بۆچی ئەمریكا لەگەڵ بزووتنەوەی تاڵیبان دانوستان دەكات

بۆچی ئەمریكا لەگەڵ بزووتنەوەی تاڵیبان دانوستان دەكات

485 خوێندراوەتەوە

ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە ساڵی 2012ەوە بە شێوەیەكی نهێنی دانوستان لەگەڵ بزووتنەوەی تاڵیبان ئەنجام دەدات و دەیەوێت لەو ڕێگایەوە كۆمەڵێك ئامانجی خۆی لە ڕووی سیاسی و ئابووریەوە بەدەستبهێنێت و بە كەمترین زیانیش لە ئەفغانستان بچێتە دەرەوە.

،،

دوای ئه‌وه‌ی ئوسامه‌ بن لادن، به‌رپرسیارێتی خۆی له‌ ڕوداوه‌كانی 11 سێبته‌مبه‌ر ڕاگه‌یاند، ئه‌مریكا ڕوبه‌ڕووی ته‌واوی ڕێكخراوه‌ ئیسلامییه‌ چه‌كدارییه‌كانی(توندڕه‌و) ئه‌و كات بویه‌وه‌، به‌ئامانجی كۆتای پێهێنانیان، به‌ڵام دوای 18 ساڵ له‌و ڕوداوانه‌ ئه‌مریكا هه‌وڵی ئاشته‌وه‌ی سیاسیان له‌گه‌ڵ ده‌كات.

 

ساڵی 2001 ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بە هاوكاری هاوپەیمانەكانی هێرشی سەربازی كردە سەر ئەفغانستان و توانی لە ماوەیەكی كورتدا كۆتایی بە دەسەڵاتی بزووتنەوەی تاڵیبان بهێنێت لەو وڵاتەدا.

  هێرشی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی دوای كەمتر لە مانگێك لە هێرشی 11ی سێپتمەبر هات، كە ئەمریكا ڕێكخراوی قاعیدەی بە بەرپرسی هێرشەكە زانی و تاڵیبانیش ئامادە نەبوو، دەستبەردای (ئوسامە بن لادن)ی سەرۆكی ڕێكخراوەكە ببێت.

  بەڵام دوای تێپەڕبوونی 18 ساڵ بەسەر ئەو جەنگەدا ئەمریكا هەستی بە گرنگی دانوستان لەگەڵ تاڵیبان كردووە، تاڵیبانیش مەبەستیەتی بگەڕێتەوە دەسەڵات و لە كۆتایشدا هەردوولای كۆتایی بە هێرشی چەكداری بهێنن و ئامانجەكانیشیان بەدیبهێنرێت.4

 

 

 

 

لە سەرەتای ساڵی 2012ەوە، بە نهێنی دانوستانی نێوانیان بەڕێوە دەچێت، كە لە چەندین وڵاتدا ئەنجامدراوە، لەوانە سعودیە، ئیمارات، پاكستان و ڕوسیا، بەڵام ئەنجامی كۆتایی كە تاڕادەیەك سەركەوتوو بوو ،گەڕی حەوتەمی دانوستانەكان بوو كە لە ڕۆژانی (7 و8/7/2019) لە شاری دەوحەی پایتەختی قەتەر بەڕێوەچوو.

 

ئەمریكا خۆشحاڵە بەو دانوستانە، زاڵمای خەلیل زاد نێردەی تایبەتی ئەمریكا لە ئەفغانستان ڕایگەیاند، پێشكەوتنێكی باش لە دانوستانەكاندا بەدی دەكرێت،لەسەر هەموو پرسەكان بە قوڵی گفتوگۆمان كردووە، لەسەر ئەو بنەمایەش ئێمە درێژە بە دانوستانەكان دەدەین بۆ ئەو مەبەستە من چەندین جار لەگەڵ بەرپرسانی كابوڵ كۆبوومەتەوە و بەردەوامیش دەبین.

