کۆمپیوتەری شەفاعەت!

کۆمپیوتەری شەفاعەت!

1048 خوێندراوەتەوە

پاش وەفاتی سەرکردەکان گفتوگۆی نهێنییەکانی ژیانیان و دیوە پەنهانەکانی تەمەنیان وردە وردە ڕووناکییان ئەخرێتە سەر، تەنانەت بەشێك لە کاڵا و کەرەستەکانی ڕۆژانەیان ئەبێتە جێگای بایەخی میدیاکار و شوێنکەوتووانیان، هەموو ئەمانەش ئاسایی و بەشێکن لە ڕۆتیناتی پاش مەرگ.

 

،،

پێویسته‌، به‌شێك له‌زانیارییه‌كانی ناو كۆمپیته‌ری نه‌وشیروان موسته‌فا، ئاشكرا بكرێت بۆ ڕای گشتی.

 

 نەوشیروان مستەفا وەك سەرکردەیەکی دیاری پەنجا ساڵی ناو ژیانی ئێمە، لەپاش مەرگی ڕووبەڕووی هەمان بەرخوردی هەوادار و میدیاکار و ئەوانیدیش بووەوە، بەڵام چونکە ئەو زاتە بە تەنیشت کارە سیاسییەکانییەوە سەرقاڵی پڕۆژەیەکی گرنگی مەعریفیی و نووسینی بنکۆڵکاریی بوو.

 زۆر ئاساییە خەڵکان هەواڵی پڕۆژە چاپ نەکراوەکانی و دەستنووس و ئارشیفە دەوڵەمەندەکەی بپرسن، بەڵام ئەوەی نەکردەنی و دوورە لە عورفی سیاسییەوە و لادانی ئەخلاقییە ئەوەیە کە هەڵوێستی لەسەر دیاردەکانی ڕۆژ و ڕووداوەکان بەزیندوویی چەندجار بەرکەوتنی لەگەڵیدا هەبووە، بدرێتە دەست قەدەری برادەرێك و مەتەڵی کۆمپیوتەرەکەی!

 

،،

زۆربه‌ی سه‌ركرده‌ سیاسییه‌كان چوارده‌وره‌كه‌یان ڕێگه‌یان نه‌داوه‌ دوا وه‌سێتی خۆیان پێشكه‌شی ڕای گشتی بكه‌ن، له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان.

 

 چەندە خەڵکی بەگشتیی بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی پەیبردنن بە نهێنی سەرکردە سیاسییەکان، واوەتر دەست و پێوەند و پەراوێزی میراتەکەی و زۆرێك لە هاوڕێکانی دەستکراوەن بۆ ئاوەژووکردنەوەی ڕاستییەکان و هەڵگێڕانەوەی زانیارییەکان بەو جۆرەی کە دڵخوازی خۆیانە، تا ئەو ڕادەیەی کە کەم سەرکردە لە دنیادا بۆی هەڵکەوتووە و دەوروبەرەکەی مەودایان داوە دواپەیام و وەسیەتنامەی خۆی بە شەفافانە بۆ ڕای گشتیی و شوێنکەوتووانی بەیان بکات.

 ( لە بەهاری ١٩٢٢ لینین- سەرۆك و دامەزرێنەری یەکێتی سۆڤێت کەوتە بارێکی ناجێگیر و لە مانگی نیسانی هەمان ساڵدا دکتۆرەکانی فیشەکێکی جێماویان دەرکرد کە لەساڵی ١٩١٨ هەوڵی کوشتنی درابوو، هەرچەندە نەشتەرگەریەکەی سەرکەوتوو بوو و بەخێرایی چاك بووەوە، بەڵام پاش مانگێك توشی نەخۆشی ئیفلیجیی بوو و توانای قسەکردنی لە دەست دا.

 

 

 چیتر نەیتوانی یەکێتی سۆڤیەت بەڕێوە ببات و دەست بەرداری پۆستەکەی بوو. بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا دەستی لە وتارنوسین هەڵنەگرتووە و وتارەکانی بە سکرتێرەکەیدا بڵاو کردۆتەوە و لەوتارێکدا ترسی خۆی نیشان دەدات و دەترسێت دوای خۆی کێشە بکەوێتە نێوان دوو کەسایەتی گەورە کە ترۆتسکی و ستالینن).

 ستالین ئەم بارودۆخە ئەقۆزێتەوە و ئەوەی خۆی مەبەستی بووبێت، تێکەڵ بە ئەندێشە و دنیابینییەکانی لینین ئەکات و هەنگاو بەهەنگاو نەیار و ڕکابەرەکانی دوور ئەخاتەوە لەساڵی ۱۹۳٤ بەدواوە لەپرۆسەی بەرفراوانی( پاکتاوی گەورە)دا هەزاران کەس بەناوی جیاجیاوە و لەژێر تایتڵی ڕێبازی لینین و وتار و ئەرشیفە ساختەکراوەکەیدا لەناو ئەبات و ئەوەی لینین وەك سەرمایەی ڕەمزیی بۆ مارکسیەت و بەلشەفیەت و یەکێتی سۆڤێت بەدەستی هێنابوو ئەم ڕەشی کردەوە و وڵاتەکەی بەرەو سەربازگە و یەکەیەکی ئەمنیی ترسناك برد!

