پڵنگە ڕەشەكەی عومه‌ر بەشیر، سوودان به‌ره‌و كوێ ده‌بات؟

‎ ئایا حه‌میدتی دەتوانێ هەمان سیناریۆی عه‌بدولفه‌تاح سیسی لە سودان دووبارە بكاتەوە؟

 پڵنگە ڕەشەكەی عومه‌ر بەشیر، سوودان به‌ره‌و كوێ ده‌بات؟

929 خوێندراوەتەوە

محه‌مه‌د حه‌میدتی، دەسەڵاتداری یەكەمی ئێستای سودانەو بە پڵنگە ڕەشەكەی عومه‌ر بەشیرو عه‌بدولفه‌تاح سیسییەكەی سودان ناسراوە، چونكە بە هەمان شێوەی كۆتایپێهێنانی خۆپیشاندانەكانی ئیخوان، حه‌میدتیش بە هەمان سیناریۆی سیسی كۆتای بە خۆپیشانداناكانی سودان هێناو دەیەوێت بە زەبری هێز دەسەڵاتی سودان بگرێتە دەست. ‎پڵنگە ڕەشەكەی بەشیر كێیە؟

 

،،

بەهۆی ئازایەتی‌و توندییەوە لەشەڕی دارفوردا، نازناوی پڵنگە ڕەشەكەی بەشیری پێدراوە. ‎

 

 ‎پڵنگە ڕەشەكەی بەشیر (محه‌مه‌د حەمدان دەقلو) لەدایكبووی ساڵی ١٩٧٥ گوندی ڕزەیقاتی هەرێمی دارفورەو سەر بە قەبیلەی ڕزەیقاتە، كە یەكێكە لە گەورترین قەبیلەكانی دارفۆر.

 محمد حه‌میدتی سەرەڕای ئەوەی دەرچووی هیچ ئەكادیمیایەكی سەربازی نییە پلەی فەریقی یەكەمی هەیەو بەهۆی ئازایەتی‌و توندییەوە لەشەڕی دارفوردا، نازناوی پڵنگە ڕەشەكەی بەشیری پێدراوە. ‎

،،

پڵنگه‌ ره‌شه‌كه‌، گروپێكی چەكداری لە گەنجانی ناوچەكەی خۆی دروستكردوە بۆ پاراستنی كاروانە بازرگانییەكان.

 

 حه‌میدتی لەسەرەتای گەنجیدا لەگەڵ باوكیدا بازرگانی حوشتری كردووە لە نێوان سودان و میسر و ئەسیوپیاو نەیجریاو لیبیادا، دواتر گروپێكی چەكداری لە گەنجانی ناوچەكەی خۆی دروستكردوە بۆ پاراستنی كاروانە بازرگانییەكان لە چەتەو ڕێگر و هێرشی گروپە چەكداریە جودا خوازەكانی هەرێمی دارفۆر.

 لەبەرامبەردا باج وسەرانەی لە بازرگانان وەرگرتووەو بەو هۆیەوە گروپە چەكدارەییەكەی فراوانكردووە، بە جۆرێك سەرنجی عومه‌ر بەشیرو دەسەڵاتدارانی خەرتومی ڕاكَێشاوە. ‎

 

محه‌مه‌د حەمدان دەقلو پڵنگە ڕەشەكەی بەشیر

 سەرەتای یەكترناسینی بەشیرو حه‌میدتی ‎لە ساڵی ٢٠٠٣ بە هۆی شكستی سوپای سودان لەشەڕی دژی بزوتنەوەی دادو یەكسانی و بزوتنەوەی ئازادی دارفۆردا، عومه‌ر بەشیر بڕیاریدا هاوپەیمانی لەگەڵ میلیشیاكانی جەنجەویدی دارفورو ملیشیاكانی حه‌میدتیدا ببەستێت بۆ لەناوبردنی ئەو گروپە چەكداریانەی دارفۆر.

