بۆچی سەدەی بیست و یەکیش سەدەی ئەمەریکا دەبێت لە جیهاندا؟

بۆچی سەدەی بیست و یەکیش سەدەی ئەمەریکا دەبێت لە جیهاندا؟

589 خوێندراوەتەوە

 لوقمان حەوێز

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە بەراوورد بە گەلێک لە ووڵاتە پێشکەوتووەکانی تری جیهان وڵاتێکی ساوایە، هەمووی 241 ساڵە دامەزراوە، بەڵام لەوەتەی ساڵانی 1880 تاوەکو ئێستاش بە بەردەوامی پێشكەوتووترین و بەهێزترین ووڵاتی جیهان بووە، بێ ڕکابەرترین ووڵاتە لە بواری تەکنەلۆژیاکانی فڕین، پشکنینی بۆشایی ئاسمان، کۆمپیوتەر و ڕۆبۆتەکان، پزیشکی و دەرمان، چەک، کشتوکاڵ، هتد... 

 

،،

یه‌كێك له‌خاڵه‌ سه‌ره‌كییه‌كان كه‌بونه‌ته‌ هۆی باڵاده‌ستی ئه‌مریكا به‌سه‌ر جیهاندا، بۆلایه‌نه‌ ئابورییه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، كه‌له‌دوای جه‌نگی ناوخۆیی ئه‌مریكاوه‌  كار له‌سه‌ر پته‌وكردنی ئه‌و سێكته‌ره‌ده‌كه‌ن.

 

 

 
لەم نوسینە کورتەدا کەمێک تیشک دەخەینە سەر نهێنیەکانی بەهێزی و پێشکەوتنی ئەو ووڵاتەو بەردەوامبوونی بەم شێوەیە بێ ڕکابەری بە درێژایی پتر لە 135 ساڵی ڕابردوو...

 

دیارە کۆمەڵێک هۆکار هەبوون بۆ ئەو پێشکەوتنە، بەڵام هۆکاری سەرەکیان بواری ئابووری بووە.لە دوای کۆتایی هاتنی شەڕی ناوخۆ لە ئەمەریکا بە چەند ساڵێک و بە ووردی لە دەوروبەری ساڵی 1875 و تاوەکو ئێستا بە بەردەوامی ئابووری ئەم ووڵاتە گەورەترین ئابووری جیهان بووە، هۆکارێکی تری سەرەکیش هەر لە سەرەتاوە چڕبوونەوە و کۆبوونەوەی داهێنان و تەکنەلۆژیا بووە لەم ووڵاتەدا.

 

 

 

  ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هەر لەسەرەتای درووست بوونیەوە تاوەکو ئێستاش بەوە ناسراوە کە شوێنی ڕاکێشان و کۆچکردنی بلیمەتەکان، زاناکان، داهێنەرەکان و بەتواناکان بووە لە هەموو بوارەکانی زانست و تەکنەلۆژیا و هونەر و وەرزش دا لە نێو گەلانی جیهاندا>

 ئەو بلیمەت و بیرمەند و زانا و بە توانایانەش گەنجینەیەک بوون بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە زانستیەکان و، لە ئەنجامدا بۆتە پێشکەوتنی بێ وێنەی ئەم ووڵاتە لە هەموو بوارەکاندا...

 

هەروەها ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هەر لە سەرەتای دروست بوونیەوە ناسنامەیەکی نوێی دروستکردووە و بەخشیوە بەبێ جیاوازی و جیاکاری بە هەموو ئەو مرۆڤانەی کۆچیان کردووە بۆ ئەوێ و، بە دوای ئازادی و ژیانێکی نوێ و داهێنان و کارکرندا گەڕاون.

 

 

  بە تایبەتی لە ساڵانی شەستەکانی سەدەی بیستەمەوە تاوەکو ئێستاش بە بەردەوامی ئەمەریکا ساڵانە بە فەرمی هەزارەها ڤیزای نیشتەجێبوونی داوە بە زانا و بلیمەت و بە تواناکان لە سەرانسەری جیهاندا.

  بۆ ئەوەی کۆچ بکەن بۆ ئەو ووڵاتە و بە ئێجگاری لەوێ نیشتەجێ ببن، تەنیا لە ساڵی 2015دا پتر لە 23 هەزار کەسی لەم شێوەیە لە زۆربەی ووڵاتانی جیهاندا کۆچیان کردوە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا...

 

هەر لە سەدەی نۆزدەشەوە تاوەکو ئێستاش بەرهەمی لێکۆڵینەوە و کارکردنی ئەو زانا و بلیمەتانە نهێنی داهێنانە گەورەکان بووە لەم ووڵاتەدا، وەکو؛ داهێنانی کارەبا، تەلەفۆن، فڕۆکە، ووزەی ناوکی، تڕانسیستۆر، چوونە سەر مانگ، کۆمپیوتەر، ئینتەرنێت، داڕشتنی نەخشەی جینۆمەکانی مرۆڤ، فەیسبووک، هتد...

