رێكەوتنێك لەسەر كاغەز

رێكەوتنەكەی گۆڕان و یەكێتی هەڕەشە لە ناو ماڵی گۆڕان دەكات

رێكەوتنێك لەسەر كاغەز

1851 خوێندراوەتەوە

نەوشیروان مستەفا لە مەراسیمی واژووكردنی ڕێكەوتنەكەدا ووتی" عیبرەت لە جێبەجێكردنیدایە"،وەك ئەوەی دوودڵ بێت لە نیازی یەكێتی بۆ جێبەجێكردنی ڕێكەوتنامەكە.

دوای زياتر له ساڵێك تێپەڕبون بەسەر واژووكردنی ڕێكەوتنی نێوانیان هێشتا سەكردەكانی یەكێتی و گۆڕان لە كۆبونەوەی بەردەوامدان بۆ ئەوەی بزانن چۆن ڕێكەوتنەكە جێبەجێ‌ بكەن.

ئێستا لەناو گۆڕان بە دەنگی بەرز داوای هەڵوەشاندنەوەی ڕێكەوتنەكەی یەكێتی و گۆڕان دەكرێت و زیاتر لەوەش بەردەوامیدان بە كۆبونەوەكانی سەركردایەتی هاوبەش ناڕەزایی فراوانی دروست كردوە و هێندەی نەماوە بزوتنەوەكە ڕوبەڕوی قەیران تەقینەوەی ناوخۆیی نەكات.

قادرى حاجی عەلی:

یەكێتی ئامادە نیە رێز لە ئیمزای خۆی و ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا بگرێت و ئامادە نیە تەنها یەك خاڵ لە رێكەوتنی نێوانمان جێبەجێ‌ بكات و ئامادەش نیە رێكەوتنی پێشتر بۆ دەستاودەستكردنی زۆربەی پۆستەكانی گۆڕان لەسنوری پارێزگای سلێمانی جێبەجێ‌ بكات

ڕێكەوتنێك بە ئیمزای دوو سەركردەكە

ڕۆژی 17/5/ 2016 لە مەراسیمێكدا لە شاری سلێمانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان رێكەوتنێكی سیاسیان واژۆكرد، ڕێكەوتنەكە بە ئامادەبونی مام جەلال، سكرتێری گشتی كۆچكردوی یەكێتی و نەوشیروان مستەفا، رێكخەری گشتی كۆچكردوی بزوتنەوەی گۆڕان واژۆكرا و تێیدا كۆسرەت ڕەسوڵ، جێگری یەكەمی تاڵەبانی لەجیاتی سكرتێری گشتی كە تەندروستی باش نەبو، ئیمزای ڕێكەوتنەكەی كرد.

یەكێتیەكان جدیی نین لەسەر  جێبەجێكردنی رێكەوتنەكەی گۆڕان و یەكێتی
ڕێكەوتنامەی دەباشان، بەردی بناغەی ڕێكەوتنەكە

رێكەوتنەكە لە یانزە بەش و 25 ماددە و چەندین خاڵ پێكهاتوە، لە ماددەی یەكەم، خاڵی یەكەمی رێكەوتنەكەدا هاتوە "هەردولا پابەندن بە جێبەجێكردن و پەرەپێدانی ئەم رێكەوتنە" بەڵام دوای زیاتر لە ساڵێك و شەش مانگ جگە لە پێكهێنانی سەركردایەتیەكی هاوبەش بەپێی ماددەی بیست و چواری رێكەوتنەكە یەك ماددەی تر لە رێكەوتنەكە جێبەجێ‌ نەكراوە.


