وته‌بێژى پارتى: مه‌حمود سه‌نگاوى له‌به‌ر ئه‌وه‌ى كوڕه‌كه‌ى ناكرێت به‌ وه‌زیر ئه‌و هێرشانه‌ ده‌كات

باره‌گاى بارزانى و مه‌كته‌بى سیاسی پارتیش به‌توندى وه‌ڵامیان دایه‌وه‌

وته‌بێژى پارتى: مه‌حمود سه‌نگاوى له‌به‌ر ئه‌وه‌ى كوڕه‌كه‌ى ناكرێت به‌ وه‌زیر ئه‌و هێرشانه‌ ده‌كات

461 خوێندراوەتەوە

 

نزیك بوو لێدوانێكى ئاگراوى مه‌حمود سه‌نگاوى، جارێكى دیكه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى یه‌كێتى و پارتى بباته‌وه‌ خاڵى سفرو ده‌ست بكه‌نه‌وه‌ به‌ شه‌ڕى ئیعلامى.

 

دوابه‌دواى هێرشه‌كانى مه‌حمود سه‌نگاوى وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌كى سه‌ربازى یه‌كێتى بۆ سه‌ر پارتى  و ماڵى بارزانى، له‌لایه‌ن هه‌ردوو مه‌كته‌بى سیاسی پارتى و یه‌كێتی له‌لایه‌ك و باره‌گاى بارزانیش له‌لایه‌كى دیكه‌ وه‌ڵام درایه‌وه‌ و پشتگیریان له‌ قسه‌كانى ناوبراو نه‌كرد. 

،،

وته‌بێژى پارتى:

قسه‌كانى ناوبراو هیچ ئه‌رزشێكیان نییه‌ لامان، به‌ڵام دۆخى كۆمه‌ڵگا تێك ده‌ده‌ن.!

 

وته‌بێژى پارتى: قسه‌كانى ئه‌و براده‌ره‌ ئه‌رزشیان نییه‌

 

سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته‌ عه‌تا شێخ حه‌سه‌ن، وته‌بێژى ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى پارتى له‌ سلێمانى_هه‌ڵه‌بجه‌، بۆ دیپلۆماتیك مه‌گه‌زین ده‌دوێت و ده‌ڵێـت: قسه‌كانى ناوبراو ( مه‌حمود سه‌نگاوى) هیچ ئه‌رزشێكیان لاى پارتى نییه‌ چونكه‌ ئه‌و خاوه‌نى هیچ بنه‌مایه‌كى سیاسی نییه‌.

 

به‌ڵام ئه‌وه‌ش ناشارێته‌وه‌ ئه‌م جۆره‌ وتاره‌ ئاگراویانه‌ له‌م كاته‌دا شایه‌نى قبوڵكردنن نین، چونكه‌ له‌ كۆمه‌ڵگادا كاریگه‌رى خراپ داده‌نێن.

عه‌تا شێخ حه‌سه‌ن

باره‌گاى بارزانى به‌توندى وه‌ڵامى مه‌حمود سه‌نگاوى دایه‌وه‌ به‌وه‌ وه‌سفى ده‌كات كه‌ ناوبراو : مافیا و تاڵانچی و بكوژه‌ هی ئەوە نییه‌ وەڵام بدرێتەوە.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا مه‌كته‌بى سیاسی حزبه‌كه‌ش رایگه‌یاند: كه‌ مه‌حمود سه‌نگاوى حه‌ز ناكات حكومه‌تێكى به‌هێز پێكبهێنرێت، چونكه‌ ده‌ترسێت ئه‌و تاڵانى و كه‌ڵه‌گاییه‌ى ده‌ستى پێكردووه‌ بۆى نه‌رواته‌ سه‌ر.

 

عه‌تا شێخ حه‌سه‌ن، به‌یاننامه‌كه‌ى یه‌كێتى به‌ لاواز وه‌سف ده‌كات و ده‌ڵێت زۆر شه‌رمنانه‌ بوو، چونكه‌ ده‌بوو یه‌كێتى سزاى ناوبراو بدات. 

