کێ حەوزە وشکەکەی دروستکردو بۆچی پێیدەوترێت حەوزە وشکەکە؟

کێ حەوزە وشکەکەی دروستکردو بۆچی پێیدەوترێت حەوزە وشکەکە؟

1812 خوێندراوەتەوە

داناز عەبدولڕەحمان

حەوزە وشکەکەی شار یەکێکە لە بازاڕە بچکۆلانەو سەرەنجڕاکێشە کۆنەکانی شار، دەکەوێتە چەقی شارەوە لە لەخوارووی بەلەدێکەی شارەوەیە، لە نێوان قەیسەری نەقیب و سەروو بازاڕی نەورۆزەوەیە، بازاڕێکی قەرەباڵخە هەمیشە پڕحەشاماتی خەڵکە و جمەی دێت.

 

،،

حه‌وزه‌ وشكه‌كه‌، حه‌وزێكی ئاو بووه‌،  له‌سه‌رده‌می سه‌ره‌تاكانی سه‌ده‌ی بیسته‌م، به‌ڵام له‌ئێستادا ئه‌م حه‌وزه‌ وشكی كردووه‌ ئاوی تێدا نییه‌، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ به‌حه‌وزه‌ وشكه‌كه‌ ناسێنراوه‌ لای دانیشتوانی شاره‌كه‌.

 

 ئەم حەوزە لەکۆندا یەکێکبووە لە حەوزە جوانەکانی شارەوانی. ئاوێکی سازگار و دڵڕفێنی زۆر سارد هەبووە، لەسەرەتای ساڵانی (۱۹۱۹ - ۱۹۲۰) بە فەرمانی مێجەرسۆن دروستکراوە. کێ حەوزە وشکەکەی دروستکرد؟

 کە ئەو کات مێجەرسۆن ئەفسەری سیاسیی سوپای بەریتانیا بوو، دواتر بوو بە حاکمی گشتی شاری سلێمانی، دەسەڵات و فەرمانڕەوایی زۆری لە سلێمانى و دەرووبەری دەبێت و كارو پرۆژەی و باش و گه‌وره‌ بۆ سلێمانی دەکات، بەتایبەتی لەبوارەکانی كارگێڕى‌ و ئه‌ده‌بى‌ و ڕۆشنبیری‌ و ڕۆژنامه‌گه‌ریدا.

 

مێجەرسۆن ئەفسەری سیاسیی سوپای بەریتانیا، له‌سلێمانی

 

 یەکێک لە کارە هەرە باش و مێژووییەکانی مێجه‌رسۆن، ئەوەبوو کە یەکەم ڕۆژنامەی کوردی لە کوردستاندا بە چاپ گەیاندو، یەکەم چاپخانەی هێنایە سلێمانی، کە ئەمە بوو بە وەرچەرخانێکی گرنگی مێژووی و ئەدەبی وڕۆشنبیری بۆ سلێمانی و سەرجەم کوردستانی گەورە.

  شان بەشانی ئەوەش گرنگییەکی باشی بە خزمەتکردنی ئەو شارەو شارەوانی داوە. کێ هاوکار بوو بۆ دروستکردنی ئەم حەوزە؟ ئەو کات سەرۆکی شارەوانی سلێمانی، عەبدوڵڵا بەگی حاجی حوسەین ئەفەنی مەحەمەد ئاغا ئەبێت، خەڵکی شار و دوکاندارەکانی ئەو گوزەرەو دەوروبەری داوای لێدەکەن کە حەوزێکیان بۆ دروست بکات

 . ئەویش ئەبینێت کە خەڵکانێکی زۆر لە دەوروبەری شار و لە لادێیە دوورە دەستەکانەوە دێنە شارو بۆ ساغکردنەوەی شتومەک وکاڵاکانیان و دێنە ئەو شوێنەی کە حەوزە وشکەکەی ئێستایە، لە نزیک دارە گەورەکان و دوکانەکانداو لە چایخانەکەی وەستا نوعمان دادەنیشن و پشوو دەدەن. ئیتر فەرمان دەگەیەنێت بە مێجەرسۆن بۆ ڕاپەڕاندنی کارو پڕۆژەکەیەکی لەو جۆرە.

