خول به‌خول.. خۆزگه‌م به‌ خولی پێشتر

خول به‌خول.. خۆزگه‌م به‌ خولی پێشتر

192 خوێندراوەتەوە
 دوای دامه‌زراندنی له‌ ساڵی 1992 وه‌ك یه‌كه‌م ده‌زگای یاسادانان له‌ هه‌رێم به‌رده‌وام ڕووبه‌ڕووی قه‌یرانی هه‌مه‌جۆر بووه‌ته‌وه‌، هه‌ر له‌ داگیركردن و داخستن و دواتریش گوێڕایه‌ڵی بۆ پارته‌ سیاسیه‌كان، هه‌موو ئه‌مانه‌ وایكردوه‌ كه‌ نه‌توانێت به‌ كاری ڕاسته‌قینه‌ی خۆی هه‌ستێت و بڕیاره‌كان به‌ پێی یاسا ڕێك بخات ، كۆده‌نگی بۆ ئه‌و یاسایه‌نه‌ كۆبكاته‌وه‌ كه‌ ڕه‌هه‌ندی نیشتیمانیی هه‌یه‌، ئه‌مه‌ش وایكردوه‌ له‌ ده‌زگایه‌كی گرنگی به‌هاداره‌وه‌ ببێته‌ شوێنی پیاهه‌ڵدان به‌ سه‌ركرده‌ی پارتی سیاسی و وتنی به‌ندو بالۆره‌ تیایدا.

 

،،
له‌ وڵاته‌ نادیموكراسیه‌كاندا په‌رله‌مان ته‌نها بۆ جێبه‌جێ كردنی ئه‌جێندای حیزبی ده‌سه‌ڵاتداره‌.

 

 

 له‌ دنیای مۆدێرن و فه‌رمانڕه‌وایی دیموكراسیدا، په‌ڕله‌مان باڵاترین ده‌سه‌ڵاتی بڕیاردانه‌،چونكه‌ گشت یاسا و بڕیاره‌كان به‌ پێی یاسا ڕێك ده‌خرێت و ئه‌وه‌ی له‌ به‌رژه‌وه‌ندی گشتیدا بێت و ڕه‌هه‌ندی نیشتمانیی هه‌بێت له‌و ده‌زگایه‌وه‌ ده‌رده‌چێت و كۆده‌نگی لایه‌نه‌كان تیایدا ڕه‌چاو ده‌كرێت.

 

 به‌بێ ئه‌وه‌ی ده‌ستوه‌ردان له‌ كاره‌كانیدا ڕووبدات، به‌ڵام له‌ وڵاته‌ نادیموكراسیه‌كاندا په‌رله‌مان ته‌نها بۆ جێبه‌جێ كردنی ئه‌جێندای حیزبی ده‌سه‌ڵاتداره‌، واته‌ په‌ڕله‌مان ده‌بێته‌ ماكیاژێكی جوان بۆ كاره‌ نایاسییه‌كانی پارتی ده‌سه‌ڵاتدار.

 

  په‌ڕله‌مانی هه‌رێمی كوردستانیش كه‌ دوای ڕاپه‌رینه‌كه‌ی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی باشور دامه‌زرا، ئومێدێكی زۆری له‌سه‌ر هه‌ڵچنرا، كه‌ ببێته‌ شوێنی ده‌ركردنی یاسا گرنگه‌كان و كوردستان به‌رێته‌ قۆناغێكی نوێ، به‌ڵام به‌ سه‌یر كردنی خوله‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ ساڵی 1992ه‌وه‌ تاكو كۆتایی خولی چوار و ده‌ستپێكردنی خولی پێنجه‌م، ده‌بینین به‌رده‌وام په‌رله‌مان له‌ ڕووی كارو بایه‌خه‌وه‌ له‌ پاشه‌كشدا بووه‌.

 

،،
ڕووداوه‌كه‌ی شه‌ڕی ناوخۆ و داگیركردنی و دواتریش داخستنی له‌ ئۆكتۆبه‌ری ساڵی (2015) باشترین به‌ڵگه‌ن بۆئه‌وه‌ی له‌وه‌ بگه‌ین هه‌وڵی لێدانی شكۆی په‌رله‌مان ده‌درێت.

 

  هۆكاری ئه‌مه‌ش بۆ چه‌ند خاڵێكی گرنگ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ، گرنگترینیان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پارته‌كان له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ گرنگیه‌كی ئه‌وتۆ به‌ كاری په‌ڕله‌مانی ناده‌ن،به‌ڵكو په‌ڕله‌مان وه‌ك جێبه‌جێكاری داواكانیان سه‌یری ده‌كه‌ن و ئاماده‌ش نین به‌رپرسانی باڵای خۆیان بنرێنه‌ په‌ڕله‌مان، سه‌یره‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ په‌رله‌مان له‌ حكومه‌ت گه‌وره‌تره‌.

