بۆچی باڵێکی یەكێتی بەشداری حكومەت ناكات؟

بۆچی باڵێکی یەكێتی بەشداری حكومەت ناكات؟

2633 خوێندراوەتەوە

بەشدارینەكردنی ئه‌و باڵەى یه‌كێتى له‌ حكومه‌تدا كه‌ به‌ باڵى نزیك له‌ ئێران ناسراون‌و كه‌ بەهێزترین باڵی یەكێتی و خاوەن بڕیاری كۆتایین، بڕیارێكی سەرپێی یان فریودانی ئەو نییە، چونكە ئەم باڵە لە ساڵی ١٩٨١ هەتا ئێستا خاوەن بڕیاری كۆتایین لە ناو یەكێتیدا، ئەم بڕیارەش بەوردی لێكۆڵینەوەی لێكراوە ئەوكات ئەم هەڵوێستەیان وەرگرتووە.

 

،،

ئه‌وه‌ی تێبینی ده‌كرێت له‌هه‌ڵبژاردنی كاندیده‌كانی یه‌كێتی بۆ پۆسته‌ جیاوازه‌كانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، زیاتر كاندیده‌ ده‌رچووه‌كان ئه‌ندامانی باڵێكی ناو یه‌كێتین.

 

 وەك لە لیستی بەر بژێرەكانی یەكێتییەوە بۆ ١١ پۆستە حكومییه‌كه‌ دەردەكەوێت، زۆرینەی ڕەهایان لە باڵی ناوەندی بڕیارن، هەندێكی تریشیان بۆ ڕازیردنی ناوچەیی و كەسی دانراون، بەڵام باڵی بەهێزو خاوەن بڕیاری یەكێتی كە باڵەكه‌ى نزیك له‌ ئێرانه‌، لەم پۆستانەدا هیچ ڕۆڵێكی نییە.

 ئەم بەشدارینەكردنە پەیوه‌ندى بە هەندێك هۆكاری پەیوەست بە ناوخۆی یەكێتی و ناخۆی هەرێم و كاریگەرییه‌ ده‌رەكییەکانەوە هه‌یه‌، لە گرنگترین ئەو هۆكارانە:

 

 

 

١- ئەم باڵە لەسەر ئاستی ناوخۆی هەرێم لە ململانێیەكی قوڵدان لەگەڵ پارتیداو لەگەڵ سەرۆكی حكومەتدا كێشەی قوڵیان هەیەو دەرفەتی پێكەوە كاركردنیان نابێت.

 ٢- ئەم باڵە لە حكومەتدابن یان لە دەرەوەی حكومەت، بڕیاری سیاسی و سەربازی و ئەمنی‌و دارایی (نەوت و غاز) ی زۆنی سەوز لە دەستی خۆیاندایە.

 

 

 

 ٣- ئەم باڵە نایانەوێت لەم دۆخە پڕ قەیرانەی حكومەتی هەرێمدا ببن بە شێك لە كێشەكان و بەڕپرسیارێتی شكستیان بكەوێتە ئەستۆ.

 ٤- لەسەر ئاستی ناوخۆی یەكێتی، لە ڕابردوودا ئەم باڵە بەشی هەرە زۆری دەسەڵاتیان لە ناو حكومەتدا لە دەستدا بووە، بەهۆی قەیرانەكانی حكومەتەوە ڕووبەڕووی ڕەخنەیەكی زۆری كادیرو ئەندامەكانیان بوونەتەوە، بۆیە ئێستا دەیانەوێت هەڵەی ڕابردوو ڕاست بكەنەوەو هەر كێشەیەك ڕووبدات خۆیان بە بەرپرسیار نازانن.

  

،،

ئێرانییه‌كان له‌پشت ئه‌م باڵه‌وه‌ن، به‌ئاڕاسته‌ی به‌شداری نه‌كردن له‌كابینه‌كه‌ی مه‌سرور بارزانی، به‌و ئامانجه‌ی له‌ئاینده‌دا شكستی كابینه‌ نوێیه‌كه‌ باڵی ده‌ستڕۆیشتووی یه‌كێتی  پێ تاوان بار نه‌كرێت.

 

 ٥- لەسەرئاستی دەرەكیش، ئەوەی ڕوونە ئێران لەشەش مانگی ڕابردودا نیگەڕانە لە پارتی بە هۆی نزیكی لە بەرەی ئەمەریكاوە، حكومەتی ئایندەش بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی بە دڵی ئێرانییەكان نییە.

 ٦- ئێرانییەكان بەم بەشداری نەكردنەی ئەوباڵە دەیانەوێت دیفاكتۆیەكی حوكمڕانی لە زۆنی سەوز دروستبكەن بۆ خۆ دەربازكردن لە سزاكانی ئەمەریكا ( پەیوەست بە كوردستانەوە).

 چونكە حكومەتی هەرێم بەڕپرسیارێتیەكی سیاسی و نێودەوڵەتی هەیە لەگەڵ ئەمەریكاداو ناتوانێت مامه‌ڵە لەگەڵ ئێراندا بكات‌و لەژێر فشار و چاودێریدایە. ئەم باڵە ئەگەر لە حكومەتدابن دەكەونە ژێر هەیمەنەی ئه‌مه‌ریكاو بڕیاری سەربەخۆیان نابێت.

 

 

 

  ٧- هەروەها ئێران لە ڕێگەی ئەم باڵەوە كە لە دەرەوەی حكومەتن و دەسەڵاتی تەواویان بەسەر كەرتی نەوت و غازی زۆنی سەوزدا هەیە، دەتوانێت فشار بۆسەر حكومەتی هەرێم دروست بكات لەكاتی پێوویستدا.

 ئەمانەو چەند هۆكارێك تر كە ناكرێت لێرەدا باس بكرێت بونەتە هۆی ئەوەی ئەو باڵە بەهێزەی یەكێتی بەشداری كاریگەر لە حكومەتدا نەكات و دورە پەرێز بگرێت و كار لەسەر بەهێزكردنی پێگەی خۆیان بكەن لەناو ڕێكخستنەكانی یەكێتیدا وەك ئامادەكاری بۆ كۆنگرەی داهاتوو.

 

 

 

  بەڵام بەدیوێكی تردا ئەم باڵە ئەگەر بیانەوێت دەتوانن هاوكارێكی حكومەتبن لە ڕاگرتنی باڵانس لە نیوان ئەمەریكا و ئێران و پەیوەندیەكانی خۆیان لەگەڵ ئێراندا بۆ بەرژەوەندی و بەهیزكردنی پێگەی كوردستان بەكاری بهێنن بەتایبەت لە پرسی ( بودجەی هەرێم و كێشەكانی هەرێم و بەغدا و پرسی ناوچە جێناكۆكەكان)، چونكە ئێران پێویستی بە هاوكار و دۆستە لە عێراق و هەرێم.

 تێبینی: بەكارهێنانی دەستەواژەی ( باڵە ئێرانیەكە) وەك سوكایەتی یان بێڕێزی بەكار نەهاتووە، مەبەست لەوەیە ئەو باڵە زیاتر لە ئێرانەوە نزیكن، دۆخی كوردستانیش وەهایە هەموو حیزبەكان بێ جیاوازی پەیوەندیان لەگەڵ وڵاتانی هەرێمی هەیە، كە ئەمەش لایەنی باش و خراپیشی هەیە.

 

author photo

لێكۆڵەر لە ناوەندی ئیمارات بۆ لێكۆڵینەوەی ستراتیژی