با وەک بۆق بیر نەکەینەوە

کە بە ئازادى دروستکراوین، با خۆمان نەکەینە کۆیلەى کۆت و بەندەکان

با وەک بۆق بیر نەکەینەوە

544 خوێندراوەتەوە

 

ژیان تەنها ئەو چەند مەترە نییە بارەگاى حزبەکەمانى لەسەر دروستکراوە، تەنها بۆق وا بیر دەکاتەوە، کە پێى وایە ژیان پێک دێت لەو زۆنگاوەی ئەو مەلەى تێدا دەکات.

 

جارێکیان، کۆترێک لەسەر لێوارى بیرێک وەستا تاکو ئاو بخواتەوە، بۆقێک لەناو بیرەکەدا پێى گوت: دیارە زۆر ماندوو هیلاک دیارى؟ کۆترەکە لە وەڵامدا گوتى: بەڵێ، چەند قارەیەکم بریوە و هێشتا ماومە، بۆقەکە پرسیارى ئەوەى کرد ئایا جگە لەم ناو بیرە تەسک و تاریکە هیچ شوێنێکى دیکە هەیە.!؟

کۆترەکە پێى گوت: هاتاکو لەناو ئەم بیرەدا بیت و وەک بۆق بژیت، نەخێر هیچ شوێنێکى دیکە نییە، بەڵام وەرە دەرەوە با جیهان ببینى و بزانى ژیان تەنها ئەو چەند مەترە کەمەى لاى تۆ نییە.

 

 

،،

ئەگەر پێت وابێت راستى و درووستى تەنها لەلاى حزبەکەى تۆ دەست دەکەوێت، ئەوە کێشەیەک لە بیرکردنەوەتدا هەیە.!

 

کێشەى ئێمە لە کۆمەڵگەى کوردى ئەوەیە، زۆرجار وەک بۆقەکە بیر دەکەینەوە نەک کۆتر، وا دەزانین ژیان تەنها ئەو چەند مەترەیە کە بارەگاى حزبەکەمانى لەسەر دروست کراوە، یان وا دەزانین حەقیقەت تەنها لەنێو ئەو کەمە فکرو ئایدۆلۆژیایەدایە کە دواى کەوتووین.

 

یان لەوە کارەساتبارتر ئەوەیە پێمان وابێت فڵان بەرپرس یان فڵان کەسایەتى هەرچییەکى گوت ئیدى ئەوەیە و نابێت کەس قسەى تێدا بکات.

 

مرۆڤ کاتێک ئالودەى حزبێک یاخود فکرو دیوەخانێک بوو، ئیدى ناتوانێ جیاوازییەکان ببینێت، چونکە هەموو شتێک لە دەلاقەى دیوەخان یان بارەگاو ئایدۆلۆژیاکەى خۆیەوە دەبینیت، پێى وایە ئەگەر بێتە دەرەوە دەخنکێت.

 کت و مت وەکو ماسى، بۆ ئەوەى خۆى ببینێ دەبێت لەناو ئاودا بێتە دەرەوە، بەڵام ئەمە بۆ ماسى دەست نادات، چونکە بەهاتنە دەرەوەى لە نێو ئاو، دوا هەناسە دەدات.

 

،،

حەقیقەت پارچەیەک ئاوێنە بوو کەوتە سەر زەوى پارچە پارچە بوو، هەر پارچەى کەوتە شوێنێک.!

 

ئێمە دەکرێت لەناو حەوزێکدا مەلە بکەین، بەڵام ناکرێت بەتەواوى ببین بە ماسى، ئێمە دەکرێت لەناو بیرێکدا بیر بکەینەوە بەڵام ناکرێت وەک بۆق وابزانین ژیان تەنها ئەو بیرەیە، ئیدى لەدەرەوەى ئەوە شتێکى دیکە نیە و وەرەقەى کەس نەخوێنینەوە.

دەکرێت هەڵگرى ئایدۆلۆژیایەکى تایبەت بین، بەڵام ناکرێت هەموو شتەکانى کۆمەڵگە بەو ئایدۆلۆژیایە بپێوین، لەوەوە سەیرى بابەت و پێشهاتەکان بکەین..

 

بێگومان کە تۆ ژیانت بینى و ئەزمونت کرد، زیاد لە شوێنێک گەرایت، و بە زیاد لە فکرو بیرکردنەوەیەک ئاشنا بوویت، ئیدى ناچار دەبیت دان بەوەدا دەنێیت کە بێگومان ئەو وتەیە زۆر ناسک و راستە کە دەڵێت:

 حەقیقەت پارچەیەک ئاوێنە بوو کەوتە سەر زەوى هەرپارچەى کەوتە شوێنێک.

 

بۆیە ئەگەر تۆ راستیت دەبێت قەناعەتت بەوە هەبێ راستى رەها لاى تۆ نییە، مەزهەبى چەپیش هەندێ راستى دیکەى لایە، ئەگەر تۆ سەلەفیت ئەوە بزانە سۆفیش هەیە، ئەگەر تۆ عەلمانیت بزانە ئیسلامییەکیش لەتەنیشتت دراوسێتە و خۆى بە راست دەزانێت.

 

،،

کاتێک قسە لەسەر بابەتێک دەکەین، باش بزانین ئەوەى ئێمە باوەڕمان پێى نییە، باوەڕى تەواوى کەسێکى دیکەیە.!

 

ئەگەر وەک بۆق بیر نەکەینەوە و ژیان تەنها بەو چەند مەترەى ناو بیرەکە نەبینین ئەوا وەک کۆتر دەبینە رەمزى ئاشتى و ئەزمون و پێکەوە ژیان.!

و کۆمەڵگەى کوردیش لە زۆرێک لەو دەردانە رزگارى دەبێت، کە زۆرینەمان رێز لە راى بەرامبەر ناگرین و تەنها چاومان لە بەرژەوەندى گروپ و تاقمەکانى خۆمانە.

 

author photo

ماسته‌ر له‌ زانسته‌ رامیارییه‌كان

ئه‌ندامى كاراى سه‌ندیكاى ڕۆژنامەنووسانی کوردستان