ئەو هەواڵە ناراستەى، مەرگى گەنجێک و نائارامى شارى بەدوادا هات

ئەو هەواڵە ناراستەى، مەرگى گەنجێک و نائارامى شارى بەدوادا هات

1769 خوێندراوەتەوە

 

هەواڵە ناراستەکە، کە چەند ماڵپەرێک بەشێوەیەکى گوماناوى بڵاویان کردەوە و بەخێرایش لایانبرد، بەس بوو بۆ ئەوەى لەگەڵ تێکدانى ئارامى شار، هاوڵاتییەکیش جوانەمەرگ بکات.

 

 

دواى سوێندخواردنى سەرۆکى هەرێم، بابەتى بەشدارى کردنى سەرکردەکان لە مەراسیمەکەدا بوو بەجێگەى بایەخپێدانى میدیاکان، باڤل تاڵەبانى یەکێک بوو لەو دەموچاوانەى کەناڵەکان بەدوایدا دەگەڕان.

 

 

هەربۆیە زۆر بەخێرایى لە چەند سایتێکى نزیک لە یەکێتى نیشتمانى، هەواڵەکە بەو شێوەیە بڵاوکرایەوە کە ناوبراو ( باڤڵ تاڵەبانى) هۆڵى مەراسیمەکەى لە هەولێر بەجێ هێشتووە بەهۆکارى بەدڵ نەبوونى شوێنى دانیشتنەکەى.!

 

،،

 هەواڵەکە، جارێکى دیکە گردەکەى خستەوە بەردەم مەترسییەى جدى

 

باڤڵ تاڵەبانى روونکردنەوەیدا

 

دواى بڵاوبوونەوەى هەواڵەکە، تاڵەبانى روونکردنەوەیدا کە ئەو بەهیچ شێوەیەک نەچووەتە هەولێرو لە سلێمانى ماوەتەوە بەهۆکارى سەرقاڵى کارى حزبى و رێکخراوەیی نەیتوانیوە بەشدار بێت.

بەڵام بڵاوکردنەوەى هەواڵەکە کۆنترۆڵ نەکراو بەخێرایى تەشەنەى سەند، هەربۆیە کەناڵى کەى ئێن ئێن سەر بە بزووتنەوەى گۆڕان لە هەواڵەکانى نەشرەى شەویدا کردى بە راپۆرتێکى چەند خولەکى.

هەرچەندە ئەو ماڵپەرانەى کە یەکەمجار هەواڵەکەیان بڵاوکردبوویەوە، هەواڵەکەیان سریبوویەوە، بەڵام راپۆرتەکەى کەى ئێن ئێن بابەتەکەى گەرم کردەوە و باڤڵ تاڵەبانى ناچار کردبوو بەنیگەرانییەوە پەیوەندى بەگۆرانەوە بکات کە ئەو هەواڵە راست نییە.

 

،،

دواى هاتنى هێزێکى ئەمنى بۆ جیاکردنەوەى پاسەوانەکانى گردەکەو پاسەوانەکانى بیناى نەخۆشخانەکە کە توشى دەمە قاڵێ بوو بوون، رێبەند فەرهادى گەنج بووە قوربانى و دواى برینداربوونى گیانى لەدەستدا.

 

 

رووداوەکەى شەو

 

هەربۆیە دواى تورەبوونى بافڵ تاڵەبانى له بڵاوكردنەوەی ئەو هەواڵە لە كەناڵی كەی ئین ئێن داوای كردووە هەواڵەكە بسڕنەوە بەو بیانوەی كە بێ بنەماو هەڵبەستراوە، لەسەر ئەوەش بە چەند رێگەیەك هۆشداری داوە لە وەرگرتنی هەڵوێست بەرامبەریان، بزوتنەوەی گۆڕان پەیامەكانی پاڤێڵ تاڵەبانی بە هەرەشە وەرگرتوە و لەسەر ئەو بنەمایەهەندێک کەسى خۆبەخش بۆ بەرگرى کردن، بە چواردەورى گردەکە بڵاو دەبنەوە.

بەڵام دواجار ئەو روداوەى لێ کەوتەوە کە مەرگى گەنجێکى بەدواى خۆیدا هێنا، بەهۆى دروستبونى دەمە قاڵێ لەنێوان پاسەوانەکانى گردەکەو پاسەوانەکانى بیناى نەخۆشخانەیەک لە بەرامبەر گردەکە.

 

هەواڵە ناراستەکە چۆن نوسراوە؟

 

پێشبینى دەکرێت، ئەو هەواڵەى کە ئاژاوەکەى درووست کرد، هیچ بنەمایەکى نەبێت و دەرەنجامى ململانێى نێو باڵەکانى یەکێتى بێت، یاخود كەسانێك هەبوبن بۆ مەرامی تایبەت ئەو هەواڵەیان داڕشتبێت

 

هەربۆیە لە ئێستادا ئەو ماڵپەرانە کەوتوونەتە دۆخێکى ئیحراجییەوە نازانن چۆن بابەتەکە راست بکەنەوە، چونکە بزووتنەوەى گۆڕان لەبەیاننامەیەکدا نیگەرانى دەربریەوە و داواى دادگایی و لێکۆڵینەوەى ورد دەکات.

 

دەرەنجامى لێکۆڵێنەوە سەرەتاییەکانیش، ئەوە دەرکەوتووە کە سەرەتاى ئاژاوەکە لەو ماڵپەرەوە دەستى پێکردووە کەیەکەم جار هەواڵەکەى بڵاو کردەوە.

 

،،

ترسناکى هەواڵەکە، وایکرد هەموو ئەو کەناڵانە هەواڵەکەیان لاى خۆیان نەهێشت و سریانەوە، بۆیە پێناچێت کەس بچێتە ژێر بارى ئەم بەرپرسیارییەتییە

 

لە ئێستاشدا بۆ ئەم بابەتەبەرپرسانی یەكێتی لەسەر خەتن و دەیانەوێت، ئەو کەسە بەدروستى بدۆزنەوە کە هەواڵەکەى بڵاو کردووەتەوە و بزانن بەچ هۆکارێک ئەم کارەى کردووە.

 

ترسناکى هەواڵەکە، وایکرد هەموو ئەم کەناڵانەش (بەتایبەت کەى ئێن ئێن) هەواڵەکەیان لاى خۆیان نەهێشت و سریانەوە، بۆیە پێناچێت کەس بچێتە ژێر بارى ئەم بەرپرسیارییەتییە

 

 

author photo

تایبه‌ت به‌ دیپلۆماتیك