ڕۆڵ‌و كاریگه‌رى لۆبى له‌ناو حیزب‌و حكومه‌تدا

 لۆبییەکان‌و پەیوەندییان بە هێزە سیاسییەکانی ترەوە

ڕۆڵ‌و كاریگه‌رى لۆبى له‌ناو حیزب‌و حكومه‌تدا

338 خوێندراوەتەوە

 و. لاوان عوسمان

 هێزە سیاسییەکان بە دیاردەیەکی کۆمەڵایەتیی دادەنرێن، هەموو دیاردەیەکی کۆمەڵایەتییش بە سرووشتی خۆی ناجێگیرەو لە گەشەکردنی بەردەوامدایە.

 

هیچ هێزێکی سیاسیی نییە دابڕاوبێت لە کۆمەڵگە، یان دیاردە کۆمەڵایەتییەکانیتر، هەروەها پشتگوێخستنی ڕای گشتیی لە لایەن حیزبە سیاسییەکانەوە کارێکی نەکردەیە!

 گرووپەکانی فشار " لۆبییەکان"یش دوور نین لە هێزە سیاسییەکانەوە هەر وەک چۆن ڕایگشتیش دانەبڕاوە لە هزر، یان ئایدۆلۆجیا، بەو هۆیەوە کاریگەریی گرووپگەلی خاوەن بەرژەوەندیی لەسەر سیاسەت و گۆڕانیان بۆ ´ لۆبیی` لە بنەڕەتەوە لە یارمەتییەکان یان کاریگەرییەکانیانەوە دێت لە دەرکردنی یاساکاندا.

 

،،

هه‌ركاتێك به‌رژه‌وه‌ندی چینێك ده‌كه‌وێته‌ ژێر مه‌ترسیه‌وه‌، ڕاسته‌وخۆ هه‌وڵ ده‌ده‌ن پارسه‌نگی هێز به‌لای خۆیاندا بشكێننه‌وه‌، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش فشار (لۆبی) دروست ده‌كه‌ن.

 

 

لۆبییەکان و سیاسەت

بەشداریی لۆبییەکان لە چالاکییە سیاسییەکاندا دەگەڕێتەوە بۆ :

 

ٲـ کەسانی خاوەن بەرژەوەندیی هاوبەش

ـ ئەندامانی لۆبییەک ـ خۆیان لە حاڵەتێکدا دەبیننەوە کە مەحاڵە تێیدا بەو توانایه‌یانەوە کە لەبەردەستیاندایە بتوانن کێشەکانیان چارەسەر بکەن، بەو مانایەی کە دەستگرۆیی دەسەڵات دەبێتە پێویستیی و ڕێگەیتر نامێنێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، بۆ نموونە : وەرگرتنی یارمەتیی دەوڵەت بۆ بنیادنانی مزگەوتێک یان بۆ درووستکردنی قوتابخانەیەک هتد...

 

ب ـ ناڕەزایەتیی خاوەن بەرژەوەندییەکان لە بەڕێوەچوونی کارەکاندا، یان لەمەڕ دۆخە یاساییەکانی کۆمەڵگە، ئەمەش هەستی ناڕەزایەتیی لای خاوەن بەرژەوەندییەکان دەوروژێنێت و دەبێتە هۆی هەوڵدان بۆ گۆڕیین

  ـ دەستکارییکردن ـ ی سیستمی سیاسیی لە ژێر فشاردا بۆ دانانی یاسا و فۆرمی نوێ، وە لە نموونە باوەکانی ئەم خاڵە بریتییە لە: بابەتی هاوردەکردنی ماددەگەلی سەرەکیی؛ لەبەر ئەوەی دەقە یاساییەکان مەرج کۆتی توند دادەنێن لەسەر هاوردەکردنیان، بەو هۆیەوە چالاکیی هەندێ کۆمپانیا سنووردار دەبێت و باج لەسەر چالاکییگەلی گرنگ بۆ گەشەکردنی کۆمەڵگە بەشێوەیەکی زیاد لە پێویست بەرزدەبێتەوە، وە لە هەموو ئەم حاڵەتانەدا:

 

،،

هه‌ر ده‌قێكی یاسایی ببێته‌ هۆی له‌مپه‌ر له‌به‌رده‌م كاره‌كانیان، هه‌وڵده‌ده‌ن تێیبپه‌ڕێن، و ئه‌مه‌ش به‌ئامانجی سه‌رگرتنی ئه‌و ئامانجه‌ی كه‌ لۆبیان دژی دروست كردووه‌.

