جەنگ، دۆزەخە!

جەنگ، دۆزەخە!

606 خوێندراوەتەوە

 لوقمان حەوێز ــ تەکساس

جەنەڕال ویلیام شێرمان، ئەو جەنەڕاڵەی شەڕی ناوخۆی ئەمەریکا لەسەر‌دەستی ئەو تەواوکرا، پێش مردنی لە وتارێکی زۆر گرنگ بە جوانترین و دروستترین شێوە وەسفی جەنگ دەکات و دەڵێت: "من زۆر هیلاک و نەخۆشم بەدەست ئەو جەنگانەی لە ژیانمدا بەشداربووم تیایاندا، بردنەوە لەشەڕدا هەمووی ئەفسانەیە.

 

،،

جەنگ دۆزەخە.... ئەمە ناونیشانی دوا وتاری جەنەڕال ویلیام شێرمان بوو.

 

 تەنیا ئەو سەرکردانە بە ئاسانی فەرمانی جەنگ دەردەکەن کە لە ژیانیاندا فیشەکیان نەتەقاندووە و گوێیان لە چریکەی و هاواری برینداران نەبووە لە گۆڕەپانەکانی جەنگ، هەروەها گوێیان لە هاواری تۆڵەسەندنەوەکانی جەنگاوەران نەبووە بە خوێن، جەنگ تەنیا دۆزەخە".

  جەنگ دۆزەخە.... ئەمە ناونیشانی دوا وتاری جەنەڕال ویلیام شێرمان بوو کە پێش مردنی پێشکەشی کرد بۆ دەرچووانی ئەکادیمیای سەربازی وێست پۆینت لە نیویۆرک و بە یەکێک لە دروستترین وەسفەکانی جەنگ دادەنرێت لە مێژوودا.

 

،،

له‌گه‌ڵ پێشكه‌وتنی جۆره‌كانی چه‌ك، ماڵوێرانی جه‌نگه‌كان زیاتر بوو.

 

 وتارەکەی درێژە و ئەمە چەند دێرێکی گرنگی بوو... شەڕی ناوخۆی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کە لە ساڵی 1861 تاوەکو ساڵی 1865 بەڕێوەچوو لە نێوان حکومەتی فیدڕالی کە لە کاتی شەڕەکە تەنیا کۆنتڕۆلی ویلایەتەکانی باکووری دەکرد لە دژی ئەو ویلایەتانەی باشوور کە جیابوونەوە و ووڵاتێکی سەربەخۆیان ڕاگەیاند، شەڕەکە هەر زوو بوو بە شەڕێکی گەلێک خوێناوی.

  چونکە بۆ یەکەمجار بوو لە مێژووی جەنگەکان لە جیهان ئەو کاتە تفەنگ و تۆپ و بە گشتی چەکی ئاگرین بەکاربێت، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا ئەبڕاهام لینکۆڵن کە سەرۆکایەتی حکومەتی فیدڕاڵی و باکوورییەکانی دەکرد، سوور بوو لەسەر بردنەوەو یەکخستنەوەی ئەمەریکا و نە هێشتنی کۆیلەداری لە ویلایەتەکانی باشوور.

 

 

  لەبەر ئەوە ئەبڕاهام لینکۆڵن لە دوای نزیکەی 4 ساڵ لە شەڕ و نائومێدی و زیانی گیانی و ماددی زۆر هەستا بە دەستنیشانکردنی ژەنەڕال ویلیام شێرمان وەک فەرماندەی لەشکرەکەی.

 شێرمان یەکێکبوو لە ژەنەڕاڵە هەرە توند و ئازاکان لە شەڕەکاندا، لینکۆلن فەرمانی پێکرد بە هەر شێوەیەک بێت ئەو جەنگە بباتەوە و دەستی ئەوی واڵاکرد لە بەکارهێنانی هەر هێزێک، یان ستراتیژیەتێک بەکاری بێنێت بەمەرجێک ببێتە هۆی بردنەوەی باکوورییەکان و کۆتایی هێنان بەو جەنگە.

 

 

 

  لە دوای ئەو فەرمانە ڕەشترین و ناخۆشترین ڕۆژەکانی شەڕی ناوخۆی ئەمەریکا دەستیپێکرد. جەنەڕاڵ شێرمان بڕیاریدا توندترین و دڕندانەترین ستراتیژیەتی جەنگ بەکاربێنێت لە دژی باشووریەکان.

 لە مانگی ئەیلولی ساڵی 1864، نامەیەکی نارد بۆ ئەنجومەنی شاری ئەتلانتا کە گەورەترین شاری باشوورییەکان بوو ئەو کاتە و دەکەوێتە ویلایەتی جۆرجیا، داوای لێکردن شارەکە چۆڵ بکەن.

 چونکە ئەو لەگەڵ لەشکرەکەی دێت و شارەکە بە تەواوی دەسوتێنێت، ئەوان نامەکەیان بە هەند وەرنەگرت، بەڵام شێرمان بەڵێنەکەی گەیاندە سەرو خۆی و لەشکرێک بە پتر لە 60 هەزار سەرباز هێرشیان برد و شارەکەیان بە تەواوی سوتاند و وێران کرد.

 

 

 

  بەوەش نەوەستان لەوێوە بە پانتایی 150 کیلۆمەتر بەرەو ساڤانا چوون و دوایی بەناو دەشتاییەکانی کارۆلینا داڕۆیشتن و بە تەواوی هەموو ئاوەدانیەک لەسەر ڕێگە هەبوو وێرانیان کرد و تا سەر زەریا نەوەستان.

 لە ڕێگا لەشکرەکەی گوند و شارۆچکەکانی دەسوتاند و ئەوەی بهاتایە پێشیان یان بەرگری بکردایە دەیان کوشت، ئەو هێرشەی جەنەڕال شێرمان بە " خشان بەرەو دەریا" دەناسرێت.

  لە بەرواری 21 ی دیسێمبەری ساڵی 1864 لەشکرەکەی شێرمان گەیشە سەر زەریای ئەتڵەسی و ناو جەرگەی ناوچەکانی باشووریان وێران کرد، لە دوای ئەم هێرشە گەورەیە باشوورییەکان توشی شۆک بوون و چەند هەفتەیەکی نەبرد هەموو یەکەکانی لەشکرەکەیان یەک بەدوای یەک تەسلیم بوون و شەڕەکە بە قازانجی باکووریەکان تەواوبوو.

 

،،

چەن ووتەیەکی بە نرخ لێرە دەبێت

 

  لە ئەنجامدا سەرۆکی ئەو کاتەی ئەمەریکا ئەبڕاهام لینکۆلن توانی ئەمەریکا بکاتەوە یەک وڵات و نەتەوە، لەگەڵ ئەوەی باجی کارەکەی زۆر قورس بوو، بەڵام لەو ڕۆژەوە هێرشەکەی جەنەراڵ شێرمان لە مێژووی نوێ ی ڕۆژئاوا بە یەکێک لە نموونەکانی وێرانکاری ومەینەتیەکانی جەنگ دادەنرێت.

 

 

 ئەم تابلۆیەش کە بە دەست کێشراوە و ئێستا لە کتێبخانەی کۆنگرێس هەڵگیراوە، بەشێک لە شەڕ و وێرانکاری شاری کۆلۆمبیا لە کارۆلینای باشوور دەردەخات لە کاتی هێرشی لەشکرەکەی جەنەڕاڵ شێرمان...