رێكەوتنەكە هێندەی لە پڕۆژەیەك بۆ حكومڕانی وڵاتێك دەچێت هێندە لە رێكەوتنی نێوان دوو لایەنی سیاسی ناچێت، ئەگەر چی زۆرێك لە ماددەكانی رێكەوتنەكە جێبەجێكردنیان تەنیا پەیوەست نیە بەو دوو هێزەوە بەڵام ئەوەی كە وایكردوە ڕێكەوتنەكە تەنها نوسراوێك بێت و هیچی تر ئەوەیە ئەم دوو هێزە نەیانتوانیوە ئەو ماددانەش جێبەجێ‌ بكەن كە تەنها پەیوەندی بەخۆیانەوە هەیە، بۆ نمونە لە ماددەی پانزەدا هاتوە، هەردولا پابەندن بە دروستكردنی ئیئتلافێك بۆ فڕاكسیۆنەكانیان لە پەرلەمانی كوردستان، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەنجومەنی پارێزگاكان، بەڵام تائێستا هیچ كام لەو فراكسیۆنانە دروست نەكراون ئەگەرچی چەندین كۆبونەوە لەنێوان فراكسیۆنەكانی هەردولا كراوە، بەڵام تائێستا فراكسیۆنی هاوبەش پێكنەهاتوە، ئەوەش ڕاستەوخۆ دەمان گێڕێتەوە بۆ ئەو بڕگەیەی نەوشیروان مستەفا لە مەراسیمی ئیمزاكردنی رێكەوتنەكەدا وتی" عیبرەت لە جێبەجێكردندایە".

ساماڵ عەبدوڵا

   یەكێتی  ساڵ و نیوێكە دەستی دەستی بە بزوتنەوەی گۆڕان دەكەن، دەمان هێنن و دەمان بەن و یەك دێڕ لە رێكەوتنە جێبەجێ‌ ناكەن

"كۆبونەوەی دەباشان"
ڕێكەوتنەكە دوای ساڵانێك لە ململانێی توندی ئەم دوو هێزە هاتە ئاراوە، ئەوەش دوای ئەوەی لە 25/7/2009 بزوتنەوەی گۆڕان وەك هێزێكی ئۆپۆزسیۆنی خاوەن 25 كورسی پەرلەمانی هاتە ئاراوە و كاریگەری گەورەی لەسەر پێگەی جەماوەری یەكێتی دروستكرد، هەر ئەوەش وایكرد ململانێكانی ئەم دوو هێزە بەتایبەت لەڕوی ڕاگەیاندنەوە توندی زۆر بەخۆیەوە ببینێت، هەندێك جاریش ئەم ململانێیە مەترسی بەكارهێنانی چەكی تێدا دەكرا بەتایبەت لەلایەن یەكێتیەوە، بەوپێیەی بزوتنەوەكە هێزێكی ئۆپۆزسیۆنی مەدەنی بو بڕوای بە خەباتی چەكداری نەبو، بەپێچەوانەوە دوور نەبو ئەو ململانێیە سەربكێشێ‌ بۆ پێكدادانی چەكداری.


ئەم ململانێیە بەردەوام بو تاوەكو كۆبونەوەی تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفا لە ساڵی 2012 لە ماڵی تاڵەبانی لە سلێمانی كە بە "كۆبونەوەی دەباشان" ناسراوە، دوابەدوای كۆبونەوەكە تاڵەبانی بۆ ڕاگەیاندنەكان وتی" ئەم كۆبونەوەیە سەرەتای قۆناغێكی نوێیە لە هاوكاری نێوان یەكێتی و بزوتنەوەی گۆڕان، دەتوانم بڵێم هیچ گرفتێك لەنێوان گۆڕان و یەكێتی نەماوە".


بەتەنیشت تاڵەبانیەوە نەوشیروان مستەفا، بە ڕاگەیاندنەكانی وت" كۆبونەوەیەكی زۆر باش بو بەڵام ئومێدم وایە لەجێبەجێكردندا باشتر دەربچێت".
هەندێك لە چاودێرانی سیاسی و سەركردەكانی هەردولا پێیانوایە رێكەوتنەكەی گۆڕان و یەكێتی كە دوای چوار ساڵ لەو كۆبونەوەیە ئیمزا كرا بەرهەمی "كۆبونەوەی دەباشانە".

