شەفیقی حاجی خدر: کورد ئینتمایەکی گشتگیریی بۆ قەوارەی زمان و نەتەوە نییە

قاسم، کۆشکی "سەباحی کوڕی نوری سەعید"ی دابووە بارزانی

شەفیقی حاجی خدر: کورد ئینتمایەکی گشتگیریی بۆ قەوارەی زمان و نەتەوە نییە

490 خوێندراوەتەوە

دیداری: بڕواکەمال - بەشی دووه‌م

لە بەشی دووەمی دیدارەكەیدا لەگەڵ دیبلۆماتیک مەگەزین، نوسەرو وەرگێر شەفیقی حاجی خدر، باس لە تێكچوونی نێوانی عبدولكەریم قاسم‌و مەلا مستەفاو شکستی شۆڕشی ساڵی ١٩٧٥و ڕوداوەکانی پشت ئەو ڕووداوەو دەكات‌و دەڵێت، دەبێت ئێمە ئەوە لە مێشکی خۆمان ببەینەدەر، کە بیردۆزی پیلانگێڕی بەو تۆکمەییە لە دژی شۆڕی ئەیلوول لە ئارادا بووبێ.

 

 

ئەو دەشڵێت:" دەبێ زاتی ئەوە بکەین و بڵێین کورد ئینتمایەکی گشتگیریی بۆ قەوارەی زمان و نەتەوە نییە، لە بری ئەوەدا هەموو دڵسۆزی و ئینتیمای بۆ خێڵ و تیرە و هۆز و بەرەباب و تەسکتریش لەوە بۆ ماڵباتە".

 

 

 

 

دیبلۆماتیک مەگەزین: لەسەردەمی عبدولکەریم قاسم، کورد بەشێوەیەکی زۆر باش ئازادی دراوە بە كوردو کۆمەڵێک یاسای باش دەردەچێت لە بەرژەوەندی کورد، تەنانەت عەبدولکەریم قاسم خۆی داوادەکات مەلامستەفای بازرانی بێتەوە، بەڵام لەدوایدا نێوانیان تێکدەچێت هۆکاری ئەمەچی بوو؟ گ

 

شەفیقی حاجی خدر: بەڵێ وەک لە وەڵامی پرسیاری پێشووشدا بە کورتی ئاماژەم پێدا، کودەتا یان شۆڕشی عەبدولکەریم قاسمم بە ڕەهەندی نیوخۆیی دانا، ڕووداوێکی زۆر گرنگ بوو، بووە بنەمای هەموو ئەو مێژووەی لە دوای خۆی دروست بوو، ئەوسا بە چاک و خراپییەوە.

 جارێ بەر لە هەموو شتێک، گۆڕینی سیستمی پاشایەتی بە کۆماری، دەستوورێکی کاتی (٣٠) ماددەیی لەگەڵ خۆیدا هێنا، لە ڕووی سیاسیی و قانونیشەوە بۆ یەکەمینجار لە ماددەی سێیەمیدا باس لە هاوپشکبوونی عەرەب و کوردی لە عێراق کرد..

 

،،

هه‌ڵگیرسانی شۆڕشی ئه‌یلول، ده‌رئه‌نجامی كێشه‌ كه‌ڵه‌كه‌بووه‌كانی كورد بوو له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ناوه‌ندی.

 

 هەرچەندە ئەو دەستەواژەی هاوپشک (شرکا‌و) لە ڕووی قانونییەوە لێکدانەوەی زۆر هەڵدەگرێ، هەروەها مادەی دووەم بەشێوەیەکی ڕەها ڕێگەی لە هاوپشکبوون وەک قەوارەیەکی نەتەوەیی گرت، بەڵام خۆ لێرەدا ئەمە جێگەی باسمان نییە.