 

ـ لۆبییەکان ـ ناچار بە دەستێوەردان دەبن بۆ گۆڕیینی ئەو دەقە یاساییانەی کە دەبنە بەربەست لە بەردەم چالاکییەکانیانداو لەبەردەم وەرچەرخانی کۆمەڵگە بەرەو گەشەسەندن، جا ئەگەر هات و هۆکاری دەستێوەردانی ئەو لۆبییانە پێویستیی دەستگرۆیی دەوڵەت بوو ( واتە بە مەبەستی باشە ـ وەرگێڕ.)یان بۆ ئەوە بوو کە بەربەستە یاساییەکان لاببرێن ئەوا کێشەکە لە چوارچێوەی پەیوەندییە تایبەتەکانەوە دەچێتە چوارچێوەی پەیوەندییە گشتییەکان، واتە " دەچێتە بواری سیاسییەوە"

 

مادەم گرووپەکانی فشار ـ لۆبییەکان ـ دەستوەردەدەنە بواری سیاسییەوە پێویستە جیاوازیی بکەین لە نێوان دوو گرووپی گەورە لە گرووپەکانی فشار لە سۆنگەی هەڵوێستەکانیان لە مەڕ کێشە نیشتیمانییە گەورەکان:

 

۱ـ زۆریینەیان هیچ هەڵوێستێک وەرناگرن لەسەر ململانێ نیشتیمانییە گەورەکان ، وەک: ڕاگەیاندنی جەنگ یان کێشەکانی تر ... بەڵکو سەرنجی ئەم گرووپانە چڕدەبێتەوە لەسەر وەچنگخستنی بەرژەوەندییە تایبەت و ڕاستەوخۆکان.

 

واتە؛ بۆچوونی خۆیان لەسەر بابەتە هەنووکەییەکان دەردەبڕن، و دوودڵن لە وەرگرتنی هەڵوێست لەبارەی کێشە نیشتیمانییەکان.

،،

جیاوازی له‌نێوان ئه‌و كه‌سانه‌ی لۆبی دروست ده‌كه‌ن و سه‌ندیكاكان، سه‌ندیكاكان ئامانجیان به‌رژه‌وه‌ندی گشتی و نیشتیمانیه‌، به‌ڵام ئه‌و كه‌سانه‌ی لۆبی دروست ده‌كه‌ن زیاتر به‌رژه‌وه‌ندی كه‌سییه‌.

 

۲ـ ئەوانەن کە ڕووبەڕووی دەوڵەت دەبنەوە:

وەک: سەندیکا و خاوەن پڕۆژە بچووکەکان کە لە ژێر ئەم کۆمەڵەدا ڕییزبەند دەکرێن ، ئەگەرچی هەڵوێستی خاوەن پڕۆژە بچووکەکان زۆربەی کات میانڕەوانە و بە ئاڕاستەیەکی موحافەزەکارانەیە .

 

وەک تێبینیی دەکرێت؛ سەندیکاکان ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لەو بابەتانەی کە دەبنە هۆی هەژاندنی گەل ( ئەو بابەتانەی زۆر گرنگ و پەیوەندیی ڕاستەوخۆیان هەیە بە گەلەوە ـ وەرگێڕ.) ، وە ئەم دیاردەیە لە هەموو دەوڵەتەکانی جیهاندا هەیە.

