بۆچی عادل عەبدولمەهدی فەرمانی هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی دەرکرد؟

ئێران چۆن ڕووبەڕووی ئەمەریكا دەبێتەوە لە عێراق؟

بۆچی عادل عەبدولمەهدی فەرمانی هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی دەرکرد؟

1317 خوێندراوەتەوە

 ئێوارەی ئەمڕۆ عادل عەبدولمەهدی، سەرۆكوەزیرانی عێراق بڕیاریدا میلیشیاكانی حەشدی شەعبی هەڵوەشێنێتەوەو تەواوی بارەگاو نوسینگەكانیان دابخەن و لە كایەی سیاسی دور بكەونەوە، عادل عەبدولمەهدی مۆڵەتی تاكۆتای ئەمانگەی داوە بەو میلیشیانە بۆ داخستنی بارەگاكانیا لەتەواوی شارەكانی عێراق و چونە ژێر چەتری سوپای عێراقی.

 

 حەشدی شەعبی چۆن و بۆچی دروستكرا؟

لە ساڵی ٢٠١٣ خۆپیشاندانی پارێزگاكانی سوننەو هۆزە عێراقییەكان خۆپیشاندانی فراوانیان دژی سیاسەتەكانی نوری مالیكی دەستپێكرد و داعشیش تا دەهات لە سوریا بەهێز تر دەبوو.

 

 

 

 

 بۆیە بەسود بینین لە ناسەقامگیری دۆخی عێراق و خۆپیشاندانەكان، پلانی دەست بەسەراگرتنی عێراقی خستە بواری جێبەجێكردنەوەو لە ٢٠١٣/٧/٢١ هێرشی كردە سەر هەردوو زیندانی ئەبوغرێب و تاجی و نزیكەی ١٠٠٠ سەركردەو ئەندامی ڕێكخراوی قاعیدەو گروپە جیهادیەكانی ئازاد كرد و ڕۆژ بەڕۆژ چالاكیەكانی زیاتر دەبوون و سوپای عێراقیش توانای ڕووبەڕووبونەوەی نەبوو.

 

 لە دوای ئەوەی داعش لە ڕۆژی ٢٠١٤/٣/٧ دەستی بەسەر شاری فەلوجەدا گرت، نوری مالیكی سەرۆكوەزیرانی عێراق لە نەجەف لەگەڵ سەركردە سەربازییە شیعەكاندا كۆبویەوەو بڕیاری دروستكردنی هێزێكی چەكداری شیعەیاندا بۆ ڕووبەڕوو بونەوەی خۆپیشاندەرانی سوننەو چەكدارانی داعش، هێزەكە تەنها لە ( میلیشیاكانی بەدر و موقتەدا سەدرو عەسائیبی ئەهلی حەق ) پێكهاتبوو.\

 

،،

یه‌كێك له‌ئامانجه‌كانی دروست كردنی ئه‌و هێزه‌ مه‌زهه‌بیه‌، به‌رگرتن بوو له‌ هێرشی چه‌كدارانی داعش بۆناوچه‌كانی ناوه‌ڕاست وخوارووی عێراق، كه‌ له‌ئه‌نجامدا ئه‌م هێزه‌ سه‌ركه‌وتوونه‌بوون.

 

 بەڵام پێکهێنانی ئەو هێزە ڕێگر نەبوو لە فراوانبوونی دەسەڵاتی داعش و لە ٢٠١٤/٦/٦ هێرشی كردەسەر شاری موسڵ و داگیریكرد، لە ٦/١٠ شاری تكریت و ناوچەیەكی بەرفراوانی پارێزگاكانی ئەنبارو دیالە و سەلاحەدینی داگیر كرد و لە ٦/١٢ زیاتر لە ٢٠٠٠ سەربازی لە سەربازگەی سپایكەر دەستگیر كرد.

 

 لەماوەیەكی كورتدا سوپای عێراق تێكشكاو داعش دەستی بەسەر یەك لەسەر سێی خاكی عێراقدا گرت و گەشتە دەوروبەری شاری بەغداد و شارۆچكەی فەلوجە و ئەبوغرێبی نزیك بەغدادی داگیر كرد.

 

  چووە هەندێك لەگەڕەكەكانی ڕۆژئاوای بەغداو لە ناوەڕاستی عێراقیش شارۆچكەی " جرف الصخرى)ی نزیك كەربەلای داگیر كردوو نزیك بوەوە لە داگیركردنی شاری نەجەف و كەربەلا و بەغدا.

