کەس نییە بەیاننامەیەک، بەناوى ماڵى مام جەلالەوە دەربکات؟

زەبرى کوشندە بەر تیمەکەى قوباد تاڵەبانى کەوت

کەس نییە بەیاننامەیەک، بەناوى ماڵى مام جەلالەوە دەربکات؟

1416 خوێندراوەتەوە

 

جاران تەنها دەرکردنى بەیاننامەیەک بەناوى ماڵى مام جەلالەوە، بەس بوو بۆ ئەوەى دەرەنجامى یارییەکە لە بەرژەوەندى ماڵە گەورەکە یەکلایی بکاتەوە، بەڵام ئێستا کەس نییە ئەو تیرە بهاوێژێت.!

 

دوێنێ، سەرکردایەتى یەکێتى، کاندیدەکانى بۆ حکومەت و پەرلەمان دیارى کرد، ئەوەى چاوەڕوان نەکراوبوو کەمکردنەوەى پشکەکانى ماڵى مام جەلال و لاوازکردنى تیمەکەى قوباد تاڵەبانى بوو.

 

،،

باڵەکان زۆر زیرەکانە توانیان دژى ماڵى مام جەلال یەک بگرن.!

 

مامى بچوک، قوربانى نێو باڵەکان

بێگومان، ئەمەش دەگەرێتەوە بۆ ململانێى توندى نێو باڵەکان کە هەر باڵێک لە بەرژەوەندى خۆى سەرقاڵى دروستکردنى تیم و لۆبى بوو، لەم نێوەندەشدا زەبرى کوشندە بەر ماڵە گەورەکەى یەکێتى کەوت، کە ماڵى مام جەلال بوو.

 

بەهۆى ئاراستە جیاوازەکانى یەکێتییەوە، زۆرجار لەکاتى دابەشکردنى پۆستە حزبى و حکومییەکان کێشەى جدى لەنێو مەکتەب سیاسی و سەرکردایەتى حزبەکەدا درووست دەبوو، بەڵام ئاسان نەبوو گروپێک یاخود کەسێک بتوانێ دژى ماڵى مام جەلال بوەستێتەوە.

 

چونکە تەنها یەک بەیاننامە بەس بوو بۆ ئەوەى، هەرچى هێزو تواناى بەرامبەرەکانە لەمەکتەب سیاسی لەناوى ببات و تەنها یەک دەنگ بمێنێتەوە ئەویش دەنگى ماڵى مام و لەدواى مام جەلالیش دەنگى هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد بوو.

 

بۆ نموونە کاتێک خەریک بوو شەڕى باڵەکان درووست ببێت بۆ وەرگرتنى پۆستى قائیم قامى هەڵەبجە، یەک بەیاننامەى هێرۆ ئیبراهیم بەس بوو بۆ ئەوەى پۆستەکە بدات بە نوخشە ناسیح کە لەسەر ماڵى مام جەلال ئەژمار دەکرێت.

 

یان کاتى دانانى بەرێوەبەرى پاسپۆرتى گەرمیان بەهەمانشێوە، بەیاننامەیەکى ناوبراو دیسان کافى بوو بۆ ئەوەى پۆستەکە یەکلایى بکاتەوە و کەس قسەى لەسەر نەکات.

 

یاخود دابەشکردنى پۆستەکان لە کابینەى پێشوو، کە قوباد تاڵەبانى تیایدا کرا بە جێگرى سەرۆک وەزیران، تیمێکى بەهێزى لەگەڵدا نێردرا بۆ حکومەت تاکو مامى بچوک سەرکەوتوو بێت و حزبەکەى ئیحراج نەکات.

 

 

،،

جێگرى سەرۆک وەزیرانێک کە دەبێت ملکەچى لێپرسینەوەو پرسیارەکانى سەرکردایەتى حزبەکەى بێت.!

 

ماڵى مام جەلال چییان بۆ ماوەتەوە؟

بەڵام ئەمجارە ئەوەى ماوەتەوە بۆ ماڵى مام جەلال، تەنها جێگرى سەرۆک وەزیران لەگەڵ  وەزیرى کشتوکاڵە (بێگەرد تاڵەبانى)، ئەمە لەکاتێکدا دەبوو لەبرى وەزیرى کشتوکاڵ سەرۆکى پەرلەمان بدرێت بە ناوبراو کە لەسەر ماڵى مام جەلال ئەژمار دەکرێت، بەڵام رێواز فائیق دانرا کە سەر بە باڵەکەى کۆسرەت رەسوڵە.

 

هەموو ئاماژەکان، و راى زۆرێک لە چاودێرانى دۆخەکە، ئەوە دەڵێن: کە یەکەمین جارە ماڵى مام جەلال هێندە بەلاوازى دەربکەون، چونکە هەموو پۆست وپلەکانى پێشوویان بوو بە قوربانى جێگرى سەرۆکى حکومەت، ئەمە لەکاتێکدا بەو مەرجەش قوباد تاڵەبانى دانراوە کە دەبێـت ئامادە بێت بۆ هەموو لێپرسینەوەیەک لەبەردەم سەرکردایەتى حزبەکەى.

 

کەواتە، کەس نە فریاى ماڵى مام جەلال و نە فریاى مامى بچوک نەکەوت، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدیش پێدەچێت تەندرووستى رێگەى پێ نەدات بەیاننامەیەک دژى ئەم دابەشکارییە لەپۆستەکان دەر بکات و دڵى هەوادارانیان ئاشت بکاتەوە کە هەوڵى زۆریاندا تاکو تیمەکەى مامى بچوکیان بەم دەردە نەبرێت.

 

author photo

ماسته‌ر له‌ زانسته‌ رامیارییه‌كان

ئه‌ندامى كاراى سه‌ندیكاى ڕۆژنامەنووسانی کوردستان