  وە چالاکیی سەندیکاکان خاڵێکی دوورتر بە ئامانج دەگرێت وەک لە بەرژەوەندیی ئەندامانی سەندیکاکە بە تەنها، کە ئەم بەئامانجگرتنە دەڕوا بەرەو بەرژەوەندییەکانی دەوڵەت بەگشتیی ،نموونەش بۆ ئەمە :دەستێوەردانی سەندیکا بەریتانییەکانە بەشێوەیەکی چالاکانە لە کێشەی ´پڕچەککردنی ئەتۆمیی`.

 

 

 

 

ئەو ڕۆڵە گەورەیەی کە ـ لۆبییەکان ـ و بەتایبەتیی سەندیکاکان دەیگێڕن لە سیاسەتی گشتیی دەوڵەتدا، جێگەی سەرنجە و هەندێک لە بییرمەند و سیاسییەکان بەرهەڵستیی دەکەن ، ئەوان پێیانوایە کە باشترێکە سەندیکاکان چالاکییەکانیان تەنها لە بەرگرییکردن لە بەرژەوەندییەکانی ئەندامانی سەندیکاکەدا چڕبکەنەوە.

  چونکە سەرقاڵبوونەی سەندیکاکاران بە کێشە نیشتیمانییە گەورەکانەوە دەبێتە هۆی دوورکەوتنەوەیان لە ئامانجە سەرەکییەکەیان و دواتریش بەخراپیی بەرگرییکردن لە بەرژەوەندییەکانی سەندیکاکە، بەڵام قورسە ئەم بۆچوونە قبوڵبکرێت.

  بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە کێشە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکان ئاڵۆز و بەیەکداچوون دواتریش دابڕیینی سەندیکا لە بەشەکانی تری کۆمەڵگە و داوالێکردنی بەبچووککردنەوەی چالاکیی و بییرکردنەوەکانی تەنها بۆ بابەتی بەرژەوەندییە ڕاستەوخۆکان، دەبێتە هۆی ئیفلیجبوون و لەپەلوپۆکەوتنی.

 

 

 

  چونکە هیچ کێشەیەکی سیاسیی چارەسەرناکرێت بەبێ بەرزبوونەوە بۆ تەماشاکردنی کێشەکە لەسەرەوە بەمەبەستی زانیینی هۆکارەکانی، کرێی کرێکارەکان بابەتێکە پەیوەندیی بە بودجەو پەروەردە و چەکدارکردنەوە هەیە، بەو پێیەش کەمکردنەوەی چەکدارکردن ڕاستەوخۆ کاریگەریی هەیە لەسەر داواکاریی سەندیکاكان‌و بەرژەوەندیی ئەندامەکانی.

 

ئاواش هەموو لۆبییەکانی تر وەکو: خاوەن کارەکان و سەندیکا پیشەییەکان و چیینە ناوەندییەکان و سپۆنسەرەکان، دەبینن کە ناچارن مشتومڕ بکەن دەربارەی ئەو بابەتانەی کە پەیوەندییان هەیە بە چاکسازییە کۆمەڵایەتیی و سیاسییە گەورەکانەوە.

  بۆیە شتێکی مەنتیقییە کە لە هەموو کێشەیەکی بچووکدا پێویست دەکات دۆخی گشتیی تاوتوێ بکرێت، و هەر باشبوون یان چارەسەرێک بۆ بەشێکی بچووک لەسەر باشبوونی گشتیی و چارەسەری گشتگییر بۆ کێشەکانی کۆمەڵگە وەستاوە.

 

،،

هه‌ندێ گروپی لۆبی، دامه‌زراوه‌ی و یاساین، له‌به‌ر ئه‌وه‌ زۆر كات له‌گروپێكه‌وه‌ ته‌جاوز ده‌كه‌ن، ده‌بن به‌دامه‌زراوه‌ و خۆیان به‌شێك ده‌بن له‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی كه‌پێشوتر فشاریان بۆسه‌ری دروست ده‌كرد.

