ده‌نگه‌ نارازییه‌كان، مانگى هه‌نگوینى نێوان پارتى و گۆڕان تاڵ ده‌كه‌ن

ئه‌مرۆ مه‌سرور بارزانى، په‌یامێك به‌گوێى گۆڕاندا ده‌دات

ده‌نگه‌ نارازییه‌كان، مانگى هه‌نگوینى نێوان پارتى و گۆڕان تاڵ ده‌كه‌ن

937 خوێندراوەتەوە

 

نارازییه‌كانى خوار گرده‌كه‌، ده‌یانه‌وێت به‌بیانووى دژایه‌تى كردنى پارتییه‌وه‌، حساباتى خۆیان له‌گه‌ڵ گرده‌كه‌ بكه‌ن و یارییه‌كه‌شیان له‌گه‌ڵ پارتى لێ تێك بده‌ن.!

 

 

هه‌رچه‌نده‌ پارتى و گۆڕان رێكه‌وتنیان واژۆ كردووه‌، و وا باسیش ده‌كرێت كه‌ سوێندى شه‌ره‌فیان بۆ یه‌كدى خواردبێت ئه‌مجاره‌ هیچكامیان نه‌بێته‌ هۆى فه‌شه‌ل هێنانى رێكه‌وتنه‌كه‌، به‌ڵام هێشتا حیبرى واژۆى رێكه‌وتنه‌كه‌یان وشك نه‌بۆته‌وه‌، چه‌ند سه‌ركرده‌ك له‌هه‌ردوولا ده‌ستیان كردووه‌ به‌ هێرش كردن بۆ سه‌ر یه‌كدى.

 

،،

لێدوانى چه‌ند به‌رپرسێكى گۆڕان له‌ به‌غداد ئاگره‌كه‌ى خۆش كرد.,!

 

ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌ نارازییه‌كانى گۆران بۆ وا ده‌كه‌ن؟

پێده‌چێت هێرشه‌كان له‌وێوه‌ ده‌ستیان پێكردبێت كه‌ چه‌ند ئه‌ندام په‌رله‌مانێكى به‌غداد كه‌ سه‌ر به‌ باڵه‌ نارازییه‌كه‌ى گۆڕانن، هێرشیان كرده‌ سه‌ر به‌رپرسه‌كانى پارتى، تا ئه‌و سنوره‌ى كه‌ ئه‌ندام په‌رله‌مانێكیان به‌ناوى غالب محمد گووتى: ئه‌گه‌ر مه‌سرور بارزانیش گه‌نده‌ڵى بكات لێى قبوڵ ناكه‌ین.!

 

دواتر هوشیار عه‌بدوڵا وه‌ك ئه‌ندام په‌رله‌مانى گۆڕان (كه‌ له باڵه‌ نارازییه‌كه‌یه‌ به‌ڵام له‌ كوڕه‌كانى نه‌وشیروان موسته‌فاشه‌وه‌ نزیكه‌) ئاماژه‌ى به‌وه‌ كرد كه‌ گۆڕان نابێت میدیاكه‌ى له‌گه‌ڵ خۆیدا بباته‌ نێو حكومه‌ت.. به‌واتاى ئه‌وه‌ى ئه‌گه‌رچى گۆڕان به‌شدارى حكومه‌تیش بكات به‌ڵام ده‌بێت‌ مه‌كینه‌ ئیعلامییه‌كه‌ى دژى پارتى و حكومه‌ت به‌رده‌وام بێت.

 

 

دژایه‌تییه‌كه‌ به‌مه‌ كۆتایی نه‌هات، تا كار گه‌شته‌ به‌رپرسه‌كانى گۆڕان له‌ هه‌رێمى كوردستان .. عه‌لى حمه‌ساڵحیش هاته‌ سه‌رخه‌ت، رایگه‌یاند: چه‌ندین مه‌له‌فى گه‌نده‌ڵیان له‌لایه ‌و‌ له‌ چوارچێوه‌ى چاكسازییه‌كانیان له‌ كابینه‌ى نوێ باسیان ده‌كه‌ن و هه‌ڵیان ده‌ده‌نه‌وه‌..

لێدوانى ئه‌م به‌رپرسه‌ى دواترى گۆران زۆرتر بۆ ئه‌وه‌ بوو كه‌ موزایه‌ده‌ به‌سه‌ر ده‌نگه‌ نارازییه‌كانى خوار گرده‌كه‌ى گۆڕاندا بكات و دڵى زۆرێك له‌ هه‌وادارو ده‌نگه‌ده‌ره‌كانى گۆڕانیش ئاشت بكاته‌وه‌، كه‌ نیگه‌رانیان له‌ گۆڕان هه‌بوو به‌وه‌ى به‌ته‌واوى ته‌سلیمى پارتى بووه‌ و گوتارى دژه‌ گه‌نده‌ڵى و ناعه‌داله‌تى پشتگوێ خستووه‌.

،،

پارتى ئه‌مجاره‌ دووروویی قبوڵ ناكات..!