 ئەوەی گرنگ بوو، ئەم پرسە وەرچەرخانێک بوو، دەروویەک بوو لە ڕووی سیاسی کورد کرایەوە. عەبدولکەریم هەر بە ئەوەندە نەوەستا، بەڵکو ڕێگەی بە ( مەلا مستەفا بارزانی) ئەو پێشمەرگانەی لەگەڵیدابوون دا بگەڕێنەوە عێراق، کە یازدە ساڵێک بوون دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان لە مهاباد، لە کۆمارەکانی یەکێتیی سۆڤیەتی جاران گیرسابوونەوە.

 بە گوێرەی کتێبەکە، قاسم کۆشکی ( سەباحی کوڕی نوری سەعید)ی دابووە بارزانی، هەروەها کۆمەڵێ بەڵێنی دیکەشی بە بارزانییەکان دابوو، بە گشتی ئومێدێک پەیدا بوو، هەڵبەتە جموجۆڵی سیاسی و بوژانەوەی باری ڕۆژنامەگەری کوردیش لەولاوە بوەستێ.

 کەچی دۆخەکە زۆر نابا، مەلا مستەفا بارزانی لەوێ دەڕوا و خۆی دەگەیەنێتەوە بارزان، پاشان چەند سەرۆک خێڵێک دەکوژرێن کە سەر بە حکوومەت بوون، ئیدی وەک وردەکاری زیاتر لە نێو کتێبەکەدا هەیە، گرژی دروستدەبێ و پەرەدەستێنێ، ئەمە هەمووی لەسەر یەک کەڵەکە دەبێ تا شۆڕشی چەکداری کورد، واتە شۆڕش ئەیلول هەڵدەگیرسێ.

 

،،

له‌ماوه‌ی ڕابردودا، كورد زۆرترین هه‌ل و ده‌رفه‌تی له‌ده‌ستداوه‌، مێژووش ئه‌و قۆناغانه‌ی تۆمار كردووه‌، به‌ڵام كورد سودی لێنه‌بینیوه‌.

 

 ئیدی دۆخی لایەنی حکوومەتی قاسم و کورد بە سەرۆکایەتی بارزانیی دەبنە دوو لای جەنگ، بەمەش قانون و عورفی جەنگ حوکمی بەسەردا کرد، هەڵبەتە لەم حاڵەتەشدا براوە و دۆڕاو، بەهێز و لاواز.

  ڕۆڵی سەرەکی لە هەموو هەوڵێکی نزیکبوونەوە لەیەکدی یان هەر ڕێککەوتننامەیەکی نێوانیان هەبووە، بەڵام خۆ ئەمە زۆر ناخایەنێ، چونکە لە دوای هەوڵە نەزۆکەکەی یەکەمی بەعس بۆ کودەتا بەسەر قاسم، هەوڵی دوەمیان لە شوباتی ١٩٦٣دا سەردەگرێ.

 بێگومان لەم کودەتایانەی دوای ١٩٥٨ ڕایەڵە و تەونی ڕاچێنراوی دەزگا هەواڵگرییە نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەتی ئەمریکا و بەریتانیا لەگەڵ حکوومەتی (جەمال عەبدولناسر) لەسەرخەت دەبن.

 بەڵام ئەوەی گرنگە بگوترێ ئەوەیە؛ زۆر جار لە مێژووی گەلی کورددا دەگوترێ، فلانە ساڵ یان فڵانە قۆناغ، دەرفەتێکی زێڕین بووە کەچی لەدەست چووە.

 

 

 

 بۆ نموونە دەگوترێ سەرەتای هاتنی ئینگلیز و (مێجەر نۆئێل) گرنگ بووە، دەگوترێ ڕێککەوتنامەی سیڤەر گرنگ بووە، ، ئیدی بە هەمان شێوەش کودەتاکەی عەبدولکەریم و هەوڵە سەرەتاکانی بۆ نزیکبوونەوە لە کورد گرنگ بووە.

  بەڵام هەروەک ڕابردوو ئەویش دەبێتە مێژوویەکی تاڵ و هەر دەبێ داخ و ئەفسسوسی بۆ بخۆی، کە کورد نەیتوانی بەباشی، بەشێوەیەکی داودۆزانە بیقۆزێتەوە.