 

 

ئەو بەرژەوەندییانەی کە بۆ ـ لۆبییەکان ـ گرنگن جیاوازن وەک چۆن قورسایی ـ لۆبییەکان ـ یش جیاوازن ؛ کۆمپانیا زەبەلاحەکان و بانکە بەهێزەکان ، و سەندیکا کرێکارییەکان گەلێک بەهێزترن و خودان کاریگەریی گەورەترن وەک لە ( گرووپەکانی مافی ئافرەت یان باوکی خوێندکاران ) وە سرووشتیشیان هەر وەکو قورساییان جیاوازە ،ئەو قورساییەش بەرهەمی ڕادەی هێزی ئەو بەستەرانەیە کە ئەندامانی ـ لۆبیی ـ ەکە پێکەوە دەبەستێت.

  پەیوەندییەکانی نێوان ئەندامانی سەندیکا کرێکاریی و پیشەییەکان بەهێزترن لە پەیوەندییەکانی نێوان ئەندامانی لۆبیی ـ گروپ ـ ی (باوکی خوێندکاران یان گروپە خێرخوازییەکان) هەندێک لۆبیی دەگەنە ئاستێکی ڕێکخستنیی کە دەشێت بە دامەزڕاوەیەکی هەمیشەیی و جێگییر دابنرێت.

  لە کاتێکدا لە هەندێک لۆبیی تردا مەرجگەل هەن کە دەیانکات بە دامەزراوە ، بەڵام ئەمانە هەر کاتیی وناجێگییرن چونکە بەبێ ڕەچاوکردنی چوارچێوەێەکی یاسایی کاردەکەن، بۆیە نزیکترن لە بزاوتی فیکریی وەک لە لۆبیی.

 

بۆ نموونە: دەکرێت بەهۆی چەند ڕووداوێکی دینرییکراوەوە ناوەندە زانکۆیی و کشتوکاڵیی و پیشەسازیی و کرێکارییەکان بجووڵێن، وە جووڵانەوەکەشیان بەهێزبێت، بەڵام کاتیی دەبێت و زوو لەبەریەک هەڵدەوەشێتەوە چونکە ناڕێکخراوەو ئامرازی کاریگەر و بەهێزیان نییە، بۆیە دەسەڵاتە فەرمییەکان دەتوان ئەو لۆبیی ـ انە بەئاسانیی پارچەپارچە بکەن و هەڵیانلوشن.

 

 

 

 

پێگەی لۆبییەکان لەناو هێزە سیاسییەکاندا

مادەم هەموو هێزێکی سیاسیی کاریگەریی دادەنێت و کاریگەرییشی لەسەر دادەنرێت، بەو پێیەی هیچ هێزێکی سیاسیی نییە کە لە هێزە سیاسییەکانی تر دابڕابێت، ئەوا هێزی سیاسیی بریتییە لە: هەر توانایەکی کۆمەڵایەتیی ئاڕاستەکراو ڕووەو دەسەڵات.

  ئیتر یان ئەم هێزە بۆ ئەوەیە دەسەڵات بگرێتە دەست یان بۆ ئەوەیە کە دەسەڵات بجووڵێنێت ، ئەمەش مانای ئەوەیە هێزی سیاسیی توانایەکی کۆمەڵایەتیی جووڵاوە .

  هیچ کەسێکیش ناتوانێت ببێت بە هێزی سیاسیی مەگەر ئەوەی کۆمەڵێک تاک لە دەوری خۆی کۆبکاتەوە بۆ ئەوەی ببێتە بزاوتێکی کۆمەڵایەتیی ، بۆ هێزی سیاسیی دەسەڵات تەوەرەیە ـ محور ـ ە.

 بۆ ئەوەی بە هێزی سیاسیی هەژماربکرێت پێویستە دەرهەق بە دەسەڵات هەڵوێستی هەبێت ، مەرجیش نییە هەڵوێستی هێزی سیاسیی بە ئاڕاستەی خواستی گۆڕیینی دەسەڵات بێت ، بەڵکو دەشێت بۆ پارێزگارییکردنیش بێت لە دەسەڵاتەکە.

