کابینەی نوێی مەسرور بارزانی

کابینەی نوێی مەسرور بارزانی

588 خوێندراوەتەوە

كەمال چۆمانی


وێنەی مەسرور لە هەرێمی کوردستاندا وینەیەکی جوان نییە. هەمیشەش لە بەرانبەر نێچیرڤان بارزانییدا وەک کەسێکی توندڕەو و زۆر نەریتپارێز تەماشاکراوە، لە راستییدا هەردوکیان دونیابینییەکی هاوبەشیان هەیە بەڵام نێچیرڤان دیپلۆماسییتر بوە و پۆستەکەشی وای خواستوە وا دەربکەوێت. 

 
مەسڕوڕ بارزانی دەبێتە سەرۆک وەزیران و بێهەبونی هیچ روئیایەکی حوکمڕانیی. ئەو نە روئیای حوکمڕانیی هەیە، نە روئیایەکی دیموکراسیی. تەواوی سەرکەوتنەکانی مەسڕوڕ بارزانیی لەوەدا کورتکراونەتەوە کە “ئەندازیاری ئارامی”ی بوە، ئەمە لەکاتێکدا هەمومان دەزانین ئارامیی لای پارتیی واتا نەبونی هیچ دەنگێکی ناڕازیی و خۆسەپاندنی سیاسیی و بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران بە زەبری هێز و دەستگیرکردنی دەیان کەسی دیندار لەژێر قانونی دژایەتییکردنی تیرۆریزم و روبەڕوبونەوەی ئیسلامیی جیهادیی. 

 

،،

مەسرور بارزانی دەتوانێـت وێنەیەكی دیكە پیشان بدات،بە بەشداری پێكردنی ژنان لە حكومەتەكەی 


ئەو دەبێتە سەرۆکی حکومەت. بۆ ئەو مەبەستە دەتوانێت وێنەیەکی دیکەی خۆی لە یەکەم هەنگاوی پێکهێنانی کابینەی نوێدا پیشان بدات. بۆ نمونە دەتوانێت بەسەر هەمو حیزبە بەشدارەکانی کابینەی نوێدا بسەلمێنێت کە لە سەدا سیی پۆستەکان بۆ ژنان بێت. 


لە کابینەی پێشو تەنها یەک وەزیر ژن بو، ئەگەر سەرکەوتوتر نەبێت لە وەزیرەکانی تر، بەدڵنیایی ناسەرکەوتوتر نەبوە. لەوە هەرگەڕێ وەزیرە پیاوەکان بەشێکی زۆر گەندەڵ و ناکارامە بون، تێیاندایە هۆکارێکی گەورەی قەیرانەکانە. ماناشی نییە لە پارلەماندا ژنان کۆتایان هەبێت بەڵام لە پۆستەکانی حکومەتدا نەیانبێت، یان با کۆتا لە پارلەمانیش نەبێت، یان با لەناو دەزگاکانی حکومەتیش رەنگبداتەوە.

-بەڵێ، کۆتا زۆرجار هەندێک کەس دێنێتە پێشەوە کە بە کەڵکی پۆستەکان نایەن، بەڵام وەک قۆناغی سەرەتا خراپ نییە، بەتایبەت کە لە هەرێمی کوردستاندا تاکە رێگەیە بتوانین باڵانسی جێندەریی هێدی-هێدی بەدەستبێنین. ئەگەرنا بە رای زۆر کەس، کۆتا بەگشتیی زۆرجار دەبێتە هۆی ئەوەی ئەوانەی کۆتایان پێدەبەخشرێت وەک ئیمتیازێکی گارەنتییکراو لەو پۆستانە بڕوانن و هەوڵی خۆپێشخستن و ململانێ نەدەن. 

،،

وێنەیەكی ناشیرینی هەیە لای ڕۆژنامەنوسان

 
هەروەها مەسڕوڕ بارزانی وێنەیەکی زۆر ناشیرینیشی هەیە لای رۆژنامەنوسانی کوردستان، تەنانەت جیهانیش. ئەو بەناڕاستەوخۆیی لەلایەن میدیاکارانی کوردستان و خێزانی بنەماڵەی رۆژنامەنوسانی تیرۆرکراوەوە، تۆمەتباردەکرێت کەوەی دەستی هەبوە لە کوشتنی ئەو رۆژنامەنوسانە. دەزگاکەشی زۆر فاشیل و شکستخواردو بو لە دۆزینەوەی بکوژانی رۆژنامەنوسان. لە کوشتنی سەردەشت عوسمان رۆژنامەنوسیش، زیاتر ئەو کەیسە روبەڕوی ئەو کرایەوە. هەروەها لە کەیسی کوشتنی وەدات حوسێینیش لە دهۆک. بۆیە، ناکرێت کەسێک سەرۆک وەزیران بێت و لای رۆژنامەنوسانیش بە بکوژی رۆژنامەنوسان تۆمەتباربکرێت.

ئەو پەیوەندیی نێوان رۆژنامەنوسان و حکومەت هێندەی تر خراپ دەبێت. مەسڕوڕ بارزانی فاشیل بوە لەوەی لەڕێی دەزگاکەیی و دادگاکانەوە راستیی ئەو روداوانە نیشانبدات، بۆیە زۆر گرنگە لەو روەش وێنەیەکی دیکەی خۆی نیشانبدات کە پێناچێت لەوەدا سەرکەوتو بێت، ئەگەر بشتوانێت پەیوەندیی لەگەڵ رۆژنامەنوسان و میدیا باش بکات، ئەوا کەیسی تیرۆری رۆژنامەنوسان وەک پەڵەیەکی رەش بە نێوچەوانی خۆیی و دەزگاکەیەوە دەمێنێت تا راستیی روداوەکان ئاشکرا دەبێت.

 

author photo

تایبه‌ت به‌ دیپلۆماتیك