  به‌ڵام به‌رپرسانی باڵای حیزبه‌كان ده‌چنه‌ حكومه‌ت و نابنه‌ په‌ڕله‌مانتار، ئه‌مه‌ش واتای ئه‌وه‌یه‌ په‌رله‌مان بایه‌خی ڕاسته‌قینیه‌ خۆی پێنه‌دراوه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی به‌ مه‌به‌ست لێی ده‌درێت ڕووداوه‌كه‌ی شه‌ڕی ناوخۆ و داگیركردنی و دواتریش داخستنی له‌ ئۆكتۆبه‌ری ساڵی (2015) باشترین به‌ڵگه‌ی ئه‌م بۆچوونه‌یه‌.

 

 

 

 بۆ ئه‌وه‌ی خوێنه‌ر زۆر دوور نه‌خه‌مه‌وه‌، نامه‌وێت باس له‌سه‌رجه‌م خوله‌كانی په‌رله‌مان بكه‌م، به‌ڵكو وه‌ك نموونه‌ بۆ پاشه‌كشێی په‌رله‌مان باس له‌ خولی چواره‌م و چه‌ند مانگی خولی پێنجه‌م ده‌كه‌م، له‌ خولی چواره‌مدا گرنگرتین پاشه‌كشه‌ی په‌ڕڵه‌مان ئه‌وه‌ بوو جیاوازی قبوڵ نه‌كرا و ده‌رگای په‌ڕله‌مان قوفڵی لێدرا.

 

  ئه‌و كاته‌ش كرایه‌وه‌ كه‌ بۆ شه‌رعیه‌ت دان بوو بۆ ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان،كه‌ مه‌به‌ستێكی ته‌واوی حیزبێكی دیاری كراو بوو،پارته‌كانی تریش به‌ ناچاری پشتگیری ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆمه‌كه‌یان كرد.

 

 بۆیه‌ له‌م خوله‌دا په‌ڕله‌مان به‌ ویستی پارتی دیموكراتی كوردستان داخرا و هه‌ر خۆشی كردیه‌وه‌، به‌بێ ئاماده‌بوونی سه‌رۆكی په‌رله‌مان، ئه‌مه‌ش واته‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ په‌رله‌مان به‌ ته‌واوی ته‌سلیمی یه‌ك پارت بووه‌ و به‌ ویستی خۆی ده‌یجوڵێنێت.

 

،،

ده‌بوو هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێم، له‌ناو په‌رله‌مانه‌وه‌ به‌ ده‌نگدانی نهێنی بوایه‌.

 

 

  له‌ خولی پێنجه‌میشدا كه‌ هه‌شت مانگ به‌سه‌ر كاره‌كانیدا تێپه‌ڕیوه‌، ته‌نها یه‌ك پڕۆژه‌ی یاسای ده‌كردووه‌ ، ئه‌ویش یاسای كاراكردنه‌وه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان بوو له‌ ڕۆژی (8)ی ئایاری ئه‌مساڵدا، ئه‌م پڕۆژه‌ یاسایه‌ بۆ جێبه‌جێ كردنی داوا و كاری پارته‌ سیاسیه‌كانی كوردستان بوو، نه‌ك به‌رژه‌وه‌ندی باڵای كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان.

 

 هه‌رچه‌نده‌ سه‌رۆك له‌ په‌رله‌مان هه‌ڵبژێردرا، به‌ڵام شێوازی هه‌ڵبژاردنی و وه‌رگرتنه‌وه‌ی متمانه‌ لێی هاوتای یه‌ك نین كه‌ پێویست بوو هاوتا بوونایه‌، چونكه‌ “بەپێی یاساكە سەرۆكی هەرێم لە دەنگدانێكی ئاشكراو و بە دەنگی زۆرینەی ڕەهای ئەندامانی پەرلەمان، هەڵدەبژێردرێت، ئەمەش پێچەوانەی بنەما سەرەكیەكانی هەڵبژاردنی پاك و بێگەردە، كە جەخت لەسەر دەنگدانی نهێنی دەكاتەوە.

 

نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێم، له‌گه‌ڵ مه‌سرور بارزانی ڕاسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ

 

  هەروەها بەهۆی پێگەی سەرۆكی هەرێم لە سیستەمی سیاسی هەرێمی كوردستان بەو پێیەی سەرۆكی باڵای دەسەڵاتی جێبەجێكردنە، پێویست بوو ڕێژەیەكی دەنگی زیاتر دیاری بكرایە لە پێشنیازەكە.

 

 بۆ نمونە ڕێژەی دوو لەسەر سێی ژمارەی ئەندامان، ئەگەر لە خولی یەكەم هیچ كاندیدێك نەیتوانی ئەو ڕێژەیە بە دەست بهێنێ ئەوا لە خولی دووەم پەنا بۆ زۆرینەی ڕەها ببردرێت بۆ یەكلایكردنەوەی ئەو پۆستە.

 

  جگە لەوەش لە خاڵی (3)ی ماددە شازدەهەمی یاسای سەرۆكایەتی سەبارەت بە وەرگرتنەوەی متمانە لە سەرۆكی هەرێم هاتووە ” بەلای كەمەوە (3/4)ی ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان- عیراق، لە دەنگدانێكی نهێنیدا، لە متمانەی بخەن”.