دوابەدوای ئاشكراكردنی رێكەوتنەكە و ئیمزاكردنی زۆرینەی هێز و لایەنە سیاسیەكان رێكەوتنەكەیان بە شتێكی باش وەسفكرد و پێشوازییان لێكرد، جگە لە پارتی دیموكراتی كوردستان، كە بەپێچەوانەی هەمو هێزەكانی ترەوە ئامادەنەبو پێشوازی لە وەفدی هاوبەشی بزوتنەوەی گۆڕان و یەكێتی نیشتیمانی بكات كە لەوكاتەدا بۆ ڕونكردنەوەی رێكەوتنەكەیان سەردانی لایەنە سیاسیەكانیان دەكرد.


ڕێكەوتنەكە دەبێتە هەڕەشە بۆ گۆڕان
جێبەجێ‌ نەكردنی رێكەوتنەكە لەناو سەركردە و هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی گۆڕاندا ناڕەزایی لێكەوتۆتەوە، بەتایبەت دواین كۆبونەوەی سەركردایەتی هاوبەشی گۆڕان و یەكێتی.


لە تازەترین پێشهاتدا قادر حاجی عەلی، هەڵسوڕاوی دیاری بزوتنەوەكە نامەیەكی توندی ئاڕاستەی خانەی ڕاپەڕاندنی بزوتنەوەتی گۆڕان و جڤاتی نیشتیمانی و جڤاتی گشتی بزوتنەوەكە كرد، لە نامەكەدا هاتوە: " ئەوەی ئەمڕۆ ڕویدا لە گرێدانی كۆبونەوەی هاوبەش لەگەڵ یەكێتی نیشتیمانیدا لەژێر ناوی " سەركردایەتی هاوبەش" گەورەترین سوكایەتیكردن بو بە هەمو هەڵسوڕاوان و دەنگدەرانی گۆڕان، چونكە یەكێتی ئامادە نیە رێز لە ئیمزای خۆی و ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا بگرێت و ئامادە نیە تەنها یەك خاڵ لە رێكەوتنی نێوانمان جێبەجێ‌ بكات و ئامادەش نیە رێكەوتنی پێشتر بۆ دەستاودەستكردنی زۆربەی پۆستەكانی گۆڕان لەسنوری پارێزگای سلێمانی جێبەجێ‌ بكات".


هەر لە نامەكەی قادری حاجی عەلیدا هاتوە"دەیەها هەنگاوی یەكێتی دژی ئیرادەی بزوتنەوەی گۆڕانە و هەمویان پێشێلكردنی یەك بە یەكی خاڵەكانی ئەو رێكەوتنامەیەیە كە چیتر هیچ نرخ و بایەخێكی نەماوە".


قادری حاجی عەلی هۆشداریش دەداتە سەركردایەتی بزوتنەوەكە و دەڵێت"چیتر ئامادە نیم بەرگری لەو هەنگاوە هەڵانەتان بكەم كە سوكایەتیە بە بزوتنەوەی گۆڕان و سوریش دەزانم جێبەجێكردنی ئەجندایەكی ناو یەكێتیە و هیچی تر، بەرگری لە سەركردایەتیەكی وا ناكەم كە نە بەرژەوەندی خۆی و نە هی بزوتنەوەكە و نە هی دەنگدەرەكانی و نە هی خەڵكی كوردستان لەبەرچاو ناگرێت".

نەژاد جەلال، هەڵسوڕاوی بزوتنەوەی گۆڕان دەڵێت " هەم لە لە یەكێتیم بیستوە و هەم لە گۆڕان كە شتێك بونی نەماوە بەناوی سەركردایەتی هاوبەش و رێكەوتنی نێوانیان، گۆڕان هێزێكە لەپێناو بەرنامەكانی خۆی و بەرگریكردن لە مافی خەڵك، باجی زۆریداوە، بۆیە هەقە واقیعبینتر بێ‌ بەرامبەر یەكێتی، بەكورتی هەرچۆن یەكێتی هێزێكە هیچ ئومێدێكی لەسەر هەڵناچنرێت، ئاواش بڕواكردن بە یەكێتی هەڵەی سیاسیە".