 

  ئەمەش وایكرد عەلی سیستانی مەڕجەعی باڵای شیعەكان فەتوای ( جیهاد كفائی) ڕابگەیەنێت و داوای لە خەڵكی عێراق كرد چەك هەڵبگرن دژی داعش، لە ٦/١٥ سەدان بنكەی ناونوسین لە تەواوی شارەكانی عێراق كرانەوە.

 

 

 

 

 حەشدی شەعبی لە سوپای عێراق بەهێزترە؟

حەشدی شەعبی كەلە لایەن فالح فەیاز و هادی عامری و ئەبومەهدی موهەندیسەوە سەركردایەتی دەكرێن، لە ٦٧ گروپ و میلیشیای چەكداری پێكدێن، كە ١٢٥ هەزار چەكداریان هەیە، لەو میلیشیایانە و ١٣ گروپیان ڕاستەوخۆ لەلایەن ئێران و فەیلەقی قودسەوە سەركردایەتیان دەكرێت.

 

  لەوانە (میلیشیای نوجەبا و حیزبوڵای عێراق و عەسائیبی ئەهلی حەق و كەتیبەی ابو فضل العباسى باڵی عێراق) كە تەنها ئەم چوار میلیشیایە نزیكەی ٣٦ هەزار چەكداریان هەیە، ئەمە لەكاتێكدا بەپێی ئامارە فەرمییەكان سوپای عێراق تەنها٩٦ هەزار سەربازی هەیە كە بەفەرمی لەخزمەتی سەربازیدابن.

 

،،

بڕیاری هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی حه‌شدی شه‌عبی، له‌لایه‌ن سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقه‌وه‌ ڕه‌زامه‌ندی ویستی تارانی له‌سه‌ره‌، چونكه‌ به‌غداد هچ بڕیارێك بێ لێكدانه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئێران نادات.

 

 

 لە ڕووی سیاسیشەوە حەشدی شەعبی خاوەنی هێزێكی سیاسی گەورەن و ١١٨ كورسیان لەناو پەرلەمانی عێراقدا هەیە، كە زۆرینەیان لە چوار چێوەی هاوپەیمانێتییەكانی ( فەتح و سائیرون و نصر و تحالفی عێراقی ) دا كۆبونەتەوە.

 

  خاوەنی زیاتر لە ١٦حیزب و ڕێكخراوی سیاسی فەرمین و لە حكومەتیشدا هێزێكی گەورەن و چەندین وەزارەتیان لە ژێر دەستدایە، هەموو ئەم هۆكارانەش وا دەكات ئەستەم بێت بتوانرێت بێ ڕەزامەندی و فەرمانی ئێران ئەم میلیشیایانە لە كایەی سیاسی دوور بخرێنەوە.

 

 

 ئێران ڕازییە بە هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی؟

لە دوو ساڵی ڕابردوودا ئەمەریكا چەندین جار داوای لە حكومەتی عێراق كردووە ملیشیاكانی حەشدی شەعبی هەڵبوەشینێتەوە.

 

 

 

 

  بەڵام لەژیر فشاری ئێراندا حكومەتی عێراق نەیتوانیوە هیچ ڕێوشوێنك دژی حەشدی شەعبی بگرێتەبەرو زۆرجاریش بە ئاشكرا میلشیاكانی حەشدی شەعبی تەحەدای حكومەتیان كردوەو هەڕەشەیان لە سوپای ئەمەریكا كردووە.

 

 لە ئێستاشدا حەشدی شەعبی بووە بەداردەستی ئێران و چەكێكی كاریگەر كە دژی ئەمەریكا بەكاری دێنێت، بە جۆرێك لە دوو مانگی ڕابردوودا میلیشیاكانی حەشدی شەعبی ٧ هێرشیان كردوەتە سەر سوپای ئەمەریكا.

 

  كە دیارترینیان هێرشی سەر باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە بەغدادو تەقینەوەی ناوچەی سەوز كە ٥ بەرپرسی ئەمەریكی كوژران و لە كۆتای مانگی ڕابردوشدا ئەو میلیشیایانە هێرشیان كردە سەر بنكەی سەربازی ئەمەریكا لە شارۆچكەی بەلەد و لە شاری موسڵ.