دیبلۆماتیک مەگەزین: لە بەشێکی کتێبەکەدا باسی پوکانەوەی شۆرشی ئەیلوول دەکرێت لە ساڵی ١٩٧٤، هۆکاری سقوتی شۆڕش، بەتەنها پیلانگێڕی وڵاتانی زلهێز بوو؟

شەفیقی حاجی خدر: کتێبەکە زۆر بە وردی بەرسڤی ئەم پرسیارە دەداتەوە. ئەوەی ڕاستی بێ، لە کۆتاییهێنان، یان لەوەی پێیدەگوترێ ئاشبەتاڵ، نسکۆ، هەرەس، ڕووخانی شۆڕشی ئەیلول.

 وەک باسکراوەو بۆتە هۆکارێکی باوی شکستی کارەساتبارەکەی، پەنجە بۆ دوو کەس ڕادەکێشرێ، لە ڕێی ئەوانیشەوە بۆ لایەنەکانیان ڕادەکێشرێ، یەکەمیان (محەمەد ڕەزاشا) و دەوڵەتی ئێران، دووەمەکەشیان (هینری کیسنجەر) و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە.

 

 

 

 هەڵبەتە پەنجە بۆ ناکارامەیی بارودۆخی نێوخۆش ڕادەکێشرێ. بەڵام کەسی ئاسایی پەی بە گەمەی سیاسی و سیناریۆ و ئەوی لەپشت پەردەوە ڕوویداوە نابا، واتە کۆی ئەو ١٧ ساڵەی ڕووداوەکانی تێدا قەوماوە، لێ ڕوون نییە کە نووسەر تێزی دکتۆراکەی بۆ تەرخانکردووە.

 واتە هەر لە خاڵی یەکەمەوە، لە ١٤ی تەمووزی ١٩٥٨، کە خاڵی سەرهەڵدان و چەکەرەکردن و هەڕمێن پەیداکردنە، تا دوا خاڵی شکست لە ٢٠ ئازاری ١٩٧٥. ئەم کتێبە هەموو سەرەداوەکان شیدەکاتەوە و زۆر جوان لە تەتەڵەیان دەدا.

 لێرەدا هەقە لەسەر چەمکی پیلانگێڕی بوەستین و لەباسکردنیشیدا بوێر بین، یان وەک دەگوترێ پێ لەجەرگی خۆمان بنێین، ڕاستییەکان باسبکەین. ئاخر پیلانگێڕی دەبێ بیر و نەخشە ئامادەکاری پێشەوەختەی چەند لایەنێکی لەپشت بێ، ئەوسا دەبێ ئەنجامەکە هەرئەوەی لێبکەوێتەوە کە ڕوودەدا.

 کەچی ئەو ١٧ ساڵەی مێژووی خوێناوی عێراق و کوردستان دەقاودەق ناکەوێتە نێو ئەو ڕێسایەوە،  ئاخر ئەگەر وابێ، کەواتە هیچ مەودایەک بۆ ئیرادەی دەستڕۆیشتووانی عێراقی و کوردستانی نامێنێتەوە.

،،

 پێویسته‌ سیاسه‌ت بكه‌ین و به‌رژه‌وه‌ندی خۆمان بپارێزین، نه‌ك ڕقابه‌رایه‌تی و دوژمنایه‌تی له‌گه‌ڵ زلهێزه‌كان به‌رپا بكه‌ین و  وابزانین ئه‌وان دوژمنی سه‌رسه‌ختی ئێمه‌ن.

 

 

لێرەدا ئەوە زۆر گرنگە، تا چەند سەرکردە و فەرماندە مەیدانییە نێوخۆییەکان لە گەمە سیاسییەکان، لە لێکهەڵاواردن و لەیەکدانی ستراتیژ و تەکتیکی هەوڵ و بزووتنەوەکانیان گەیشتوون، چونکە ئەمە دەبێتە چەقی بازنە، هەر ئەم خاڵەش دەبێتە دووڕیان، ئاخۆ تاچەند پیلانگێڕی هەبووە یان نا.