 

 

 

 

ئەمریكا بۆ دەیەوێت دانوستان ئەنجام بدات؟

كەمترین زیانی سیاسی: ئەمریكا زاڵمای خەلیل زادی بۆ كارێكی دیاری كراو ناردۆتە ئەفغانستان، كە بریتی یە لە كشانەوەی ئەمریكا لە ئەفغانستان، بەڵام بە مەرجێك كەمترین زیانی سیاسی بۆ ئەمریكا هەبێت.

  بەڵام ئەمەش هەروا ئاسان نیە، چونكە تاڵیبان دەیەوێت ئەمریكا لە كاتێكی دیاری كراودا بكشێتەوە،هەروەها كەمترین دەستوەردانیی لە داهاتووی سیاسی ئەو وڵاتەدا هەبێت.

 
زیانەكانی گیانی و مادی ئەمریكا لە هەڵكشاندایە: تاكو ئێستا ئەمریكا لە ئەفغانستان زیاتر لە تریلۆنێك دۆلاری خەرج كردووە، ئەمە جگە لەوەی نزیكەی چوار هەزار كوژراوی بیانی لە سەرەتای شەرەكەوە هەیە و دەیان هەزار سەربازیش بریندار بوون.

  بە عەقڵیەتی بازرگانی سەرۆكی ئێستای ئەمریكا( دۆناڵد ترامپ)ش بریتی یە لە قازانج و زیان نەكردنی زیان بەبێ ڕەچاو كردنی ئامانجە ستراتیژیەكانە، بۆیە ترامپ نایەوێت چیتر پارە لە ئەفغانستاندا خەرج بكات.

،،

ئه‌مریكا ئاماده‌یه‌ بۆ قبوڵ كردنی ڕێكه‌وتنامه‌كه‌ له‌لایه‌ن تاڵیبانه‌وه‌، ڕازیبێت به‌و داواكارییه‌ی ڕێكخراوه‌ چه‌كدارییه‌كه‌ كه‌داواكاره‌ ئه‌مریكا  ئه‌فغانستان جێبهێڵێت، به‌مه‌رجێك ده‌بێت تاڵیبانیش هێرشنه‌كاته‌ سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكا له‌و وڵاته‌.

 


بزوتنەوەی تاڵیبان لە بەهێزبوونەوەدایە: هەرچەندە نۆ هەزار سەربازی ئەمریكا لە ئەفغانستاندا بوونیان هەیە، بەڵام ئێستا تاڵیبان لە %50ی خاكی ئەفغانستانی بەدەستەوەیە و ڕۆژانەش ئەم ڕووبەرە فراوان دەبێت،بۆیە ئەمریكا بە ناچاری پەنای بۆ دانوستان برد لەگەڵیدا.

 
تاڵیبان هاوكاری گروپە توندڕەوەكان دەكات: ئەمریكا دەیەوێت لە رێگای دانوستانەوە، بزووتنەوەی تاڵیبان پەیمان بدات كە ئەفغانستان بۆ هێرش كردنە سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا بەكارنەهێنێت، لە بەرامبەریشدا ئەمریكا هێرش نەكاتە سەر بزووتنەوەكە و لە كاتێكی دیاری كراویشدا ئەفغانستان جێبهێلێت.

 

 

 

بابەتە گرنگەكانی دانوستانی نێوان ئەمریكا و تاڵیبان:

لە دانوستانی نێوان ئەمریكا و بزووتنەوەی تاڵیباندا چەند بابەتێكی گرنگ باس دەكرێت كە گرنگترینیان خۆی لە چوار خاڵ دەبینێتەوە:

تیرۆر: كۆتایی هاتنی كردەوەی تیرۆرستی و توندوتیژی لە ئەفغانستان و نەكردە ئامانجی بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لە ناوچەكەدا.


