ڕازو ڕەمزەکانی تاوڵە

ڕازو ڕەمزەکانی تاوڵە

1084 خوێندراوەتەوە

  محـەمـەد بەکـر

تاوڵە لە زۆرینەی کافتریاو قاوەخانەکاندا یاريیەکی باوە، هەرچەندە زۆرینەی ئەوانەی ئەم یاریيە دەکەن لە ڕەمزو ڕازەکانی ئەم یاریە تێناگەن.


یاری تاوڵە مێژوویەکی دێرینی هەیە کە زیاتر لە سێ هەزار ساڵە، لە ئێران و هیندستاندا دەرکەوتووە، شارەزایان پێیانوایە یاریەکی "میترایی"یە

 

،،

هەر لایەکی تاوڵە دوانزە خانەی تێدایە کە ئاماژەیە بۆ دوانزە بورجەکەی ئاسمان، یان دوانزە مانگی ساڵ.

 
ـ ڕازو ڕەمزەکانی تاوڵە:
 تاوڵە لە تەختەیەکی دوو پارچە پێکدێت کە وەک کتێب دەکرێتەوە و دادەخرێت، کە ئەم تەختە ڕۆڵی زەوی دەبینێت.

دابەشکراوە بۆ چوار بەشی سەرەکی کە ئەم چوار بەشە بەواتای چوار وەرزەکەی ساڵە کە لە سەرزەوی ڕوودەدات.

هەر لایەکی تاوڵە دوانزە خانەی تێدایە کە ئاماژەیە بۆ دوانزە بورجەکەی ئاسمان، یان دوانزە مانگی ساڵ.

سەرجەمی خانەکان بیست و چوار خانەیە کە ئاماژەیە بۆ بیست و چوار کاتژمێری شەووڕۆژ.

سەرجەمی ئەو"پول" یان داشانەی کە یاری پێدەکرێ سی داشە ئاماژەیە بۆ سی ڕۆژەکەی هەر مانگێک.

پێنج "ئۆین" یان پێنج دەستەی یاری قۆناغەکانی ژیانی مرۆڤن....کۆرپەیی...منداڵی...هەرزەیی...گەنجی....پیری... داشەکان ڕۆڵی مرۆڤ دەبینن.

،،

ئەگەر سەرنجی ئەو ڕازو ڕەمزانەی سەرەوە بدەیت هەمووی لەسەر بنەمای کاتە "زەمانە".

 

ئەم یاریە بە دوو زار دەکرێ کە ئاماژەن بۆ مانگ و خۆر

ئەگەر خاڵەکانی دوو ڕووی بەرامبەری زارێک کۆبکەیتەوە دەکاتە حەوت بۆ نمونە: ۱+٦ ٤+۳ ٥+۲ .. کەژمارە حەوت ئاماژەیە بۆ ڕۆژەکانی حەفتە.

ڕەنگی داشەکان ڕەش و سپین ئاماژەیە بۆ شەوو ڕۆژ و تاریکی و ڕوناکی...بەڵام لەئەمڕۆدا ڕەنگەکان دەگۆڕن و ڕەچاوی ڕەسەنیات ناکرێ.

فەلسەفەی پشت ئەم ڕەمزانەی تاوڵە:

ئەگەر سەرنجی ئەو ڕازو ڕەمزانەی سەرەوە بدەیت هەمووی لەسەر بنەمای کاتە "زەمانە".

 
دیقەتبە: وەرزەکان، مانگەکان، هەفتەکان، ڕۆژەکان، سەعاتەکان. شەو و ڕۆژ، کاتیش لەسەر زەوی لەسەر بنەمای سوڕی مانگ و خۆر دیاریکراوە، وەک وتمان دوو زارەکە واتای مانگ و خۆر دەدەن.

بەکورتی تاوڵە یاریيەکە زیاتر لەسەر بنەمای هەڵکەوت و قەزاو قەدەرە، ئەوفەلسەفەی لەپشتیەوەیە دەیەوێ بڵێ مرۆڤ جگە لەداشێک کە زەمانەو قەزاو قەدەر و بەخت هەڵی دەسوڕێنن هیچی دی نیيە...ژیان یاریەکە بە شانس و بەختەوە پەیوەستە و ڕۆڵی مرۆڤ وەک ڕۆڵی ئەو داشانەیە کە تاوڵەی پێ دەکرێ...کە ناتوانن جگە لەو شانسەی کە زارەکان پێی دەبەخشن هیچ جوڵەیەکی دی بکەن. بەپێچەوانەی شەترەنجەوە کە یاریزانەکە ڕۆڵی لە دۆڕاندن یان بردنەوەی یاریەکەدا هەیە...تاوڵە زیاتر بە بەختەوە پێوەندە.

بۆیە زۆرجار ئەو تەختەی تاوڵەی لەسەر دەکرێ ڕووی دەرەوەی شەترەنجی لەسەر دەکرێ..بەکورتی دەرخەری هەردوو مەزهەبی "جەبر و ئیختیار"ن کە ئاوایە:

جەبر: مرۆڤ هەموو ئەوەی لەژیاندا دەیکات و بەسەریدادێ هیچی لەدەستی خۆی نیەو تەنها ڕۆڵی داشێک دەبینێ... کە ئەمە تاوڵەیە و لەڕووی ناوەوەی تەختەکە دایە وەک ئەوەی بڵێ مرۆڤ لەزینداندایە و ئازاد نیە.

ئیختیار: مرۆڤ هەموو ئەوەی لەژیاندا ئەیکات و بەسەریدێ بەرهەمی ویست و ئازادی خۆیەتی. "شەترەنج" کە لەڕووی دەرەوەی تەختەکە نەخشێنراوە.. وەک ئاماژەدان بۆ ئازادی و ویستی مرۆڤ.

 

،،

لەم یاریەدا دووشەش گەورەترین ڕۆڵ دەبینێ و هەر بەشێکیش شەش خانەیە.

 


جا دیقەتبە لە کوردەواریدا کاتێک مرۆڤ توشی بەڵایەک دەبێت دەڵێت ئای زەمانە...یان دەڵێ بەخت نەیهێنا.. یان دەڵێن فڵان کەس لەفڵان شوێن دووشەش کەوتووە، دوو شەشی ۱۲ دەکات، مەبەست لەوەیە دوانزە مانگەی ساڵ لەوێدایە..لەم یاریەدا دووشەش گەورەترین ڕۆڵ دەبینێ و هەر بەشێکیش شەش خانەیە، داشەکانیش ڕۆڵی مرۆڤ دەبینن جگە لە ئومێد خواستن بۆ بەختێکی باش هیچیان لەدەستدا نيیە. وەک هێمنی شاعیر دەڵێ:


کوشتومی و شەش خانی ئومێدی لەمن گرت حەریف
مۆرە هەڵداوێم و بێ هوودە بەتەمای دوو شەشم

بیرۆکەی بورجاکانیش هەر پەیوەندی بەم بابەتەوە هەیە کە باس لەکاریگەری هەسارەو ئەستێرەکان دەکات لەسەر چارەنوسی مرۆڤ... زارەکان خۆرومانگن کە لەئاینەکۆنەکانی وەک میترادا ڕەمزی خوداوەندن بۆیە ئیسلام کەهات بە پێچەوانەی شەترەنجەوە تاوڵە و زاری حەرامکرد چون لەبری خودا گوایە ڕۆڵ بەژمارە و ئەستێرەکان دەبەخشێ.