 واتە ئه‌وەنەبێ دەوڵەتێکی زلهێزی وەک ئەمریکا، لە بنی دنیاوە هاتبێ و کەیفی بە سەروکەللەی کورد نەهاتبێ و ئیدی لە هەر کوێیەک سەری هەڵدا، پیلانی لەدژ بگێڕێ و بە یارمەتی ئەوانی دیکە قوڕی بەسەربکا، هەمان شتیش بۆ دەوڵەتی ئیسڕائیل و تا ڕاددەیەک بۆ وڵاتانی دەرودرواسێی عێراقیش دروستە.

 ئێمە دەبێ ئەوە لە مێشکی خۆمان ببەینەدەر، کە بیردۆزی پیلانگێڕی بەو تۆکمەییە لە ئارادا بووبێ، بەڵام ئەوە لەوە ناگۆڕێ، کە ئەمریکا بەدوای بەدیهێنانی بەرژەوەندییەکانی گەڕاوە، ئەو سەردەمەش گەرمەی جەنگی ساردی بووە لەگەڵ یەکێتیی سۆڤیەت، ئیدی هەموو ڕێگەیەکی گرتۆتەبەر تا بتوانێ کار لە پایتەخت واتە کار لە بەغدا بکا، تا لە تەوەری خۆی دەرنەچێ، یان بیخاتە سەر ڕێی خۆی.

 ئەم فشارانەش لەو حاڵەتەدا بە سازبوونی ڕەوشی سیاسی و جووڵانەوەوی چەکداری بووە کە کورد وەک هێلکەیەکی پاککراو بوو. کاتێک ئیسڕائیلیش بەهەمان ئاراستەی بەدیهێنانی بەرژەوەندی خۆیدا چووە.

 

 

 

  ئەوە واتای ئەوە ناگەیەنێ لە قۆناغێکی وەرچەرخانی بەرژەوەندییەکانی ئەوان، ئیدی ڕەوشەکە سەرلەبەری بە پیلانگێڕیی لێکبدرێتەوە، بەڵکو دەبێ بە نەخوێندنەوە و لەیەکنەکردنەوەی کارتە سیاسییەکان و بە بنەمای پشتبەستنی کوێرانە ببەسترێتەوە، کە کورد لە ڕێی سەرکردایەتی بزووتنەوەکەی لە قۆناغەکانی مێژوودا تووشی هاتووە.

دیبلۆماتیک مەگەزین: بەشێک لە مێژوونوسان باس لەوەدەکەن کورد هیچ کاتێک سودی لە هەڵەکانی ڕابردوی وەرنەگرتووە لەم ڕوەوە سەرنجت چییە؟

 

شەفیقی حاجی خدر : بەڵێ، کاتێ مێژووی کورد دەخوێنینەوە، دەبینین لە هەر قۆناغێکدا تێکشکان و داڕووخانی تێدایە، ئینجا تێهەڵچووەتەوە، دەبینین ئەم سوڕی دەورانە، ئەم سوڕی هات و نەهاتە، ئەم سوڕی ژیان و مەرگە هەر خۆیەتی و بە ڕوخسار و ڕواڵەتی جیاجیاوە دووبارە بووەتەوە و پێشدەچێ هەر بێێتەوە.

 ئەو کوردانەی بۆ ماوەیەکی درێژیش لە دەرەوەی کوردستان لە دروستکردنی دەوڵەتدا سەرکەوتوو بن، ئەوا زادەی شوێنەکە بووە، واتە قەوارەی نەتەوەی کەسی دروستکەرەکە بڕیاردەر نەبووە، نەبووەتە بناغەیەک بۆ دوای خۆی، هەڵبەتە لەنێو بۆتەی دینیش تواوەتەوە، ئیدی هەموو شەڕەکانی بۆ پیرۆزییەتی کردووە.