،،

وته‌بێژه‌كه‌ى پارتى:

ئه‌گه‌ر كوره‌كه‌ى ببوایه‌ به‌ وه‌زیر ئه‌وا ئه‌و قسانه‌ى نه‌ده‌كرد.!

 

مه‌حمود سه‌نگاوى بۆ وا ده‌كات؟

هه‌رچه‌نده‌ له‌ لێدوانه‌كه‌یدا سه‌نگاوى هۆكارى توره‌بوونه‌كه‌ى ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى كه‌ له‌ كاتى مه‌راسیمى سوێندخواردنى سه‌رۆكى هه‌رێمدا ناوى جه‌لال تاڵه‌بانى سكرتێرى كۆچكردووى یه‌كێتى نه‌هاتووه‌ به‌ڵام وته‌بێژه‌كه‌ى پارتى بۆ دوو هۆكارى دیكه‌ى ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ ئه‌وانیش:

 

یه‌كه‌م: مه‌حمود سه‌نگاوى كوڕێكى كاندید كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ببێت به‌ وه‌زیرى پلان دانان، به‌ڵام ده‌ره‌نجامى كۆبوونه‌وه‌كه‌ى رۆژى پێشترى نێوان شاندى پارتى به‌ سه‌رۆكایه‌تى مه‌سرور بارزانى و شاندى یه‌كێتى له‌ سلێمانى، رێك نه‌كه‌وتوون له‌سه‌ر ناوى كوڕه‌كه‌ى ناوبراو.

 

بۆیه‌ سه‌نگاوى ده‌ستى كردووه‌ به‌ هێرشكردن بۆ سه‌ر پارتى و خودى حزبه‌كه‌ى خۆشى، چونكه‌ له‌ هێرشه‌كانیدا باس له‌ قوباڵ تاڵه‌بانى ده‌كات و به‌ به‌بێ هه‌ڵوێست ناوى ده‌بات.

 

 

دووه‌م: شێخ عه‌تا پێى وایه‌ ده‌ستێكى ده‌ره‌كى و هۆكارێكى ده‌ره‌كى ئه‌م جۆره‌ قسانه‌ بكات به‌ مه‌حمود سه‌نگاوى به‌مه‌به‌ستى له‌باربردنى هه‌ر ئه‌زمون و كارێكى باش له‌ كوردستان.

چونكه‌ وته‌بێژه‌كه‌ى پارتى گومانى هه‌یه‌ له‌كات وساتى قسه‌كانى سه‌نگاوى و ده‌شپرسێت، سه‌یره‌.. بۆچى له‌مكاته‌دا ئه‌م هێرشانه‌ ده‌كات؟ كه‌ بریاره‌ 28ى ئه‌م مانگه‌ بانگ بدرێت به‌ گوێ كابینه‌ى نوێدا و پێك بهێنرێت.! 

،،

له‌به‌ر كوڕه‌كه‌ى نزیك بوو نێومانى كورد بخاته‌ لێوارێكى مه‌ترسیدار.!

 

هه‌ربۆیه‌ ئه‌ندامه‌ باڵاكه‌ى پارتى ده‌ڵێـت: مه‌عقول نییه‌ ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ى كوره‌كه‌ت نابێت به‌ وه‌زیر دۆو دۆشاو تێكه‌ڵاو بكه‌یت و هه‌رچى قسه‌ى ناخۆشه‌ بیكه‌یت و باسى شه‌ڕو دوو ئیداره‌ بهێنیته‌وه‌ كایه‌وه‌.

 

له‌كۆتایدا ده‌شڵێت: ئه‌گه‌ر كاك مه‌حمود كوڕه‌كه‌ى ببوایه‌ به‌ وه‌زیر ئێسته‌ له‌برى هێرش وه‌سفى ده‌كردین و جۆرێكى دیكه‌ قسه‌ى ده‌كرد.

 

جێگه‌ى ئاماژه‌یه‌ بۆ ماوه‌ى ساڵێك ده‌روات هه‌ڵبژاردن بۆ په‌رله‌مانى كوردستان ئه‌نجامدراوه‌، به‌ڵام تاكو ئێسته‌ كابینه‌ى نوێ له‌نێوان یه‌كێتى و پارتى رانه‌گه‌یه‌ندراوه‌.