ئه‌نوه‌ر تاهیر بۆ دیبلۆماتیك: په‌رله‌مان خه‌ونى لامه‌ركه‌زیه‌تى ئیداریی له‌ گۆڕنا

ئه‌نوه‌ر تاهیر بۆ دیبلۆماتیك: په‌رله‌مان خه‌ونى لامه‌ركه‌زیه‌تى ئیداریی له‌ گۆڕنا

608 خوێندراوەتەوە

ئه‌نوه‌ر تاهیر، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى‌و جێگرى پێشووى سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگا، به‌ دیبلۆماتیك مه‌گه‌زین"ى ڕاگه‌یاند كه‌ به‌ هه‌مواركردنه‌وه‌ى دوو بڕگه‌ له‌ یاساى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكان، په‌رله‌مانى كوردستان خه‌ونى لامه‌ركه‌زیه‌تى ئیدارى له‌ گۆڕ ناوه‌و به‌ دڵى حكومه‌ت دوو بڕگه‌ى یاساكه‌ى هه‌موار كردووه‌ته‌وه‌.

،،

دواخستنی واده‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌، و سه‌ندنه‌وه‌ی دیاری كردنی پارێزگار له‌لایه‌ن خودی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌وه‌، دو خاڵی سلبین به‌ ئاڕاسته‌ی له‌گۆڕنانی ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌ته‌ خۆجێیه‌كان.

 

 

 په‌رله‌مانى كوردستان دوو بڕگه‌ى له‌ یاساى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاكان په‌سه‌ند كرد، كه‌ به‌پێى هه‌موارى ئه‌و دوو بڕگه‌یه‌، هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكان بۆ كاتێكى نادیار دواخراوه‌و بڕگه‌یه‌كى دیكه‌ى هه‌موار كراویش ڕێگه‌ به‌وه‌ ده‌دات كه‌ پارێزگار له‌ ده‌ره‌وه‌ى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگا دیارى بكرێت.

 

  ئه‌وه‌ى په‌رله‌مانى كوردستان له‌ هه‌موارى دوو بڕگه‌ى یاساى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكاندا كردوویه‌تى، ئه‌نوه‌ر تاهیر به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ دواوه‌ وه‌سفى ده‌كات‌و به‌ بڕواى ئه‌و زۆرى بڕگه‌و مادده‌كانى یاساكه‌ له‌كه‌ى یاسایی زۆریان تێدایه‌و ده‌بوو ئه‌وانه‌ هه‌موار بكرانایه‌ته‌وه‌ نه‌ك هه‌موارى ته‌نها دوو بڕگه‌ به‌ دڵى حكومه‌ت.

 

 ئه‌و ئه‌ندامه‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى، سه‌باره‌ت به‌ یاساى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاكان به‌ " دیبلۆماتیك مه‌گه‌زین"ى وت:" یاساى پارێزگاكان له‌ساڵى 2009 دانراوه‌.

 

ئه‌نوه‌ر تاهیر ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی، له‌ سه‌ر لیستی نیلی

 

 

ئه‌وكاته‌ى هه‌رێمى كوردستان له‌ لایه‌ن پارتى‌و یه‌كێتییه‌وه‌ په‌نجا به‌ په‌نجا ده‌برا به‌ڕێوه‌و هه‌ژموونى هه‌ردوو حیزب زاڵه‌ به‌سه‌ر یاساكه‌وه‌و له‌و قۆناغه‌دا له‌ سوودى ئه‌وان ده‌رچوێنراوه‌، نوقسانى‌و له‌كه‌ی یاسایی زۆرى تێدایه‌و زۆربه‌ى بڕگه‌و مادده‌كانى پێوویستى به‌ هه‌مواركردنه‌وه‌ هه‌یه".

 

 ئه‌نوه‌ر تاهیر، ڕه‌خنه‌ له‌ په‌رله‌مانى كوردستان ده‌گرێت‌و ده‌ڵێت:" ئێمه‌ چاوه‌ڕوانبووین په‌رله‌مانى كوردستان سه‌رجه‌م یاساكه‌ هه‌موار بكاته‌وه‌و ده‌سه‌ڵاتى خزمه‌تگوزارى‌و بوژانه‌وه‌ى ژێرخانى ئابوورى شاره‌كان بداته‌ ده‌ست ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكان له‌ داهاتى ناوخۆو خاڵه‌ سنورییه‌كان‌و بودجه‌ بۆ هه‌ر پارێزگایه‌ك دابین بكرێت.

 

  به‌ڵام جارێكیتر له‌ ڕێگى په‌رله‌مانه‌وه‌ ئه‌وه‌نده‌یتر ده‌سه‌ڵاتى هه‌رێم به‌مه‌ركه‌زى كراو خه‌ونى لامه‌ركه‌زى ئیدارى له‌ گۆڕ نراو ئه‌وه‌نده‌یتر له‌ ئه‌رزى واقیعدا ده‌سه‌ڵاتى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكان بچووككرایه‌وه‌".

 

 

 

،،

پێویست بوو په‌رله‌مان به‌ڕۆڵی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی هه‌ڵبستایه‌ و هه‌مواری ئه‌و پڕۆژه‌ یاساییه‌ی به‌دڵی حكومه‌ت نه‌كردایه‌ته‌وه‌، چونكه‌ به‌م شێوه‌یه‌ پارێزگاره‌كان به‌دڵی حزب هه‌ڵده‌بژێردرێن نه‌ك خه‌ڵك.

 

  ئه‌و زۆرتر ڕه‌خنه‌ له‌ هه‌موارى ئه‌و دوو بڕگه‌یه‌ى یاساى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاكان ده‌گریچت‌و بۆ دیبلۆماتیك ده‌ڵێت:" ڕێگە دەدات پارێزگار لەدەرەوەی ئەندامانی ئەنجومەن هەڵبژێردرێت‌و لەمەو دوا ئەستەمە بەدەنگی ڕاستەوخۆی هاووڵاتیان هیچ کەسێک ببێتە پارێزگارو پۆستی پارێزگاریش دەبێتە پۆستێکی سیادی و تەنها مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی حیزبەکان وەریدەگرن، ئیتر پارێزگار دڵخوازی حیزب دەبێت لەبری ئەوەی دڵخوازی خەڵک بێت".

 

 ئه‌نوه‌ر ده‌شڵێت:" ده‌بوو په‌رله‌مانى كوردستان هاوكاربێت بۆ جێبه‌جێكردن‌و به‌ره‌وپێشبردنى سیستمى لا مه‌ركه‌زى نه‌ك به‌ دڵى حكومه‌ت ته‌نها دوو بڕگه‌ هه‌موار بكاته‌وه، وه‌ ده‌بوو په‌رله‌مان فشار له‌ حكومه‌ت بكات هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكان له‌كاتى خۆیدا ئه‌نجام بدرێت.

 

 یان لانیكه‌م بۆ ماوه‌ى شه‌ش مانگ، یان ساڵێك ماوه‌كه‌ی درێژ بكرایه‌ته‌وه‌، نه‌ك هێشتنه‌وه‌ى به‌كراوه‌یی تا هه‌ڵبژاردنى داهاتوو كه‌ خوا نه‌بێت كه‌س نازانێت هه‌ڵبژاردنى داهاتوو كه‌ى ئه‌نجام ده‌درێت".

 

author photo

تایبه‌ت به‌ دیپلۆماتیك