 

 

 

 هەروەک لە سەرەتاوە ئاماژەم بۆ کردووە، کاتێ مرۆ ئەم هەموو مێژووە پڕ شکستە دەخوێنێتەوە، هەر دەبێ لە بەرتەکدا، بیری بۆ ئەوە بڕوا، کە گرێیەکی دەروونی، کەوتنە دۆخی خۆنەناسین، کورتهێنی لە بەرانبەر هۆکاری دەرەکییدا لەنێو ئێمەدا کۆمەڵگەی کوردەوارییدا هەبووە و هەیە.

  هەروەها دەبێ زاتی ئەوە بکەین و بڵێین کورد ئینتمایەکی گشتگیریی بۆ قەوارەی زمان و نەتەوە نییە، لە بری ئەوەدا هەموو دڵسۆزی و ئینتیمای بۆ خێڵ و تیرە و هۆز و بەرەباب و تەسکتریش لەوە بۆ ماڵباتە.

 دەکرێ بۆ ئەمەش هۆکار هەبێ، واتا هۆکارەکە لە ڕابردوودا وەها هاتبێ، بەڵام خۆ ئەوە دەربەست نییە تا دنیای هاوچەرخ و پێشکەوتووشی هەروا بێ، کەچی هەروایە.

 کاتێ سەیری پاشناوی کەسە ناسرواکانی کۆمەڵگەکەمان دەکەی، هەر لە سیاسەتباز و ڕۆشنبیر و نووسەر و هونەرمەند و سەرجەم پیشەکانی دیکە، دەبینی ئەم حاڵەتە دیاردەیەکی زۆر زەقە و شانازیشی پێوە دەکە.

 

 

 

 خۆهەڵدانەوەی تاک بە خێڵ، بە ناوچە، بە تەریقەتی سۆفیزمی شتێکی زۆر باڵکێشە، ئیدی بەداخەوە ئینتمایەکە ڕووە بەرفرەوانە ڕاستەڕێگاگەی نەتەوایەتی وەرنەگرتووە یان ونکردووە.

 شتێکیشی دیکەش بەلای منەوە باڵکێشە، کورد لە مێژوودا شارنشین نەبووە، ژیانی کۆمەڵگەی کوردی زیاتر ڕەوەندایەتی بووە، بەپێی وەرزەکانی ساڵیش جووڵاوە، وەک دەگوترێ باری هەر لەسەر پشتی کەرێ بووە!

 ئەمەش وای کردووە ئەوانەی خزمی خوێنی یەکدین، واتە لە بۆتەی خێڵ و هۆزدا بەیەکەوە بن و هەر هیچ نەبێ بۆ لایەنی پارێزگاریش بێ، بەیەکەوە بن، ئینجا ئاگرەسوورە لەخۆم دوورەی لێبەرهەمهاتووە.

 بەم جۆرە ئێمە سەرگەردانی مێژوو بووین. باندۆری ئەو سەرگەردانییەش هەر ماوە. کەچی نەتەوە هەبووە، لە ئێمەش سەرگەردانتر بووە، پەرشوبڵاوی چوار کەناری دنیایێ بووە، بەڵام دواتر توانیویەتی خۆی ڕێکبخاتەوە و حاڵەتەکە تێپەڕێنێ، نموونەنەی هەرە زەق و زیندووش گەلی جووە.

 

 

 ئەوان لە ڕێی بانگخوازێکی وەک « تیۆدۆر هیرتزل» لە کۆتایی سەدەی نۆزدەمەوە جاڕی ئەوەی دا، کە تەنیا و تەنیا چارەسەر بۆ کێشەی جوو، گەڕانەوەیە بۆ خاکی باب و باپیران و دروستکردنی دەوڵەت، ئەوە بوو نامیلکەکەوی بەناوی (دەوڵەتی جوو) بووە ئینجیلی خۆکۆکردنەوە و یەکگرتن و بەخۆدا چوونەوە.