 

 

 

 

هێزی سیاسیی لەسەردەمی نوێدا لە زۆربووندان و لەگەلێک ئامرازی جۆراوجۆریش بەهرەمەندن کە کاریگەرییان دەبێت لە بواری سیاسییدا ، بەڵام تەنها هەندێک لەو هێزانە بە ´دەسەڵات` دادەنرێن لەبەر ئەوەی بۆ بوون بە دەسەڵات پێویستە فیکرێک لە پشت هێزە سیاسییەکەوە هەبێت وە هێزەکە دەبێت بشتوانێت کە سیستمێکی سیاسیی جێگیر بسەپێنێت و بە هێز بڕیارەکانی جێبەجێ بکات .

 

دوو جۆر لە هێزی سیاسیی هەن.

۱ـ هێزی سیاسیی ڕێکخراو ، ۲ـ هێزی سیاسیی ناڕێکخراو

 

لێرەوە لۆبییەکان لەژێر ناوی هێزە سیاسییە ڕێکخراوەکان پۆلێن دەکرێن، چونکە هێزە سیاسییە ناڕێکخراوەکان ئەوانەن کە لە هزری تاکەوەن (واتە : فەردانیەت ـ Individualism تیایدا باڵادەستە ـ وەرگێڕ) بەبێ بوونی چوارچێوەیەکی یاسایی دیارییکراو ، ئەمەش واتە نادامەزراوەیین ، کە ئەمە

 

ـ دامەزراوەییبوون ـ گرنگتریین وێنەکانی هێزن.

سیاسەتی بەربڵاوی ناڕێکخراو: وەک ـ ڕای گشتیی و هۆشیاریی چیینایەتیی ـ کە ئەم هێزانە کارێگەرییان سنووردارە ، چونکە ڕێکخراو نین ، و ناتوانن خەبات بکەن بۆ گەشتن بە ئامانجێکی دیارییکراو ، بەڵام هێزە ڕێکخراوەکان ، وەکو: حیزبەکان و لۆبییەکان ڕاگەیاندن ـ خاوەنی ئامرازگەلێکن کە دەکرێت ڕێکبخرێت و بەکاربهێنرێت، بۆ دانانی کاریگەریی و بەدەستهێنانی ئامانجگەلی سیاسیی .

 هەروەها پەیوەندیی هەیە لە نێوان هێزە سیاسییە ڕێکخراوەکان و بەربڵاو " ناڕێکخراوەکان"دا ، لەوەدا کە ئەوی دووەمیان بزووێنەری ژیانی سیاسییە. هێزە سیاسییە ڕێکخراوەکانیش بە باشیی دەزانن کە سەرکەوتن وەدەست نایەت مەگەر ئەوەی بەر هۆشی هاوڵاتییان بکەون و دەستبگرن بەسەر ڕای گشتیی ـ دا.

 

هێزە سیاسییەکان ڕیزبەندکراون و پێگەی هەریەکێکیان لە ڕژێمدا دیارییکراوە، بەو پێودانگە؛ سەنتەری ڕژێم بە سەرکردەکان و حکومەت دانراوەو بەدوایدا چیینە سیاسییەکە و دواتر هێزە ڕێکخراوەکان و دواتر گرووپە بچووکەکان و لەکۆتاییدا ئەو کۆمەڵگەیەی کە هەموو ئەمانەی گرتووەتە خۆی.

  لەبەرئەوەی لۆبییەکان یەکێکن لە هێزە سیاسییە ڕێکخراوەکان ئەوا دوور نین لە سەنتەری ڕژێمەوە و ڕۆڵێکی گرنگ لە ژیانی سیاسییدا دەگێڕن ، وە لە گرنگتریین هێزە سیاسییە ڕێکخراوەکانیش بریتیین لە : دەستەی دەنگدەران

 

 

 

ـ هیئه‌ الناخبین ـ و لۆبییەکان و ڕاگەیاندن و سوپا.