 

،،

له‌پاڵ گرنگی دان به‌ لایه‌نی دارای و ئابوری، گرنگی به‌لایه‌نی سه‌ربازی ده‌دات چونكه‌ باش ده‌زانێت له‌گه‌ڵ گه‌وره‌بوون و په‌ل هاویشتنن بۆ نێوخۆی وڵاتیانی دیكه‌ ته‌حه‌دی و فشاره‌كانیش له‌سه‌ر وڵاته‌كه‌ی زیاتر ده‌بێت.

 

 

ئەمەریکا هەر لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە درکی بەوە کردووە کە لەگەڵ بەهێزبووندا بەرپرسیاریەتی گەورەش دێتە پێشەوە، بۆیە هەر لەوکاتەوە ساڵانە بڕێکی زۆر لە داهات و دەرامەتی حکومەتی فیدراڵی تەرخان دەکات بۆ بواری سەربازیی.

  بەبێ بەشداریکردنی ئەمەریکا لە هەردوو جەنگی جیهانی ئەوروپای ڕۆژئاوا و ڕووسیادا،بە تەنیا هەرگیز نەیان دەتوانی سەرکەوتن بەدەست بهێنن بەسەر ئەڵمانیای نازی و ئیمپراتۆریەتی ژاپۆنیدا، ئەو کاتە چارەنووسی جیهان بە ئاقارێکی ترسناکدا دەڕۆیشت.

  لەم چەند ساڵەی دواییشدا بودجەی سەربازیی ساڵانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا گەیشتۆتە پتر لە 700 ملیار دۆلار، ئەمەش گەلێک زیاترە لە کۆی بڕە بودجەی سەربازی ساڵانەی هەموو ووڵاتانی ڕووسیا و چین و ئەڵمانیا و فەڕەنسا و بەریتانیا و هیندستان و سعودیە، بەیەکەوە...

 

 

 

لە دوای نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمەوە تاوەکو ئێستاش، نەوەک تەنیا هەر لە بواری تەکنەلۆژیا و پیشەسازی و کشتوکاڵ دا، بەڵکو لە ڕووی کەلتووری و کۆمەڵایەتیشەوە ئەمەریکا کاریگەری گەورەی لە سەرتاسەری کۆمەڵگاکانی جیهاندا درووستکردووە.

  ئەویش لە ڕێگەی بەجیهانیبوونی کەلتوورەکەیەوە، نمونەی ئەمەش بڵاوبوونەوەی فیلمەکانی هۆلیوود، گۆرانی و کۆنسێرتەکان، پانتۆڵی جینز، تۆڕەکانی هەواڵ وەکو سی ئێن ئێن، پڕۆگرامەکانی خوێندن و زانکۆکان، نوسین و چاپەمەنیەکان و، هتد...

 

بەهۆی چڕبوونەوەی کۆمپانیا زەبەلاحەکان لە بواری تەکنەلۆژیا سەرەکیەکان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکادا، زۆربەی شارەزایان و ئابووریناسان لە سەرانسەری جیهاندا لەسەر ئەوە کۆکن لایەنی کەم لەم سەدەیەش ئەمەریکا وەکو سەدەی بیستەم بە بەهێزترین و پێشکەوتووترین ووڵات دەمێنێتەوە لە جیهاندا.

 

 

 

 تا ئێستاش قەبارەی ئابووری ئەمەریکا لە سەدا 23 ی قەبارەی ئابووری هەموو جیهانە، لەگەڵ ئەوەی کە ئابووری ووڵاتی چین لە 25 ساڵی ڕابردوو لە گەورەبووندا بووە و،ئێستا بۆتە لە سەدا 14 ی ئابووری جیهان.

 بەڵام لەبواری تەکنەلۆژیا سەرەکیەکاندا بە بەراوورد لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا،جارێ چەندەها ساڵ لە دواوەیە و پێشبینی ناکرێت بتوانێت لە داهاتووێکی نزیک یان دووردا،بتوانێت ڕکابەریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکای پێ بکرێت...

  

 

ئەمەریکا جگە لە خاوەندارێتیکردنی بڕبڕەی پشتی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا لە جیهاندا، بە خاوەنی بەهێزترین دیموکراسیش دادەنرێت لەسەر ئاستی هەموو وڵاتانی جیهان.

  ئەمەش دیسان لە کۆتاییدا بە قازانجی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا دەبێت، چونکە لەو سیستەمەدا بە بەردەوامی کەموکوڕیەکان پەنجەیان دەخرێتە سەرو، پەردەپۆش ناکرێن و هەوڵی چارەسەرکردنیان دەدرێت...