  پاشان کۆنگرەی زایۆنیزمییان پێکهێنا، خەباتی بێوچانیان بۆ کرد تا لە ئەنجامدا و لەسەر دەستی دەستەیەک سەرکردە و کەسی دڵسۆزو لێهاتوو لە ١٩٤٨ نەوەک هەر دەوڵەتی سەربەخۆیی خۆیان جاڕدا، بەڵکو جوگرافیا و مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشیان گۆڕی.

  لەنێو ئێمەشدا بانگخواز هەبوون، «ئەحمەدی خانی» مەزن لەو بوارەدا پێشەنگ بوو، هاوار و گازی ئەو لە یەک وشەدا چڕە دەکرایەوە، ئەویش تەبایی و یەکگرتن بوو، دوای ئەویش « حاجی قادری کۆیی» ئاڵاکەی بەرزکردەوە، بەڵام بەداخەوە ئەو هاوارە و بانگە هەر بە خەونی شاعیرانە مایەوە.

دیبلۆماتیک مەگەزین: دەگوترێ کورد هیچ دۆستێکی نییە جگە لەچیاکان ئایە کورد دۆستی دڵسۆزو ڕاستگۆی هەیە؟

 

شەفیقی حاجی خدر: ئەم قسەیە چەند ڕەهەندە، لەوانە لایەنی دژواری هەیە، بۆیە هەق نییە یەکسەر تەسلیمی بین، چۆن؟ جارێ لەپێشەوە، ئەوەی لەو ڕستە باوە تەڕدەستە وردبێتەوە، بێئومێدی باڵی بەسەردا دەکێشێ، هەروەها واشی لێدەکا هەموو شکستەکانی خۆی بداتە دەست هێزێکی دەرەکی، بیداتە دەست قەدەر و خۆیشی لە هەموو خەتایەک پاکبکاتەوە و وەک بەرزەکی بانان لێیدەرچێ.

 

 

 

 ئاخر خۆ چ تاک چ نەتەوە لە خۆڕا دۆست و برادەر پەیداناکا، ئەرێ بۆ ژیان بەو هەموو مێژووە دوور و درێژەوە، کوردی فێری ئەوە نەکرد، کە بەرژەوەندی بنەمای پەیداکردنی دۆستایەتییە. ئەرێ بۆ فێری ئەوەی نەکرد، کە لاپەڕگەبوون، دوورەپەرێز بوون، دروستنەکردنی شار، کۆک نەبوون لە دەوری کۆمەڵە بەها و بەرژەوەندی هاوبەش، وایان لێدەکا، کە هەر بە مەرەدی پەندەکەی خۆیان بچن کەدەڵێ دابڕان واتە خوران.

 ڕاستییەکی تاڵ هەیە کەوا چیاکان هەرچەندە لەزۆر قۆناغی مێژووییدا بوونەتە ئەنوا و چەپەر بۆ خۆپاراستن، بەڵام هەر ئەو چیایانەش بوون، سنووریان لەنێوان خودی ئەو کەسانە دانا، کە لە نێوو دۆڵ و نزارەکانی نیشتەجێبوون.

 ئاخر خەڵکی گوندەکان بەهۆی سەختی شاخەکانەوە بە تەواوی لە دنیای دەرەوە دابڕاون، هەر خەریکی ئەوە بوون بە هاوین و پایز کار بۆ کۆکردنەوەی ئازوقە و دار بکەن تا لە وەزری زستان لە کەڕگوندەکەی خۆیدا بەخۆی و ماڵ و منداڵی سەر بەیەکەوە بنێن، ئەوەی دایانکردوە بیخۆن و بچنە سووڕی متبوونەوە!

 ئەمە ڕاستییەکی تاڵە دەبێ بگوترێ؛ گوندێک ئاگای لە گوندێک نەبووە، جیاوازی زۆری زار و بنزمانەکانیش هەر بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە ئێستا بۆتە گرفتێکی گەورە و زمانێکی گشتیی ئاخاوتن و نووسینی فەرمی پەیدانەبووە.