 

فیدباكى به‌رپرسه‌كانى پارتى

دوابه‌دواى لێدوانه‌ تونده‌كانى به‌رپرسه‌كانى گۆران دژى كابینه‌ى نوێ و ماڵى بارزانى، به‌رپرسه‌كانى پارتیش هاتنه‌ سه‌رخه‌ت و به‌توندى وه‌ڵامیان دایه‌وه‌.

حەسۆ میرخان، وه‌ك ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى پارتى له‌ لێدوانێكدا ئه‌و په‌یامه‌ى گه‌یانده‌ به‌رپرسانى گۆڕان، كه‌ ئه‌مجاره‌ پارتى دوو روویى قبوڵ ناكات.

وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ ئه‌وه‌ى كه‌ له‌ماوه‌ى رابردوودا گۆڕان هه‌میشه‌ روویه‌كى له‌ ده‌سه‌ڵات و روویه‌كى دیكه‌شى له‌ شه‌قام و ده‌نگى نارازى خه‌ڵك بووه‌، ئه‌مه‌ش كێشه‌ى گه‌وره‌ى له‌گه‌ڵ پارتیتدا بۆ درووست كردووه‌.

 

 

بۆیه‌ له‌به‌ر ئه‌م دوو هۆكاره‌ پێناچیت ئه‌مجاره‌ گۆڕان بتوانێ له‌هه‌ولێر له‌ده‌سه‌ڵاتتدا بێت و له‌ سلێمانیش شه‌قامى دژ بجوڵێنێت. ئه‌وانیش:

یه‌كه‌م: گۆڕان له‌به‌ر ئه‌و چه‌ند هه‌ڵوێستانه‌ى ئه‌م دواییه‌ى شه‌قامى به‌ته‌واوى نیگه‌ران كردووه‌ له‌خۆیی، ئه‌مه‌ سه‌ره‌راى درووستبوون و ته‌قینه‌وه‌ى كێشه‌ ناوخۆییه‌كانى.. بۆیه‌ ئاسان نابێت كه‌ بتوانێ شه‌قام بجوڵێنێت.

 

دووه‌م: ده‌سه‌ڵات (پارتى) ئه‌زمونى له‌گه‌ڵ ده‌نگى نارازى و ئۆپۆزیسیۆندا زۆرتر بووه‌ و پێش به‌شدارى پێكردنى گۆڕان په‌نجه‌مۆرى ئه‌وه‌ى پێكردووه‌ كه‌ دژى شه‌پۆله‌كانى كابینه‌ى نوێ مه‌له‌ نه‌كات.

 

ئه‌مرۆ مه‌سرور بارزانى نیگه‌رانییه‌كانى ده‌گه‌یه‌نێت

 

بریاره‌ ئه‌مرۆ مه‌سرور بارزانى كاندیدى راسپێردراو بۆ سه‌رۆكى حكومه‌تى نوێ، سه‌ردانى سلێمانى بكات و له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له‌ یه‌كێتى و گۆڕان و سۆشیالیست كۆ ببێته‌وه‌.

هه‌رچه‌نده‌ له‌ میدیاكانى نزیك له‌ پارتى و گۆڕان، باس له‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ هاتنى ناوبراو بۆ سلێمانى بۆ ئه‌وه‌یه‌ سى ڤى ئه‌و كاندیدانه‌ وه‌ر بگرێت كه‌ حزبه‌كانیان به‌نیازن له‌ كابینه‌ى نوێ پۆستیان پێ بده‌ن.

 

،،

ره‌نگه‌ دواى سه‌ردانه‌كه‌ى مه‌سرور بارزانى گۆڕان هه‌ندێ رێوشوێن دژى ئه‌وانه‌ بگرێته‌ به‌ر كه‌ به‌ناوى بزووتنه‌وه‌كه‌وه‌ ده‌یانه‌وێت دژایه‌تى پارتى بكه‌ن.

 

به‌ڵام به‌پێ زانیارییه‌كان، مه‌سرور بارزانى یه‌كێك له‌ په‌یامه‌كانى كه‌ ده‌یگه‌یه‌نێت به‌ سه‌رانى گرده‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ ئه‌مجاره‌ نابێت به‌هیچ شێوه‌یه‌ك هیچ به‌رپرسێكى گۆڕان به‌ناوى بزووتنه‌وه‌كه‌ دژایه‌تى ده‌سه‌ڵات و كابینه‌ى نوێ بكات.

 

بۆیه‌ پێشبینى ده‌كرێت، بۆ پاراستنى رێكه‌وتنه‌كه‌ى نێوانیان و تێكنه‌چوونى په‌یوه‌ندییه‌كانیان، بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان هه‌ندێ رێوشوێن به‌رامبه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ بگرێته‌ به‌ر كه‌ ده‌یانه‌وێ به‌بیانووى دژایه‌تى پارتییه‌وه‌ نه‌هێڵن ئه‌مجاره‌یش گۆڕان، شیرینى حكومه‌ت به‌دڵییه‌وه‌ بنووسێت.

 

 

author photo

ماسته‌ر له‌ زانسته‌ رامیارییه‌كان

ئه‌ندامى كاراى سه‌ندیكاى ڕۆژنامەنووسانی کوردستان