بۆچى کۆبوونەوەکانى پارتى و گۆڕان لە ماڵى نەوشیروان موستەفا دەکرێن؟

ئاماژه‌كانى ئه‌م عورفه سیاسییه‌، زیندوكردنه‌وه‌ى بنه‌ماكانى خێڵ و عه‌شره‌تن

بۆچى کۆبوونەوەکانى پارتى و گۆڕان لە ماڵى نەوشیروان موستەفا دەکرێن؟

753 خوێندراوەتەوە

  کۆشکى بنەماڵەو که‌سایه‌تییه‌ سیاسییەکان لە هەرێمى کوردستان جێگەى مه‌کته‌بى سیاسى حزبەکان دەگرێتەوە.

 

هەرچەندە دوورى نێوان مەکۆى سەرەکى بزووتنەوەى گۆڕان و ماڵى نەوشیروان موستەفا، تەنها چەند هەنگاوێکە، بەڵام دواهه‌مین کۆبوونەوەى نێوان گۆڕان و پارتى جارێكى دیكه‌ له‌ ماڵى نەوشیروان موستەفا ئه‌نجامدرا. 

،،

 عورفێكى سیاسییه‌، ده‌مێكه‌ له‌نێو حزب و كه‌سایه‌تییه‌ سیاسییه‌كان په‌یڕه‌و ده‌كرێت.!

 

تەنها بزوتنه‌وەى گۆڕان نییە کە کۆبوونەوە سیاسیەکانى دەباتە ماڵى سەرۆکى حیزبەکەى، پێشتر هەریەکە لە پارتى و یەکێتى ئەم نەریتەیان پەیڕەو کردووە و لەدواى مەرگى نەوشیروان مستەفاوە بزوتنەوەى گۆڕانیش بوو بە یەکێک لە پەیڕەو کارانى ئەم نەریتە سیاسییە.

 

دواهەمین کۆبونەوەى لوتکە لە نێوان بزوتنەوەى گۆڕان و پارتى دیموکراتى کوردستان بە سەرۆکایەتى مەسرور بارزانى لەچەند رۆژى رابردوودا، كه‌ لە ماڵى نەوشیروان مستەفا بەڕێوەچوو، پرسیارى به‌دواى خۆیدا هێنا.!

 

گردى زه‌رگه‌ته‌، كه‌ مه‌كۆى گۆڕان و ماڵى نه‌وشیروات موسته‌فاى لێیه‌

چەندین جارى دیکەش، سەردانى شاندى پارتى و یەکێتى بۆ لاى گۆڕان لەماڵى نەوشیروان موستەفا بووە.هەندێ جاریش کوڕەکانى ناوبراویش ئامادەبوون.بەجۆرێک خەریکە بردنى کۆبونەوە گرنگەکان لە مەکۆى سەرەکییەوە بۆ ماڵى نەوشیروان مستەفا لەناو بزوتنەوەى گۆڕاندا دەبێتە دیاردەیەکى ئاسایی. 

لەماوەى رابردووشدا بارزانى و تاڵەبانى ئەم عورفەیان زۆرتر پەرەپێداوەو زۆرجار لەبرى مەکتەب سیاسی حزبەکانیان دیوەخان و کۆشکەکانى خۆیان کردووە بە شوێنى بریاردان. 

،،

بۆ سودوه‌رگرتنه‌ له‌ كه‌سایه‌تی مه‌عنه‌وى نه‌وشیروان موسته‌فا، تاكو ده‌نگه‌ توڕه‌و نارازییه‌كانى پێ بێده‌نگ بكرێت.!

 

لێرەدا دەکرێت ئەو پرسیارە بکەین،هۆکارى چییە بزوتنەوەى گۆڕان کۆبونەوە گرنگەکانى دەباتە ماڵى نەوشیروان مستەفا؟ لەکاتێکدا مەکۆى سەرەکى بزوتنەوەکە و باڵەخانە گەورەکانى بە تەنیشت ماڵى نەوشیروان مستەفاوەیە.