 

 

 

 بەڵام کاتێک جوگرافیای کوردستان لەگەڵ نەتەوەکانی دەوروبەر، یان دوورتر بەراوردبکەین، وەهای نابینین کە تاک و بێوێنە بێ، تا وای بەسەر بێ. ئاخر خۆ مرۆڤ بەسەر سروشتەوە سەردارە نەوەک پێچەوانەکەی، کەچی لای ئـیمە ڕێک پێچەوانەکەی ڕاستە.

  بۆیە جارێکی دیکە، هەر دەبێ بگەڕێینەوە سەر ئەو بنەما سەرەکییە سادەییە چارەنوسسازییەی کاتی خۆی «ئەحمەدی خانی» لە هاوارنامەکەی داستانی مەمم و زیندا ڕەنگڕێژیکردووە، تەبایی و یەکڕیزی و بۆ ئەوەی ئینتمای بەکۆمەڵمان بۆ ئەو قەوارەیە هەبێ کە بەخۆمان دەڵێین کورد، ئەگەر وەها نەبێ، پەندەکەمان بۆ دەمێنێتەوە کەدەڵێ: بووەتە ئاردی نێو دڕکان.

 خۆ ئەگەر بێینەوە سەر ئەوەی کە باری نەتەوەییمان بەو شڵۆقیە بووە، بەڵام خۆ ناکرێ هەروا بمێنێتەوە، دەکرێ دروستبکرێتەوە، ڕێکبخرێتەوە، کاتێ گەلی جوو دەستیان بە شۆڕشی خۆ کۆکردنەوە کرد، زمانەکەشیان مردوو بوو.

 تەنیا لە نێو سیناگۆگەکان و لە نێو دێڕەکانی تەوارتدا دەخوێندرا، ئەوان بەزمانی ئەو نەتەوانە دەدوان لە کە لەنێویاندا دەژیان، کەچی کاتێ بە گژ بە مەحاڵدا چوونەوە، هەم زمانەکەیان ژیاندەوە و کردیانە زمانێکی زیندوو.

  هەم بیابانیشیان ئاودێر کرد... بەڵام ئێمە خەتای هەموو شتێک دەگەڕێنینەوە بۆ قەدەر و هەر ئەم قەوانە سواوە لێدەدەینەوە و دەڵێین: هەر چیاکان دۆستمانن!!!

 

 

 

دیبلۆماتیک مەگەزین: دەمێکە ئیسرائیل وەک دۆستی کورد ناو دەبرێت، ئەم دۆستایەتی و پەیوەندییە لە چ ئاستێکدا بووەو کورد چ کەڵکێکی لێ بینیووە؟

 

شەفیقی حاجی خدر: ئیسرائیل نەتەوە دەوڵەتێکە، ئاماجە ستراتیژییەکانی خۆی زۆر بە ڕوونی دیاریکردوون. پێشتر سووکە ئاماژەیەکم بە مێژووی خۆ کۆکردنەوەی ئیسڕائیل دا.

 لێرەوە لە وەڵامی ئەم پرسیارە هەقە زیاتری لەسەر بڕۆین. ئاخر زڕە دەنگی وەها هەیە، خەتای شکستەکانمان دەداتە پاڵ لایەنی دەرەکی لەوانەش ئیسڕائیل. ئیسڕائیل لەسەر بنەمای بەڵێنێکی ٦٥ وشەیی کاتی خۆی لە ١٩١٧ درا.

  کە بەناوی بەڵێنی بلفۆر ناسرا، گوایە ئیدی لەوێوە هەموو دەوڵەتانی جیهان بەتایبەتیش زلهێزەکان، هێزە ئیستعمارییەکان پەلیانگرتن و هێنایان لە فەلەستین چەقاندییان.

 

 

 

 هەڵبەتە ئەمە پڕوپاگەیەندەیەکی عەرەبی تەواوعەیاری لایەنە ڕاستڕەو و چەپڕەوەکەیەتی. مێژوو شتێکی دیکە دەڵێ و ناڕاستی ئەم تێزەمان بۆ دەخاتەڕوو. لەم بارەیەوە کۆمەڵە کتێبێکم کردوونەتە کوردی، دەکرێ خوێنەری بەڕێز بۆی بگەڕیتەوە تا وردەکاری ڕاستیەکانی بۆ دەربکەوێ.

