کەس فریاى کۆمەڵى ئیسلامى نەکەوت

عەلى باپیر ئەمرۆ کۆتا وەڵامى ناخۆشى لەلایەن گۆڕانەوە وەرگرت

کەس فریاى کۆمەڵى ئیسلامى نەکەوت

2349 خوێندراوەتەوە

 

هەرچەندە، کۆمەڵى ئیسلامى چاوەڕوانى فریادرەسێک بوو لەو دۆخەى تێى کەوتووە رزگارى بکات، بەڵام نە هاوستراتیژە چەن ساڵییەکەى (گۆڕان) و نە هاودینەکەشى (یەکگرتوو) نەیانتوانى هیچى بۆ بکەن.

 

پێدەچێت، ئەمرۆ کۆمەڵى ئیسلامى کۆتا وەڵامى لەلایەن پارتییەوە پێ گەشتبێت، کە حکومەتى ئەمجارە نابێت کۆمەڵى تێدا بێت، بۆیە ئەمیرى حزبەکەش (عەلى باپیر) رایگەیاند: کۆمەڵ بەشدارى کابینەى نوێ ناکات. 

،،

 پەیامێک لە گردەکەوە، دڵى کۆمەڵى بەیەکجارى ناخۆش کرد.!

 

گۆڕان مژدە ناخۆشەکەى پێدا

دوێنێ لەکاتى هاتنى شاندى پارتى بۆ لاى گۆڕان بەسەرۆکایەتى مەسرور بارزانى، جارێکى دیکە گۆڕان ویستى شەفاعەت بکات بۆ کۆمەڵ و لەگەڵ خۆى بیباتە نێو کابینەى نوێ، بەڵام ئەمجارەش پارتى لەسەر ئەم بابەتە دڵى گۆڕان و کۆمەڵیشى رەنجاند.

چونکە پارتى و بارزانى سوورن لەسەر ئەو ڤیتۆیەى کە لەسەرەتاوە لەسەر عەلى باپیرو حزبەکەى دایان نابوو.

 

مەسرور بارزانى بەبێ گەڕانەوە بۆ مەکتەبى سیاسی حزبەکەى، دەسەڵاتى ئەوەى هەبوو کە بە شاندەکەى گۆڕان بڵێـت: ئەوان وەک پارتى مەلەفى بەشدارى کردنى کۆمەڵیان لە کابینەى نوێ داخستووە.

 

لە وەڵامى پرسیارى گۆڕان کە بۆچى ڤیتۆیان لەسەر ئەم حزبە داناوە و پارتى هێندە تورەیە لێیان، مەسرور بارزانى ئەوەى گوتووە: کە ئەمیرى کۆمەڵى ئیسلامى بە هەڵوێست و قسەکانى دڵى بارزانى باوکى رەنجاندووە و ئەمەش باجى خۆى هەیە.!

 

جارى پێشوو ئۆفەرێکیان ئاراستەى ئەمیرى کۆمەڵ کرد کە بەهەرجۆرێک بووە سەردانى سەرى رەش بکات و بارزانى ئاشت بکاتەوە، بەڵام بەپێى زانیارییەکان ناوبراو (عەلى باپیر) ئەم کارەى نەکرد، تاکو رۆژى حزبەکەى بەمرۆژە گەیاند کە نەتوانن بەشدارى حکومەت بکەن.

،،

عەلى باپیر:

کۆمەڵى ئیسلامى بەشدارى لە کابینەى نوێ ناکات.

 

هەربۆیە ئەمرۆ بزووتنەوەى گۆڕان دواى کۆبوونەوەیان لەگەڵ شاندى کۆمەڵ لە گردەکە، بەناچارى ئەو مژدانە ناخۆشەیان دا بە عەلى باپیر، کە تەواو هیچ هیوایەک نەماوە بۆ بەشدارى کردنى ئەوان لە کابینەى نوێ.