 

لەوانەیە ئەم بابەتە لە چەندلاوە جێگاى پرسیار و تێڕامان بێت و خوێندنەوەى جیاواز هەڵبگرێت،کە بەگشتى دەتوانین لەم خاڵانەى خوارەوەدا بیخەینە ڕوو:

 

یەکەم: سەرکردایەتى بزوتنەوەى گۆڕان لەسەر چونە ناو حکومەت لەلایەن بنکە جەماوەریەکەیەوە روبەڕوى رەخنەى توند بۆتەوە، سەرکردایەتى گۆڕان دەیانەوێت بە بردنى کۆبونەوەکان بۆ ماڵى نەوشیروان مستەفا، وادەریبخەن کە ئەم رێکەوتنە خواستى نەوشیروان مستەفاى لەگەڵە و کەسێتى مەعنەوی ئەو بەکاربهێنن بۆ دامرکاندنەوەى نارەزایەتییەکان.

 

دووەم: لەوانەیە یەکێکى دیكه‌ لە هۆکارەکان بریتی بێت لە رێزگرتن لە رەمزیەتى ناوى  نەوشیروان موستەفا وەک کەسایەتییەکى سیاسی لە زهنیەتى تاکى کوردا.

 كۆبوونه‌وه‌ى شاندى پارتى و گۆڕان له‌ماڵى نه‌وشیروان موسته‌فا

 

سێیەم: لەلایەکى دیکەوە لەوانەیە بەشێک بێت لە موخاتەبەى عەقڵى پارتى کە لەدیدى ئەواندا ماڵ قودسیەتى زیاترە لە بارەگاى حیزبى و وەک رەمزى میواندارى و رێزو شەرەف سەیر دەکرێت، بۆیە لایان وایە هەر رێکەوتنێک لە ماڵدا بکرێت قورسایی زیاترە و دەیانەوێت بەو هۆیەوە پارتى روگیر بکەن و پابەند بێت بەو واژۆیەى کە لەنێوانیان ئەنجامدراوە.

 

چوارەم: ئاماژەیەکى دیکەى ئەنجامدانى کۆبونەوەکان لەماڵى نەوشیروان مستەفا ئەوەیە، بنەماڵەو خێزانەکان لەسەرووى حزبەوەن، ئەوە ئەوانن حزب ئاراستە دەکەن نەک بە پێچەوانەوە.کە ئەمەش لەمێژووى بزووتنەوەى رزگارى خوازى کورد رەنگدانەوەى هەیە.

 

،،

پارتى و گۆڕان، هه‌ردوولایان سوود له‌وه‌ وه‌ر ده‌گرن كه‌ كۆبونه‌وه‌كانیان له‌ماڵى نه‌وشیروان موسته‌فا بكرێن.!

 

پێنجەم: دەکرێت یەکێک لە هۆکارە شاراوەکانى ئەو کارە پەیام بێت بۆ پارتى کە لە دوادواى تەمەنیدا (نه‌وشیروان موسته‌فا) پەیوەندیەکى ئاڵۆزى لەگەڵ پارتى هەبوو، تا ئاستى ئەوەى پارتى ئامادەبوو فەرمانى گرتنى بۆ دەربکات و ئەگەر بۆشى بچوایەتە سەر بەیاساى تیرۆر دەیگرت.

 بەڵام ئێستا کە بەرپرسانى پارتى دەچنە ماڵەکەى بۆ کۆبونەوە ئەمە خۆى لە خۆیدا ماناى وایە لە بنەرەتدا فەرمانى دەسگیرکردنەکەى بێ بنەمابووە. هەرچەندە تائێستا پارتى بە فەرمى ئەو تۆمەتەى لەسەر نەوشیروان مستەفا هەڵنەگرتووە.

 

لە ئێستادا بارودۆخى سیاسی زۆربەى حزبەکان لە هەرێمى کورستان بەرەو ئاراستەى بنەماڵەیی دەرۆن، ( بەتایبەت پارتى و یەکێتى و گۆڕان) کە ئەمەش لە کردارو سەردانەکانیان بۆ لاى یەکدى رەنگى داوەتەوە.

 

ماڵى نه‌وشیروان موسته‌فا

ئەم دیاردەیە لە خواروى عێراقیش بەربڵاوە، کاتێک موقتەدا سەدر پێشوازى لە میوانێک یاخود شاندێکى سیاسی دەکات، لەماڵەکەى خۆى چاوەڕێیەتى، بۆ نموونە کۆتا سەردانى بارزانى بۆ لاى ناوبراو لەماڵەکەى خۆیدابوو لە نەجەف.

 

 هەرچەندە لە هەرێمى کوردستان بانگەشەکارانى دیموکراتى زۆرن،بەڵام بەپێچەوانەوە رۆژانە بنەماکانى خێڵ و عەشیرەت زیاتر تۆخ دەبنەوە لەکایەى سیاسیدا.