ئەوانەی زیاتر لە ۱۰۰ ساڵ ژیاون، نهێنی تەمەندرێژییەكەیان دەگێڕنەوە

چۆن ئەو تەمەن زۆرە ژیاون؟

ئەوانەی زیاتر لە ۱۰۰ ساڵ ژیاون، نهێنی تەمەندرێژییەكەیان دەگێڕنەوە

558 خوێندراوەتەوە

د. سەروەر سالار چوچانی

زانست دەڵێت چەندە وەرزش بكەی، چی بخۆی و جینەكانت چۆن بن، ئه‌وانه‌ دیاریدەكەن تۆ چەندە دەژیت. بەڵام ئەوانەی زۆر ژیاون، رەنگە لە پەنجەرەیەكی دیكەوە هۆكاری تەمەندرێژیی خۆیان بخوێننەوە. وا لێرەدا نموونەی چەند كەسێكتان پیشاندەدەین كە زیاتر لە 100 ساڵ ژیاون و روانگەی خۆیان بۆ ئەو تەمەندریژییەیان باسدەكەن:

 

 

1-گیرتود ویڤەر، 116 ساڵ
ئەم خانمە ئەمریكییە یەكێك بوو لەوانەی لەدایكبووی 1800 كان بوو، تاكو مانگی نیسانی 2015 گیانی سپارد. ئەو دەڵێ نهێنی تەمەندرێژیەكەی من تەنیا سادەیی و هاوسۆزییە بۆ كەسانی دەوروبەرم. كاتێك ساڵی 2004 گۆڤاری تایم لێیان پرسی چی بكەین تاكو وەكو تۆ تەمەندرێژبین، گوتی "باش مامەڵە لەگەڵ خەڵكی بكە، درووست بەوجۆرەی كە خوازریت ئەوان مامەڵەت لەگەڵ بكەن".
جگە لەوە گوتبووی كە ئەو تووشی نەخۆشیی درێژخایەن نەبووە و هەرگیز جگەرەی نەكێشاوە و كحولیشی نەخواردووەتەوە، هەروەك بڕی پێویستیش نووستووە.

2-جێسی گالان، 109 ساڵ
ئەم خانمە تاكو مرد هەرگیز هاوسەرگیری نەكرد. مانگی یەكی 2015 و سێ مانگ بەرلەوەی كۆچی دوایی بكات، گوتبووی هۆكاری تەمەندرێژییەكەم شوونەكردنمە. ئەو بە "دەیلی مەیل"ی گوتبوو "پیاوان گرفتیان زۆرترە بۆ خانمان". ئەو خانمە بەردەوام وەرزش بەشێكی پلانی رۆژانەی بووە و تێكەڵیی خەڵكی باشی كردووە و لە كاركردنیش بەردەوام بووە هەر لە تەمەنی 13 ساڵییەوە.

3-ئەلیكساندەر ئیمیچ، 111 ساڵ 


ساڵی 2014 و مانگێك بەر لە مردنی، ئەم پیاوە تەمەن 111 ساڵانە ئەمریكییە بە كەناڵی ئێن بی سی گوتبوو كە ئەو هەمیشە خۆراكی تەندروستانەی خواردووە و لە كحول دوور بووە. ئارەزووی مەلەكردن و جمناستیكی كردووە و ئەنجامیداون، لە خواردنیشدا ماسی و مریشكی زۆر خواردوون.

4-دورانۆرد ڤیلارد، 108 ساڵ
ئەم پیاوە تەمەندرێژەش هەموو رۆژەكانی بە خواردنی شۆفان، میوە و كوپێك چا دەستپێكردووە و ئێوارانیشی بە سەوزە و ماسی كۆتایی پێهێناوە. هەموو بەیانییەكیش پێنج شناوی كردووە.