،،

فەرید ئەسەسەر، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان: ئەم سەركردایەتیەی ئێستای یەكێتی توانای جێبەجێكردنی نیە و لەوەی ئێستا زیاتری پێناكرێت و پێویستە رێكەوتنەكە وەك خۆی بمێنێتەوە تاوەكو هەڵبژاردنی سەركردایەتی نوێ‌ لە كۆنگرەی داهاتوی یەكێتیدا.

"یەكێتی دانیشتن لەگەڵ گۆران و رێكەوتنەكە وەك كارت دژی پارتی بەكاردەهێنن"
ناڕەزاییەكان لەناو بزوتنەوەی گۆڕان گەیشتە ناو ئەو سەركردانەی بزوتنەوەی گۆڕان كە لە سەركردایەتی هاوبەشدا بەشدارن، لە دواین كۆبونەوەی سەركردایەتی هاوبەشدا هەریەك لە عوسمانی حاجی مەحمود، ساماڵ عەبدوڵا، ئەندامانی سەركردایەتی هاوبەش لە بزوتنەوەی گۆڕان بەشداری كۆبونەوەكەیان نەكرد.


ساماڵ عەبدوڵا بە " دیپلۆماتیك مەگەزین" ی ڕاگەیاند، بەشداری كۆبونەوەكەم نەكرد چونكە یەكێتی هی ئەوە نیە وەك سەركردایەتی هاوبەش لەگەڵیان كۆببیتەوە، ساڵ و نیوێكە دەستی دەستی بە بزوتنەوەی گۆڕان دەكەن، دەمان هێنن و دەمان بەن و یەك دێڕ لە رێكەوتنە جێبەجێ‌ ناكەن، لەوەش زیاتر دانیشتن لەگەڵ گۆران و رێكەوتنەكە وەك كارت دژی پارتی بەكاردەهێنن".

ساماڵ عەبدوڵا وتیشی" درێژەدان بە دانیشتنەكان لە سەركردایەتی هاوبەش دژی خواستی هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی گۆڕان و هەمو خەڵكە، بەڵێ‌ من لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی رێكەوتنەكە نیم بەڵام ناكرێت دانیشتن و كۆبونەوەش تەنها لەپێناو كۆبونەوە بێت".

ئەو ئەندامەی سەركردایەتی هاوبەش لە بزوتنەوەی گۆڕان تەئكیدی كردەوە كە عوسمانی حاجی مەحمودیش بۆیە بەشداری كۆبونەوەكەی نەكردوە، چونكە نیگەرانە و لەگەڵ ئەوەدا نەبوە لەژێر ناوی سەركردایەتی هاوبەش لەگەڵ یەكێتی كۆببنەوە.

لای خۆشیەوە عوسمانی حاجی مەحمود، ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان، پێشتر بە میدیاكانی گۆڕانی ڕاگەیاندبو، پێویستە ئەو رێککەوتنە سڕ بکرێت تا ئەوکاتەی لای سەرکردایەتی و خاوەن بڕیارەکانی یەکێتی ئیرادە و بڕیاری جدی دروست دەبێت بۆ جێبەجێکردنی”.


ئاماژەی بەوەشکرد، سڕکردنی رێککەوتنەکە بەمانای کۆتایی هێنان نیە بە پەیوەندیەکانیان لەگەڵ یەکێتی، بەڵکو پەیوەندیەکانیان وەکو دو هێزی سیاسی بەردەوام دەبێت و لەکاتی پێویستدا کۆبونەوە دەکەن. بەڵام بەوتەی ئەو”هیچ هۆکارێک نیە بۆ مانەوەی رێککەوتنەکە بەم شێوەیەی ئێستاو ئەنجامدانی کۆبونەوەی سەرکردایەتی هاوبەش”.