پاشەكشێی هێزە بیانیەكان: بزووتنەوەی تاڵیبان دەیەوێت لە كاتێكی دیاری كراودا سەرجەم هێزە بیانیەكان لە ئەفغانستان بكشێنەوە و دواتریش دەست لە كاری سیاسی ئەو ولاتە وەرنەدەن.


دانوستانی ناوخۆیی: لەمیانەی هەوڵی ڕێككەوتنی ئەمریكا و بزوتنەوەی تاڵیبان هەوڵی دانوستانی ناوخۆیی و ڕێك كەوتنی لایەنە ئەفغانیەكان دەدرێت، بۆ ئەوەی لە ئەگەری گەڕانەوەی تاڵیبان كێشەو توندوتیژی دووبارە ولاتە نەگرێتەوە.


وەستانی جەنگ: هەردوو لا دەیانەوێت هێرشەكانیان لە دژی یەكتری ڕابگرن


ئەوەی لێرەدا زۆر باسی لەسەر كراوە دوو خاڵی سەرەكیە، كە كشانەوەی هێزە بیانیەكانە، لەگەڵ پەیمانی تاڵیبان كە گروپە تیرۆرستیەكان داڵدە نەدات، كە هەر ئەمەش بووە هۆی هێرشی ئەمریكا بۆ سەر ئەفغانستان لە ساڵی 2001دا.

هەروەها چەند پرسێكی هەڵپەسێردراویش لە دانوستانەكاندا باس كراوە، وەك مافی ژنان، بەشداری دەسەڵات لەگەڵ تاڵیباندا، ڕۆڵی هیچزە هەرێمیەكانی پاكستان و هندستان و داهاتووی حكومەتەكەی ئەشرەف غەنی.

 

 

 

ئەنجامی دانوستانەكان:

دانوستانی نێوان ئەمریكا و تاڵیبان هەنگاوی باشی بڕیوە و نزیك بوونەتەوە لە ڕێك كەوتن، چونكە هەردوولا خۆشحاڵی خۆیان بە ئەنجامەكان دەردەبڕن و ئاشكرای دەكەن كە پێشكەوتنی زۆر بەدیهاتووە.

زاڵمای خەلیل زاد دوای كۆتایی هاتنی دانوستانەكان وتی:" بۆ یەكەمجار دەمەوێت بلێم گفتوگۆیەكی تێروتەسەلمان ئەنجامدا، لەو چوار خاڵەدا هەنگاوی باشمان بڕی، كە بریتین لە تیرۆر، كشانەوەی هێزە بیانیەكان، دانوستانی ناوخۆیی و كۆتایی شەڕ".

 

 

 

هەروەها سهیل شاهین وتەبێژی بزووتنەوەی تاڵیبان لە تویتێكدا لە تۆڕی كۆمەلایەتی تویتەر بڵاوی كردەوە كە " زۆر سورین لە پێشكەوتنی دانوستانەكان هیواخوازین هیچ لەمپەرێك نەیەتە پێش".

لە ئەگەری گەیشتنی رێكەوتن لە نێوان ئەمریكا و تاڵیباندا،ئەوا ئەمریكا لە ئەفغانستان دەكشێتەوە و تاڵیبانیش چیتر بە تیرۆرست سەیر ناكرێت، هەروەها دووباە دەگەڕێتەوە دەسەڵات.

 ئەمەش ڕەخنەیەكی زۆر ڕووبەرووی ئەمریكا دەكاتەوە بەوەی ، كە لە پێناو چیدا جەنگی ئەفغانستانی ئەنجامدا، گەر تاڵیبان تیرۆرست نەبوو، بۆ هێرشی كردە سەر؟ گەر تیرۆرستە بۆ دانوستانی لەگەڵدا دەكات؟.

 

author photo

 بروانامەی بەکالۆریۆس لە زمان و ئەدەبی عەرەبی

ئەزمونی پێنج ساڵ کاری ڕۆژنامەوانی و وەرگێڕان