 

  باشە چۆن دەكرێت متمانە بە زۆرینەی ئەندامان وەربگرێت، كەچی وەرگرتنەوەی متمانە بە ڕێژەی (3/4) بێت، ئەوە ناكۆكە لەگەڵا بنەمای شێوە هاوتاكانی یاسایی.

 

،،
وتاره‌كه‌ی سه‌رۆكه‌ نوێیه‌كه‌ (نێچیرڤان بارزانی) زۆر به‌كه‌می جه‌ختی له‌پاراستنی مافه‌كانی گه‌لی كورد كرایه‌وه‌.

 

 

 دووه‌م كاری په‌رله‌مانی كوردستان له‌ خولی پێنجه‌مدا ڕێكخستنی ڕێوڕه‌سمی سوێند خواردنی سه‌رۆكی نوێی هه‌رێمی كوردستان بوو، كه‌ ڕه‌خنه‌ی زۆر له‌ په‌رله‌مان گیرا، چونكه‌ له‌و كاره‌شدا چه‌ندین كاری دژ به‌ یه‌ك و بێ به‌ها كردنی په‌له‌مان ڕوویدا، كه‌ گرنگترینیان زیاد وه‌سف كردنی سه‌رۆكی پێشووی هه‌رێم بوو، كه‌ ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی هه‌موو ئه‌و بۆچوونانه‌ی خودی خۆیان بوو.

 

 

 كه‌ ماوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمیان به‌ خراپترین مێژووی به‌رێز مه‌سعود بارزانی ناوزه‌ند ده‌كرد، له‌ بری ئه‌مه‌ ده‌بوو له‌ به‌رده‌م میوانه‌كاندا پێداگری له‌ مافه‌كانی گه‌لی كورد بكرایه‌، كه‌ زۆر به‌ كه‌می باس كرا، ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌ی بڕیار بوو مارشی نیشتیمانیی (ئه‌ی ڕه‌قیب) لێبدرێت، ئه‌وه‌ش له‌ رێو ڕه‌سمه‌كه‌دا لادرا، كه‌واته‌ دانیشتنی ئه‌و ڕۆژه‌ی په‌ڕله‌مان ته‌نها بۆ جوانكردنی چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كی كورد بوو، كه‌ پێشتر هه‌ر خودی په‌رله‌مانتاران و سه‌ركرده‌كان ڕه‌خنه‌یان لێده‌گرت.

 

 

 

  ڕه‌خنه‌یه‌كی دیكه‌ كه‌ به‌رده‌وام له‌ په‌ڕله‌مان ده‌گیرێت،ئه‌وه‌یه‌ كه‌ نه‌یتوانیوه‌ متمانه‌ له‌ به‌رپرسانی حكومی وه‌ربگرێته‌وه‌،كه‌ ئه‌مه‌ كاری سه‌ره‌كی په‌رله‌مانه‌، چونكه‌ سه‌رۆكی حكومه‌ت و جێگر و وه‌زیره‌كان له‌ په‌ڕله‌مان متمانه‌یان پێده‌درێت و به‌ پێی یاساش ده‌توانن لێپێچینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا بكه‌ن.

 

  به‌ڵام به‌ درێژایی مێژووی په‌رله‌مان هیچ وه‌زیرێك له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵی و به‌هاده‌ردانی سامانی گشتی متمانه‌ی لێوه‌رنه‌گیراوه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ هه‌مووان باس له‌ بوونی گه‌نده‌ڵی ده‌كه‌ن له‌ هه‌رێمدا،بۆیه‌ هیچ ئومێدێك نیه‌ كه‌ ئه‌م خوله‌ كارێك بكات و لێپچینه‌وه‌ له‌ به‌رپرسان بكات.

،،

خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان، خراپترین خوله‌.

 

  له‌ كۆتایدا ده‌گه‌ینه‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ی ، كه‌ په‌ڕله‌مان هێنده‌ له‌ پاشه‌كشێدایه‌ كه‌ هه‌ر به‌سه‌یركردنێكی ڕوكه‌شی بۆمان ده‌رده‌كه‌وێـت كه‌ چۆن به‌رده‌وام له‌ كاری خۆی دوور ده‌كه‌وێته‌وه‌.

 

 بۆیه‌ گه‌ر كاره‌كان به‌م شێوه‌یه‌ بڕوات و په‌رله‌مان جێبه‌جێ كاری بڕیاری فراكسیۆنی زۆرینه‌ بێت و دواتریش له‌ خۆشی ده‌ركردنی بڕیاره‌ حیزبیه‌كان به‌ند و بالۆره‌ی تێدا بوترێت.

 

  خولی پێنجه‌م به‌ خراپترین خول هه‌ژمار ده‌كرێت و هیچ ئومێدێك ناهێڵێته‌وه‌ بۆ چاكسازی و ریشه‌ كێش كردنی گه‌نده‌ڵی، له‌ ئه‌نجامیشدا ده‌نگده‌ر ده‌ڵێت خول به‌ خول خۆزگه‌م به‌ خولی پێشووتر.

 

author photo

 بروانامەی بەکالۆریۆس لە زمان و ئەدەبی عەرەبی

ئەزمونی پێنج ساڵ کاری ڕۆژنامەوانی و وەرگێڕان