 

  ئیتر مێجەرسۆن بڕیار دەدات حەوزێکی جوان دروست بکات بۆ پشوودانی کاسبکاران و ڕێبواران، هەتا لەدەوری بحەسێنەوە و پشوو بدەن و شتومەک و کاڵاکانیان لەوێ ساغ بکەنەوە.

 ئیتر وردە وردە خەڵکی موڵک لەو شوێنە دەکڕن و دوکان دروست دەکەن و زیاتر ئاوەدانی ئەکەنەوە و لەوێ کۆدەبنەوەو دەمێنەوەو نیشتەجێ دەبن لە دەوروبەری حەوزەکە. بۆیە مێجەرسۆن یەکسەر پەیوەندی سەرۆکی بەشارەوانی.

  ئەویش دوو ڕووناکبیر و کەسایەتی ناوبانگی شار ڕادەسپێرێت و فەرمانیان پێدەکات کە بە زووترین کات حەوزێکی جوان و سەرەنجڕاکێش لە ناوەڕاستی شار دروستبکەن، ئەوانیش ئەندازیار (مستەفا سائیب و مەحمود جەودەت)ن.

 

حه‌وزه‌ وشكه‌كه‌

  لەدوای وتوێژێکی زۆر ئەم دوو ڕۆشنبیرە بڕیار دەدەن، لە حەوزێکی زۆر جوان لە شێوە و شێوازی حەوزێکی عوسمانی لەناوەڕاستی شار دروستبکەن.

 ئەندازیار مستەفا سائیب نەخشەیەکی جوان بۆ دروستکردنی حەوزەکە دەکێشێت و مەحمود جەودەتیش دەبێتە خاڵی ڕایەڵی وتوێژ لەنێوان سەرۆکی شارەوانی و مێجەرسۆن و سەرپەرشتی پڕۆژەکە دەکات، بۆیە مێجەرسۆن نەخشەکە دەبینێت زۆر سەرسام دەبێت و دەستبەجێ بڕی تێچووی پارەکە دەخاتە ئەستۆی خۆی و شارەوانی.

،،

دروست كردنی حه‌وزه‌كه‌، به‌سه‌ر په‌رشتی ئه‌ندازیار و كه‌سانی شاره‌زا دروست كراوه‌ و ئاوی ناو حه‌وزه‌كه‌ له‌یه‌كێك له‌گه‌ڕه‌كه‌كانی شاره‌وه‌ ئاوی بۆ ڕاكێشراوه‌ .

 

  ئەوانیش بەشێوەیەکی ئەندازەی ڕێک و پێک حەوزەکە دروست دەکەن، بەبۆری ئاو لەگەڕەکی شێخانەوە لە کارێزەکەی ئەحمەد زەنگەنەوە دەهێنن بۆ حەوزەکە، ئیتر ئەو حەوزە ئاوێکی زۆر زۆری دەبێت و دەبێتە سمبوڵێکی جوان و ناو ناونیشانێکی شار، کە تا ماوەیەکی زۆر بە حەوزەکەی مێجەرسۆن و شارەوانی بانگ دەکرا. ئەم حەوزە خزمەتێکی زۆری بە ڕێبواران و دانیشتوان و کاسبکارانی گوزەرەکە کردووە.

 بۆچی پێی دەڵێن حەوزە وشکەکە؟ نزیکەی شەشت ساڵ ئەم حەوزە ئاوی لێدێت و خەڵکی بەکاری دەهێنا و دواتر وردە وردە وشکی کرد و دواتر لەشوێنی حەوزەکە هەندێ دوکان دروستکرا و ئیتر حەوزەکە بە تەنها ناوی مایەوە و بوو بە "حەوزە وشکەکە".