  لەو جەنگەدا حه‌میدتی و هێزەكانی كە ژمارەیان ١٧ هەزار چەكداربوو بە پشتێوانی سوپای سودان توانیان هێزە چەكدارەكانی دارفۆر تێكبشكێنن، كە بەپێی ڕاپۆرتی نەتەوە یەكگرتووەكان لەو شەڕەدا میلیشیاكانی حه‌میدتی و جەنجەوید تاوانی كۆمەڵكوژیان ئەنجامداوەو زیاتر لە ٣٠٠ هەزار هاوڵاتی دارفۆریان كۆمەڵكوژ كردووە.

،،

پڵنگه‌ ڕه‌شه‌كه‌، به‌هاوكاری عومه‌ر به‌شیر توانی هێزێكی 30 هه‌زار كه‌سی دروست بكات.

 

 ‎بەهۆی سەركەوتنی حه‌میدتی لە سەركوتكردنی گروپە چەكدارییەكانی دارفۆردا، بوو بەدەستەڕاستی عومه‌ر بەشیری سەرۆكی پێشوی سودان و بەخێرایی‌و دوور لە پێوەرە سەربازییەكان پلەكەی بەرزكرایەوە.

  ساڵی ٢٠١٠ ملیشیاكانی حه‌میدتی ناوەكەی گۆڕا بۆ هێزەكانی فریاكەوتنی خێراو بە پشتیوانی عومه‌ر بەشیر، حه‌میدتی توانی هێزى چەكداری قەبیلەكانی دارفۆر لە چوارچێوەی هێزێكی ڕێكخراودا كۆبكاتەوە كە ژمارەیان زیاتر لە٣٠ هەزار چەكداربوو.

 

 

 

 كە بە پێشكەوتووترین چەك پڕچەكرابوون، بە جۆرێك توانای سەربازی هێزەكانی حه‌میدتی لە سوپای سودان بەهێزتربوو، بەڕێوبردنی ئەو هێزە لە دەرەوەی فەرماندەی سوپای سوداندا بوو، ڕاستەخۆ لەلایەن حه‌میدتیەوە فەرماندەیی دەكراو پەیوەست بوو بە عومه‌ر بەشیرەوە.

  ئامانجی عومه‌ر بەشیر لە دروستكردنی ئەم هێزە بەسەرۆكایەتی حه‌میدتی بۆ ئەوەبوو كە خۆی بپارێزێت لە مەترسی كودەتاو هێزەكانی فریاكەوتنی خێرای لەناو خەرتومدا بڵاو كردەوە.

  هەروەها لەكاتی ڕاگەیاندنی جەنگی سعودیە لە دژی حوسییەكان لە ساڵی ٢٠١٥، حه‌میدتی و ملیشیاكانی بەهۆی شارەزاییان لە جەنگی گروپە چەكدارەكاندا بەشداری شەڕی یەمەنیان كردووه‌، لە ئێستاشدا بەشێك لە هێزەكانیان لە یەمەن شانبەشانی سعودیە دژی چەكدارانی حوسی دەجەنگن. ‎

 

،،

حه‌میدتی سەركوتی خۆپیشاندەرانیان كردو لە ئەنجامدا ٢٥٠ خۆپیشاندەر كوژران و برینداربوون.

 

 حه‌میدتی و ڕێكەوتنی لەگەڵ یەكێتی ئەوروپادا ‎ساڵی ٢٠١٢ یەكێتی ئەوروپا بۆ ڕێگری لە كۆچی بە لێشاوی پەنابەرانی وڵاتانی ئەفەریقا بەرەو ئەوروپا، ڕێكەوتنێكی لەگەڵ هێزەكانی حه‌میدتیدا ئەنجامدا.

  بۆ پاراستنی سنورەكانی سودان و لیبیا و سودان و ئەریتریا و لەبەرامبەردا یەكێتی ئەوروپا هاوكاری مادی میلیشیاكانی حه‌میدتی دەكردو چەك و پێداویستی سەربازی بۆدابین دەكردن. ‎

 تاوانەكانی‎حه‌میدتی جگە لە تۆمەتباركردنی بە كۆمەڵكوژی هاوڵاتیانی دارفۆر، لەساڵی ٢٠١٣ لەكاتی خۆپیشاندانەكانی خەرتومدا دژی عومه‌ر بەشیر هێزەكانی حه‌میدتی سەركوتی خۆپیشاندەرانیان كردو لە ئەنجامدا ٢٥٠ خۆپیشاندەر كوژران و برینداربوون.