5-ئادێلین دۆمینگز، 114 ساڵ
ئەم خانمە تاكو مرد هەرگیز دەرمانی نەخوارد و هیچ كاتێكیش نەچووە نەخۆشخانە. ئەو وای بینیوە كە هۆكاری تەندروستی و تەمەندرێژییەكەی ئەوە بووە كە هەرگیز ماكیاژی نەكردووە. بە رۆژنامەیەكی گوتبوو "هەرگیز نەچوومە ساڵۆن و شوێنی ئارایشت و ئەنجامیشم نەداوە، هەرگیز ئه‌وه‌نده‌ به‌تاڵ نەبووم". ئەو هەرگیز جگەرەی نەكێشاوە و كحولی نەخواردووەتەوە و ئایینی بە باشترین پزیشكی خۆی زانیوە.

6-سوزان موشات، 116 ساڵ

 مانگی تەمموزی 2015 تەمەنی گەیشتە 116 ساڵ و بەوەش وەكو پیرترین كەسی ئێستا هەژماركرا لەلایەن دامەزراوەی گینس. ئەو گوتویەتی كە هەمیشە تێرخەو بووە و كەمخەویی نەكردووە، بەیانیانیش هێلكە و گەنمەشامی و گۆشتی خواردووە، خانەوادەكەیشی گوتوویانە زۆر هاوسۆز بووە لەگەڵ ئەندامانی خێزان و بۆ خەڵكی دیكەش بەخشندە و دڵفراوان بووە.

7-روث كۆبن، 103 ساڵ
ئەم خانمە ئەمریكییە هەمیشە وەرزشی كردووە و تەنانەت لە سەتەكانی تەمەنیش لە وەرزشكردن نەوەستاوە. ئەو گوتبووی مرۆڤ تاكو توانای جووڵەی بمێنێ دەبێ وەرزش بەشێك لە بەرنامەكانی رۆژی بێت.

8-جۆرج بۆگز، 103 ساڵ
دوای ئەوەی لە جەنگی دووەمی جیهانیی سەرباز بووە و دواتر هاوڕێیەتی مارتن لۆسەر كینگی كردووە، لە دادگای واشنتن-یش خزمەتی كردووە، ئەم پیاوە دەڵێ هیوادارم نەمرم تاكو دەبمە 105 ساڵ. ئەو دەڵێت ئەگەر دەتانەوێ وەك من تەمەندرێژ بن، ئەوە زۆر بەپێ رێ بكەن و بە ئوتومبیل هاتوچۆ مەكەن ئەوەندەی دەتوانن.

9-پۆڵ ماركۆز، 101 ساڵ
ئەم پیاوە هەرچەند هەرگیز نەیهێشتووە قەڵەو ببێت و رێكیی باڵای خۆی پاراستووە، دەڵێت تەمەندرێژی بە بەخت و نێوچەوانە و كاری بە وەرزش و خواردنەوە نییە! كاتێك گوتوویانە بۆ وەها تەمەندرێژ و تەندروستیت، گوتوویەتی "چونكە بەختم هەیە و جینەكانم باش هەڵكەوتوون".

10-میزۆ ئۆكاوا، 117 ساڵ
ئەم خانمە تەمەندرێژترین مرۆڤ بوو لە سەرەتای 2015 تاكو مانگی چوار كە گیانی سپارد. ئەو بە رۆژنامەی دەیلی میرەر-ی بەریتانی گوتبوو كە نهێنیی تەمەندرێژی ئەو سێ شتن: خواردنی "سوشی"، نووستن بۆ 8 كاژێر هەموو شەوێك و یۆگا.

وڵاتی ژاپۆن زیاتر لە 50 هەزار كەسی تێدایە كە تەمەنیان 100 ساڵ و زیاترە، وا بڕوا دەكرێ ئەوە بۆ خواردنە تەندروستەكانیان بگەڕێتەوە كە كەمچەورییە و بە ماسی و سوشی دەوڵەمەندە*


سەرچاوە: سی ئێن ئێن
بابەتەکە کۆتایی ساڵی ٢٠١٥ لە سی ئێن ئێن بڵاوبووەتەوە