چەند کاتژمێرێک دواى هەواڵەکەش، ئەمیرى کۆمەڵى ئیسلامى لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: کە کۆمەڵ بەشدارى حکومەت ناکات.

 

 

چارەسەکە، لاى ئەمیندارى یەکگرتوو دەست دەکەوت

بەپێى زانیارییەکان کلیلى چارەسەرکردنى کێشەکانى نێوان عەلى باپیرو بارزانى تەنها یەک کەسە، چونکە لەماوەى رابردووش چەند جارێکى دیکە ئاشتى کردوونەتەوە، ئەویش (سەڵاحەدین محمد بەهادین) ئەمیندارى گشتى یەکگرتووە.

بەڵام بەهۆى دڵرەنجاندنى ئەمیندارى یەکگرتوو لەلایەن عەلى باپیرەوە ئەمجارە ئەویش فریایان نەکەوت.

چونکە لە سەردانى شاندى کوردى بۆ بەغدا ساڵى ٢٠١٧ بەسەرۆکایەتى مەسعود بارزانى بە مەبەستى ریفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان، عەلى باپیر تەکلیفى لە ئەمیندارى یەکگرتوو کردبوو کە  لە لاى بارزانى شەفاعەتى بۆ بکات تاکو ئەویش لەگەڵ خۆیان ببەن بۆ بەغدا.

 

،،

 سەڵاحەدین محمد بەهائەدین، بەهۆى قسەکانى عەلى باپیرەوە نیگەران بووە.

 

بەڵام دواى تەکلیفەکەى ئەمیندارى یەکگرتوو و رازیکردنى بارزانى، عەلى باپیر رۆژى سەفرەکە بۆ بەغداد پاشگەز دەبێتەوە ناچێت لەگەڵیان، بەمەش ئەمیندارى یەکگرتوو نیگەران دەکات و هیچ وەڵامێکى پێ نابێت لەبەردەم بارزانیدا کاتێک پرسیارى ئەوەى لێ دەکات: کوا عەلى باپیر، ئەمیرى کۆمەڵ.

 

سەرەراى ئەوەش لە چەند شوێن و لێدوانى دیکەدا ئەمیرى کۆمەڵى ئیسلامى بە ناراستەوخۆ هێرشى کردۆتە سەر ئەمیندارى یەکگرتوو.

ئەم هۆکارانەش وایانکردووە کە سەڵاحەدین محمد بەهائەدین لە خودى عەلى باپیر نیگەران بێت و دەرگاکانى هاوکارى بەروودا دابخات.

 

وا باس دەکرێت لەسەرەتاى دەستپێکردنى گفتوگۆکانیش بۆ پێکهێنانى کابینەى نوێ، عەلى باپیر پەیامى بۆ ئەمیندارى یەکگرتوو ناردبێت کە لەگەڵ پارتى و بارزانى ئاشتیان بکاتەوە کۆبوونەوەیەکیان بۆ رێک بخات.

 

 

،،

نەیانهێشت کۆمەڵى ئیسلامى سوود لە کورسیەکانى وەر بگرێت.! 

 

 بەڵام ئەمیندارى یەکگرتوو داواکەى رەتکردووەتەوە و گوتویەتى: ئەوان وەک یەکگرتوو کە ئۆپۆزیسیۆنن کارێکى لەو شێوەیە ناکەن، ئەگەر شتێکى پێویست هەبێت بۆ کۆمەڵگا گرنگ بێت ئەوا قسەى خۆیان لەگەڵ پارتى و یەکێتیش دەکەن.

 

لەکۆتایدا ئەوە دەرکەوت، کە ئەمجارە کەس فریاى کۆمەڵى ئیسلامى نەکەوت و بارزانى ڤیتۆکەى نەشکاند و سڵاوە گەرمەکەى پارتیش نەگەشت،

هەرچەندە ژمارەى کورسییەکانیشى بەسوپرایزێک گەیاندە ٧ کورسى، بەڵام وا بروات ناهێڵن سود لە دەستکەوتەکانى وەر بگرێت.