،،

لە دواین كۆبونەوەی سەركردایەتی هاوبەشدا هەریەك لە عوسمانی حاجی مەحمود، ساماڵ عەبدوڵا، ئەندامانی سەركردایەتی هاوبەش لە بزوتنەوەی گۆڕان بەشداری كۆبونەوەكەیان نەكرد.

رێكەوتنەكە لە غیابی تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفادا
مەسعود عەبدولخاق، چاودێری سیاسی پێیوایە كۆچی دوایی هەردوو سەركردە تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفا، كاریگەری خراپ لەسەر رێكەوتنەكە جێدەهێڵیت، بەوپێیەی رێكەوتنەكە بەرهەمی لێكتێگەیشتنی ئەوان بوە، بەتایبەتیش لەناو یەكێتیدا لەغیابی تاڵەبانیدا پرۆسەی بڕیار و پابەندبون بە رێكەوتنەكانەوە ئاسان نیە.
مەسعود عەبدولخاق پێشیوایە سەركردەكانی یەكێتی تەنانەت پابەندی رێكەوتن و پرۆژەكانیان لەگەڵ پارتیش نەبون، تەنها ئەوانەیان جێبەجێكردوە كە لە بەرژەوەندی شەخسی خۆیان بوە نەك بەرژەوەندی حزب و خەڵك.

رێكەوتنەكە لەبەردەم كۆنگرەی یەكێتیدا
چاوەڕواندەكرێت لە 2018 دا یەكێتی كۆنگرە ببەستێت، بۆیە بەرای مەسعود عەبدولخالق، نابێت بزوتنەوەی گۆران داوای هەڵوەشاندنەوەی رێكەوتنەكە بكات بەوپێیەی رێكەوتنێكی باشە بۆ خەڵكی كوردستان ئەگەر جێبەجێ‌ بكرێت، بەڵكو دەبێت رێكەوتنەكە هەڵپەسێرێت و چاوەڕێی سەركردایەتیەكی شەرعی بكات كە پابەند بێت بە جێبەجێكردنی رێكەوتنەكەوە، ئەوەش دەكرێت لە كۆنگرەی یەكێتیدا روو بدات و یەكێتی بكەوێتە دەست كەسانێك كە پابەند بن بە رێكەوتن و بڕیارەكانیانەوە.

فەرید ئەسەسەر، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بە "دیپلۆماتیك مەگەزین"ی ڕاگەیاند، هۆكاری جێبەجێنەكردنی رێكەوتنەكە پەیوەندی بە دۆخی ناوخۆیی یەكێتیەوە هەبوە، بەوپێیەی هەر لەسەرەتاوە لەناو یەكێتیدا دوو بۆچون هەبوە بۆچونێك پێیوابوە هەندێك لە خاڵە گرنگەكان بەتایبەت مەسەلەی یەكخستنی فراكسیۆنەكان لە رێكەوتنەكەدا نەبێت، بەپێچەوانەوە زۆرینە لەگەڵ تەواوی رێكەوتنەكەدا بون، هەر بۆیە ئەو جیاوازییە وایكردوە یەكێتی نەتوانێت پابەندی رێكەوتنەكە بێت.

ئەسەسەرد پێشیوایە ئەم سەركردایەتیەی ئێستای یەكێتی توانای جێبەجێكردنی نیە و لەوەی ئێستا زیاتری پێناكرێت و پێویستە رێكەوتنەكە وەك خۆی بمێنێتەوە تاوەكو هەڵبژاردنی سەركردایەتی نوێ‌ لە كۆنگرەی داهاتوی یەكێتیدا.


وابڕیارە كۆنگرەی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە حەوتی ئازاری ساڵی داهاتودا ببەسترێت، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئەوەی ئاشكراكرد.



 

author photo

بەكالۆریۆس لە ڕاگەیاندن 

ئەزمونی ١٢ ساڵ كاركردن لە میدیای نوسراو، بینراو و بیسراو