 

 

 

 

 هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی ڕژنامەی (ووۆڵ ستریت جۆرناڵ) ی ئەمەریكی، دەزگای هەواڵگری ئەمەریكا بەڵگەی تەواویان لە بەردەستدایە كە هێرشەكانی سەر ٦ كەشتیە نەوت هەڵگرەكەی بەندەری فوجەیرەی ئیمارات و تەقینەوەی بۆری سەرەكی نەوتی سعودیە لە مانگی ڕابردودا، میلیشیا شیعەكانی عێراق ئەنجامیان داوەو ئەو فڕۆكەیەی كە هێرشكەی سعودیەی پێ ئەنجامدرا لە باشوری عێراقەوە هاتووە.

 

 پێشتریش ئیسرائیل هەڕەشەی ئەوەی كردبوو كە ئێران ١٤ هەزار موشەكی ڕەوانەی عێراق كردووەو ڕادەستی ملیشیا شیعەكانی كردووە، بۆیە ئیسرائیل بە مافی خۆی دەزانێت هاوشێوەی سوریا ئەو میلیشیایانە لە عێراقیش بكاتە ئامانج.

 

 چونكە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی ئیسرائیل دروستكردوە، بەڵام ئەوكات ئەمەریكا ڕێگری لە ئیسرائیل كرد هێرش بكاتە سەر میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لە عێراق.

 

،،

ئێران، له‌م ڕێگه‌یه‌وه‌ ده‌توانێ ئه‌و هێزه‌ چه‌كداره‌ شیعیانه‌ باشتر بۆ به‌رژه‌وه‌ندی سیاسی و سه‌ربازی خۆی به‌كار بهێنێـت له‌پێشوتر، وه‌هه‌روه‌ها پارێزبه‌ندی نێوده‌وڵه‌تیش بۆ چه‌كداره‌كانی ده‌سته‌به‌ر بكات.

 

 

 بەڵام لەدوای هێرشەكانی مانگی ڕابردووی ئەو میلیشیانە بۆسەر بۆری نەوتی سعودیە و بنكە سەربازییەكان و بەرژوەندی و باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە عێراق، ئەمەریكا ئیسرائیلی دەستكراوە كردوە بۆ ئەنجامدانی هێرش بۆسەر میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لایەنگری ئێران.

 

ئەم بڕیارەی عادل عەبدولمەهدی بۆ یەكخستنی هێزەكانی حەشدی شەعبی لەگەڵ سوپای عێراقدا لە سەرداوای ئێران بوەو تەكتیكێكی ئێرانییە بۆشاردنەوەو پاراستنی ئەو میلیشیایانەیە لە هەر ئەگەرێكی چاوەڕوان كراو، لەهەمان كاتدا هەوڵێكی ئێرانە بۆ دەستگرتنی تەواوەتی بەسەر سوپای عێراقدا.

 

 لە ڕووی نێودەوڵەتیشەوە هەوڵێكی ئێرانە بۆ خۆ دەربازكردن لە هەر بەرپرسیارێتیەكی نێودەوڵەتی لە ئەگەر ئەنجامدانی هێرش لە ڕێگەی ئەو گروپانەوە، بەو پێیە بونەتە بەشێك لە سوپای عێراق و لە هەمان كاتیشدا پارێزبەندی عێراق لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ئەو میلیشیایانە دەپارێزێت.

 

 

 

 

 

ئەم بڕیارەی عادل عەبدولمەهدی بۆ یەكخستنی هێزەكانی حەشدی شەعبی لەگەڵ سوپای عێراقدا لە سەرداوای ئێران بوەو تەكتیكێكی ئێرانییە بۆشاردنەوەو پاراستنی ئەو میلیشیایانەیە لە هەر ئەگەرێكی چاوەڕوان كراوه‌.

 

  لەهەمان كاتدا هەوڵێكی ئێرانە بۆ دەستگرتنی تەواوەتی بەسەر سوپای عێراقدا. لە ڕووی نێودەوڵەتیشەوە هەوڵێكی ئێرانە بۆ خۆ دەربازكردن لە هەر بەرپرسیارێتیەكی نێودەوڵەتی لە ئەگەر ئەنجامدانی هێرش لە ڕێگەی ئەو گروپانەوە، بەو پێیە بونەتە بەشێك لە سوپای عێراق و لە هەمان كاتیشدا پارێزبەندی عێراق لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ئەو میلیشیایانە دەپارێزێت.

 

author photo

لێكۆڵەر لە ناوەندی ئیمارات بۆ لێكۆڵینەوەی ستراتیژی