فەنتازیای بەهەشت، جەهەنەمی واقیعی

فەنتازیای بەهەشت، جەهەنەمی واقیعی

303 خوێندراوەتەوە

یاسین محمد

چەمكی بەهەشت و جەهەنەم جێگایی گرنگییەكی زۆرە لەناو دییندا، هەروەك چۆن جێگایەكی گەورەیان داگیركردووە لە ئاییندا، ئەم دوو چەمكە لە سیاسەتیشدا ڕەنگی داوەتەوە، سیاسەتیش دەیەوێت لەڕێگای هەڵگرتنی ئامانجەكانی ئەم دووچەمكەوە زۆرێك لە ئامانجەكانی بەدەست بهێنێت.

 

،،

به‌شێك له‌ ده‌سه‌ڵات، ئاین وه‌ك په‌یژه‌یه‌ك بۆ گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌كانیان به‌كارده‌هێنن.

 

  زۆرجار بانگەشەی دروست كردنی بەهەشت دەكات دەیەوێت لەسەر زەوی بەهەشت بخولقێنێت، یـا زۆرجار جەهەنەم دەخولقێنێت، یاخود هەندێ دەیانەوێت لەرێگای چەمك و ئایدۆلۆژیاوە دوونیا بكەن بە بەهەشت، ئەو بۆچوونەش ڕاستە دەكرێت لەكاتێكی دیكەدا قسەی لەبارەوە بكەین لە نوسینێكی دیكەدا بەجیا جێكەوتەكانیان بخەینەڕوو.

  بەڵام لەڕاستیدا ئەوەی بۆ من گرنگە لەلایەنە ئایینیەكەی بەهەشت و جەهەنەمە، ئەوەی بە نۆێنەری ئایین خۆی دەردەخات دەیەوێت بگات بە بەهەشت، بەڵام لە ڕاستیدا جەهەنەم دەخولقێنێت، مرۆڤـ، هەمیشە لەم پێناوەدا دەجەنگێت قوربانی دەدات.

 

،،

ئاینه ڕێز له‌ بوونی مرۆڤ ده‌گرێت، نه‌ك ده‌سته‌مۆكردنیان، وه‌ك هه‌نێك گروپ بانگه‌شه‌ی بۆده‌كه‌ن.

 

 ئامانج لەم نوسینە ئەوەیە ئێمە هەرگیز وەك دییندارێكی تەقلید و ستت عەقڵێكی بەستراو و زەلیلەوە مامەڵە لەگەڵ هیچ ئایین و ئایدیایەكدا نەكەین، بەڵكو هەمیشە پرسیار و گومان و بـیـركردنەوەمان هەبێت لەبارەیەوە، بەردەوام بكۆڵینەوە لەو شتانەی كە ڕودەدەن و دێنە بەردەستمان شیتەڵیانكەین تـا بە ڕاستییەكانمان دەگەیەنێت.

بەهەشت و جەهەنەم پایەكی گرنگی نێو هەموو ئایینەكانە، ئەو ئایینە ئاسمانی بێت یاخود زەمینی، ڕەنگە لە هیچ شۆێنێكی ئەم دوونیایەدا ئەوەندەی بەناوی بەهەشتەوە جەنگ و جەهەنەم خولقابێت، هیچ شتێكی دیكە نەیتوانیبێت ئەوەندەی بەهەشت، جەهەنەم بخولقێنێت.

 

 

 

  ئەم دووچەمكە دژایەتێكی گەورەیان هەیە لەناو دوونیای دیینیدا، مرۆڤەكان بەناوی ئایین و خوداوە یەكتری لەناو دەبەن، بەبیانوی ئایینی و مەزهەبییەوە مرۆڤەكان یەكتری دەتۆقێنن.

  تەنها لە پێناو گەشتن بەو شۆێنەی كە پێی دەوترێت بەهەشت، ئامادەن لەو پێناوەدا دوونیا وێرانكەن، هەموو بەها مرۆڤایەتیەكان بخەنە ژێر پێكانیانەوە، بەنمونە بیرۆكەكە زیاتر ڕۆشن دەكەینەوە، ئەوەی ئێستە (تیرۆرست)ێك دێت بەناوی خودا و بە نۆێنەری ئایین خۆی دەتەقێنێتەوە تا بگات بەوشۆێنە فەنتازیایەیی كە پێی دەوترێت بەهەشت.

