دیپلۆماسیەتیەكی لێهاتووە و پێگەیەكی نێودەوڵەتی هەیە، ئەم پێگەیەش لە خزمەتی ئاشتی جیهانیدا بەكاری دەهێنێت.

 

author photo

تایبه‌ت به‌ دیپلۆماتیك