خۆخۆری هەندێ لە میرانی کورد لە ئاوارەییدا

خۆخۆری هەندێ لە میرانی کورد لە ئاوارەییدا

336 خوێندراوەتەوە

دکتۆر جەبار قادر

لە گەڵ ڕاگەیاندنی تەنزیماتدا لە دەوڵەتی عوسمانی، پرۆسەی داگیرکردنەوەی کوردستان و لەنێوبردنی میرنشینە کوردییەکان دەستی پێ کرد و لە ماوەی کەمتر لە نیو سەدەدا هەموویان لە بەین بران.

 

،،

لە نێوبردنی میرنشین و دەرەبەگ، خێڵەکی و خۆجێیە تێکبەربووەکانی کورد ئەو کارەساتە نیشتمانی و نەتەوەییە نیە کە زۆر لە مێژوونووسانی کورد دەیانەوێ وێنای بکەن.

 

 

لەو ڕۆژە بەدواوە دەروازەی باڵا "بابی عالی" ڕاستەوخۆ هەموو ناوچەکانی کوردستانی عوسمانی بەڕیوە دەبرد. یەکێ لە بڕیارەکانی دەوڵەت لە دوا ڕۆژەکانی پەلاماری سەربازی کوردستاندا دامەزراندنی ویلایەتێک بوو بە ناوی "ویلایەتی کوردستان"، کە بە پێی بەڵگەنامە عوسمانییەکان لە ٥ دیسەمبەری ١٨٤٧دا دامەزرێنرا.

ویلایەتی هەکاری، سەنجەقەکانی وان، مووش، هەکاری، جەزیرە و بۆتان و قەزاکانی ماردین لە چوارچیوەی ئەو ویلایەتەدا یەک خران. دامەزراندنی ویلایەتەکە ئەوەندەی یادگارییەک بوو بۆ سەرکوتکردنی میرە کوردەکان، کە دەمێکی درێژ بوو دەوڵەتیان بەخۆیانەوە سەرقاڵ کردبوو و بۆ وەبیر هێنانەوەی سوڵتان عەبدولمەجیدی یەکەم(١٨٣٩ – ١٨٦١) وەک "فاتیحی ڕاستەقینەی کوردستان"، ئەوەندە پێناسەیەک نەبوو بۆ دەڤەرێکی جوگرافی تایبەتمەند بە ناوی کوردستان.

لە نێوبردنی میرنشین و دەرەبەگ، خێڵەکی و خۆجێیە تێکبەربووەکانی کورد ئەو کارەساتە نیشتمانی و نەتەوەییە نیە کە زۆر لە مێژوونووسانی کورد دەیانەوێ وێنای بکەن.

هەر دەوڵەت لە هەوڵی مانەوە و خۆ سازکردن بووبایە، ئەو هەموو یەکە فیۆداڵی و عەشیرەتییەی ڕادەماڵی و لە نێو دەبردن. ئەم باسە با بۆ جارێکی تر بێت.

ئەوەی لێرەدا دەمەوێ ئاماژەی پێ بکەم خۆخۆری هەندێ لە میرانی کوردە دوای ئەوەی دەسەڵاتەکانیان لە دەست دەدەن و میرنشینەکانیان لە بەین دەبرێن و لە سەر دەستی دەوڵەتی عوسمانی ئاوارە و سەرگەردان دەکرێن.

 

،،

سەردارانی کورد لە دوای لە نێوبردنی میرنشینەکانیان، لە کوردستان دوور خرانەوە و هەر یەکەیان بەلایەکدا ئاوارە کرا.

 

 

سەردارانی کورد لە دوای لە نێوبردنی میرنشینەکانیان، لە کوردستان دوور خرانەوە و هەر یەکەیان بەلایەکدا ئاوارە کرا. لە دەسپێکدا هەموو بران بۆ ئەستەموڵ و لەوێوەوە بە ناوچە جیاوازەکانی دەوڵەتی بەرینی عوسمانیدا بڵاوەیان پێ کرا.

بەدرخان بەگی بۆتان و نوروڵلا بەگی هەکاری لە ئەستەموڵەوە بۆ دوورگەی کریت دوور خرانەوە. بەدرخان بەگ پاش ئەوەی دە ساڵی ڕەبەقی لەو دوورگەیە بەسەر برد، دەوڵەت لێی خۆش بوو و پلەی میری میران و نازناوی پاشای پێ بەخشی و بردێوە بۆ ئەستەموڵ. هەرچی نوروڵلا بەگ بوو ئەو مامەڵەیەی لە گەڵدا نەکرا.

بە پێی بەڵگەنامە عوسمانییەکان نوروڵلا بەگ بەو ڕێزلێنانە لە بەدرخان پاشا و پشت گوێ خستنی ئەو زۆر دڵگران و نیگەران بوو، لە لای ڕەفعەت بەگ واڵی عوسمانی لە دوورگەی کریت چەند جارێک دەردی دڵی خۆی هەڵڕشت.

والی گلەیی دەردەڵی نوروڵلا بەگی کرد بە ڕاپۆرت و لە ٢٠ دیسەمبەری ١٨٥٧دا ڕەوانەی دەرباری سوڵتانی کرد. پێدەچێت نوروڵلا بەگ کاتێک هیچ وەڵامێک وەرناگرێتەوە، زوو زوو بە بیری والی دەهێنایەوە و ئەویش لە دوای دوو مانگ نامەیەکی تر ڕەوانەی دەروازەی باڵا دەکات.