 

  لە دوای خۆپیشاندانەكانی كۆتای ساڵی ڕابردووی سودانیش، بە فەرمانی عومه‌ر بەشیر ملیشیاكانی حه‌میدتی لەناو خەرتومدا بڵاوەیان پێكرا، چونكە عومه‌ر بەشیر لە كودەتا دەترساو باوەڕی بە سوپا نەبوو، تەنها كەس جێگای باوەڕی بەشیر بوو حه‌میدتی و میلیشیاكانی بوو. ‎

 بەڵام لە دوای ٤ مانگ لە بەردەوامی خۆپیشاندانەكان و كوژرانی ٦٥ خۆپیشاندەر بەدەستی ملیشیاكانی حه‌میدتی، دۆخی سودان بەتەواوی ئاڵۆزبوو، حه‌میدتی لەگەڵ سەركردەكانی سوپادا ڕێكەوتنی ئەنجامدا، كودەتایان بەسەر عومه‌ر بەشیردا كردو شەوی ١٠ نیسانى ئەمساڵ عومه‌ر بەشیر لە ماڵەكەی خۆیدا دەستگیركراو دەسەڵاتی سەربازی لە سودان ڕاگەیەنرا. ‎

،،

حه‌میدتی، دژی حكومه‌تی مه‌ده‌نی وه‌ستایه‌وه‌.

 بەڵام دەستگیركردنی عومه‌ر بەشیرو ڕاگەیاندنی دەسەڵاتی سەربازی خۆپیشاندەرانی ڕازینەكرد و بەردەوامبوون لە خۆپیشاندان، لە سەرەتادا حه‌میدتی پشتیوانی لە داواكاری خۆپیشاندەران كرد.

  بەڵام كاتێك داوای ڕادەستكردنی دەسەڵات كرا بە حكومەتێكی مەدەنی، حه‌میدتی دژی ئەم داوایە وەستایەوەو سەرەڕای ئەوەی بەشێك لە سەركردەكانی سوپا لەگەڵ ڕادەستكردنی دەسەڵاتدابوون بە حكومەتێكی مەدەنی.

 

 

 

  لە كۆتا ڕۆژی مانگی ڕەمەزاندا میلیشیاكانی حه‌میدتی هێرشیان كردە سەر خۆپیشاندەران‌و كۆتاییان بە خۆپیشاندانەكان هێنا، كە بەپێی ڕاپۆرتی نەتەوە یەكگرتووەكان لەئەنجامی بڵاوەپێكردنی خۆپیشاندەراندا زیاتر لە ١٠٠ خۆپیشاندەر كوژراون كە بە شێكیان بە برینداری فڕێدراونەتە ناو ڕووباری نیل و دوای چەند ڕۆژێك تەرمەكانیان دۆزراوەتەوە.

  بەوهۆیەشه‌وە ئەمەریكا و ئەوروپا و نەتەوە یەكگرتوەكانیش حه‌میدتی و ملیشیاكانی بە تاوانی كۆمەڵكوژی خۆپیشاندەران تۆمەتبار دەكەن و هەڕەشەی سەپاندنی سزا دەكەن بەسەریدا، لە ئێستاشدا حه‌میدتى لەژێر فشارێكی زۆری ناوچەیی‌و نێودەوڵەتی دایە. ‎

 بەڵام ئەوەی جێگای پرسیارە، ئایا حه‌میدتی دەتوانێ هەمان سیناریۆی سیسی لە سودان دووبارە بكاتەوە؟

 

author photo

لێكۆڵەر لە ناوەندی ئیمارات بۆ لێكۆڵینەوەی ستراتیژی