٭ لۆبییەکان دۆخگەل ـ هەڵوێستـی جیاواز وەردەگرن لەبەرامبەر هێزە سیاسییەکان، وە ئەو دۆخ و هەڵوێست وەرگرتنانە چۆنییەتیی کاریگەریی لۆبییەکان لەسەر دەسەڵاتە گشتییەکان دیارییدەکات، دەتوانرێت جیاکاریی بکرێت لە نێوان پێنج دۆخ کە

لۆبییەکان بەرجەستەی دەکەن دەرهەق بە حیزبەکان:

 

۱ـ دۆخی بێلایەنیی دەرهەق بە حیزبە جیاوازەکان: لە ئەنجامی ئەمەدا لۆبییەکان پەیوەندیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ پیاوانی دەسەڵات درووستدەکەن بە بێ نێوەندگیریی هیچ حیزبێکی تر ، ئەمەش ئەو دۆخەیە کە خاوەن پڕۆژە بچووکەکان بەرجەستەی دەکەن ، نموونەش بۆ ئەمە: یەکێتیی نیشتیمانیی جوتیارانە لە ئینگلتەرا و وێڵز.

 

۲ـ دۆخی یارمەتییدەری پیاوانی دەسەڵات: ئەوانەی کە خزمەت پێشکەشی لۆبییەکان دەکەن بەبێ ڕەچاوکردنی ئینتیمای حیزبیی و مەیلی ئایدۆلۆجیی، ئەمەش ئەو دۆخەیە کە زۆربەی لۆبییە فەرەنسییەکان لە کاتی هەڵبژاردندا وەریدەگرن ، و هەمان دۆخی سەندیکا ئەمێریکییەکانە، وە شێوازی ـ پاداشتکردنی دۆستان و سزادانی دوژمنان ـ پەیڕەودەکەن ، بەمەش هەڵبژاردن هەلێکی ڕەخساوە بۆ سەندیکاکان بۆ پاداشتکردن یان ئیمزاکردنی سزایەک!

۳ـ دۆخی پەیوەندیی درووستکردن لەگەڵ یەکێک لە حیزبەکان: پشتیوانییکردنی حیزبەکە بەتەواویی، وە ئەمەش ئەو دۆخەیە کە یەکێتیی پیشەسازیی بەریتانیی وەریدەگرێت، بەوەی پەیوەندیی جێگیری لەگەڵ حیزبی موحافەڤەکاراندا درووستدەکات و حیزبەکەش پابەند دەبێت بە یارمەتییدانی یەکێتیی ـ ەکەوە، وەک چۆن یەکێتیی ـ ەکەش وەک لۆبییەک پەیمان دەدات کە پشتگیریی حیزب بکات و یارمەتیی بدات ، لەم حاڵەتەدا حیزب بەدەم داواکارییەکانی لۆبییەکەوە دێت وەک چۆن لۆبییەکەش یارمەتیی دارایی پێشکەشی حیزب دەکات.

 

٤ـ دۆخی درووستکردنی حیزبی سیاسیی لە لایەن لۆبییەکانەوە: بۆ پارێزگارییکردن لە بەرژەوەندییەکانیان، نموونەش بۆ ئەمە بریتییە لە: درووستکردنی حیزبی کرێکارانی بەریگانیی و حیزبی سۆسیالیستی نەرویجیی و حیزبی سۆسیالیستی سویدیی.

 

٥ـ دۆخی ملکەچیی تەواو: ئەو دۆخەیە کە تێیدا لۆبیی بەتەواویی ملکەچی حیزبێک دەبن و ئەو دۆخەش وا لە حیزب دەکات کە بتوانن دزە بکەنە ناو ناوەندە ئابووریی و پیشەسازیی و ڕۆشنبییرییە جیاوازەکانەوە.

 

author photo

تایبه‌ت به‌ دیپلۆماتیك