 

 

 

 بەڵام ئەوەی ڕوودەدات لە واقیعیدا ئەو جەهەنەمە گەورەیە كە بۆ مرۆڤەكانی دەووروپشتی دروستكردووە، دێت دوونیای كۆمەڵێ مرۆڤـ دەكات بە جەهەنەم، ئەم مرۆڤە كە خۆی دەتەقێنێتەوە دەیەوێت بگات بە بەهەشتێكی فەنتازیایی لەسەر دروست كردنی جەهەنەمی مرۆڤەكانی دەوروبەری،" گەر كەمێك بگەڕێنەوە بۆ مێژوو، بەشێكی ئەم جەهەنەمە گەورەی هەڵگرتووە لە نێو خۆیدا.

 جەنگی (خاچپەرستی) یەكێكە لەو جەنگانەی كە لە مێژوودا ڕویداوە، دوو ئایین و ژیـار بەناوی خوداوە یەكتری لەناو دەبەن، ئامانجی هەردووكیان گەشتنە بە بەهەشت.

  بەڵام لەناو خودی خۆیدا ڕوودەدات جەهەنەمە قوربانییەكە لێرەشدا تەنها مرۆڤەكانن"، ئەم دوونیایەی كە ئێستا ئێمە بەری دەكەوین و تێدا دەژین بەناوی ئایینەوە چەندان جەهەنەم خولقاوە.

 

 

 

  چەندان دۆزەخ ڕوویانداوە و دروست دەبێت، لەمێژووەوە تا ئێستە لە ئایندەشدا ئەم جەنگە نادروستە ڕەنگە بەردەوامی هەبێت، بۆ مرۆڤـ چەند گرنگە خۆی بگەیەنێت بە بەهەشت ئەوەندەش گرنگە لە دروستكردنی جەهەنەم دووركەوێتەوە.

 دوونیای كەسانی دیكە نەكات بە جەهەنەم گەر بەبێ ئاگایانەشبێت، بەدەست هێنانی بەهەشت لەسەر دروست كردنی جەهەنەمی مرۆڤەكانی دیكە بەدەست نایەت، بەڵكو بەدەست هێنانی بەهەشت بەستراوەتەوە بەوەی تاچەند لەگەڵ بەرامبەردا چۆن مامەڵە دەكەیت، چۆن نابیت بە جەلاد بەرامبەری.

لەمێژووەوە تائێستە هەموو ئایینەكان وانیشاندەدەن كە ئایینی ڕاستین، هەموو هەقیقەتەكان تەنها لەو ئایینەدا كۆبووەتەوە، ئایینەكانی دیكە هیچ هەقیقەتێكیان لەنێو خۆیاندا هەڵنەگرتووە، ئەمەش جەنگێكی بەردەوامی لە نێوان شوێنكەوتوانی ئاینەكاندا دروستكردووە.

 

  

 

  مرۆڤـ هەمیشە ئایینی بەكار هێناوە لە پێناو ئەو كارەی دەیەوێت بیكات یا ئەوەشتەی دەیەوێت بەدەستی بهێنێت، مرۆڤـ هەرگیز ناتوانێت بـیـر لە بەهەشت و جەهەنەم نەكاتەوە، جـا ئەمە بەدروستكردنیبێت لەسەر زەوی یاخود خەیاڵی ئایینیبێت.

  ئەم دوو چەمكە هەمیشە بۆ مرۆڤەكان جێگای خەون و خەیاڵ و تێرامان بووە، "ئامانجی هەر مرۆڤێك گەشتن بووە بەو بەهەشتە فەنتازیایەیی كە مرۆڤتێدا كامڵ دەبێت"، ئەم دوو چەمكە هەمیشە لە نۆێبوونەوەدان بەردەوام بە فۆرمی جییاوازەكان خۆیان پیشان دەدەن.

ئەوەی دەمەوێت لە كۆتایدا ئاماژەی پێبدەم ئەوەیە نابێت مرۆڤـ هەرگیز خەیاڵی ئەوە بكات بگات بە بەهەشتێكی فەنتازیی، لەسەر حسابی دروستكردنی جەهەنەمی مرۆڤەكانی دیكە.

 چوونكە ئەوەی لەم نێوەندەدا ڕوودەدات جەهەنەمە و ئەوەشی دەبێتە قوربانی مرۆڤـە، بەقوربانی كردنی مرۆڤەكان لە پێناو گەشتن بە بەرژەوەندی تاكە كەسێك یا كۆمەڵێك لە هیچ ئایین و ئایدۆلۆجیایەكدا قەبوڵكراو نییە.

 

author photo

تایبه‌ت به‌ دیپلۆماتیك