،،

 کۆمپیوتەرەکەی کاك نەوشیروان دڵنیاین کە پڕە لە ووشەی سەنگین و لێکۆڵینەوەی پڕ بەها لەبارەی مێژووی سیاسیی و ئەدەبیی و ڕۆژنامەگەریی ئێمەوە.

 

 خۆی کرد بە یەکێك لە هاوەڵانی عیسا پێغەمبەر و لە تابلۆی بەناوبانگی(کۆتا خوان)ـدا وێنەی خۆی خستە ناو هاوەڵان(حواریون)ـی عیساوە! لادان لە هێڵی ڕاست لە یەك خاڵی زۆر بچووکەوە دەست پێئەکات بەڵام بەدرێژایی هێڵەکە ئەگەری دروستبوونی بازنەیەکی تەواو لارەوەبووی لێئەکرێت و هیچ ئەگەرێك بۆ ڕاست هەنگاونان نامێنێت!

 کۆمپیوتەرەکەی کاك نەوشیروان دڵنیاین کە پڕە لە ووشەی سەنگین و لێکۆڵینەوەی پڕ بەها لەبارەی مێژووی سیاسیی و ئەدەبیی و ڕۆژنامەگەریی ئێمەوە، بەڵام بەنووسینی بەڵگەنامەیی کە لە گۆڤار و ڕۆژنامە و سایتە ئەلیکترۆنییەکاندا بە بوونی فیزیکییانەی خۆی بڵاوکراوەتەوە.

 

 

 

 بە ڤیدیۆ و بەرنامەی تۆمارکراوی ڕادیۆیی، لای برادەرەکانی هێڵە گشتییەکان و وردینەی تێڕوانینی لەسەر پرسە سەرەکییە پڕ لە کێشەکانی کوردستان، جیاوازییەکانی لەگەڵ پارتی و یەکێتی ڕوون و بێ ڕتووش کردووە و هیچ بەلاڕێدا بردن و خستنە خزمەتی پڕۆژەی پارتی و یەکێتی و گۆڕانە دەستەمۆکان هەڵناگرێت!

 کۆمپیوتەرەکەی ئەو( قسە لەسەر وەسیەتنامەیەکی لەبارەی هاوڕێکانییەوە ئەکرێت لە کۆمپیوتەری هاوڕێیەکی دێرینیشیدا) خەریکە ئەکرێت بە کراسەکەی عوسمان و لەژێریدا ڕەنگە سەدان سەودا و مامەڵە ئامادەکرابێت، کە پێبزانرێت یان نا، بەر لەوەی لێدان بێت لە نەیار و ناجۆر بە سیاسەتی ئێستای بازنەی دەسەڵات لەگردەکە، بە توندی لە ڕابردوو و تێڕوانینە جدییەکانی خودی کاك نەوشیروان ئەدات و ئەیکات بە خەرابات!

 یاداشتی ڕۆژانی خەباتی خۆی کە زنجیرەیەك کتێبە و بە (لە کەناری دانوبەوە بۆ خڕی ناوزەنگ) دەست پێئەکات و بە(لە هاوخەباتییەوە بۆ تەخوین) تا خۆی مابوو کۆتایی دێت(نازانم دەستنووسی چاپ نەکراویتری مابێت) لەناو ئەم کتێبانەدا هەم گلەیی لە هاوڕێکانی ئەکات و هەم پەسن و پیاهەڵدانیشیان بۆ ئەکات.

 

،،

کۆمپیوتەرەکەی هاك بکەن و هەموو شوێنەوارێك بسڕنەوە؟!

 

  بۆچی ئەبێت ئێستا نووسراوی ناو کۆمپیوتەری دۆستێکی بکرێت بە لوغز و هەزاران ئەگەری بۆ ڕیز بکرێت؟! ئەگەر وەسیەت و سەرنجەکانی لەسەر هاوڕێکانی لەدەستێکی ئەمیندا بێت( کە ڕەنگە وابێت) یان بەپێچەوانەوە خوانەخواستە لە دەستێکی نائەمیندا بێت، کەواتە کۆمپیوتەر شەفاعەت بۆ کەس ناکات و لەم کاتە گرنگتر بۆ قەزاوەتی ئەو بابەتەش نیە.

  بازنەی دەسەڵاتی گردەکە خۆیان پێ ئەمین و ئەمەکدار و ئەهلی متمانەی کاك نەوشیروانە و هاوڕێکانیتری و زۆرینەی ڕەهای پشتیوان و دەنگدەرانی بزووتنەوەکەش بەلادەریان ئەزانێت، کەواتە ئەو هاوڕێ دێرینەی کاك نەوشیروان لەسەرچی وەستاوە؟!

 چاوەڕێیە جڵەو لەدەستانی گردەکە کە بەشێکیان ناوەڕۆکی وەسیەتەکەیان بیستووە و لێی نیگەرانن، کۆمپیوتەرەکەی هاك بکەن و هەموو شوێنەوارێك بسڕنەوە؟!