دوای چەند مانگێك لە چاوەڕوانی ئیتر نوروڵلا بەگ بێ هیوا دەبێ و بڕیار دەدات ڕاستەوخۆ نامە بنێرێت بۆ سوڵتان و لێی بپاڕێتەوە ئەویش وەک بەدرخان ببەخشێ. نامەکەی لە ئەرشیفی عوسمانی پارێزراوە و ڕێکەوتی ١١ نۆڤەمبەری ١٨٥٨ بەسەرەوەیە. ئەم نامەیە لەو بارەیەوە سەنجڕاکیشە کە تا ڕادەیەک تیشک دەخاتە سەر پەیوەندی نێوان میران و سەردارانی کوردی ئەو سەردەمە، کە لە ڕاستیدا جیاوازییەکی ئەوتۆی لە گەڵ ئەوانەی ئەمڕۆدا نیە.

،،

نوروڵلا بەگ : بۆ خاتری ڕەسووڵەڵڵا ئەم داوایەم لە بەرچاو بگرن

 

 

نوروڵلا بەگ دەنووسێت، کە ئەو هیچ کاتێک لە دژی دەوڵەت نەبووە و بەردەوام خۆی و باوباپیرانی خزمەتی دەروازەی باڵایان کردووە و بە ناڕەوایی دوورخراوەتەوە، هەروەها زۆر دڵگرانە بە خەڵاتکردنی بەدرخان بەگی"چەتە". نوروڵلا بەگ لە نامەیەکەیدا دەڵێت "بۆ خاتری ڕەسووڵەڵڵا ئەم داوایەم لە بەرچاو بگرن" وئاماژە بەوە دەکات کە خۆی و باوباپیرانی لە سەردەمی سوڵتان سلێمانی قانوونییەوە بەندە و کۆیلەی دەولەت بوونە.

هەروەها ئاماژە بەوەش دەکات کە ئەو بۆ خۆی لە گەڵ سوپای عوسمانیدا لە دژی بەدرخان جەنگاوە. ئەم داننانەی نوروڵلا بەگ ئەوە دەردەخات کە میرانی کورد چەند لە گەڵ یەکدا بێ متمانە بوونە، ئاخر ئەوان گوایە هاوپەیمان و هاوسەنگەر بوون لە دژی سوپای عوسمانی کە هەموویانی لە سەر شانۆی کوردستان ڕاماڵی.

نوروڵلا بەگ قسە دەباتەوە سەر بەدرخان بەگ و بەبیری دەروازەی باڵای دەهێنێتەوە کە ئەو ماوەیەک لەوەوبەر بەخشراووە و پلەی میری میرانی پێ دراوە، مووچەکەشی کراوە بە ١٤٠٠٠ قرووش و مۆڵەتی ئەوەشی پێ دراوە بە ئارەزووی خۆی لە شوێنێک نیشتەجێ بێت.

نوروڵلا بەگ ئەوەشی لە بیر ناچیت هەندێ خۆی هەڵبکێشێ و بەدرخان پاشا بشکێنێتەوە، کاتێ ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو لە کوردستان لە بەدرخان بەگ زۆر بەناوبانگتر و بەڕێزترە، لە ڕووی دارایی و سەربازیشەوە زۆر لە سەرووی ئەوەوەیە، هەروەها ئەم و باوپیرانی هیچ کاتێک"ئەهلی خیانەت" نەبوونە.

لە پاش ئەم نامەیە هەندێ لە داخوازییەکانی جێبەجێ دەکرێن و بەر لە مردنی لە ساڵی ١٨٦١بە دوو ساڵ پلەی "سەرگەورەی دەرگاوانی دەروازەی باڵای" پێ دبەخشرێت و مووچەی خۆی و کەس کارەکەی زیاد دەکرێت، هەرچەندە نوروڵلا بەغ لە ئاوارییەشدا داهاتی دەیان گوندی هەکاری و وانی بۆ کۆدەکرایەوە و بە پێی بەڵگەکان تەنها لە ناوچەی باشقەڵا ٢٥ گوندی هەبوو.

(*) چەندین نموونەی لەم جۆرە میر و سەردارانە لە کتێبە گرنگ و پڕ زانیارییەکەی نووسەری بەتوانای کورد کاک سینان هاکان"کورد و بەرخودانەکانی ١٨١٧ – ١٨٦٧ لە بەڵگەنامەکانی ئەرشیفی عوسمانیدا" دەبینرێن، کە کاک بەکر شوانی بە کوردییە پاراو و ئاست بەرزەکەی کردوویەتی بە کوردی و لە ساڵی ٢٠١٢ لە ئەکادیمیای کوردی بڵاومان کردەوە.

بەندەش پێیدا چوومەوە و پێشەکییەکی ٢٣ لاپەڕییم بۆ نووسی. پێموا بوو ئەم کتێبە لە ناوەندە "زانستی!!" و "ڕۆشنبیری!!"یەکانی کوردستان دەنگدەداتەوە و دەیان وتاری لە بارەوە دەنووسرێ. بەداخەوە من بۆخۆم هیچم نەبینی، نازانم هیچی لەبارەوە نووسرا یا وەک هەموو نووسینەکانی تر هیچ پرسیارێکی لەلای خوێنەران دروست نەکرد.

 

author photo

نوسەر

دکتۆرا لە مێژووی کورد