 با بێینەوە سەر کرۆکی باسەکە، ئیسرائیل لە ١٩٤٨ جاڕی دەوڵەتی سەربەخۆیی خۆی دا، هەر لەگەڵ جاڕدانەکەدا بە قۆشەنی سوپای عەرەبی لە هەموو لایەکەوە دەورەدرا، نیازیان وابوو فڕێی بدەنە دەریا. لێرەدا من باسی ڕەوایەتی و ناڕەوایەتی هەردوو لای جەنگ ناکەم، بەڵام باسی شتێکی دیکە دەکەم، کە بەرسڤی پرسیارەکەتانە.

 ئیسڕائیل زۆر تێکۆشا هەندێ لە عەرەبەکان بۆ خۆ کێشبکا و هێڵی نەرمڕەوی بگرن، ئەمەی بۆ نەچووەسەر، بۆیە بۆ پاراستنی ئاسایشی نیشیمانی دەوڵەتە ساواکەی، بیری لە شتێکی دیکە کردوە.

 هەڵبەتە بەدەر لە چوارچێوەی پشتیوانیی هێزی نێودەوڵەتی، بەتایبەتی وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و وڵاتانی دیکە، ئەوە بوو (داود بنگۆریۆن)ی دامەزرێنەری دەوڵەت، بیرۆکە یان تێزی گەمارۆدانی عەرەبی لەدەرەوە و ناوەوەڕا داهێنا.

 

 

  واتە هێڵێکی کەمەرەیی بە دەوری عەرەبدا کێشێ بۆ ئەوەی فشاریان بخاتەسەر. ئەگەر ئەم خاڵە ڕوونتر بکەینەوە، ئیسڕائیل لە ڕێی ئەم تیۆرەی «بنگۆریۆن»ەوە بە دوو سەرەی یەک ئامانج جووڵا:

 

یەکەم هەوڵبدا پەیوەندی دۆستانە لەگەڵ ئەو دەوڵەتە ئیسلامە غەیرە عەربانە پەیدابکا کە درواسێی عەرەبەکانن، وەک وڵاتانی ئەفریقی، ئێران و تورکیا. لەمەشدا سەرکەوتنی باشی بەدەستهێنا.

 

دووەم: هەوڵیدا پەیوەندی لەگەڵ ئەو نەتەوە یان کەمە نەتەوە غەیرە عەرەبانەدا پەیدابکا، کە لەچوارچێوەی دەوڵەتە عەرەبەکاندا دەژیان. ئینجا لەبەر ئەوەی کورد لەچوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا دەژیا، عێراقیش دەوڵەتێکی فەرمی عەرەبی بوو، دژ بە ئیسڕائیل بوو.

  مەترسیش بوو بۆ بەرەی ڕۆژهەڵاتی شەڕی عەرەب-ئیسڕائیل، لەنێو خۆشیدا پرسی کورد ئاڵۆز بوو، ئیدی هەم ئیسڕائیل پێویستی بەوە بوو دەست بۆ ئەم هاوكێشەیە ببا، هەم کوردیش پێویستی بەوە بوو لە قەیرانی داننەنان بە مافەکانی لەچوارچێوەی عێراقدا دۆستی دەرەکی پەیدابکا.

 ئەمەبوو لە ناوەڕاستی شەستەکاندا ئەو پەیوەندییە دروست بوو، هەردولاشیان سوودی هاوبەشیان لێبینی، بەڵام ئەنجامەکە بەوە کشایەوە کە شۆڕشی ئەیلول لەبەر هۆکاری دیکە تێکشکا.. واتە وەنەبێ ئیسڕائیل ڕۆڵی دیاری لە کارەساتەکەدا هەبێ، کتێبەکەش ئەمە باش ڕووندەکاتەوە.

 

author photo

ڕۆژنامەنوس